نیگار بە پەنجە رەنگینەكانی شیرینیی ژیان دەبەخشێتەوە

نیگار بە پەنجە رەنگینەكانی شیرینیی ژیان دەبەخشێتەوە
ژمارەی خانمانی خاوەن ئیرادە لەسەر لەبەری جیهان بە كوردستانیشەوە كەم نییە. زۆرن ئەو خاتوونانەی كە شان بە شانی پیاو هەوڵ دەدەن، بۆ ئەوەی بژێوی خۆیان و خێزانیان دابین بكەن. نیگار سالار، یەكێك لەو خانمانەیە و بە پەنجە رەنگینەكانی دەیان جۆر شیرینی دروست دەكات.ئەو خاتوونە دووكانێكی خنجیلانەی هەیە و بەرهەمەكانی تێدا دەفرۆشێت. وەك خۆی باسی دەكات، لە بری ئەوەی چاوەڕوان بێت، بۆ ئەوەی لە كەرتی گشتی دابمەرزێت، خۆی قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە و تێكەڵ بە بازاڕی كار بووە، لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی خەون و ئاواتەكانی خۆی دەكات.

نیگار سالار لە گەڕەكێكی شاری هەولێر، بە پەنجە رەنگینەكانی دەیان جۆر شیرینی دروست دەكات و، تێكەڵ بە بازاڕی كار بووە. وەك خۆی باسی كرد، تەمەنی 29 ساڵە و ماوەی 12 ساڵە هاوسەرگیری كردووە و دایكی دوو منداڵە و ماوەیەكە لەگەڵ خێزانەكەی لە شەقڵاوەوە هاتوون و لە هەولێر نیشتەجێ بوون. سەبارەت بە كارەكەیشی دەڵێت: «من زۆر لە مێژە حەزم لە دروستكردنی خواردن و شیرینی بوو، خزم و كەس و هاوڕێ و دراوسێكانیشم هەمیشە حەزیان لە خواردنەكانی من بوو، منیش بۆ هەمووانم دروست دەكرد، سەرەتا وەزعی ماددیمان زۆر باش بوو، لە شەقڵاوە خانووی خۆمانمان هەبوو، هاوسەرم چێشتخانەیەكی گەورەی هەبوو، لەبەرئەوە پێویستیم بە كاركردن نەبوو، بەڵام لەپڕ وەزعی ماددیمان خراپ بوو، نە خانوومان ما، نە چێشتخانە، مووچەی هاوسەرەكەشم 400 هەزار دینار بوو، 250 هەزار دینار كرێی خانووەكەمان بوو، جگە لە كرێی موەلیدە و كارەبا و ئاو، ئیدی بیرم لەوە كردەوە،كارێك بكەم و هاوكاریی خێزانەكەم بكەم، یەكەمجار لەماڵەوە دەستم بە دروستكردنی شیرینی و نانكردن و چێشتلێنان كرد، پاشان ئەم دووكانم لە گەڕەكی ئایندە2 لە هەولێر كردەوە، ئێستاش كارەكەمم زۆر خۆش دەوێت، لێرەوە زۆرسوپاسی هاوسەرەكەم و ماڵی بابم دەكەم كە هەمیشە هاندەر و پاڵپشتم بوون و ئاسانكارییان بۆ كردم، بۆ ئەوەی بتوانم تێكەڵ بە بازاڕی كار بم.»
نیگار زۆر بە كارەكەی دڵخۆشە و وەك خۆی ئاماژەی پێ كرد، لە بری ئەوەی چاوەڕوان بێت، بۆ ئەوەی لە كەرتی گشتی دابمەرزێت، خۆی قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە و تێكەڵ بە بازاڕی كار بووە. ئەو رای وایە: «هەر كەسێك دەتوانێت پشت بە ئیرادەی خۆی ببەستێت، كار بكات و بژێوی خۆی و خێزانی دابین بكات. نەك هەر چاوەڕوانی ئەوە بێت، كارێكی حكوومی هەبێت.» هاوكات دەڵێت: «زۆرینەی بەرهەمەكانم لە ریگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینتەرنێت و بەتایبەتی لە رێگەی ئینستاگرام دەفرۆشم، هەروەها نانی تیری دەكەم لەگەڵ خواردن وەك كفتە و دۆڵمە و بریانی و شفتە كە لەسەر داواكاری كڕیارەكانم بۆیان ئامادە دەكەم، هەروەها بۆ چەند ماركێتێك شیرینی ئامادە دەكەم.» گوتیشی: «ئاواتمە دووكانەكەم گەورە بكەم و بیكەمە كارگەیەكی كەورە و بتوانم خزمەتی زیاتر بەكڕیارانی بەرهەمەكانم بكەم و بتوانم خەڵكی زیاتر بێنمە سەركارو زۆرترین ئافرەت كارم لەگەڵ بكەن و سوودمەندبن.لە راستیدا بیرۆكەی ئەوەم هەیە، شتیك بكەم لە كوردستان نەبێت، بەڵام ئەو دەرفەتەم تا ئێستا نەبووە. بەو هیوایەم هەموو ئافرەتێك بتوانێت خاوەن كار و داهاتی خۆی بێت و هەوڵی بۆ بدات، چونكە لە رێگەی كارەكەیەوە دەتوانێت شان بە شانی هاوسەرەكەی لە دابینكردنی بژێویی خێزانەكەی بەشدار بێت، هەموو كاركردنێكیش هەوڵدان و قوربانیدانی دەوێت.»
Top