بۆ یەكەم جار خانمێك دەبێتە سەرۆكی زانكۆ هاووڵاتیان بە گەرمی پێشوازی لەو بڕیارە دەكەن
October 8, 2019
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا (16) زانكۆی حكومی هەیە، كە دابەش بوون بەسەر شارەكانی كوردستاندا، هاوكات دو دەستەو ئەنجومەنێكی حكومیش هەیە، كە ئەوانیش بەپێیی پسپۆڕی كارەكانیان ڕایی دەكەن:
بەهەمان شێوە لەبەر ڕۆشنایی یاسای زانكۆ تایبەتەكان كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسند كراوە، تا ئێستا (19) زانكۆی تایبەت لە شارەكانی كوردستان كراونەتەوە.
لە نووسراوێكدا كە رۆژی 26/9/2019 دەرچووە و وێنەیەكی دەست گوڵان كەوتووە و واژووی مسرور بارزانی (سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان)ی لەسەرە، تێیدا هاتووە: «پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 49ی لە 28/8/2019، بڕیارماندا بە دانانی بەڕێز (پ.ی.د.مەهاباد كامل عەبدوڵا) بە سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە.» ئەو فەرمانەی سەرۆك وەزیران رەنگدانەوەی بەرچاوی لە ناو میدیا و شەقامی كوردیدا هەبوو.
هەر لەو بارەیەوە د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، دەڵێت: «بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار مسرور بارزانی، ئافرەتێك وەك سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە دەستنیشان كرا، ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكومەت جێگای دەستخۆشی و پێزانینە لەلایەن ئافرەتانی كوردستانەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان وەك پێویست ئافرەت نەگەیشتووە بە شوێنی بڕیاردان لە سەركردایەتیكردنی ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكان، سەرەڕای بوونی ئافرەتی ئەكادیمی و بەتوانا و خاوەن پسپۆڕی و سەرەڕای ئەوەی بە پێی ئامارێك لە ساڵی ٢٠١٨ لە بواری خوێندنی بەكالۆریوس كچان رێژەی ٥٢% پێكدەهێنن، بەڵام بەداخەوە لەسەر ئاستی سەركردایەتیی دامەزراوە ئەكادیمییەكان ئەم رێژەیە رەنگی نەداوەتەوە و تائێستا دەرفەتی یەكسان بۆ ئافرەتانی ئەكادیمی نەڕەخساوە، تا توانای خۆیان بسەلمێنن لەو بوارە گرنگە. ئەم بڕیارەی سەرۆكی حكومەت بەردەوامیدانە بە كاركردن بۆ چەسپاندنی یەكسانی لە سەرجەم بوارەكان كە چەندین ساڵە حكومەتی هەرێم كاری لەسەر دەكات و هەنگاوێكە بە ئاراستەی كەمكردنەوەی كەلێنی جێندەری لە پێگەی بڕیاری ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكانی كوردستان و دەركەوتنی سەركردەی ئەكادیمیی ئافرەت و هەنگاونانە بە ئاراستەی رەوتی شارستانی و مرۆڤایەتی لە جیهاندا، وێڕای هیوای سەركەوتن بۆ بەڕێز پ.ی.د.مەهاباد كامل عەبدوڵا كە ئەو بەرپرسیاریەتییە گرنگەی وەرگرتووە.»
دارا محەمەد ئەمین وەزیری پێشووی حكومەتی هەرێم بووە و قوتابیی دكتۆرایە و سەبارەت بە هەمان پرس هێما بۆ ئەوە دەكات، «دانانی ئافرەتێك وەك سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە هەنگاوێكی زۆر گرنگە و بەشێكە لە مافە سەرەتاییەكانی ئافرەتانی ئەكادیمی كە لە بوارە ئەكادیمییەكان بەرپرسیارێتییان هەبێت، ئەو هەنگاوە بە هەنگاوێكی پێویست دێتە هەژماركردن، چونكە بمانەوێ و نەمانەوێ لە ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان نیوەی زیاتری خوێندكاران كچانن، كاتێك سەرۆكی زانكۆ ئافرەت بێت، ئەوە دەبێتە هاندەرێكی گەورە بۆ كچانی خوێندكار كە بۆ پێگەیشتن و بەرەوپێشچوونیان لە رەوتی خوێندن و زانست زیاتر متمانەیان بە خۆیان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو زۆرێك لە خانمانی ئەكادیمی سەرۆك و لێپرسراوی زانكۆكان بن.» هاوكات دەڵێت: «بەداخەوە كەمیی رێژەی ئافرەت لە ناوەندە ئەكادیمییەكان كێشەیەكی جیهانییە و تەنیا 18%ی دامودەزگا زانستییەكان بەرپرسەكانیان ئافرەتن، لە وڵاتانی عەرەبی 7%ی بەر ئافرەت كەوتووە. ئەگەر سەیری داتاكان بكەین، دەبینین زۆرترین بەرپرسی ئەكادیمی و زانستی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە كە رێژەی 30% ی ئافرەتانن، واتە لەوێش رێژەكە كەمە و هێشتا نەگەیشتۆتە 50%. بۆ هەرێمی كوردستانیش ئەمە هەنگاوێكی گرنگە و هیوادارم شتی باشتر و كاری گەورەتری بەدوادا بێت، بۆ ئەوەی كچان ئینجا ژنان بتوانن رۆڵی خۆیان لە كۆمەڵگە بە سەركەوتوویی بگێڕن، هیوادارم حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارە جیاجیاكاندا ئەو لایەنانە لەبیر نەكات كە ئافرەت دەتوانێت تێیدا رۆڵی كارا ببینێت.»
بەهار عەلی بەڕێوەبەری رێكخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، رایوایە: پێدانی پۆستی سەرۆكی زانكۆ بە ئافرەتێك، دەستكەوتێكی دیكەیە كە ئافرەتانی كوردستان بەدەستیان هێناوە. هاوكات دەڵێت: «وەكو رێكخراوی ئێمە بۆ پرسە مرۆییەكان و چەند رێكخراوێكی دیكە لەوانە رێكخراوی ئاشتیی ژنان، زۆر دەمێكە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەین، كە بۆچی دەبێت لەم هەموو زانكۆیەی كە لە هەرێمی كوردستادا بوونیان هەیە، ئافرەتێك سەرۆك نەبێت؟ لە كاتێكدا ئێمە دەیان ژنمان هەیە كە هەڵگری بڕوانامەی بەرزی دكتۆرا و پڕۆفیسۆرن، خۆشبەختانە ئەو هەنگاوە گرنگەی حكومەت تەكانێكی دیكە بە بزووتنەوەی فێمەنیستی لە كوردستان دەدات، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت كە كۆمەڵگە بەو قەناعەتە گەیشتووە كە ژنانیش دەتوانن سەركەوتووانە ئیدارە و سەرۆكایەتیی دامودەزگا گرنگەكان بكەن.»