سروەجەباری سەرپەرشتیاری گرووپی كاری دەستیی بەهرەمەندان بۆگوڵان: ئامانجم ئەوەیەخاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و ئەوانەی بەهرەمەندن كاربكەن وخاوەنی داهاتی خۆیانبن
September 10, 2019
کۆمەڵایەتی
سروە عەلی جەباری، لە ساڵی 2018 گرووپێكی كاری دەستیی بۆ بەهرەدارانی تووشبووی تالاسیمیا و خاوەن پێداویستیی تایبەت پێكهێناوە و یەكەم پیشانگەیان لە 26 / 4 / 2018 كردووەتەوە. وەك باسیكرد، خۆی سەرپەرشتیی ئەو پێشانگایانە دەكات و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئامانجم ئەوەیە خاوەن پێداویستییەكان و ئەوانەی بەهرەمەندن كار بكەن و خاوەنی داهاتی خۆیان بن. واتە هەم كارەكانیان نمایش بكەن، هەم بیفرۆشن و ببێتە داهاتێك بۆیان و ئەوەش وادەكات ئەو گەنجانەی بێكارن و پیشەی كاری دەستی دەزانن، برەو بە كارە دەستییەكانیان بدەن. كارەكانیشمان سەرەتا تەنیا لە بۆنە نیشتمانییەكان نمایش دەكرد، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی رۆژانی پێنج شەممە و هەینییەكان كارەكانمان نمایش دەكەین.»
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە چۆن بوو ئەو بیرۆكەیەی لە لا دروست بووە؟ دەڵێت: «مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت تەنیا 150 هەزار دینارە، واتە شتێكی رەمزییە و بەشی بژیوییان ناكات. بۆیە پێویستە كار بكەن و توانای خۆیان بەكاربێنن، ئەوا دەتوانن بەرهەمیان هەبێت، كاركردنیش وەك بەرهەمی كاری دەستی كەم تا زۆر لە هەردوو رووەوە واتە هەم ماددی هەم مەعنەوی سوودی بۆیان هەیە. هەروەها فرۆشتنی كەلوپەلەكانیان هاندانێكە بۆ باشبوونی باری ئابوورییان، لە رووی مەعنەوییش تێكەڵ دەبن لەگەڵ كۆمەڵگە و چەند كاتێكی خۆش پێكەوە بەڕێ دەكەن.» گوتیشی: «گرووپی كاری دەستیی بەهرەمەندان بۆ هەردوو رەگەزە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی بەشداربووان كچان و ژنانن.»
سروە عەلی لە بارەی جۆری بەرهەم و ژمارەی پیشانگەكانیان دەڵێت: «تا ئێستا زیاتر لە 12 پیشانگامان كردۆتەوە، هەندێكی تایبەت بووە بە گرووپی خۆمان و هەندێكیشیان لەگەڵ گرووپی دیكە بە هاوبەشی كراوەتەوە، ئەو كارە دەستییانەش كە تیایەتی، هەمەڕەنگ و جۆراوجۆرە، ئامانج لەوەدایە لە هەرشوێنێك بین، سیمایەكی جوان ببەخشین بەو شوێنە كە لە ئێستادا زیاتر پیشانگە و بازاڕی هاوبەشی دەكەینەوە و لەگەڵ گرووپەكانی دی تێكەڵ دەبین.» گوتیشی: «تووشبوانی تالاسیمیا و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان شان بەشانی كەسانی ئاسایی لە بواری كاری دەستیی كارە دەكەن و بەرهەمی زۆر جوانیان هەیە. بەوەش جگە لەوەی تێكەڵ بە كاری گرووپی دەبن و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، دەبنە خاوەن داهات و تا راددەیەك باری گوزەرانیان سووك دەكات. هیواداریشم زیاتر دەرگای هەلی كار بكرێتەوە بە رووی گرووپەكەماندا بۆ ئەوەی كارە دەستییەكانی خۆمان نمایش بكەین لە شوێنە گشتیەكان و ببێتە بەشێك لە داهات بۆ بەهرەمەندەكان. بە پشتیوانی خوای گەورەش بەردەوام دەبین و هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنین و ئایندەیەكی گەشتر بۆ ئەو بەهرەمەندانە دەخوازم .» لە بارەی ژمارەی گرووپەكەشیان گوتی: «لە ئێستادا نزیكەی 20 كەسی تووشبووی تالاسیمیا و خاوەن پێداویستیی تایبەت دەبن، وردە وردە وا زیاد دەبن، منیش وەك سەرپەرشتیاری گرووپ هەموو كارە ئیدارییەكانیان بۆ رێكدەخەم، ئەوان تەنیا بۆ نمایش و فرۆشتنی بەرهەمەكانیان دێن، تا ئێستاش مێز بۆ تووشبوانی تالاسیمیا و خاون پێداویستییەكان بە خۆڕایی دادەنێم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە چ كەس و لایەنێك پشتیوانتان بووە، یان كارئاسانی بۆ كردوون؟ گوتی «هەر یەك لە بەڕێزان كاك تاهیر جێگری پاریزگای هەولێر، كاك عەبدولواحید بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكان، كاك رێبین لە ئەندازەی پاركەكان، كاك سامان بەڕێوەبەری سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، كاك یەعقووب بەڕێوەبەری پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، كاك رەحمان لە ئیدارەی پاركی گەورە و كاك هاوكار بەڕێوەبەری گەلەری شانەدەر زۆر ئاسانكارییان بۆ كردووین و سوپاسیان دەكەم. هەروەها سوپاسی ئیدارەی ماجدی مۆڵ و مێگا مۆڵ دەكەم كە هاوكاربوون بۆ دابینكردنی شوێن و سوپاسی مانگی سووری عێراقی دەكەم كە لە پیشانگای 15و16و17 ی ئاب هاوكارم بوون بۆ دابینكردنی بەشە ئازووقە، وەك پاڵپشتێك بۆ ئەم بەهرەمەندانە و سوپاسی دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان دەكەم كە هەمیشە ئامادەییان هەیە لەگەڵمان و هەروەها سوپاسی گوڵان دەكەم بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە.» وەك دواوتەشی گوتی: «لە كۆتاییدا هیوادارم لە ئایندەی نزیكدا هاوشێوەی هەولێر، بتوانین لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان پێشانگە بكەینەوە و لە نزیكەوە بەهرەو توانای خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان نیشان بدەین.»