خانەنشینی پلە باڵاکان و گەڕاندنەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی (*)

خانەنشینی پلە باڵاکان و گەڕاندنەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی  (*)
یاسای خانەنشینی بەگشتی یەکێکە لەو سێکتەرانەی کەپێویستی بە چاو پێداخشاندنەوەیە، چونکە یەکێکە لەو بوارانەی کەزۆرترین رەخنەی لەسەر ھەیە، ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە کە بە وردی و لەڕێگەی یاسایەکی تۆکمەوە چاکسازی تێدا بکات، تەنانەت پێویستی بەپێداچوونەوەیەکی زۆر ورد ھەیە، بەتایبەتی رێکخستنەوەی یاسای خانەنشینی پلە باڵاکان بەھەردوو جۆری شارستانی و سەربازی، کە لەم کاتەدا پێویستی بەچاو پێداخشاندنەوە و رێکخستنەوەیەکی زۆر نایاب ھەیە.
ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە پڕۆژەی یاسای چاکسازی خانەنشینی ئێستا لە پەرلەمانی کوردستانە و کاری لەسەر دەکرێت، ھاوکات ھەنگاوی باشیش بۆ ئەم بوارە نراوە ، بەبڕوای من ئەم پڕۆژەیە تاڕادەیەکی باش دەتوانێت بەجۆرێک لەجۆرەکان ھۆکاری کەم کردنەوەی ناعەدالەتی بێت، بەتایبەتی لە لیستی مووچە و خانەنشینیدا، کە تاڕادەیەک ھاوسەنگیەک بۆ ئاستی پژێوی تاک دروست دەکات، داھاتیش بۆ خەزینەی گشتی ولات دەگەڕینیتەوە.
ئەگەر ئێمە وردبینەوە و بمانەوێت باس لە سیستەمی خانەنشین بوون بکەین و ھەڵوێستەیەکی لەسەر بکەین، پێویستە سەرەتا بەگوێرەی یاسایەکی دیاریکراو لەکاتی خانەنشین بوونی ھەر کەسێکدا چەند بابەتێک لەبەرچاو بگیرێت لەوانە: (تەمەن و بڕوانامە و خزمەتی وەزیفی)، بەڵام بەداخەوە لەساڵانی رابردوودا بەھەر ھۆکارێک بووبێت لەکاتی خانەنشین بوونی پلە باڵاکاندا زۆر کەم ئەم خاڵە ڕەچاو کراوە، بگرە بەھیچ جۆرێک باس لەوە نەکراوە کەئایا ئەو کەسەی کە خانەنشین دەبێت جا لەھەر پۆستێکدا بووبێت ئەوا چۆن خانەنشین دەبێت، ھەروەھا تەمەنی چەندە و ماوەی چەندیش لەو پۆستەدا بووە، تەنیا بەگوێرەی چەند ڕێنماییەکی دیاریکراو سەرجەم ئەو کەسانەی پلەی باڵایان ھەبوو بێت جا پەرلەمانتار بن یان وەزیر یان بریکاری وەزیر یان ڕاوێژکار یان بەرێوبەری گشتی یان ئەو کەسە لەسلکی سەربازی خاوەن پلەی باڵا بوو بێت، ئەوکات ڕاستەوخۆ بەبڕێکی دیاریکراو بەبێ گوێدانە ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و تەنانەت تەمەنیش بە مووچەیەکی زۆر خانەنشین کراوە، تەنانەت زۆر حاڵەت ھەبووە تەمەنی لە ئاستی یاسایی کەمتر بووە، بەڵام سوودی لەو رێنمایانە وەرگرتووە، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە، وادەکات خەڵک تەنیا ھەوڵی پلەی باڵا بدات بۆ ئەوەی مووچەیەکی خانەنشینی ھەبیت، ھەر بۆیە پێویستە ڕەچاوی تەمەن و بڕوانامە و ساڵانی خزمەت بکرێت.
لەلایەکی ترەوە نەبوونی یاسایەکی تۆکمە بۆ خانەنشینی پلە باڵاکان وادەکات کە میللەت تووشی نائومێدی بێت، ئەویش بەھۆی ئەوەی جیاوازی چینایەتی زۆر پەرە دەستێنێت و ناکرێت کەسێکی خاوەن پۆستی باڵا خانەشینیەکەی لەکەسێکی ئاسایی زۆر زیاتر بێت، بەڵکو دەبێت ھاوسەنگی لەم بوارەدا ھەبێت.
ئەوەی شایەنی باسکردنە ئەوەیە کە لەکاتی دەرچوونی یاسایەکی تۆکمە کە دڵنیام پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوی بۆ دەنیت و دەتوانرێت تەواوی خاڵە گرنگەکان جێبەجی بکرێت، پێویستە لەکاتی خانەنشین بوونی پلە باڵاکاندا چەند خالێک ڕەچاو بکرێت لەوانە تەمەنی(٤٥) ساڵ زیاتربێت ومەرجە بەلایەنی کەمەوە خزمەتی وەزیفی لە(١٥) ساڵ زیاتر بێت، بەڵام بەداخەوە پێشتر ئەم خاڵە ھیچ ڕەچاو نەکراوە.
لەلایەکی ترەوە دەکرێت وەک ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کە چۆن مووچە و خانەنشینی پلە باڵاکان و پەرلەمانتارانی کەمکردەوە، دەکرێت ھەمان سیستەمیش لەکوردستان جێبەجی بکرێت، ئەوکات دەکرێت بڵێین تاڕادەیەکی باش ھاوسەنگی دروست بووە.









(*)د. مەیادە نەجاڕ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران
Top