حەسەن عەلی سەرۆكی رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی كوردستان: لە ماوەیەكی كەمدا دەیان كار و چالاكیی خێرخوازیمان ئەنجامدا و لەداهاتووشدا زیاتر هاوكاریی خەڵكی هەژارو لێقەوماوان دەكەین

حەسەن عەلی سەرۆكی رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی كوردستان:  لە ماوەیەكی كەمدا دەیان كار و چالاكیی خێرخوازیمان ئەنجامدا و لەداهاتووشدا زیاتر هاوكاریی خەڵكی هەژارو لێقەوماوان دەكەین
كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی رووی لە زیادبوون كردووە، یەكێكیش لەو رێكخراوانەی لەم چەند ساڵەدا دامەزراوەو لە ماوەیەكی كورتی تەمەنیدا سەدان كاروچالاكی و پرۆژەی خێرخوازی پێشكەش بە خەڵكی لێقەوماو هەژارو كەمئەندام و نەخۆش كردووە، رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی كوردستانە كە لە سێكتەرەكانی (خۆراك و ناخۆراكی و یارمەتیدانی نەخۆش و بەسەركردنەوەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەرەكان رۆڵی كاریگەری بینیوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەرك و چالاكییەكانی تایبەت بە رێكخراوەكە و كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ حەسەن عەلی محەمەد ئەمین سەرۆكی رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی لە كوردستان ئەنجام دا.

* كاری خێرخوازی لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە ئەم كارە لەناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر دەركەوت، سەرەتا دەمانەوێت بزانین پاڵنەرتان چی بوو بەوەی رووبكەنە كاری خێرخوازی؟
- كاری خێرخوازی هەڵقوڵاوی كۆمەڵگەی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، هەربۆیە ئەم كارە خۆبەخش و مرۆییە مێژوویەكی دێرینی هەیە، لەهەموو شۆڕش و راپەرین و مێژوویەكی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان شانبەشانی برا پێشمەرگەكانمان، كەسانێك، یان رێكخراوێكی مەدەنی هەبووە بەم كارە خۆبەخشییە مرۆییە هەڵساوە، ئێمەش لە بنەماڵەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرین و خوا ئەو ئیمكانات و توانایەی پێ بەخشیوین كە بەبێ هاوكاریی هیچ لایەنێك و كەسانێك بتوانین بە فریای لێقەوماو و هەژار و كەمدەرامەتەوە بچین، من پێم وایە فەرهەنگی ناو خێزان و كۆمەڵگە و گرنگیدان بە كاری مرۆیی و خۆبەخشی لەناو كورد زۆر زیاترە ئەگەر بەراورد بكرێت بە میللەتانی ناوچەكە و جیهان، لە شارەكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی و كەركووك و قەزاو ناحیەكان سەدان پیاو و كەسایەتیی ناسراوی كورد دەركەوتوون، كە ئەم كارەیان ئەنجام داوە، ئەمەش كۆمەڵگەكەمان بەهێزتر و پتەوتر دەكات، ئەم كارە مەبەستی قازانج نییە، بەڵكو بە مەستی مرۆیی و لێكنزیكبوونەوەی نێوان چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەیەو بەمەبەستی دروستكردنی خۆشی و بەختەوەری و نزیكبوونەوەی كەسەكانە لە یەكتر، هەربۆیە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) زۆر گرنگی دراوە بە كاری خێرخوازی و تەنانەت لەناو هەموو ئایینەكانی دیكەشدا ئەم لایەنە مرۆییە پشتگوێ نەخراوە.
* ئایا بیرۆكەی ناوی رێكخراوەكەتان كە رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی كوردستانە لە چییەوە هاتووە و ئەو بوارانەی كە ئێوە كاری خێرخوازی تێدا ئەنجام دەدەن، چین؟
- پێش دامەزرانی رێكخراوەكەمان من وەكو خۆم زۆر هاوكاری خەڵكیم كردووە، بەڵام ئەم هاوكاری و یارمەتییە پێویست بوو بە موئەسەساتی بكەم، یان لەچوارچێوەی رێكخراوێكی مەدەنی رێكی بخەمەوە، چونكە زۆر جار وەكو پێویست هاوكاری و یارمەتییەكانم نەدەگەیشتە شوێنی مەبەست، بۆیە سەرەتا بیرۆكەی رێكخراوێكی خێرخوازیم لەگەڵ هەردوو بەڕێز خاتوو دڵڤین سەعدوڵا و پارێزەر عەواد لا دروست بوو بەڵام وشەی خێرخوازی هەندێكجار بۆ ئەو كەسەی دەستی هاوكاری و یارمەتی پێشكەش دەكەیت، كەمێك قورسە چونكە مەرج نییە ئەو كەسەی پێویستی بە هاوكاری و یارمەتی بێت، لە ئاستێكی ئەوەندە خراپدا بێت، بەڵام پێویستی بەو یارمەتی و هاوكارییە هەیە، بۆیە ناوی رێكخراوەكەمان گۆڕی بۆ (رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی كوردستان)و لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو بڕیاری رێگەپێدانی رێكخراوەكەمان وەرگرت، لەو كاتەوە تا ئێستا سەدان كاروچالاكیی مرۆییمان ئەنجام داوە. سەبارەت بەو بوارانەشی كە رێكخراوەكەمان كارو چالاكی تێدا ئەنجام دەدات، بریتییە لە دابینكردنی خۆراك، ئەمەش دوای ئەوە هات كە لە 2014 كوردستان رووبەڕووی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بووەوە و خەڵكی باری بژێوی ژیانیان باش نەبوو، ئەمە وێڕای بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە، هەر بۆیە پێشمەرگە و خێزانی شەهید و قوربانییەكانی شەڕی تیرۆر پێویستیان بە هاوكاری بوو، لەناو جەرگەی ئەم قەیرانە و باری بژێوی ئەو ژیانە قورسەی هاووڵاتیاندا جەختمان لەسەر هاوكارییەكانی خۆراك كردەوە، لەگەڵ ئەمەشدا لەبواری كڕینی جلوبەرگ و پێداویستیی قوتابیانیش كارمان كردووە، بۆ نموونە رۆژێك پێش جەژن هەواڵمان پێ گەیشت كە خانەوادەیەك هەیە بارودۆخی بژێویی ژیانیان باش نییە، راستەخۆ خاتوو دڵڤینمان نارد و جلوبەرگ و خۆراكی بۆ دابین كردن.
* ئێوە وەكو رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی تا چەند گرنگیتان بە لایەنی كەرتی تەندروستی و دابینكردنی دەرمان داوە؟
- زۆر كەسی كەمدەرامەت و هەژار هەن، نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و پێویستیان بە هاوكاری هەیە، بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەكانی شەكرەو پەستانی خوێن و شێرپەنچە و پەككەوتە، دەرمانی باش و كوالێتی بەرزیش لە كوردستان نرخەكەی گرانە، هەر بۆیە چەندین جار وەكو كاری خێرخوازی ئەم دەرمانانەمان بۆ نەخۆشەكان دابین كردووە، هاوكات توانیومانە ئەوانەی پێویستیان بە تیشكی رەنین هەیە و لە نەخۆشخانە گشتییەكان چەند مانگێك سڕەی پێویستە، ئێمە ئەو سڕەیەمان بۆ هێناونەتە پێشەوە، بۆ كاری خێرخوازی لە بواری تەندروستی مانگانە بڕە پارەیەكمان دابین كردووە، خاتوو دلڤینیش لێپرسراوی دارایی رێكخراوەكەمانە وەكو ئەندامێكی خۆبەخشی چالاك توانیویەتی لەمبارەیەوە كاری گەورەو باش ئەنجام بدات و لە نەخۆشخانەكانی كوردستان هەماهەنگی باشی دروست كردووە، خەرجییەكانی نەخۆش لە شەقامی پزیشكان زۆر بەرزن، بۆ نموونە ئەشعەیەكی رەنین نرخەكەی لە نێوان 160 بۆ 200 هەزار دینارە، ئێمە توانیومانە بۆ نەخۆشەكانمان ئەو تیشكە لە نەخۆشخانە گشتییەكان سڕەكەیان بۆ پێشبخەین و رەچاوی باری تەندروستی و توانای دارایی بۆ بكەین، لەلایەكی ترەوە ئێستا سەرقاڵی ناردنە دەرەوەی نەخۆشی شێرپەنچەین بۆ توركیا، ئەمەش بە هاوكاری نەخۆشخانەیەكی توركیا كە خەرجییەكانیان بەو رادەیە بەرز نییە و لە دوای گەڕانەوەی نەخۆشەكەش دەتوانێت موراجەعەی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بكات بۆ وەرگرتنی چارەسەر. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم كە ئێمە توانای داراییمان سنووردارە و ناتوانین هاوكاریی ئەو ژمارە زۆرەی نەخۆش بكەین، بۆیە مەرجی سەرەكیی ئێمە ئەوەیە كە نەخۆشەكە بەڕاستی كەمدەرامەت بێت.
* باسی قۆناغێكی گرنگی گەلەكەمانتان كرد كە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، ئایا لەو قۆناغەدا لە هەردوو بواری گەیاندنی هاوكاریی خۆراك بۆ بەرەكانی شەڕ و كەمپەكان رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی چی كردووە؟
- ئەگەرچی كاركردن لەناو كەمپەكان ئاسان نییە و زۆرجار بە ئازادی ناتوانین كار بكەین و كۆمەڵێك مەرج و تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لە 16/8/2018 یەكەمین چالاكیمان دابەشكردنی ئازووقە بوو بە سەر ئاوارەكانی دارەتوودا، دوای ئەم چالاكییە جلوبەرگمان بە سەر هەندێك منداڵی شەهید و پێشمەرگەدا دابەش كرد .
* هەموو رێكخراوێكی خێرخوازی كۆمەڵێك سەرچاوەی هەیە كە پشتی پێ دەبەستێت، ئایا رێكخراوەكەی ئێوە لە رووی دارایی و هاوكارییەوە پشتی بە چی بەستووە؟
- من بەردەوام ئاماژە بەوە دەدەم كەوا (مرۆڤ زۆرن، بەڵام مرۆڤایەتی كەمە) لەكوردستان بازرگان و بیزنسكار و خاوەن دەرامەتێكی زۆر هەن، بەڵام نەیانتوانیوە كاری خێرخوازی و هاوكارییەكانیان لە ئاست پێویست بێت، من خاوەن بیزنس و كاری بازرگانیم هەر پارەیەك پەیدا بكەین و دەستمان بكەوێت، بڕە پارەیەكی بۆ كاری خێرخوازی تەرخان دەكەین و ئەم چالاكییانەی پێ ئەنجام دەدەین. سەرچاوەی دارایی كارە خێرخوازییەكانم تەنیا كۆمپانیاكەمە و لە سەرەتاوە تا ئێستا هیچ كەس و رێكخراو و لایەنێك هاوكاری نەكردووم، تەنانەت پەیوەندیم بە هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتیشەوە نییە، تەنیا كارئاسانی و پاڵپشتیی مەعنەوی حكومەت و دامودەزگاكانی حكومەتم پێویستە، ئێمە رێكخراوێكی قازانج نەویستین و چاومان لە هاوكاریی دارایی نییە، لە كوردستان چەند رێكخراوێكی چالاك هەن و رۆڵیان لە كاری خێرخوازی و مرۆیی دیارە، لەوانە رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی روانگە و چەند رێكخراوێكی دیكە، ئەوانەی بە هاوشێوەی ئەم رێكخراوانەن، ژمارەیان زۆر كەمە كە توانیویانە لەكارەكانیاندا بێ گوێدانە هیچ ئایدیۆلۆژیا و مەبەست و مەرامێكی شەخسی و حزبی و تایبەتی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و مرۆیی كاری خێرخوازی بكەن.
* پرۆژەو كاری ئایندەی رێكخراوی هاوكاریی مرۆیی چییە؟
- ئامانجی ئێمە كاری خێرخوازی و دڵخۆشكردنی خەڵكی كەمدەرامەت و هەژارو فریاكەوتنی لێقەوماوانە، لە داهاتووشدا پشت بەخوای گەورەو میهرەبان كارەكانی دابینكردنی خۆراك و چالاكییەكانی بواری تەندروستی فراوانتر دەكەین و بەرەو شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان دەچین و درێخی ناكەین لە هاوكاریی هاونیشتمانیان و لێقەوماوان و كەسانی نەخۆش، بۆ ئەمەش لەبەرنامەماندایە ئۆفیسەكانمان لە شاروشارۆچكەكانی دیكەی كوردستان بكەینەوە، چونكە لە ئێستادا تەنیا ئۆفیسمان لە شاری هەولێرە، هەر لە بواری دابینكردنی خۆراك زۆر پرۆژەمان هەیە و داوامان كردووە لە حكومەت پارچە زەوییەكمان بۆ تەرخان بكات بۆ دروستكردنی خواردنگەیەك، بە هاوشێوەی ئەو خواردنگەیەی توركیا كە سێ ژەمە بە بێ بەرامبەر خواردن و خۆراك بۆ خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دابین دەكات، ئێمە دەمانەوێت ئەو خواردنگەیە شوێنێكی نیشتەجێبوونیشی بۆ ئەوانەی تێدا دروست بكەین كە شوێنی حەوانەوەیەان نییە، هەروەها بەرنامە و پرۆژەمان هەیە بۆ هاوكاریكردنی منداڵانی بێ دایك و باوك و سەرپەرشتیكردنیان. بەشێوەیەكی گشتی تەمەنی رێكخراوی هاوكاری مرۆیی كوردستان كەمە، بەڵام كاری زۆر و چالاكیی باشمان لەو ماوە كورتەدا ئەنجام داوە و بە بەرنامە كاری خێرخوازیمان كردووە و هەنگاومان ناوە بۆ هاریكاریكردنی خەڵكی لێقەوماو و هەژار و كەمدەرامەت.
Top