لە غیابی هێزی كوردی رێژەی قوتابیی كورد لە زانكۆی كەركووك لە كەمبوونەوەدایە

لە غیابی هێزی كوردی رێژەی قوتابیی كورد لە زانكۆی كەركووك لە كەمبوونەوەدایە
كەركووك وەك شارێكی كوردستانی كە هەمیشە زۆرینەی دانیشتووانی كورد بووە، لە سەردەمی حوكمڕانیی بەعس و تەنانەت لە دوای رزگاركردنی عێراق و دامەزرانی دەوڵەتی فیدڕاڵیش بەردەوام هەوڵی تەعریبكردنی دراوە و تا ئێستاش ئەو سیاسەتە چەوت و ناڕەوایە بەردەوامە و تەنیا لە قۆناغێكدا سەقامگیری و ئاسایشی بەخۆیەوە بینیوە، كە هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی باری ئەمنیی كردووە و پارێزگاری پێكەوەژیان لە شارەكەدا بووە، لە دوای رووداوی 16ی ئۆكتۆبەریش هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارە كوردستانییەدا قەدەغە كراوە، تەنانەت دۆزی خوێندنی زمانی كوردی و رێژەی قوتابیانی كورد لە زانكۆی شارەكەدا بەرەو داكشان چووە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان رەوانگەی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئەحمەد سەمەد بەرپرسی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان - لقی زانكۆی كەركووك، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پرۆسەی بە عەرەبكردن لە شاری كەركووك دەستی پێ كردووەتەوە و بە ئاشكرا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكە دەدرێت، ئەوەش بۆ «غیابی هێزە كوردییەكان و ئەو هێزانەی كورد كە لە شارەكە بێ دەسەڵاتن» دەگەڕێنێتەوە و هاوكات دەڵێت: « زانكۆی كەركووك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر لە پرۆسەی تەعریبكردن بێبەش نەبووە و یەكێك بووە لەو دەزگا گرنگانەی كە لە لایەن هێزە داگیركەرەكانەوە بە چڕی هەوڵدەدرێت رێژەی قوتابیی عەرەب لە زانكۆی كەركووك زیاد بكەن، لە دوای هێنانی هەزاران خێزانی عەرەب لە شارەكانی خوارووی عێراق لە ماوەی (سێ) ساڵی رابردوودا و گۆڕینی نفووسیان بۆ سەر كەركووك لە دوای تەواوكردنی قۆناغی ئامادەیی بەمەبەستی وەرگرتن پێشكەشی زانكۆی كەركووكیان كردووە بە سیستەمی ئەلیكترۆنی كە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق مەرج و رێنماییەكانی بۆ داناون و رێژەیەكی زۆری قوتابیی عەرەب وەرگیراون بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩ بـۆ ٢٠٢٠و بەتایبەت لە خوێندنی ئێواران رەنگدانەوەی زۆری هەیە كە بە رێژەیەكی زۆر عەرەب زیادی كردووە.» گوتیشی: «پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بەردەوام سەردانی زانكۆ دەكات و دەسەڵاتەكانی بەسەر سەرۆكایەتیی زانكۆدا دەسەپێنێت و لە دانانی راگری كۆلێژەكان كە چوار راگر پشكی عەرەبە هەر چواریان لە عەشیرەتی جبوری ـن و خزمی پارێزگارن،سەرەڕای هەموو ئەمانە رێگە نادرێت هیچ بۆنە و یادێكی نەتەوەی كورد لە نێو زانكۆ بەرز رابگیرێت و هەر قوتابییەك هەوڵی ئەوە بدات لێپێچینەوەی توندی لەگەڵدا دەكرێت.»
لەلای خۆیەوە رزگار سەعدوڵا كارگێڕی لیژنەی ناوچەی زانكۆ ـ كەركووك، هێما بۆ ئەوە دەكات:» ئەمساڵ دۆخی زانكۆ و پەیمانگاكان لە رووی رێژەی نەتەوەكانەوە لەو تەعریبەی كە بەسەر شاری كەركووك و دەوروبەری لە سایەی دەسەڵاتی سەربازی و دۆخی داگیركاری شارەكە كە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەسەر ناوچەكەدا هات بێبەش نەبوو، زانكۆ و پەیمانگاكانی كەركووك ئەمساڵ لە رووی رێژەی نەتەوەكان لە قوتابیانی تازە وەرگیراو بە جۆرێك گۆڕاوە كە ساڵانی پێشوو سەرجەم نەتەوەكان لە رێژەیەكی یەكسان بوون، بەڵام ئێستا رێژەی كورد بە جۆرێك دابەزیوە كە بە ئاشكرا لە ناو زانكۆ و پەیمانگەكان هەستی پێدەكرێت».
ئەو كارگێڕەی لیژنەی ناوچەی زانكۆ جەخت لەوە دەكاتەوە:» كۆلێژی پەروەردە-بەشی زمانی كوردی ساڵانی پێشوو زیاتر لە140قوتابی بۆ هەر ساڵێك وەردەگرت، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی قوتابیان ناگاتە 30 قوتابیش، ئەمە ئەگەر بەراورد بكەین بە بەشی زمانی عەرەبی و زانستی دەروونناسی لە هەمان كۆلێژی ناوبراو زیاتر لە 200 قوتابی وەرگیراون كە 90%ی قوتابییەكان لە نەتەوەی عەرەبن و خەڵكی حەویجە و زاب و ریاز و گوندەكانی دەوروبەری ئەو ناوچانەن، هەروەها لە كۆلێژەكانی تریش هەمان دۆخ رووی داوە بە گوێرەی ئەو داتایانەی كە لای ئێمە هەن رێژەی كورد لە سەرجەم كۆلێژەكانی زانكۆی كەركووك بۆ سالی خوێندنی 2019 ـ 2020 لە ٪30 كەمترە، ئەمەش لە ئاییندەدا مەترسی زۆر لە رووی هەڵگرانی بڕوانامە بۆ نەتەوەی كرد درووست دەكات.
ئەحمەد سیروان بەرپرسی لقی كەركووكی تۆڕی گەنجانی نیشتمان سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «پەڵەی رەشی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئاسمانی شاری كەركووك و خوێندنی بەشی كوردی داپۆشیوە، خۆری قوتابیانی كورد ڕوو لە ئاوابوون دەكات. وەك ئاشكرایە خوێندنی كوردی لە پێش رووداوەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، لە ژێر سێبەری ئاڵای پیرۆزی كوردستان بوو، هەر بۆیە لە شاری كەركووك قوتابیانی تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە بە ئازادی و یەكسانی پەرەیان بە خوێندنیان دەدا، بەڵام دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ژیانی سەرجەم هاووڵاتیانی شاری كەركووك شێوێندرا وبووە هۆی ئاوارەبوونی بەشێكی زۆری هاووڵاتیان بەتایبەت چینی قوتابیان، زۆرێك لەو قوتابیانە ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون و بووە هۆی وازهێنانیان لە خوێندن، هەندێكی دیكەش لەبەر نەبوونی خەرجی و دواكەوتنیان لە خوێندن ساڵی خوێندنی ئەمساڵیان دواخستووە. هەروەها زۆربەی قوتابیانی كورد لە كەركووك دوچاری خراپی باری دەروونی بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی وەك قوتابی پلە دوو سەیر دەكرێن و بە هیچ جۆرێك هاوكاری ناكرێن و تەنانەت بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.» گوتیشی: «كێشەیی هەڵنەكردنی ئاڵای كوردستان لە نێو زانكۆكان و سەركوتكردنی قوتابیان و رێگریكردن لە یادكردنەوەی بۆنە تایبەت و گشتییەكانی نەتەوەی كورد لە ناوەندەكانی زانكۆ قوتابی كوردی نائومێد كردووە». هەروەها بە سەدان قوتابی لە نێو كەمپەكانی داعشەوە هاتوونەتە نێو زانكۆكان كە ئەمەش تەعریبكردنێكی نوێیە بەرامبەر بە قوتابیانی كورد لە كەركووك پەیڕەو دەكرێت. بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەم كێشانە پێویستە دۆخی ئەمنی و سیاسیی شاری كەركووك ئارام و ئاسایی بكرێتەوە و قوتابیان لەكەشێكی ئارام و تەندروست و ئازاد پەرە بە خوێندنیان بدەن.»
Top