قوتابیان لەدەستپێكی وەرزی نوێی خوێندندا لەسیستمی خوێندن و پشووی هاوینە نیگەرانن

قوتابیان لەدەستپێكی وەرزی نوێی خوێندندا لەسیستمی خوێندن و پشووی هاوینە نیگەرانن
پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێركردن رایانوایە پێویست ناكات دایك و باوك لە ماڵەوە رۆڵی مامۆستا ببینن، لەبەر ئەوەی شارەزای وانەوتنەوە نین. بۆیە جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە مامۆستاكان لە قوتابخانەكان منداڵان پەروەردە بكەن و تەنانەت ئەو ئەركەی وەك مەشقی رۆژانە پێیان دەسپێردرێت كە لە ماڵەوە ئەنجامی بدەن، باشترە لە قوتابخانە و بە یارمەتی مامۆستا تەواوی بكەن و پێویستیان بە خوێندنی زیادە نەبێت لە ماڵەوە. كەچی لە هەرێمی كوردستان قوتابیان رۆژانە دوای تەواوبوونی دەوامی قوتابخانە، تەواوی رۆژەكە بە ئەركی ماڵەوە سەرقاڵن، تەنانەت لە پشووی هاوینیشدا منداڵان دەخرێنە بەر خولەكانی بەهێزكردن و مەنهەجی ساڵێكیان پێ دەخوێنن، لە ئێستاشدا كە خەریكە دەرگای قوتابخانەكان دەكرێنەوە، قوتابیان نیگەرانن لەوەی پشووی هاوین بۆ ئەوان درێژەپێدەر و تەواوكەری وەرزی خوێندن بووە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتر بۆ بابەتەكە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی
«دوای ئەوەی ئەمساڵ لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی بە پلەی سێیەم دەرچووم، باوكم تەواوی كتێەكانی پۆلی پێنجی بۆ پەیدا كردم و پێی گوتم لەم پشووە هەموو ئەو كتێبانە بخوێنە. « ئەوە قسەی هێژا فەرهاد بوو. ئەو مێرمنداڵە بە نیگەرانییەوە باسی چۆنیەتی بەسەربردنی پشووی هاوینەی دەكات و دەڵێت: «ئەگەرچی هەموو كتێبەكانم خوێند و پشووی هاوینەم بەبێ پشوودان بەسەر برد، بەڵام هیچی لێ فێر نەبووم و تەنانەت حەزی خوێندن و قوتابخانەشی بۆ نەهێشتم».
خەلیل پاڵانی مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «رەوشی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان، پێویستی بە هەڵوەستەیەكی جددی هەیە و هاوكات دەڵێت: «بەداخەوە بەهۆی قەیرانەكانەكانی ساڵانی رابردوو، كە تا ئێستاش ئاسەواری خراپی لەسەر پەروەردەو فێركردن هەر ماوە و لانەچووە، دەبینین بە هۆی نەبوونی دامەزراندن و دابیننەكردنی هەلی كار بۆ دەرچووان، خولیای قوتابی بۆ خوێندن كەم بۆتەوە و لەهەمان كاتدا دایك و باوكی قوتابی هاندانیان بۆ رۆڵەكانیان لاواز بووە. لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوو لەكاتی دەوامی خوێندندا ئەركی ماڵەوە نادەن بە قوتابی و پەرتووك و پێداویستییەكانیش لە قوتابخانە جێ دەهێڵدرێت، چونكە قوتابی لە قوتابخانە دەبێ فێر بكرێ، كە ئەركی ماڵەوەشی پێ بدرێ، ئەوا لە ماڵەوەش بواری پشووی نابێت. بەڵام لە وڵاتی ئێمە قوتابی نەوەك لەو پشووەی دوای دەوام بێبەشە، بەڵكو لە پشووی هاوینیش بە خوێندن سەرقاڵ دەبێت و دواتریش ئەنجامەكەی ئەرێنی نابێت. بۆیە دەكرێ لەپشووی هاوینەدا رەوشێكی جیاواز لە رەوشی خوێندن بۆ قوتابی لەلایەن دایك و بابان دابین بكرێت، چونكە منداڵ لەقۆناغی بنەڕەتیدا وزەی زۆرە و پێویستە هەوڵ بدرێت ئەو وزەیەی بەكار بخرێت بۆ فێربوون و ناسینی دەوروبەری و دەكرێ كاتەكانی بۆ دابەش بكرێت، بەشێك بۆ یاری جەستەیی و بەشێك بۆ یارییە ئەلیكترۆنییەكان، هەرچەندە ئەمەیان باش نییە، بەڵام لەم سەردەمە كۆنتڕۆڵ ناكرێت، بۆیە باشتر وایە لە پشووەكاندا لە رێگەی كۆمپیوتەرەوە چەندین بەرنامەی نووسین و وێنە فێری قوتابی بكرێت، هەروەها گەشتكردن بۆ ئەو شوێنانەی كە نەیانبینیوە. لە هەمووشی گرنگتر پێدانی رێنمایی بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوازێكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ دەوروبەریان بكەن، تاوەكو بۆ دواڕۆژ نەوەیەكی تەندروست بەرهەم بهێنن، كە خاوەن كەسایەتییەكی خودان متمانە بەخۆ و داهێنەر بن، نەك بێ هێز و لاواز».
كۆمەڵناس روان عەبدولحەمید بابان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «پشووی هاوینە دەرفەتێكی بەسوودە بۆ منداڵان لەبەر ئەوەی هیچ ئەركێكی خوێندنیان لەسەر نییە، واتا دەرفەتی زۆریان لە پێشە بۆ فێربوون لە گشت بوارەكانی ژیان، بۆ نموونە خولی هاوینە، بەتایبەت لە بوارە تەرفیهییەكانی وەكو مەلەوانی، سەما، وەرزش و گەشتپێكردنیان بۆ چەند ناوچەیەكی گەشتیاری بە مەبەستی ناساندنیان بە جوانیی كوردستان.»
ئەو خاتوونە كۆمەڵناسە تیشك دەخاتە سەر كێشەی گەورەی منداڵ و مێرمنداڵ و تەنانەت گەنجان، بەوەی كە «منداڵ و نەوجەوانی ئێستا زیاترین كاتەكانیان بە دیار سەیركردنی تەلەفزیۆن و یاریكردن بە پلەی ستەیشن و ئایپاد و.. هتد بەفیڕۆ دەدەن، ئەمەش زیانێكی ئێجگار زۆری هەیە لەسەر تەندروستیی منداڵ، بەتایبەتی مێشكی منداڵ و هەروەها دەبێتە هۆی قەڵەوبوون و گەمژەیی و بیر و هۆشیان لەدەست دەدەن. بۆیە ئێمە وەكو رێنماییكار، رێنمایی دایك و باوكان دەكەین كەوا گرینگی بە منداڵەكانیان بدەن بە سەرقاڵكرنیان بە بەشداریپێكردنیان لە خولی فێربوونی زمان و هونەر و ئەوەی حەزی منداڵەكەشی لەگەڵ بێت، هەروەها دەبێت دایك و باوكان ئاگاداری منداڵەكانیان بن بە دیاریكردنی كات بۆ یاریكردن بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و بۆ ماوەی یەك كاتژمێریش بنێردرێنە شەقام بۆ پاسكیلسواری و هەوڵ بدەن كتێبی چیرۆك و كتێبی منداڵانیان بۆ بكڕن، ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، رایانبهێنن لەسەر خوێندنەوە بە مەبەستی لە بیرنەكردن و بەبیرهێنانەوەی وانەكانیان.»
هێمن عومەر توێژەری كۆمەڵایەتییە و ئەویش رای وایە: «منداڵ یەكەم دەستپێكی پڕۆسەی دروستبوونی مرۆڤە و وەكو بناغەیەك دادەنرێت بۆ دروستبوونی كەسایەتی، هەندێ لە زانایانی كۆمەڵناسی پێیانوایە پێنج ساڵی سەرەتای تەمەنی مرۆڤ كاریگەرترین كاتە بۆ دروستبوونی كەسێكی بەتوانا، یان شكستخواردوو، كۆمەڵناسان پێیانوایە ئەو تەمەنە شێلانی هەویری دروستبوونی مرۆڤە و بە شێوەیەك دەتوانرێ لەو تەمەنەوە مرۆڤ دیاری بكرێت كە حەزی لێیە لە قۆناغی كامڵبووندا ببێت بە چی؟ لەبەر ئەوە ئەو تەمەنە (تەمەنی پێش چوونە خوێندنی قوتابخانە) گرنگە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و دایكان و باوكان هەر لە خۆیانەوە بڕیار بۆ پەروەردەكردن نەدەن، یان بۆ ئەوەی خۆیان لە ئیسراحەتدا بن، لە خۆیانی دوور نەخەنەوە».
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتییە سەبارەت بە سیستمی خوێندن و پشووی هاوینە و نیگەرانیی منداڵان لە بێبەشبوونیان لە پشوویەكی دڵخواز، دەڵێت: «منداڵ لە پشووی هاوین پێویستی بە پەروەردە و چاودێری و پەیوەندیی زۆری دایك و باوكی هەیە كە گرنگی پێ بدەن، چ لە ماڵەوە یان لە چوونە دەرەوەی، هەروەها یاریكردن و دەرفەت پێدانی زیاتر بە پشوودانی لە ژیانی تایبەتی و دڵخوازی خۆی زۆر گرینگە، بەڵام پێویستە رێنماییكردنیشی لەگەڵ بێت.» جەختی لەوەش كردەوە كە «سەرقاڵكردنی قوتابی لە پشووی هاویندا نابێت تەنیا لە خوێندندا چڕ بكرێتەوە، بۆ ئەوەی هەست بەوە بكات كە پشووی خوێندنی هەیە و دەكرێت جیا لە خوێندنی كاتی خۆی بۆ شتی دیكەش تەرخان بكات. بە پێویستیشی زانی «كاتی یاری بۆ بەكارهێنانی ئایپاد و ئەنتەرنێت بە شێوەیەك بێت كە رۆژانە زیاتر لە كاتژمێرێك تێپەڕ نەكات. گوتیشی: «منداڵان پێویستە هاوڕێی باشیان هەبێت و باوك و دایكان چاودێرێكی نهێنی بن بەسەریانەوە و باشە و خراپەیان بۆ دیاری بكەن، لە پاڵ ئەوە بەشداریكردن لە خولی فێربوونی زمان و مەلەوانی و كۆمپیوتەر و كات بەسەربردنی بەسوود باشە، بە مەرجێ لەسەر حیسابی پشووی منداڵەكە نەبێت».
Top