پیرەمێردێك: كوڕەكانم نامگرنە خۆیان،منیش نامەوێ بچمە بەر دەرگای زاواكانم، هەرچەندە پێم دەڵێن پێڵاوەكانت دەخەینە سەرسەرمان
September 22, 2019
کۆمەڵایەتی
حاجی كەمال تەمەنی 64 ساڵە و دوای ئەوەی هاوسەرەكەی كۆچی دوایی دەكات، كوڕەكانی لێی بێزار دەبن و هیچیان ئامادە نابن بەخێوی بكەن، وەك خۆی باسی دەكات، باوكی سێ كوڕ و دوو كچە و گلەیی زۆریشی بەتایبەتی لە كوڕەكانی هەیە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «باوكی سێ كوڕم، بەڵام كوڕەكانم نامگرنە خۆیان، منیش نامەوێ بچمە بەردەرگای زاواكانم، هەرچەندە كچەكانم و تەنانەت هەردوو زاواكەشم پێم دەڵێن پێڵاوەكانت دەخەینە سەرسەرمان، هەتا ژنەكەم مابوو، بۆ خۆم پاشای هەردوو دنیا بووم، پیاو كە ژنەكەی مرد باشترە لەگەڵ ژنەكەی خۆی بخاتە قەبرەوە نەوەك ببیتە گاڵتەجاڕی كوڕ و بووك، ئەگەر دەمزانیبا بەبێ دایكی منداڵەكانم ئەوەندە رەزیل دەبم، قەت دڵیم عاجز نەدەكرد، ئەگەر دەمزانی كوڕەكانم وا بێ وەفا و سپڵە دەبن، یەك دینارم كۆنەدەكردەوە و هەرچی هەمان بووایە بەخۆ بە ژنەوە دەمانخوارد، من لە تەمەنی گەنجێتی تا هێزم تێدا بوو، كرێكاری و دواتریش كاری حەرەسیاتم كرد، كوڕەكانم پێ ناردنە زانكۆ، ئێستاش رەنجی 60 ساڵەم بەباچوو، بەیانی رۆژ دەبیتەوە تا بانگی مەغریب لە مزگەوت دەمێنمەوە، شەوانەش هەر شەوە بۆ ماڵی خوشك و برا و ناسیاوێك دەچم، لەخوای گەورە داواكارم ئەمانەتەكەم لێ وەربگرێتەوە، چونكە بەرگەی ئەو هەموو زەلیلییە ناگرم.»
ئەو پیاوە بەساڵاچووە، دڵی پڕە و كاتێ باسی بیروەرییەكانی دەكات، فرمێسك بە سەر گۆنایدا گلار دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە نییە لەوە زیاتر وشەیەك لە بارەی كۆسپەكانی بەردەم ژیانی خۆی بدركێنێ. وەك خوی گوتی: «نامەوێ كەرامەتی كوڕەكانم بشكێ، بەڵام رێزی ماندووبوونی منیان نەگرت و تەواو..»
توێژەری دەروونی پاوان كۆیی، سەبارەت بەو گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونییە بەمجۆرە دێتەئاخافتن: «بەساڵاچوون یەكێكە لە قۆناغەكانی گەشەی تەمەنی مرۆڤ كە تێیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری جەستەیی و دەرونی روودەدات، لەبەر ئەوەی گەشەیان بەرەو پاشەوەچوەن دەڕوات و دەتوانین بڵێین: كاتێ مرۆڤ دەچیتە تەمەنەوە، هاوشێوەی منداڵی ساوا خانەكانی لاواز دەبێت، بۆیە دایك باوك كە گەیشتنە ئەو تەمەنە، دەبێت كچ و كوڕەكانی گرینگیی تەواوی پێ بدەن، لە بەر ئەوەی جێگەی رێزن، نەك بەزەیی، چونكە هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی و كۆششی ئەوان، ئەو نەوەی هێناوەتە بەرهەم. راستە لەو تەمەنە وەك منداڵ تووڕە دەبن و ناتوانن هەڵچوونكەكانیان كۆنتڕۆڵ بكەن و پرتە و بۆڵەی زۆر دەكەن، كە زۆر جاریش بەبێ هۆكارە، بەڵام ئەوان زۆرترین گرفتی دەروونی و كۆمەڵایەتییان هەیە، زۆر دڵناسك دەبن و هەست بە بێ هیوایی دەكەن. هەست بە تەنیایی دەكەن، كە دەبینن منداڵەكانیان سەردانیان ناكەن، وا هەست دەكەن پەراوێز خراون و كەس ئاگای لێیان نییە. زۆر بەداخەوە هەندێ لە خێزانەكان ئەو دایك و باوكانەی منداڵیان بە شێوەیەكی جوان و بە سۆز و خۆشەویستییەوە پەروەردە كردووە و پێیان گەیاندوون، تا بوونەتە خاوەن خێزان و ژیانی خۆیان، كەچی منداڵەكانیان هیچیان لەبەرچاو نییە كە ئەوان چییان بۆ كردوون و چ هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونێكیان بۆ كردوون تا گەیشتوون بەو رۆژە، ئێستاش منداڵەكان ئەو دایك و باوكانە بە بارگرانی دادەنێن لە ماڵەوە و وەك و پێویست خزمەتیان ناكەن و بیانوو دەدۆزنەوە و رێزیان لێ ناگرن، بەتایبەتی دایك و باوك لەو تەمەنە بە هۆی خراپیی باری تەندروستی و كەمیی هێز و توانایی كە هەست بە بێهێزی و زەلیلی دەكەن، فشارێكی گەورەی دەروونییان لەسەر دروست دەبێت. هەندێ جاریش كچ و كوڕەكان هەر یەك بە بیانوویەكەوە، خۆیان لە بەخێوكردن و خزمەتكردنی دایك و باوكی بەساڵاچوویان دەدزنەوە و تەنانەت دەیانبەنە خانەی بەساڵاچووان و سەردانیشیان ناكەن، ئەمەش بێگومان زیاتر لایەنی دەروونییان تێك دەدات، تا ئەو راددەیە كە هیوای مردن دەخوازن. بۆیە بەپێی ئایین و بەها ئەخلاقییەكان پێویستە لەسەر منداڵەكان مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ دایك و باوكی بەساڵاچوویان بكەن، تا ماندوو نەبن و ئەوەش مافی خۆیانە، چونكە بە هۆی ئەوانەوە گەیشتوونەتە ئەو رۆژە، بۆیە واجبە لەسەرمان بە جوانی خزمەتیان بكەین، بە میهرەبانترین شێوە، چونكە لەو تەمەنە دایك و باوك هەستیان ناسكە و دەبێت دڵیان رابگرین و خزمەتیان بكەین و چاودێرییەكی وردیان بكەین و گرینگیی زیاتریان پێ بدەین، لانیكەم دەبێت ئەوە بزانین كە دایك و باوك شتێكن، دووبارە بوونەوەیان نییە.»