چیرۆكی ئەوئافرەتەی لەپێناو بەهەشتی منداڵەكانی ساڵانێك لە دۆزەخژیا

چیرۆكی ئەوئافرەتەی لەپێناو بەهەشتی منداڵەكانی ساڵانێك لە دۆزەخژیا
زۆرن ئەو كچانەی كە خوێندنیان لە بوارێكدا تەواو كردووە و بوونەتە خاوەن بڕوانامە، بەڵام دواتر لەلایەن خانەوادەكەی خۆیان، یان هاوسەریان رێگری لە دامەزران و كاركردنیان كراوە. ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی نەریتی (بە كوردستانیشەوە) زۆر باوە و بە یەكێك لە كۆسپە سەرەكییەكانی بەردەم سەربەخۆیی ئابووریی ئافرەتان دادەنرێت. یەكێك لەو خانمانەش كە هەمان چارەنووسی هەبووە، باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.

ئافرەتێكی تەمەن 41 ساڵەی باڵا مامناوەندە و خۆی بە چیمەن دەناسێنێت. وەك خۆی باسی دەكات، دەرچووی ئامادەیی پەرستارییە و بە هۆی نەریتی كۆمەڵگە و رێگریی بنەماڵەكەی دانەمەزراوە و وەكو ئافرەتی ماڵەوە درێژەی بە ژیان داوە. دووانەیەكی كچی 12 ساڵانی هەیە، لە ئێستادا لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان كار دەكات. چیمەن بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی دەكات: «من دەرچووی ئامادەیی پەرستارییم، بەڵام بە هۆی نەریتی كۆمەڵگە، باوكم و براكانم نەیانهێشت دابمەزرێم و لە نەخۆشخانەیەك كار بكەم. كە مێردیشم كرد، ئەویش رازی نەبوو لە نەخۆشخانە كار بكەم. بۆیە هەمیشە هەستم دەكرد، ماندووبوونم بەفیڕۆ چووە و بڕوانامەكەم سووتاوە. كاتێكیش هاوسەرگیریم كرد، سەرەتا وامدەزانی هاوسەرەكەم باشترین و پاكترین پیاوی سەر ئەرزیە، زۆرم خۆش دەویست و زۆر گوێڕایەڵی بووم. هەرچی ئەو بیگوتبا و بیویستبا نەمدەگوت نا، بەڵام وردە وردە خراپەكانی بە دەردەكەوتن، كە دركم بەوە كرد، كار لە كار ترازا بوو، من بە دووانەكەم دووگیان بووم، ئیدی خۆشی و ترشی لەگەڵی ژیام، تا كچەكانم گەورە بوون و بەپێ دەڕۆیشتن، بەڵام هاوسەرەكەم رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبوو. زۆری بێ رێزی پێ دەكردم، رۆژانە بەشم جنێو و سووكایەتی و لێدان بوو، ناچار لای براكانم سكاڵام كرد، چونكە ئەوكات باوكم لە ژیاندا نەمابوو، داوام كرد جیا ببمەوە، براكانم زۆریان پێ باش بوو، لەو پیاوە خراپە جیا ببمەوە، بەڵام مەرجی ئەوەیان هەبوو كە نابێت منداڵەكانم بەخێو بكەم، زۆر هەوڵمدا بەڵام ئەوان رێگەیان نەدام، گوتیان تۆ جوان و جاحێلی و قسەی خەڵك رەحم بە كەس ناكات، بێوەژنی بەو تەمەنەوە زۆر زەحمەتە، منیش بیرم كردەوە، ئەگەر كچەكانم بدەم بە باوكێكی ئاوا كە هەرگیز نەیزانیوە بەرپرسیارێتی و پارێزگاریكردن لە ژن و منداڵ چییە، ئەوا تا دەمرم، ویژدانم ئاسوودە نابێت و دڵم هەر لەلایان دەبێت، بۆیە بەو پەڕی بەرپرسیارێتی بڕیارم دا، ئەوەندە تەمەنەی ماومە، بیكەمە قوربانی بۆ كچەكانم و حیسابی مردوویەكم بۆ هاوسەرەكەم كرد، ئەگەرچی تائێستاش هەر خۆشم دەوێت، بۆیە جارێكی دیكە بیرم لە تەڵاق و جیابوونەوە نەكردەوە، هاوسەرەكەشم ئیستیغلالی وەزعەكەی كرد و زانی هەرچی بكات، من لێی جیانابمەوە، ئەوەی خراپ بوو بەرامبەر بە من دەیكرد، سووكایەتی و بێڕێزی وای پێكردووم لە رووم نایەت بۆتان بگێڕمەوە، قسەی وای پێ دەگوتم، بە یەك گوللە هەبوو، خوا لێم هەڵناگرێت بۆ منداڵەكان بەو راددەیە خراپ نەبوو، منیش لەبەر چاوی منداڵەكانم، چاوم هیچ كەسێكی نەدەدیت و بۆ ئەوان دەژیام. بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ داهاتێكم نەبوو وەزعی مەعیشەتمان زۆر خراپ بوو، كە داوای پارەم لە هاوسەرەكەم دەكرد، دەیگوت بڕۆ لە برا فڵانەكانت داوای پارە بكە، منداڵەكانم بە كۆنە جلی خەڵك گەورە كرد، دواجار دەستم دایە خەیاتی و شەو و رۆژم خستە سەر یەك تا ژیانێكی شەرەفمەندانەم بۆ خۆم و منداڵەكانم دروست كرد، ساڵانێك تێپەڕین و هاوسەرەكەم لە پڕ دیار نەما. لە نەخۆشخانە و بەندیخانەكانیش گەڕاین، نەماندۆزییەوە، بە حوكمی ئەوەی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژنان زۆر بوو دواجار گوتیان هاوسەرەكەم بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر گیراوە و بە 15 ساڵ زیندانی حوكم دراوە. دوای دەستبەسەركردن و حوكمدانی هاوسەرەكەم، رۆژێك براگەورەكەم هات و پارێزەرێكی لەگەڵدا بوو، پێی گوتم: تا ئێستا لەبەر خاتری منداڵەكان لە رەفتارە ناشیرینەكانی ئەو پیاوە بێدەنگ بووین، بەڵام بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین، دوای ئەو هەموو بێ رێزییەی بۆ تۆی كرد، بچیتە بەر دەرگای زیندانەكان، ئیدی لێی جیابوومەوە، تەنانەت لەبەر باری دەروونی منداڵەكان گوتوومە باوكتان سەفەری كردووە و نەمگوتووە لە زیندانە، ئێستاش ئەو رۆژانە تەواو بوون كە باجی كۆمەڵگە و كەسوكار و هاوسەری خراپ بدەم، ئێستا بۆخۆم و منداڵەكانم دەژیم و جگە لە دروومان، لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلیش كاردەكەم و شوكر خۆم و هەردوو كچی دووانەم كە ئێستا تەمەنیان 12 ساڵە، جگە لە خوای گەورە موحتاجی كەس نین.
كۆمەڵناس هێمن عومەر لەرووی كۆمەڵایەتییەوە پەنجە دەخاتە سەر برینە ساڕێژنەبووەكانی قوربانیانی توندوتیژی و نەریتی كۆمەڵگە و دەڵێت:
ئەو چیرۆكە خاڵی كۆتایی خۆی گرتووە و ئیرادەی ئەو ئافرەتە سەركەوتووە بەسەر ناخۆشیەكانداو دواجار بووەتە خاوەنی ژیانی ڕاستەقینەی خۆی، گرنگە هەموو ئافرەتێك كۆڵ نەدات و تەسلیم بە ژیانی ناخۆش نەبێت، كۆمەڵگای ئێمە پیاو سالاری تیادا ماوەو هەركات یەكسانی جێندەری دروست بوو ئافرەتانیش كەمتر دەچەوسێنەوە، هاوسەری ئەو ئافرەتەش شیاوی ئەوە نەبووە بچێتە ژیانی هاوسەریەتییەوە، چونكە هاوسەریەتی بەرپرسیاریەتییە، كە نەتوانی جێبەجێی بكەی شایەنی ژیانی هاوسەری نابی، چارەنوسیشی هەر ئەوە دەبێت كە ئێستا لە زیندانە. شتێكی دیكە گرنگە پێویستە حكومەت پارەی سۆسیال بدات بەو ئافرەتانەی كە لەو دۆخەدان و هیچ كارێكیان نییە ئەوە چارەسەری بنەڕەتی دەكات و ژنانی قوربانی لە جیابوونەوە لە مێردەكانیان ناترسن.
Top