لە رۆژی خۆشەویستیدا هەڵمەتێكی گەورەی خوێن بەخشین ئەنجام درا

لە رۆژی خۆشەویستیدا هەڵمەتێكی گەورەی خوێن بەخشین ئەنجام درا
بە دروشمی «خۆشەویستیی تاكەكان هیوان بۆ تووشبووانی تالاسیمیا»، لە رۆژی جیهانیی خۆشەویستی 14/2/2020 كۆمەڵەی خوێنبەخشانی كوردستان بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمەڵەی تالاسیمیا و كارمەندانی بانكی خوێنی هەولێر و كەسانی دڵسۆز هەڵمەتێكی خوێنبەخشینی بەرفراوان بۆ تووشبوانی تالاسیمیا و شێرپەنجە ئەنجام درا.

سروە عەلی جەباری بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان / هەولێر، لە ئاخافتنێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان رایگەیاند: «بە بۆنەی رۆژی خۆشەوستی دوو چالاكیمان هەبوو، چالاكی یەكەم بە بۆنەی رۆژی خۆشەویستی 14/ 2 بوو، كە لە 13 /2 / 2020 بەڕێوە چوو لە سەنتەری تالاسیمیا بە هاوكاریی رێكخراوی (فام كۆ) كە بە دیارییەكانیان دڵی تووشبووانیان خۆش كرد و خەندەیەكیان خستە سەر لێوی تووشبوان و هاوكاربوون بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكان، چالاكیی دووەم لە رۆژی خۆشەویستی 14 / 2 / 2020 بە هاوكاریی كۆمەڵەی خوێنبەخشان و سەنتەری بانكی خوێن هەڵمەتێك ساز كرا بۆ هاوكاریی تووشبووانی (تالاسیمیا و شێرپەنجە) و هاونیشتمانیان خۆشەویستیی خۆیان بە خوێنبەخشین بە تووشبووانی تالاسیمیا و شێرپەنجە دەربڕی.» گوتیشی: «بە ناوی كۆمەڵەی تالاسیمیا و تووشبووانەوە سوپاس و دەستخۆشی لە رێكخراوی (فام كۆ) و كۆمەڵەی خوێنبەخشان دەكەین، نموونەیان زۆر بێت هەر لە خۆشی و بەخشینی خۆشەویستیدا بن.»
بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان / هەولێر، جەختی لەوە كردەوە كە «كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان هەمیشە هاوكارە لەگەڵ رێكخراو و كۆمەڵەكان بۆ كەمكردنەوی ئازارێك لە ئازارەكانی تووشبوانی تالاسیمیا و رەخساندنی كاتێكی خۆش بۆیان»، گوتیشی: «بە سوپاسەوە ئەوا چەندین جارە كە هاونیشتمانیان و رێكخراو و كۆمەڵەكان لە رۆژی جیهانیی خۆشەویستیدا و لە رۆژانی دیكەشدا خۆشەویستیی خۆیان بۆ تووشبووانی تالاسیمیا و شێرپەنجە دەردەبڕن و بە چالاكییەكانیان و دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكان و بەخشینی خوێن، ئاوڕێك لە تووشبووانی تالاسیمیا و شێرپەنجە دەدەنەوە، بۆیە دەڵێین: خۆشەویستیی تاكەكان هیوایە بۆ تووشبوانی تالاسیمیا، نموونەیان زۆر بێت.»
سروە عەلی لە درێژەی قسەكانیدا هیوای خواست «هاووڵاتیان بە چاوی بەزەیی سەیری هیج تووشبوویەكی تالاسیمیا و شێرپەنجە نەكەن»، گوتیشی: «پێویستە بە چاوی خۆشەویستی و رێزەوە لە تووشبووان بڕوانن. هیوادارین هەمیشە بتوانین خەندە بخەینە سەر لێوی تووشبووان، سەبارەت بە حكومەتیش هیوادارین خۆشەویستییان بە كردار بسەلمێنن بۆمان و ئەو پێداویستییانەی نییە، یان كەمن، بۆمان دابین بكەن، بەوەش كەمێك لە ئازارەكان كەم بكەنەوە و خەندە بخەنە سەر لێوی تووشبوان، ئەوە وتەیەكە هەمیشە دەكرێت كاری لەسەر بكریت، خۆشەویستیی تاكەكان هیوایە بۆ تووشبووانی تالاسیمیا.»
Top