منداڵانی سەر شەقام چاوەڕوانی فریادڕەسێكن

منداڵانی سەر شەقام چاوەڕوانی فریادڕەسێكن
ئەگەرچی لە كۆڕبەندە جیهانی و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانو دەستوورو یاسا ناوخۆیی و هەرێمییەكانیش بەدەقی نووسراو، مافەكانی منداڵ دیاریكراون، بەڵام هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا (بە كوردستانیشەوە) نەتوانراوە كاركردنی منداڵ لەسەر شەقام و لەناو كارگەكان و دابڕانی لە خوێندن كۆنتڕۆڵ بكرێ، كارەساتی گەورەش ئەوەیە ژمارەی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەش كەم نییەكە بە خواستی خۆیان سواڵ دەكەن، یان بە زۆرەملێ دەرۆزەیان پێ دەكەن، هەر بۆیە چالاكانی مەدەنی و پارێزەرانی مافەكانی منداڵان بە پێویستی دەزانن، یاسای كاركردن پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك كاركردن بە منداڵ و سواڵكردنی منداڵان قەدەغە بكرێت.

لە ناو جەرگەی بازاڕی پایتەختدا لەسەر چواربەنێكی گچكۆكە دانیشتووە و قەفەسەیەكی دارینی لەبەر دەمیدا داناوە و چەندین جووت پێڵاوی بەقوڕ و خۆڵاوی رێز كردووە، یەك یەك پاكیان دەكاتەوە و و بە پەنجە خنجیلانەكانی بۆیاخیان تێ دەسووێ و زیاتر بریقەداریان دەكات، پەیتا پەیتاش بە دەنگێكی بەرز هاوار دەكات: «پێڵاوەكانت وەك ناخی خۆم پاك دەكەمەوە.» ئەوە دیمەنی مێرمنداڵێكی بەركارە لە سەر شەقام كە خۆی بە سەعید دەناسێنێت و وەك باسیكرد، تەمەنی 15 ساڵانە و ماوەی چوار ساڵیشە، چوار وەرزە (بە گەرمای هاوین و سەرمای زستانەوە) لەسەر شەقام كاری بۆیاخی پێڵاو دەكات.
كاتێك پەیامنێری گوڵان داوای لێ دەكات، گەپێكی دۆستانەیان هەبێت، بە روویەكی كراوە و بە بزەیەكەوە كە نیشانەی رازیبوونە، دەڵێت: فەرموو. مۆڵەتی ئەوەش دەدات كە وتەكانی بڵاو بكرێتەوە.
سەعید لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە چۆن و بۆچی «پێڵاوەكانت وەك ناخی خۆم پاك دەكەمەوە»، كردووەتە دروشم و بە دەنگی بەرز دەیڵێتەوە؟ گوتی: «ئەوە برادەرێكم فێری كردم، هەمیشە پێڵاوەكانی لای من بۆیاخ دەكات، ئەو كەسێكی رۆشنبیرە، زۆر سوپاسی دەكەم، لەو كاتەوە داهاتم زۆر باشتر بووە، رۆژی وا هەیە پەنجا هەزار دینارم دەست دەكەوێت، ئینجا كار عەیب نییە، ئێمەش كە كار دەكەین، بۆ ئەوەیە موحتاجی كەس نەبین، بۆیە ناخمان پاكە و پارەی حەڵاڵ دەبەینەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لە راستیدا پیڵاوەكان وەك چارەنووسی خۆمان رەش دەكەین.» وەڵامەكەی ئەو مێرمنداڵە زیت و وریایە ناخی هەر مرۆڤێكی خاوەن ویژدان دەهەژێنێت.
سەعید تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە و وەك خۆی پێداگری لە سەر دەكات، زۆریش زیرەك بووە، بەڵام «بەناچاری» وازی لە خوێندن هێناوە، بۆ ئەوەی داهاتێك بۆ بژێویی خانەوادەكەی دابین بكات. بەسەرهاتی خۆیشی بەمجۆرە باس كرد: «برا گەورەكەم كە لە من خوشكەكانم گەورەتر بوو، بە نەخۆشییەكی كتوپڕ جوانەمەرگ بوو، تا ئەو مابوو، ژیانمان عەیبی نەبوو، من لە ماڵەوە پێڵاوەكانی خۆم و باوكم و براكەشم بۆیاخ دەكرد، بەڵام دوای مردنی برام بە جارێك ژیانمان شێوا. باوكم بڕە پارەیەكی خانەنشینی هەیە، بەڵام زۆر كەمە و تەنیا بەشی كرێ خانووەكەمان دەكات، زۆر حاڵمان خراپ بوو، تەنانەت زۆر جار زاواكانم خواردەمەنییان بۆ دەهێناین، منیش تەمەنم تازە ببوو بە 11 ساڵان، باوكم كە مووچەی وەرگرت، وتم: هەندێ پارەم بدەرێ، كرێی خانووەكە دوا بخە، لە چەند رۆژدا پارەكە دەگەڕێنمەوە، بەو پارەیە هەندێ بۆیاخ و نەعل و فڵچە دەكرم و بۆیاخی پێڵاو دەكەم، سەرەتا باوكم زۆر تووڕە بوو، وتی: تۆ هێشتا منداڵی، منیش وتم: ئەی ئەوە خۆشە ساقەسەری زاوا دەژین؟ هەر چەند هەزار جار ماڵیان ئاوا قسووریان نەكردووە، دوای پاڕانەوەیەكی زۆر باوكم رازی كرد، لەو كاتەوە وازم لە خوێندن هێناوە و كاری بۆیاخی پێڵاو دەكەم. ئێستا بە تەواوی شارەزا بوومە و تەنانەت پینە و دروومانی پێڵاویش دەكەم.»
سەعید لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا: دڵت لای قوتابخانە و خوێندن نییە؟ گوتی: «هەموو منداڵێك حەز دەكات لە قوتابخانە بێت و داهاتوویەكی باشی هەبێت. بەڵام هەزاران منداڵ هەن كە ناچارن بۆ یارمەتیدانی خێزانی خۆیان كار بكەن، كاركردنەكەش كێشە نییە، كێشە ئەوەیە كەرامەتی منداڵ بشكێت و سواڵ بكات. یان خێزانەكەی بە خێری خەڵك بژین»
سەعید پێشتر باسی لەوە كرد كە پێڵاوی خەڵك وەك چارەنووسی خۆی رەش دەكات، كاتێك لە هۆكارەكەی دەپرسین، بە پرسیارێك وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: «دابڕان لە خوێندن و نەبوونی و هەژاری جگە لە چارەنووسی رەش چییە؟»
هاژە كەریم وەك چالاكێكی مەدەنی، جەخت لەوە دەكاتەوە كە قۆناغی منداڵی بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، لەبەر ئەوەییەكێكە لە هەستیارترین و گرنگترین قۆناغەكانی ژیانی تاك كە داهاتووی ژیانی دەستنیشان دەكات. هاوكات دەڵێت:»یاسا هەمیشە گرنگی بەهەموو مرۆڤێك دەدات، بەجۆرێك هەر مرۆڤێك ئەگەر ئەركێكی لە ئەستۆدا بێت، كۆمەڵێك مافیشی هەیە. بەڵام منداڵ بە گوێرەی یاسا خاوەن مافە، بەبێ ئەوەی ئەركی یاسایی لەسەر بێت». گوتیشی: «لە ئێستادا منداڵانی سەرشەقام لە كوردستان زۆرن، زۆریشن ئەوانەی لە خوێندن دابڕاون و بەناچاری كاری زۆر قورسیش دەكەن، هەر بۆیە زۆر پێویستە یاسای كاركردن پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك كاركردن بە منداڵ و سواڵكردنی منداڵان قەدەغە بكرێت.»
Top