گەنجێك: ستەمی رۆژگار نەیچەماندمەوە وزۆر بە گەشبینییەوە لەداهاتووم دەڕوانم

گەنجێك:  ستەمی رۆژگار نەیچەماندمەوە وزۆر بە گەشبینییەوە لەداهاتووم دەڕوانم
لە هەموو كۆمەڵگەیەك ئاست و شێوازی ژیانی تاك جۆراوجۆرە و ئەوانەشی كە رووبەڕووی زۆر تەنگ و چەڵەمەی دژواری ژیان دەبنەوە، ژمارەیان كەم نییە. ئاریشەكانی دابینكردنی بژێویی ژیان زۆرن و هەر كەس بە جۆرێك دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەكات. كۆمەڵگەی كوردستانیش بەدەر نییە لەو هاوكێشەیە و هەر چین و توێژێكیش كێشە و گرفتی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە چیرۆكی سەركەوتنی ئەو كەسانەیە كە بە سەر ناهەموارییەكانی ژیاندا زاڵ دەبن و هەوڵ دەدەن داهاتووی خۆیان بگۆڕن. گەنجێكیش بەسەرهاتی ژیانی تفت و تاڵی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

ئەگەرچی پەیامنێری گوڵان داوای لێ كرد، ناوی پارێزراو بێت و بە ناوی خوزراو بەسەرهاتەكەی بڵاو بكرێتەوە، بەڵام ئەو وەك گەنجێكی بوێر، پێداگری لەسەر ئەوە كرد، ناوی تەوای ئاشكرا بكرێت و وەك خۆی ژیانی رابردووی وێنا بكرێت.
محەمەد جاسم رەشید، لە 25/11/1993 لە شارۆچكەی خورماتوو چاوی بە دنیا ھەڵهێناوە. وەك خۆی باسیكرد، ئەندامی خێزانێكی ھەژار و كەمداهات بووە و هەر بەو هۆكارە ناچار بووە، لە تەمەنی منداڵیدا شانی بداتە ژێر باری قورسی ژیان و هاوكات لەگەڵ خوێندن، چەند جۆر كاری دەستفرۆشی بكات.
محەمەد ئەگەرچی گلەیی و گازاندەی لە باوكی زۆرە و ئەو بە هۆكاری چەوساندنەوەی خۆی دەزانێت و تەنانەت ماڵی باوكی لە سەردەمی خوێندنی دواناوەندی بەجێ هێشتووە، بەڵام كۆڵی نەداوە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ستەمی رۆژگار نەیچەماندمەوە و زۆر بە گەشبینییەوە لە داهاتووم دەڕوانم». بەمجۆرەش باسی ژیانی رابردووی خۆی و خانەوادەكەی دەكات: «ئێمە خێزانێكی زۆر هەژار بووین، دایكێكی دڵسۆز و زەحمەتكێش و باوكێكی دڵڕەق و دوو خوشك و سێ برا، بەڵام هەژار، تا راددەیەك زۆرجار دایكم نانی وشكی دووبارە ھاڕیوە و كردوویەتەوە بە نان، بۆیە ناچار بووم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە كار بكەم. كاری قورسم دەكرد و دەشمخوێند. قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندیم زۆر بە زیرەكانە و نمرەی بەرزەوە تەواو كرد، كە گەیشتمە پۆلی چواری ئامادەیی، وردە وردە نمرەكانم دابەزین، تەنیا ھۆكاریشی ئەوە بوو، بەیانیانی زوو تازە رۆژ دەردەكەت، سەموونم دەفرۆشت، سەعات ٨ بەیانی خێرا دەگەڕامەوەو چۆرەك و پاقڵاوەم دەفرۆشت، سەعات ١٢ی نیوەڕۆ دەھاتمەوە و عەرەبەكانەكەم لە حەوشە دادەنا و زوو جلم دەگۆڕی و چەند كیلۆمەترم بە پێ دەبڕی، تا دەگەیشتمە قوتابخانە، مامۆستاكانیش حاڵی منیان دەزانی و ئەگەر جاروبار دواكەوتبام، لێم تووڕە نەدەبوون، چونكە دەیانزانی بە چ حاڵێك دەخوێنم و سەرەڕای ئەوەش زۆر زیرەك بووم. ئێوارە سەعات چوار و نیو زوو دەھاتمەوە و دیسان بە عارەبانەكەم پاقڵاوەم دەفرۆشت تا مەغریب، شەویش دەھاتمەوە و بە پەلە دەورێكی كتێبەكانم دەكرد و زۆر جار بەھۆی ھیلاكییەوە لەسەر مەشقكردن خەوم لێ دەكەوت. بەڵام زۆر بەداخەوە باوكێكی زۆر دڵڕەقم هەبوو. ھەموو كات ئەوەی بەلایەوە گرنگ بووبێت، تەنیا پارە بووە، تەنانەت ئەو ھەموو كارەم دەكرد، یەك فلسی بۆ من نەبوو. مەسرووفی بۆ ماڵەوەش نەدەكرد، كە دەچووە بازاڕ كام میوە و سەوزە خراپ بوایە، ئەوەی دەھێنایەوە. باوكم لەگەڵ هەموومان زۆر توندوتیژ بوو، بەتایبەتی بۆ دایكم زۆر خراپ بوو. بەپێچەوانەوە دایكم كەسێكی خۆڕاگر و دڵسۆز و میهرەبان بوو. هەموومان رێزی زۆری باوكمان دەگرت، بەڵام ئەو تەنیا شتێ كە بۆی گرینگ نەبوو، خێزان بوو. زۆر رەزیل و پارەپەرست بوو. پۆلی شەشەمی دواناوەندی بووم، برایەكەم بە ناوی سەیوان پێشمەڕگە بوو، رۆژی 9/10/2011 لە خانەقین شەھید كرا. هەموومان تازیەبار و خەمبار و چاوبەفرمێسك بووین. هەواڵی شەهیدبوونی سەیوانی برام ماڵەكەمانی كرد بە دۆزەخ، ئازارەكە ئەوەندە قورس بوو، ھەر دوای چەند كاتژمێرێك دایكم جەڵدە لێی دا و ئەویش وەفاتی كرد. پرسەی دایكم و برام پێكەوە بوو. دنیا بەسەر مندا رووخابوو. ئەژنۆم شكابوو. ئازیزترین كەسەكانم لە دەست دابوو. كەچی ناخۆشترین مەوقیفم لە باوكم بینی.. باوكم لە دووەم رۆژی پرسەكەی دایكم و برام كە پێكەوە لە یەك رۆژدا بۆ هەمیشە بەجێیان هێشتین، چوو مووچەی خانەنشینییەكەی وەربگرێ و ھەرچی میوان بوو بەجێی ھێشت. من ئەو كاتە شتێك نەمابوو بە ناوی ژیان لە لام مانای هەبێت، وام لێھاتبوو شەو و رۆژم بۆ نەبوو، زۆربەی كاتەكان بە شەو دەچوومە گۆڕستان و لە تەنیشت مەزاری دایك و برام دادەنیشتم و دەگریام. باری دەروونیم زۆر تێكچووبوو. بەتایبەتی كە ئەو كۆستە جەرگبڕە هێشتا ٤٠ رۆژی تێنەپەڕاندبوو، باوكم ژنی دیكەی ھێنا. من چیدی تاقەتم لێ بڕا، ماڵەوەم بە تەواوی جێھێشت. بە هەزار چەرمەسەری پۆلی شەشم تەواو كرد و و لە پەیمانگای تەكنیكی كۆیە وەرگیرام. دوو ساڵی خوێندنم لەوێ تەواو كرد، بەڵام ھەموو پەیوەندییەكانم بە خێزانەكەمەوە پچڕاند، تەنانەت خوشك و براكانیشم، چونكە لەو كاتە زووەدا ئەوان پشتگیری باوكم بوون، كاتێ هاوسەرگیری كردەوە».
محەمەد، ئێستا گەنجێكی تەمەن 26 ساڵە، ئەگەرچی هەوراز و نشیوی زۆری لە ژیانی خۆیدا بینیوە، بەڵام ئێستا كارمەندێكی كەرتی تایبەتە و داهاتی خۆی هەیە و بە گەشبینییەوە لە داهاتوو دەڕوانێت و هەر لەو بارەیەوە وەك دوا وتەی دەڵێت: «ھەموو كات ھیوام ئەوە بوو كە بگەمە لوتكە، بەڵام رێگرێكم دەھاتەپێش، ئێستاش لە ژیانێكدام نازانم قەدەر و رۆژگار چیدیكەی بۆ ئامادە كردووم، بەڵام كۆڵ نادەم و پشتم بە خۆم بەستووە و ھەوڵ دەدەم بە سەر هەموو كێشەیەكدا زاڵ بم. لە ھەر جێگەیەكیش بووبێتم، شوێن دەستم دیار بووە و ھەموو كەسەكانی دەوروبەرم خۆشیانویستووم، بۆیە دوا پەیامم بۆ گەنجان ئەوەیە كە بڕوایان بە خۆیان هەبێت و پشت بەخۆیان ببەستن و میهرەبانی بڵاوبكەنەوە، دڵنیابن سەر دەكەون
Top