دڵنەواییكردنی قوتابییان لەكاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان بە پێویست دەزاندرێت

دڵنەواییكردنی قوتابییان لەكاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان بە پێویست دەزاندرێت
قوتابیان لە تەمەنی مێرمنداڵیدا زۆر هەستیاران و بەپێی چاوگەكانی دەروونناسی، پێویستە باوان لەو سەردەمە هەستیارەدا زیاتر ئاگاداری منداڵی خۆیان بن. لە بەر ئەوەی هێشتا عەقڵیان كامڵ نەبووە و لەوانەیە بە بڕیارێكی هەڵە، هەڵە، یان تاوانێك بكەن، كە قەربووكردنەوەی زۆر دژوار بێت، بەتایبەتی خۆكوشتن، كە قەرەبووكردنەوەی دەچێتە خانەی «مەحاڵ»ـەوە. هەندێ لە دایك و باوكانیش لە بواری ئەنجامەكانی خوێندنی منداڵی خۆیان، زۆر زێدەڕەویی دەكەن و هەندێ جاریش ئەو سەختگیری و تەنگەتاوكردنانە كارەساتی لێ دەكەوێتەوە. لەم راپۆرتەی گوڵان-دا نموونەیەك دەخەینە بەر باس و شرۆڤەی زیاتری لە سەر دەكرێت.

«بەهۆی دەرنەچوونی لە خوێندن مێرمنداڵێك بە گولـلە خۆی كوشت.» سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 28-1-2020 لە گەڕەكی جووتیارانی قەزای كەلار، مێرمنداڵێك بەناوی (ن. و. ح) لەدایكبووی ساڵی 2005 لە ماڵی خۆیان فیشەكی بە خۆیەوە نا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا. بە گوتەی كەسوكاری ئەو قوتابییە، لە پۆلی حەوت بووە و بە هۆی دەرنەچوونی لە خوێندن خۆی كوشتووە. پۆلیسیش ئاماژە بەوە دەكات كە تەرمی ئەو مێرمنداڵە بە مەبەستی پشكنین ناردراوەتە پزیشكی دادوەری لە كەلار و پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە لەسەر هۆكاری خۆكوشتنەكەی كردووە. بێگومان هەندێ لە دایك و باوكان لە بواری ئەنجامەكانی خوێندنی منداڵی خۆیان، زۆر زێدەڕەویی دەكەن و هەندێ جاریش ئەو سەختگیری و تەنگەتاوكردنانە كارەساتی لێ دەكەوێتەوە، كە نموونەی زیندووی ئەم رووداوە دڵتەزێنەیە، هەر بۆیە دڵنەواییكردنی قوتابییان لەكاتی وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان زۆر بە پێویست دەزاندرێت.
لەمبارەیەوە مامۆستا و سەرپەرشتیاری كارگێڕی رووناك شێخ سدیق، رایوایە: « دەبێت منداڵ هان بدەین بۆ ئەوەی رێگای سەركەوتن و قەرەبووكردنەوەی كەمتەرخەمییەكانی بدۆزێتەوە، نەك هیوابڕی بكەین.» هاوكات دەڵێت: «هۆكارەكانی پەنابردنی مێرمنداڵان بۆ خۆكوشتن زۆرن، لەوانە: خەفەتی گەورە، وەك مردنی كەسی یەكەم، (دایك، باوك، خوشك و برا) كە زۆر خۆشەویستن. هەستكردن بە بێ هیوایی و دابڕان لە كۆمەڵگە، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی كێشەی یاسایی، وەرگرتنی زۆری ماددە هۆشبەرەكان، دابڕان لە كۆمەڵگە و تێكەڵنەبوون لەگەڵ خەڵكدا، شكستهێنان لە خۆشەویستی، كێشەی كۆمەڵایەتی و كەمیی رۆشنبیری و تووشبوون بە كێشەی بەدڕەوشتی و زۆر هۆكاری دیكە، كە دەرنەچوون لە خوێندن و لۆمەی خێزانیش یەكێكە لەو هۆكارانە و پێویستە هەر هەموویان لە بەر چاو بگرین.» گوتیشی: «پێویستە لە ئەگەری هەر یەك لەو خاڵانەی ئاژەمان پێ كرد، چارەسەری سەرەتایی بۆ بكرێت، وەك چارەسەركردنی لای پزیشكی دەروونی، یان دەرونناسێك، هەروەها زۆر پێویستە بە هەر رێگەیەك بێت، تێكەڵاوی كۆمەڵگە بكرێتەوە، لە بری سزادان و لۆمە و سەرزنشكردنی پێویستە بە بەخشین كار بۆ گەڕانەوەی هیواكانی بكەین.»
پاوان كۆیی توێژەری دەروونییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «خۆكوشتن دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە لە ناوكۆمەڵگەی ئیمەشدا بە هۆی كۆمەڵێك هۆكارەوە ساڵ لە دوای ساڵ رووی لە زیادبوونە، بەتایبەتی لەناو قوتابیان، كە بووەتە دیاردەیەك و مخابن لە كۆتایی ساڵی خوێندندا هەندێك رووداوی خۆكوشتن روودەدات، ئەمەش بە هۆی وەرگرتنەوەی نمرەی كەمی خوێندن، كە وادەكات باری دەروونیی خوێندكار تێك بچێت و تووشی خەمۆكیرو شڵەژانی دەروونی بێت. گەڵی هۆكاریشی هەیە، لەوانە: خراپیی ئاستی رۆشنبیری خێزانەكانیان، كەوا بەردەوام زەرزەنشتیان دەكەن و قسەیان پێ دەڵێن و سووكایەتییان پێ دەكەن، كەوا دەرنەچوون لە خوێندن، یان برادەرەكانیان گاڵتەیان پێ دەكەن، یان هەندێ جار مامۆستایان جیاوازی دەكەن لە نێوان قوتابییانیان، یان تەریقیان دەكەنەوە، كەوا دەرنەچوون، یان هەڕەشەی كەوتنیان لێ دەكەن و نمرەی كەمیان دەدەنێ، قوتابیی نەوجەوان و هەرزەكاریش رەنگە لە كاتی وادا بڕیاری بەپەلە و هەڵە بدات، كە پەنا بۆ خۆكوشتن ببات، بەڵام لە هەموو كێشەیەكدا هۆكار هەیە، كە هۆكاریش هەبوو، دەبێت چارەسەر هەبێت، بۆیە پێویستە هەموو كات دایك و باوكان پاڵپشتی منداڵی خۆیان بن و، ئارامیی دەروونی منداڵی خۆیان بپارێزن، قوتابییەك ئەگەر لە خوێندن دەرنەچوو، نابێ بێ ئومێدی بكەین، چۆن دەرچوون هەیە، دەرنەچوونش هەیە، دەبێت بە دڵیكی گەورەوە وەری بگرین.»
مامۆستا و رۆژنامەنووس سەمیر هەمزە، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ساڵانە بەتایبەت لە كۆتایی وەرزی یەكەم و دووەم، كاتێك ئەنجامی وەرزەكان دەدرێتەوە بە قوتابیان، دیاردەیەكی نەخوازراو بەدی دەكرێت، كە چەند لقێكی لێ دەبێتەوە، ئەویش ئازاردانی ئەو قوتابیانەیە كە ئاستیان لاوازە، چ لە رووی دەروونی، یان جەستەیی، بەشێكیان لەلایەن هاوپۆلەكانیانەوە ئازاری دەروونی دەدرێن و پێیان دەوترێ تەمبەڵ، بەشێكیان لە ماڵەوە ئازاری دەروونی و تەنانەت جەستەیی دەدرێن، ئەمەش زۆرجار كارەساتی لێ دەكەوێتەوە، كە چەندین جاریش بینراوە قوتابی پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە.» هاوكات دەڵێت: «زۆر گرنگە لەمەودوا لە كاتی پێدانەوەی ئەنجامی كۆتایی وەرزەكان بە قوتابیان، مامۆستایان ئامۆژگاریی قوتابیان بكەن و هۆشیاریان بكەنەوە كە بە هیچ جۆرێك پەنا نەبەنە بەر هیچ خۆئازاردانێك، زۆریش پێویستە لەكاتی كۆبوونەوەی دایك و باوكانی لە قوتابخانە هۆشیار بكرێنەوە كە بە هیچ جۆرێك لەسەر دەرنەچوون، ئازاری دەروونی و جەستەیی منداڵەكانیان نەدەن، بۆ ئەوەی كارەساتی نەخوازراوی لێ نەكەوێتەوە.»
Top