یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کارنامەی یەک ساڵەی خۆی لە دوای ھەشتەمین کۆنگرەیان (کۆنگرەی نیشتمان) دەخاتەڕوو

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کارنامەی یەک ساڵەی خۆی لە دوای ھەشتەمین کۆنگرەیان (کۆنگرەی نیشتمان)  دەخاتەڕوو
ساڵێکی پڕ خزمەت و دەستکەوت بەسەر ھەشتەمین کۆنگرەمان (کۆنگرەی نیشتمان) تێپەڕی
رۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٩ بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێکی پڕ دەستکەوت و خزمەت بەسەر کۆنگرەی ھەشتەمدا (کۆنگرەی نیشتمان) یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە چالاکییەکی بێ وێنەدا و بە ئامادەبوونی بەڕێز فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەڤاڵانی بەڕێزمان لە ئۆرگانە حزبی و حکوومییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتانی ئازیز، کۆی چالاکییەکانی لە سەر ئاستی مەکتەبی سکرتاریەت، ئەنجومەن و ناوەندەکانی خستەڕوو کە بە شانازییەوە لە ماوەی ساڵێکدا توانراوە لە سەرجەم بوارەکان چالاکیی گرنگ و زەرووریی ئەمڕۆی کۆمەڵگەمان بە ئەنجام بگەیەنێت.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان لەگەڵ ماڕشی ئەی رەقیب بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان و سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو، دەستی پێکرد.
دواتر بەڕێز د.ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وتارێکی پێشکەش کردو، تیشکی خستە سەر چالاکییەکانی ساڵیکی رێکخراوەکەمان و لەگەڵ ئاماژەکردن بە ھەندێک پڕۆژەی نوێ، لەوانە:
زیادکردنی بەشەکانی پلاندانان و بەدوداچوون و تواناسازی .
بەشداریپێکردنی ئەندامانمان لە پێکھاتە ئایینی و ئیتنییەکان لە نێو پێکھاتەی سەرکردایەتیی ڕێکخراو. دانانی پلانی ستراتیژیی لە پێناو بەرەوپێشچوونی یەکێتی ئافرەتان و مانەوەی لە پێشەنگیدا.
تۆڕی پێکەوەبەستنی ئۆرگانەکانی رێکخراوەکەمان بە شێوەی (online) کە لە (٤) بەش پێکدێت: ئامار و ڕێکخستن، چالاکییەکان و پشتگیریی کۆمەڵایەتی.
دامەزراندنی تۆڕی میدیایی ھێلین، بە ئامانجی یەکخستن و فراوانکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنمان و ھەندێک پڕۆژەی نوێ وەک پڕۆژەی تواناسازی و دابینکردنی ھەلی کار بۆ ئافرەتان، ئامادەکردنی چەند پڕۆژە یاسایەک بۆ پەرلەمانی کوردستان، پێگەیاندنی کادران بە شیوەی ڕاستەوخۆ و ئۆنلاین و چەندین پڕۆژەی دیکە.
پاشان بەڕێز فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیمان وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو دروست نابێت، ئەگەر یەکسانی بوونی نەبێت، واتە ھەر دوو رەگەز لە یەکتر تێبگەن و ھەھامەنگ بن.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خەباتی سیاسی و تەنانەت خەباتی نھێنیشی ھەبووە، یادی سکرتێرەکانی یەکێتی ئافرەتان بکەینەوە کە خۆشبەختانە سەرکردەکان و پێکھاتەکانی یەکێتی ئافرەتانی ئێمە ھەموو ئافرەتی بەتوانان لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، ئەمەش دەلیلی ڕەسەنییەتی رێکخراوەکەی ئیمەیە بە بیروڕای حزبێکی ئەسیلی کوردستانی، کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە.
- دواتر پێشکەشکردنی دۆکێومێنتارییەک لەسەر راگەیاندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە دەستپێکەوە تا ئەمڕۆ.
- نمایشکردنی چەندین تابلۆی ھونەری.
- پێشکەشکردنی چەند پارچە میوزیک و گۆرانییەک و لە کۆتاییدا نمایشکردنی کارە دەستییەکانی ماڵی ھێلین.
جێگەی ئاماژە پێکردنە لەم چالاکییەدا لە رێگەی بڵاوکراوەیەک کە تایبەتە بە چالاکییەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ئەیلوولی ٢٠١٨ بۆ ئەیلوولی ٢٠١٩ بە چاپ گەیاندرا و خرایە بەر دەست ئامادەبووانی بەڕێز.
Top