داوا دەكرێت لەزانكۆ و پەیمانگەكان برە و بەو بەشانە بدرێت كەهەلی كاریان زیاترە
September 23, 2019
کۆمەڵایەتی
دواڕۆژ قادر دەرچووی زانكۆیە و وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی سێ ساڵە خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە و تا ئێستا دانەمەزراوە. هەر لەمبارەیەوە گوتی: «كۆلیژی یاسای زانكۆی ئیشقم تەواو كرد، دوای ئەو هەموو ساڵە ئێستا لە ماڵەوە بێكار دانیشتووم، لە كاتێكدا هەموو ئاواتم ئەوە بوو دوای تەواوكردنی خوێندن دەستم لە كارێك گیر ببێت و كەم تا زۆر بتوانم قەرزی دایك و باوكم بدەمەوە، كە هەردووكیان شەو و رۆژیان خستە سەریەك و كاریان كرد، تاوەكو من بە پارەیەكی زۆر لە زانكۆ بخوێنم، ئێستا زۆر پەشیمانم لەو بەشەی كە هەڵمبژارد، خۆزگە بەشی زمان، یان ئایتیم بخوێندبایە، ئەوكات تێچووی كەمتر و كاتی كەمتری دەویست، ئەمڕۆش بە ئاسانی كارم دەست دەكەوت، چونكە لە ئێستادا كاری پارێزەری بۆ ئەوانە زۆرە كە كار لەسەر كەیسی تیرۆر و ماددەی هۆشبەر دەكەن، ئێمەی گەنج و تازە دەرچووان ئەزموونمان لەو كارانەدا كەمە.»
نێچیرڤان حوسێن سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ھەرێمی كوردستان بێكارن، بەشێكی بەھۆی دانەمەزراندنیان لەلایەن حكومەتەوە بەھۆی زۆریی رێژەی فەرمانبەران، بەشێكی تری بەھۆی كەمبوونەوەی پرۆژەكانی كەرتی تایبەت لە پێنج ساڵی رابردوودا و بەشێكی بەرچاوی بەھۆی رەچاونەكردنی پێویستییەكانی بازاڕی كار لە كاتی كردنەوەی بەشە جیاوازەكانی خوێندن لە زانكۆكانی ھەرێم و نەبوونی پلانی ورد و دیراسەكراو بۆ ئامادەكردنی دەرچووان بە باشترین شێوە بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی بازاڕی كار بە ھێزی كاری خۆماڵی. ھەر لەو سۆنگەیەشەوە، لە یاداشتێكدا كە لە ١٢/٩/٢٠١٩ ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی ھەرێمی كوردستانمان كردووە، پێداگری یەكێتی قوتابیانی كوردستانمان لەبارەی پێویستی گرنگیدانی زانكۆ بەو بوارە خستووەتەڕوو، ھەروەھا جەختمان كردووەتەوە لەوەی كە پێویستە زانكۆكان بكرێن بە ناوەندێك بۆ پێگەیاندن و پڕكردنەوەی پێویستییەكانی بازاڕ و هەلی كار.»
ماجید خەلیل مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی بەشی مێژووه لە كۆلێژی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە بەرنامەی رێكخستنی دەرچووانی زانكۆدا كێشەیەكی گەورە هەیە كە حكومەت بە پلەی یەكەم رووبەڕووی بۆتەوە، لەم نێوەندەدا دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان قوربانین، نزیكەی حەوت ساڵە دامەزراندن بە پێی پێویست نییە، بەش و كۆلیژی وا هەن یەك كەسیشیان دانەمەزراون، ئەمەش وابەستەیە بەو قەیرانە ئیدارییەی یان ئەو دابەشكاری هەلی كارەی كە دامەزراوەكانی حكومەتی تێكەوتووە، چارەسەریش ئەوەیە كە كردنەوەی بەشەكان بەپێی ئەو فەراغانە بێت كە لە دامەزراوەكانی حكومەتدا هەن، ئەوەش ئێجگار گرنگە ئیشی لەسەر بكرێت و پێویستە پلان و ستراتیژ هەبێت، پێموایە تائێستا حاڵەتێكی لەمجۆرە ئیشی لەسەر نەكراوە، هیوادارین كابینەی نوێ ئیشێك لەمبارەیەوە بكات، دەبێ هاوسەنگییەك بۆ رێژەی فەرمانبەران لە دامەزراوە حكوومییەكان بەشێوەیەكی گشتی بێتەدی، كە ئەمەش تا ئێستا شتێكی لەم شێوەیە نەكراوە، بۆ نموونە مزگەوت هەیە 30 دانە مجێوری هەیە، لە هەمان كاتدا دەبینین قوتابخانەیەك لە پاڵیدا یەك كارگوزاری هەیە، ئەم رێكخستنەوەیە زۆر جددییە و دەبێ بە وردی ئیشی لەسەر بكرێت، میتۆد و میكانیزمی وەرگرتنی خوێندكار بۆ بەشە تایبەتەكان پێویستە بگۆڕدرێت، پێویستە خواستی خوێنكار رەچاو بكرێت بەڵام هەموو ئەو خواستانە نا كە ئێستا هەیە بۆ بەرژەوەندی پارە هەڵپەی بۆ دەكەن، خواستێك كە ئەهمیەتی باڵا هەر بۆ پزیشكی و ئەندازیاری نەبێت، خوێنكار بە لێشاو پارە بدەن و بچنە دەرەوە بخوێنن و بڕوانامەی ساختەی بێ ئەرزش بهێننەوە و لێرە ببنە موهەندیس و دكتۆر، لە كاتێكدا موهەندیس و دكتۆر پێگەی خۆیانیان هەیە وەكو چۆن ئابووریناسێك و مامۆستایەك و فیتەرێك و كارگوزارێك پێگەی خۆیانیان هەیە.»
د. چەواس حەسەن، مامۆستا لە كۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحەددین، رایوایە «خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانیاری نییە، بەڵكو بۆ پێشخستنی كۆمەڵگەیە و پێویستە كۆمەڵگە سوودی لێ ببینێت، دەكرێ ئەو بابەتانە بخوێندرێت كە بەپێی پێویستی كۆمەڵگەن، یان ئەو بوارانەی كە كۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، بێگومان لە هەموو جیهاندا زانكۆكان بەپێی پێویستیی كۆمەڵگە بەشە زانستی و ئەكادیمییەكانیان دەكەنەوە، بەپێی پلان و پرۆژەكانی دەوڵەتیش بەڕێوە دەبرێن، چ بۆ كەرتی تایبەت و چ بۆ كەرتی گشتی، بۆیە پێویستە رەوتی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكان و پلان و پەیڕەوی دەوڵەت لەسەر هەردوو ئاست هاوتەریب بكرێن، بە هامەهەنگی و تەنسیق چونكە پێویستی بە تێچوونێكی زۆرە، دەكرێت هەتا خوێندنێكی دیاریكراو بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و رۆشنبیری تاك هەبێت، بەڵام زانكۆ و پەیمانگەكان دەبێ بەشەكان بەپێی پێداویستی بازاڕ و كۆمەڵگە بێت، بۆ ئەمڕۆی كوردستان پێویستە دەسەڵات بە هاوكاریی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی خوێندنی باڵا پێداچوونەوەیك بۆ بەشە پسپۆڕییەكانی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكان بكات، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایەی كە پێویستە بەشەكان پۆلین بكرێن.