ئافرەتێك لە ئاگری قەدەردا چارەنووسی دەسووتێت

ئافرەتێك لە ئاگری قەدەردا چارەنووسی دەسووتێت
ئافرەتێك پەردە لە سەر ژیانی رابردووی هەڵدەداتەوە و سەرەڕای ئەوەی خۆی بە قوربانییەكی دەستی دیاردەی ژن بە ژنێ دەزانێت، لە سۆزی دایكایەتیش بێبەش بووە، چەندین ساڵیش لە چاوەڕوانییەكی تاقەتپڕووكێندا ژیاوە و دوای ئەوەی بە هاوسەرەكەی شاد بووەتەوە، كێشەكانی دژوارتر و بێ چارەسەر ماونەتەوە. ئەو بەسەرهاتە لە سەر زاری خۆیەوە دەگێڕینەوە.

ئافرەتێكی گەنم رەنگ و بەژن بەرز و چاو بە كل، لە ماڵەكەی خۆیدا پێشوازی لە پەیامنێری گوڵان دەكات، هەتا وەك پێشتر رێككەوتبوون، بەسەرهاتی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان بگێڕێتەوە. ناوی تەوای پارێزراوە و لە سەر داوای خۆی بە «شلێر» ناوی دەهێنین. وەك خۆی باسیكرد، تەمەنی هێشتا 50 ساڵی پڕ نەكردووەتەوە، بەڵام نەهامەتیی زۆری چەشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ كۆسپەكانی بەردەم ژیانیدا دەست و پەنجە نەرم دەكات و ورەی دانەبەزیوە. جیران و دەستەخۆشكەكانی دەڵێن خاتوونێكی دەستڕەنگین و كابان و قسەخوش و فیداكار و میهرەبانە، خۆیشی سەرەڕای ئەو هەموو بیرەوەرییە تاڵانەی ژیانی رابردووی كە تا ئێستاش گیرۆدەیەتی، بزە لە سەر لێوی نەتۆراوە و بە چاوی هیوا لە رۆژانی داهاتووی دەڕوانێت. شلێر بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە: «هێشتا تەمەنم زۆر كەم بوو، تازە خۆم ناسیبوو، هەر نەگەیشتبوومە تەمەنی 15 ساڵان بۆ براكەم ژن بە ژنەم پێكرا، ئەوكات پیاوەكەم عەسكەر بوو، گەرمەی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بوو، دوای چوار مانگ لە شووكردنم، مێردم بەدیل گیرا، منیش چوومەوە ماڵی باوكم و چاوەڕێی گەڕانەوەی بووم، چەندین ساڵ تێپەڕی، یەك دەیگوت زیندووە و یەك دەیگوت كوژراوە، منیش هەر دەست بە دوعا بووم، نزا و پاڕانەوەم لە خوای گەورە، وایكرد، دوای تەواوبوونی شەڕی عێراق و ئێران دیلی هەردوولا گۆڕدرانەوە، پیاوەكەی منیش هاتەوە، بەڵام كەسێكی تەواو جیاواز بوو، هیچی لە مێردەكەی خۆم نەدەچوو، جەستەی زەرد و لاواز و وەزعی نەفسیشی زۆر خراپ ببوو، قسەی لەگەڵ كەس نەدەكرد، تەنیا جگەرەی دەكێشا و شەو تابەیانی دادەنیشت و بیری دەكردەوە، ژیانم لەگەڵی زۆر زۆر ناخۆش بوو،هیچ تێكەڵییەكی ژن و مێردایەتی لەگەڵم نەبوو، تەنانەت دووجار هەوڵی خۆسووتاندنی دا، ئێستاش بەشێكی جەستەی ئاسەواری سووتانی پێوە دیارە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵم نەهاتووە بەجێی بێڵم، لەلایەكی دیكەش نامەوێ ژیانی براكەشم تێك بدەم، براژنەكەم پێنج منداڵی جوانی هەیە، هەرگیز ئامادە نیم منداڵەكان لە نازی دایك و باوكیان بێبەش بكەم، دیارە قەدەری من و بەشی من لە دنیایێ هەر ئەوەندەبووە، خەسووم دەزانێ كوڕەكەی وەزعی خراپە و سەرەڕای ئەوەش هەمیشە هەڕەشەی ئەوە دەكات، ئەگەر من لای مێردەكەم دانەنیشم، ئەوانیش كچی خۆیان دەبەنەوە، بەڵام برام و براژنم هیچ كێشەیان نییە، زۆریش لەگەڵ یەك ئاسوودەن و خێزانێكی باش و دڵخۆشن، هەر بۆیە خۆم بڕیارم داوە، تا ماوم پارێزگاری لەو خێزانە بەختەوەرە بكەم. خۆ من فەوتام، با ئەوان ژیانیان تێك نەچێت. مێردەكەم بە تەواوی گۆشەگیر و خەمۆك بووە. باری دەروونیی هیچ باش نییە، دكتۆریش نەماوە نەیبەین بۆ لای، برام هەبوونە و ئاگای لێمانە، ماڵی خەزووریشم درێغیمان لێ ناكەن، ئەگەرچی گومانم نییە ئاواتی دایكایەتی لەگەڵ خۆم دەبەمە ژێر خاك، بەڵام نائومێد نیم و سۆزی دایكایەتیم بە منداڵەكانی براكەم بەخشیوە. بەڕاستی چارەنووسم رەش بوو، بەڵام هەرگیز ورەم دانەبەزیوە. لەگەڵ دەستە خوشكەكانم زۆر دڵخۆشم و هەر نوكتەیان بۆ دەكەم و گاڵتە و گەپمان هەیە، زۆر جار پێم دەڵێن تۆ حەوت پەراسووت لە ئۆمەتی محەمەد زیاترە، ئەی چی بكەم؟ بەشی من ئەوە بووە و بە قسمەتی خوای گەورە رازیم. هەمیشە نزا دەكەم خوا شیفای مێردم بدات، ئەگەرچی رەنگە ئەو هەر منیش نەناسێتەوە.»
Top