كەركووكییەكان بە تایبەتمەندیی خۆیانەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەكەن
January 7, 2020
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
رزگار سەعدوڵا كارگێڕی لیژنەی ناوچەی زانكۆ ـ كەركووك، هێما بۆ ئەوە دەكات: «لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر خێزانێكی زۆری شاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر بوون، كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ئاوارەكان زێد و شاری خۆیان بەجێ هێشتووە، بەڵام لە یەكەم رۆژی بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیانەوە بە چاوی ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانن و بۆ گەڕانەوەیان رۆژەكان دەژمێرن، بەڵام بەداخەوە بە هۆی دەیان پیلانگێڕی لە دژی دۆزی كورد، ئاوارەكان تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، لە لایەكی دیكەشەوە بە هۆی حوكمی سەربازی و دۆخی داگیركاریی ناوچە كوردستانییەكان كە دەرئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە، دانیشتووانی ئەو ناوچەیانەش نەیانتوانیوە لە ژیانێكی ئازادانە بەسەربەرن، لە بەر ئەوەی نائارامی و فەراغی ئەمنی بەتایبەتی شاری كەركووكی تەنیوە.» گوتیشی: «سەرەڕای هەموو كێشە و گرفتەكان، بە چاوی ئومێدەوە دەڕوانینە هەنگاوەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە ساڵی نوێدا، هەروەها كەركووكییەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە لە ساڵی نوێدا، بە ئومێدەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانن بۆ ناوچەكەیان دەكەن، چونكە بە گەڕانەی پارتی بۆ ناوچەداگیركراوەكان، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و سیمای كوردستانیبوون دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم.»
پەیمان تەها ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بە سەر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە بووە هۆیی ئاوارەبوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە هاونیشتمانیانی ئەو ناوچانەی كە دەكەونە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. بەداخەوە ئەو رووداوانە بووە هۆی ئەوەی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی نەرێنی لە بوارەكانی ئیداری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دروست ببێت، بەعەرەبكردن و هاوردەكردنی شیعە بۆ كەركووك و دەوروبەری، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەش لە ئێستادا دۆخێكی ناهەمواری لە سنووری پارێزگای كەركووك و تەواوی ناوچە جێناكۆكەكان دروست كردووە، هەموو ئەم هۆكارانەش وایان كرد كە بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەو سنوورە رەتیان كردەوە كە ژیان لە ژێر دەسەڵاتێكی داگیركەردا بەسەر بەرن، بۆیە ژیانی ئاوارەییان هەلبژارد. بێگومان هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە شارەكە روویداوە، ناڕەوا و دوژمنكارانە بووە، بۆیە داخوازیی گەورەی ئاوارەكانی كەركووك و ناوچەداگیركراوەكان نەهێشتنی دەسەڵاتی عەسكەرتاریەت و راگرتنی شاڵاوی بەعەرب و بەشیعەكردن و گەڕانەوەی شكۆیە بۆ تاكی كورد..» گوتیشی: «ئاساییكردنەوی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و چارەسەری كۆی كێشە هەڵواسراوەكان و گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداریكردنیان لە بەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنی لە شاری كەركووك خواستی سەرەكی خەڵكە و جیا لەمانەش قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی كە بە هۆی داگیركاری زەرەرمەند بوون، زۆریش پێویستە ئاڵای كوردستان ببێتە مەرجی پێشوەخت لە تەواوی دانوستانەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند.»
رۆژنامەنووس مەریوان حەكیم جەباری، وەك ئاوارەیەكی شاری كەركووك، لەو بارەیەوە دەڵێت: «هیوادارم لە ساڵی نوێ، تەنیا ژمارەكان نەگۆڕێن، بەڵكو ژیانمان بگۆڕێ و بەدیهێنانی خەونی گەورەمان بێت، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ كەركووكی هەمیشە كوردستانی.» گوتیشی: «ئەم سەری ساڵە (2020) دەكاتە سێ سەری ساڵ كە ئێمەی ئاوارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە چاوەڕوانی گەڕانەوە و شادبوونەوەین بە خاكی پیرۆزی كەركووك و هیوای زۆرمان هەبوو ئەمساڵ لەنێو ماڵ و شاری خۆمان ئەو یادە پیرۆز بكەین، بەڵام نەكرا و تا ئێستا ئاسۆیەكی روون بۆ ئێمەی كەركووكی نییە، ئایا كەی و چۆن دەگەڕێینەوە. بەڵام هیوادارم ساڵی نۆێ ببێتە هۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری.»
ئەو رۆژنامەنووسە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «سیاسەتی ئێستای ئیدارەی كەركووك و ناوچە داگیركراوەكان تەنیا كەمكردنەوەی نفووسی كوردە و هەر بەو هۆیەشەوە كوردانی ئەو ناوچانە تووشی ئازار ومەینەتی زۆر بوونەتەوە، بەتایبەتی گوندنیشینەكان لەژێر حوكمی عەسكەریدا هەوڵدەدرێت لە زێدی باب وباپیرانیان هەڵكەندرێن و دووربخرێنەوە و لە جێگەی ئەوان عەرەبی هاوردە نیشتەجێ بكرێت.» گوتیشی: «هیواخوازم ساڵی نوێ، ساڵی بەدیهێنانی خەونەكانی من و هەزاران كوردپەروەری كەركووك بێت، ئەویش گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ كەركووك و بەرزكردنەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستانە لە ناوچەكە، ئێمە لەم سەری ساڵەدا هیوای ژیانی باش و ماڵ و موڵك و سەفەری وڵاتان ناخوازین، هیوامان هیوای شەهیدانە و هیوامان گەڕانەوەی كەركووكە بۆ باوشی هەرێمی كوردستان، هیوامان رزگاركردنی ئازادیی ئەو زیندانییانەیە كە لەپێناو كەركووكدا تا ئێستاش لە سەر دیواری زیندانەكانی ئەو شارە یادگارییەكانیان دەنووسنەوە، هیوامان هیوای دایكی ئەنفالكراوێكی خورماتووە، كە دوای چەندین ساڵ لە نەهامەتی ئێستا لە ئاوارەییدا دەژی و ماڵەكەی رووخێندراوە و تەنیا هیوای گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆی».