سەربەخۆیی ئابووریی، ئافرەت لە هەڵاواردن و جیاكاری دەپارێزێت
January 19, 2020
کۆمەڵایەتی
«كە هاوسەرگیریمان كرد هێشتا دانەمەزرابووم و نەبووبوومە خاوەن مووچەی خۆم، بەڵكو هاوسەرم رۆژانە خەرجی خۆم و دوو منداڵەكانمانی بۆ جێدەهێشتم، ئەگەرچی وەزعی ماددیشی زۆر باش بوو، بەڵام رەزیل بوو، هەمیشە بەسەرمدا دەیبۆڵاند و دەیگوت: ئەو هەموو پارەیە چی لێ دەكەی؟ دوای سێ ساڵ سوپاس بۆ خوا دامەزرام، لەو كاتەوە دامەزراوم بە تەواوی حەساومەتەوە و لە پرتە و بۆڵەی هاوسەرەكەم رزگارم بووە، لەبەر ئەوەی وێڕای خەرجیی خۆم، خەرجی منداڵەكانیشم دابین دەكەم و هاوكاری هاوسەرەكەشم دەكەم، راستە ماندووم و كاری ناوماڵ و كاری دەرەوەش دەكەم، بەڵام دڵم بە داهاتەكەم خۆشە و بە دڵی خۆم بازاڕ دەكەم و خێر و چاكەش بە پارەكەم دەكەم.» ئەوە قسەی بەناز سیروان بوو، وەك خۆی باسی كرد لە دادگای هەولێر فەرمانبەرە و هەر لە بارەی سەربەخۆیی ئابووریی خانمانیشەوە دەڵێت: «سەربەخۆیی دارایی بۆ ئافرەت زۆر گرنگە، ئەو دەستكەوتە داراییە كە لە رێگای توانا و كاركردنی خۆیەوە بەدەستی دەهێنێت، جێگای شانازی و سەربەرزییە بۆی و توانا و كەسایەتیشی نیشان دەدات، زۆریش لەوە خۆشترە كە هەمیشە چاوی لە دەستی باوك و برا، یان تەنانەت هاوسەرەكەشی بێت.»
ئابووریناس هۆشمەند رەفیق، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە جیهانی ئەمڕۆدا، لەگەڵ ئەوەی ئافرەتان بەراورد بە رابردوو چاوكراوەتر بوونەتەوە و ئاشنایەتی زۆریان پەیدا كردووە لەسەر مافەكانیان، لە سەرووی هەموو ئەوانەوە زانیاریی باشیان پەیدا كردووەە لەسەر مافە ئابوورییەكانیان، بە هۆی ئەوەی تێگەیشتوون لەوەی پێشێلكردنی مافە ئابوورییەكانیان، بۆتە هۆكاری ئەوەی مافەكانی دیكەیان لێ زەوت بكرێت، بۆیە لە ئێستادا خەبات دەكەن بۆ بە دەستهێنانی مافە ئابوورییەكانیان، ئا لەو روانگەوە ئافرەتی ژیر هەمیشە بیر لەوە دەكاتەوە سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆ بێت، تا بتوانێت لەو رێگەوە پێداویستییەكانی بە سەربەخۆیی دابین بكات، بەبێ ئەوەی داوا لە باوك، برا یان هاوسەری بكات بۆ ئەوەی خەرجی مانگانەی بكات، كە زۆرینەی كێشەكانی هاوسەران و خانەوادەكان بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام بە سەربەخۆبوونی سەرچاوەی داهاتی ئافرەت ئەمە كەمتر دەبێتەوە، بێگومان ئەو سەربەخۆبوونەش مانای ئەوەیە كە ئافرەت كار دەكات لە دەرەوە چ لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت یا دامودەزگاكانی حكومەت.» هاوكات دەڵێت: «سەربەخۆنەبوونی ئافرەت لە بواری ئابووریدا، خۆی سەرەكیترین و بەهێزترین و كاریگەرترین هەنگاوی توندوتیژی نواندنە دژ بە ئافرەت، واتە سەربەخۆیی ئابووری بۆ ئافرەت خاڵی وەرچەرخانە لە دووركەوتنەوە لە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانیان مسۆگەر دەكات، چونكە ئافرەتان لە بەدەستهێنانی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ، پشت ئەستوورتر دەبن لە دەنگ هەڵبڕینی دژ بە توندوتیژی بەرامبەریان و رازینەبوون بەو دۆخە خراپەی تێی دەكەون، بە جورێك لە هەر دۆخێكدا توندوتژییان بەرامبەر بكرێت، ئەو دۆخە قبووڵ ناكەن و خۆیان دەتوانن لە رێگەی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆوە بەڕێوەبەرن.»
ئاواز شێرزاد بەرپرسی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان - ناوەندی سیدەكان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «یەكێك لە مەرجەكانی فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی، بوونی ئابوورییەكی سەربەخۆیە و بەتایبەت بۆ رەگەزی مێیینە كە تا راددەیەكی باش دەبێتە رێگر لەبەردەم پێشێلكردنی مافەكانی، سەرچاوەكانی ئابووریی سەربەخۆش زۆرن، بەڵام كەمتر بۆ ئافرەت هەڵكەوتووە، ئەمەش بە هۆی بێ متمانەیی بە تواناكانی خۆیان و گرینگی نەدان بە خوێندن و هونەر و بەهرەی خۆیان بووە، بۆیە من وەكو تاكێكی ئەو كۆمەڵگەیە و وەك و ئافرەتێك پێم وایە هەموو هاوڕەگەزەكانم پێویستیان بەوەیە ئابوورییەكی سەربەخۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە دەستی زێڕینی خۆیان داهاتوویەكی جوان و ژیانێكی شایستە دابین بكەن بۆ خۆیان و نەبنە بار بەر سەر خانەوادەرو خێزانیان، بەڵكو بە پێچەوانەوە دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو داهاتەی هەیانە ئەدای كاركردن فراوانتر بكەن و ببنە خاوەن پڕۆژە و هەلی كار بۆ كەسانی دیكەش بڕەخسێنن، ئەمەش تەنیا بەوە دەكرێت كە متمانەیەكی تەواویان بە توانا و بەهرەی خۆیان هەبێت و گوێ بە تانە و تەشەری كۆمەڵگە نەدەن.»