ئافرەتێكی بەساڵاچوو: بووكەكانم دەڵێن ئەگەر لە دەست و پێ بكەویت بەخێوت ناكەین و فڕێت دەدەین

ئافرەتێكی بەساڵاچوو: بووكەكانم دەڵێن ئەگەر لە دەست و پێ بكەویت بەخێوت ناكەین و فڕێت دەدەین
دایكان و باوكان مەینەتیی زۆر دەچێژن، هەتا بتوانن منداڵانی خۆیان بە باشترین شێواز پەروەردە بكەن. ئەوان هەتا دواساتی ژیانیان هەوڵ دەدەن، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی گەش بۆ رۆڵەكانیان دروست بكەن، بەڵام لە كاتی پیری و بەساڵاچووندا زۆر جار منداڵەكانیان لە بری قەرەبووكردنەوەی رەنج و ماندووبوونیان، لێیان بێزار دەبن، تا ئەو راددەیەی كە ناچار دەبن پەنا بۆ خانەی بەساڵاچووان ببەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەر خەمی منداڵ بەرۆكیان بەرنادات، هەتا ئەو ساتەی خاك لە ئامێزیان دەگرێت. لەم دیدارەشدا ئافرەتێكی بەساڵاچوو باسی ژیان و ئاریشەكانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

جلوبەرگێكی سەرتاپا رەشی لە بەرە و بە لەچكەكەی پرچی سپیی خۆی داپۆشیوە. چاوەكانی پڕن لە نیگەرانی و هێڵەكانی تەمەن نێوچەوان و گۆنا و چەناكەی پڕلۆچ كردووە. كاتێك باسی منداڵەكانی دەكات فرمێسك تەنگی پێ هەڵدەچنێت. ئەوە دیمەنی دایكێكی بەساڵاچووە كە خۆی بە «خەدیجە رەسووڵ» دەناسێنێت. وەك خۆی باسی كرد، تەمەنی لە 70 ساڵ تێپەڕیوە و ژیانیشی هەوراز و نشیوی زۆر بووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «هەتا گەنج بووم، هیچ خۆشیم نەدیت، مێردەكەم لەگەڵم زۆر توند بوو، ئەگەر ئێستا سەرم بتاشن، ئینجا دەزانن مێردەكەم چەند زاڵم بووە لەگەڵم، سەرم هەموو نیشانەی شكانەكانی هەر پێوە ماوە كە هەموو جار بە دار حەیزەرانەكەی لێی دەدام، هەشت منداڵی سەركە و بنكەمان هەبوو، رۆژێك تێر و دوو رۆژ برسی بووین، مێردەكەم دووكاندار بوو، دواتر لەگەڵ زاواكەی كاری عەقاراتی دەستپێكرد، هەتا وای لێهات دەوڵەمەند بوو. بەیانییەك چووە دەرەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نەگەڕایەوە. سەرەتا زۆرم خەم بۆی خوارد. شەو و رۆژ بۆی دەگریام، جێگە نەما بەدوایدا نەگەڕێین، هەتا رۆژێكیان یەكێك لە برادەرەكانی هات و گوتی: مێردەكەت زیندووە و هیچ عەیبی نییە، لە بەغدا ئیش دەكات. دوای ئەوە زانیمان لەوێ ژنی هێناوەتەوە، ئیدی منیش فەرامۆشم كرد، منداڵەكانم بە كاركرن لە ماڵان گەورە كرد، هەموویانم كردە ساحێبی ژیان و ماڵی خۆیان. هەتا ئیشم پێ كرا، كوڕ و بووك رایان دەگرتم، كە تاقەتم نەما، لانكیان پێ دەهەژاندم و دایەنیی منداڵە وردكانیان پێ دەكردم، كە هێزی ئەوەشم، نەما، ئێستا بێزاریم لێ دەكەن، بووكەكان پێم دەڵێن: ئەگەر لە دەست و پێ بكەوی بەخێوت ناكەین و فڕێت دەدەین.»
لەمبارەیەوە چالاكی مافناس عیماد ئەحمەد هێما بۆ ئەوە دەكات كە «دایك سەرچاوەی سۆز و خۆشەویستی و ژیانە و سۆزی خۆی بێ سنوور بە مداڵەكانی دەبەخشێت و لە بەرامبەردا داوای هیچ ناكات، تەنیا بەختەوەریی منداڵەكانی نەبێت. دایك رووناكییە بۆ ژیانی ئێمە و دەتوانم بڵێم هیچ وشەیەك ناتوانێت پێناسەی ئەوە بكات كە دایكی مەزن تا چەند هێز و متمانە دەبەخشێتە منداڵەكەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشەكانی ژیانی، بەڵام بەداخەوە بەشێكی زۆر لە دایكان ئێستا بێ ناز و بێ سۆز و خۆشەویستی و خزمەتكردن كەوتوون لەسەر شەقامەكان و بۆ پەیداكردنی ژەمە نانێك، یان بۆ دەستكەوتنی پارەی دەرمان سواڵ دەكەن. زۆرن ئەو دایكانەی خاوەنی كۆمەڵێك منداڵن، بەڵام بەداخەوە وەجاغ كوێرن، چونكە هیچیان سوودیان نییە بۆ دایكیان و بگرە زۆر جار توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدەن. بۆیە راستیان گوتووە وەجاغ كوێری تەنیا ئەوە نییە كە منداڵت نییە، بەڵكوو ئەوەیە كۆمەڵێك منداڵت هەبێت و هیچیان لە تەمەنی پیری بەسەرت نەكەنەوە. بەداخەوە بەم ساڵانەی دوایی ئەگەر سەیری دادگا و بنكەكانی پۆلیس و نووسینگەگانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بكەین، دەبینین ژمارەی ئەو دایكانەی توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دراوە، چەند زۆرن و رێژەكەشیان لە بەرزبوونەوەدایە. بەهەمان شێوە رێژەی ئەو دایكانەش كە لە خانەكانی بەساڵاچووان دادەنرێن، لە بەرزبوونەودان، هەر چەندە زۆربەیان خاوەنی منداڵن. بۆیە پێویستە لەسەر هەموومان رێز لە دایكمان بگرین، ئەگەر تا ئێستا لە ژیاندا ماون، دەبێت بە جوانترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، دەبێت ئەوەش بزانین كە هەر چەند خزمەتیان بكەین، ناتوانین قەرەبووی چاكەكانیان بكەینەوە.»
Top