خواستی گەنج و ئەركی حوكمڕان ((دهۆك بارزانی))

خواستی گەنج و ئەركی حوكمڕان  ((دهۆك بارزانی))
لاوان و گەنجان بڕبڕەی پشتی هەر كۆمەڵگەیەكن و دەسەڵاتی حوكمڕانییش لە هەر وڵاتێكدا ئەركی سەرشانیەتی كە بایەخ بە پەروەردە و پێگەیاندن و وەبەرهێنانی گەنج بدات، هەتا بتوانن خزمەتی خۆیان و وڵاتەكەیان بكەن. دیارە ئاوات و خواست و ئارەزووەكانی لاوانیش، بەپێی تەمەن و لە گەنجێكەوە بۆ گەنجێكی دیكە، یان لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی كۆمەڵێك بابەت هەن كە هەموو گەنجێك بایەخیان پێ دەدات و بە هەموو شێوەیەك باس و خواسی لەسەرە و بەردەوام دەخرێنەڕوو، دیارترینی ئەو بابەتانەش كە گەنجان بایەخی پێ دەدەن، بریتییە لە فێربوون و گەشەی زانستی و خوێندن، وەرگرتنی بڕوانامە و دۆزینەوەی كاریش بەشێكی سەرەكییە لە ئامانجەكانی گەنجان، چونكە پێویستیانە پسپۆڕی لە بوارێك پەیدا بكەن و لەو رێگایەوە كار بدۆزنەوە و داهاتوویان بنیاد بنێن. بونیادنانی داهاتووش كارێكی ئاسان نییە، ئەگەر دەسەڵاتی حوكمڕان ئاسانكاری بۆ نەكات.
لەم بابەتەدا تیشك دەخەینە سەر چەند بەشێكی سەرەكی لە كێشەو گرفتەكانی گەنج كە لە واقیعی ئەمڕۆی ژیانی گەنجدا بە شێوەیەكی ئاشكراو بەرچاو هەستی پێ دەكرێت، بەڵام تا ئێستا ڕێگەچارەیەكی پێویست نەگیراوەتە بەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو، هەر بۆیە هەست بە جۆرێك لێڵی و ناڕوونی دەكرێت، بەتایبەت كە رۆژ بە رۆژ كێشەكان زەقتر و زۆرتر خۆیان نیشان دەدەن، كە سەرەكیترینیان لایەنی ئابووری و كۆمەڵایەتییە، بەتایبەتی ئابووری چونكە تاكە سەرچاوەیە كە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ بەردەوامیدان بە ژیان. بێگومان نەبوونی داهاتی سەربەخۆ و جێگیر هەموو كات تاكەكانی نێو كۆمەڵگە رووبەڕووی كێشەو گرفتە كۆمەڵایەتییەكان دەكاتەوە، هەر بۆیە رۆژانە گوێبیستی چەندین گرفت و كێشەی كۆمەڵایەتی دەبین، كە زۆرینەی زۆری كێشەكان بە هۆی نەبوونی داهاتێكی جێگیر لە ناو تاكەكانی نێو كۆمەڵگە بووە، هەر ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ لێكترازان و پەرتبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەتی لەناو خێزاندا، كە بەداخەوە هەندێك لەو حاڵەتانە خەریكە دەبنە دیاردە، وەك: خۆكوشتن، دزی و تاوانی كوشتن، هەروەها دەبینین گەنجان بە رێژەیەكی زۆر پەنا بۆ كۆچكردن دەبەن، كە ئەو بژارەشیان رووبەڕووی سەدان مەترسییان دەكاتەوە.
هەرچەند لەسەر گرفت و كێشەكانی ئەمڕۆی گەنج بنووسین، وەك ئەوە وایە هیچ نەنووسرابێت، بۆیە نامەوێت زیاتر درێژەی پێ بدەم و وا باشترە زیاتر رێكارەكانی چارەسەر بخەینەڕوو، بێ شك بۆ هەر گرفتێك و كێشەیەكیش چارەسەر هەیە، هەر كەسێكیش بە جۆرێك لێكدانەوەی بۆ دەكات. لێرەدا كۆمەڵێك خاڵ هەن كە رۆڵ دەگێڕن لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بەتایبەت بۆ توێژی گەنجان، كە لەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژەیان پێ دراوە: 1- لە پێناو كەمكردنەوەی قەیرانی بێكاری، پێویستە بۆ هاندان و دۆزینەوەی هەلی كار گرنگی بە كەرتی تایبەت بدرێت، ئەویش بە دەرفەتپێدانی زیاتر و بەرچاوحستنی ئەم لایەنە لای گەنجان، هەروەك چۆن كەرتی گشتی ئومێدی هەر تاكێكە، بەو جۆرەش كەرتی تایبەت پێویستە لای گەنجان بە بایەخ بكرێت. بەتایبەتی لە ئێستادا كە كەرتی گشتی ناتوانێت پێداویستییەكان پڕبكاتەوە، نموونەی بەرچاویش ئەوەیە كە زۆر جار مووچە لە مانگەوە بووە بە وەرز.
2- پێداچوونەوە بە یاسای كاری فەرمانبەران و كرێكاراندا بكرێت، تاوەكو زامنی كار بۆ گەنجان بكرێت بە جۆرێك كە لەگەڵ واقیعی ژیانی گەنج تەبا بێت و هەر دوو رەگەزیش لە خۆ بگرێت، هەروەها هاندان و پاداشت و سیستمی كاری بەدەر لە وادەی كاركردن پێداچوونەوەی تێدا بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەوڵی جددی لەو بوارەدا هەبێت.
3- رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر بایەخ بدەن بە رەوشی ژیانی گەنجان، بەتایبەت رەگەزی مێ و ئەوانەی بێكارن و دەكرێت لە رێگەی چالاكییەكانەوە هەوڵ بدەن كۆتایی بە نەهامەتییەكانیان بهێنن و ئەو دۆخە دەروونییەی كە رێگرە كۆمەڵایەتییەكان بۆیانی دروست كردووە و بە هۆیەوە ناتوانن سوود لەو هەلی كارانە ببینن كە بۆیان دەڕەخسێ، گۆڕانكاری بەسەردا بێنن، هەروەها لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە دەكرێت ئەو خەوش و گومانەی لەسەر كەرتی تایبەت هەیە، یان ئەو توندوتیژی و تەحەڕوشەی كە رووبەڕووی كچان و ژنان دەبێتەوە لە شوێنی كارەكانیان، كاری لەسەر بكرێت و هەوڵی هەمەلایەنەی بۆ بدرێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو پێشێلكارییانە بە مەبەستی زیاتر هاندانیان بۆ كاركردن لە كەرتی تایبەت.
4- تەرخانكردنی بودجەی زیاتر بۆ هەموو ئەو دامەزراوەو كۆمەڵەو رێكخراوانەی كە پڕۆژەیان بۆ گەنجان هەیە، تاوەكو مەودای پڕۆژەكانیان بەرفراونتر بكەن، بە جۆرێك كە بگاتە شوێنە دوورەدەستەكان و بۆ هێنانە ناوەوەیان لە بواری كاركردندا بە پڕۆژەی بچووك دەستگیرۆیی گەنجان لە هەردوو رەگەزەكە بكرێت.
5- ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ كاری خزمەتگوزاری بكرێت لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستاندا تاوەكو قەباری كەمتەرخەمی و پێداویستیی هاووڵاتیان زانستییانە دەركی پێ بكرێت، گوێگرتنیش لە بیرۆكە و راوبۆچوونی گەنجان زامنی بەرزهێشتنەوەی ئاستی بەرپرسیارێتی لای گەنجان دەكات.
6- وەزارەتی پەروەدە پڕۆگرامی پلاندانان بخاتە نێو یەكێك لە پڕۆگرامە سەرەكییەكانی خوێندن لە قۆناغی بنەڕەتی تاوەكو گەنجان بە شێوەیەكی زانستی لەسەر پلان رابهێندرێن و نەقشەڕێگە بۆ داهاتوویان دروست بكەن. 7- كردنەوەی خولی پێگەیاندن و راهێنانی گەنجان لە بوارەكانی رابەرایەتی و سەركردە لەلایەن هەریەك لە وەزارەتی پەروەردە و رۆشبیری و لاوان و خوێندنی باڵا.
8- بایەخدان بە گەنجان لە لایەن وەزارەتی پلاندانان بە جۆرێك هەروەك چۆن لە كۆمەڵگەیەكی گەنجانە (بە پێوەرە دیمۆگرافییەكان بێت) ناسراوین، ئاوهاش دەبێت سیاسەتی وەزارەتی پلاندانان لەم كۆمەڵگە گەنجانەیەدا بە ریتم و ئاراستەیەكی گەنجانە دابڕێژرێت، بە جۆرێك گەنجانی ئەم وڵاتە نەتۆرین و وزە و بەهرەمەندییەكانیان بە پێی ئەو پلانە بخرێتەگەڕ بۆ خزمەتكردن بە خۆیان و كۆمەڵگەیان.
9- خوڵقاندن و دروستكردنی زەمینەی لەبار و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بە توێژی گەنجان لە بواری كاری تایبەت بە گەنجان و سوودبینین لە تواناو بەهرەمەندییەكانیان بەتایبەت لە رێگەی پڕۆگرامی تواناسازیی گەنجان و دەرفەتپێدانی گونجاو بۆ بینینی ئەزموونی كاركردن لە وڵاتانی دیكە بۆ هەردوو رەگەز و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئایدیۆلۆژیا و ئینتیمای حزبی.
10- هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە بۆ گەنجان بەرفراوانتر بكرێت.
11- هەرچی زووتر كێشەی بێكاریی گەنجان لە دامەزراوە گشتییەكاندا چارەسەر بكرێت، تاوەكو چیتر گەنجان لە كۆمەڵگەدا پەراوێز نەخرێن.
12- پرۆژەی (راپرسی لەسەر پیشەگەری) لە نێو گەنجاندا بكرێت، تاوەكو بزانرێت ئاستی خۆشەویستیی كار و قبووڵكردنی پیشەگەری لە كودستاندا لای گەنجان لەگەڵ خواست و خولیاكان یەك بگرێتەوە، تاوەكو پسپۆڕی لە كارو پیشەدا لەنێو توێژی گەنجان وەلا نەنرێت.
13- گەشەپێدانی زانیارییە گرنگەكان كە رۆڵیان هەیە لە بونیادی فیكری گەنجدا، بەتایبەتیش گەشەپێدانی چەند بنەمایەكی گرنگ و سەرەكی وەك گەشەپێدانی ئاستی پەروەردەیی و پێگەیاندن.
14- فراوانكردن و گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و دروستكردنی چەند پەیمانگا و كۆلێژێكی پیشەیی بۆ زیاتر دروستكردنی گەنجی كار.
Top