لێکۆڵینەوەیەک لە بارەی (ژن لە تەکنەلۆژیادا) . . . . ئیراد منوچێر سان ئەحمەد

لێکۆڵینەوەیەک  لە بارەی (ژن لە تەکنەلۆژیادا)             . . . .                ئیراد منوچێر سان ئەحمەد
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دەستی پێ کردو تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام بوو. بەریتانیا پرۆژەیەکی دانا بە ناوی "پرۆژەی ژن لە تەکەنەلۆژیادا"، ئامانجی ئەم پرۆژەیە بەشداریکردنی زۆرترین کچ و ژنە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا لە رێگەی گەشەپێدانی پرۆگرامەکانی سەرکردایەتیکردن بۆ بونیادنانی تواناکانی سەرکردایەتیکردنی ژنان و دەستنیشانکردنی ئەو کەلێنانەی کە بوونی ھەیە لە بەشداریکردنی ژن لە ھێزی کاردا، پرۆژەکەش جەختی لەسەر ژنانی سەرکردە لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیادا کردووە. ھەروەھا ئەم پرۆژەیە دەگەڕێت بە دوای گەشەپێدانی ستراتیژ و دۆزینەوەی میکانیزمێکدا بۆ ئەوەی زۆرترین کچ بۆ نێو بواری تەکنەلۆژیا پەلکێش بکرێت.
بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو کراوەتەوە، رێژەیکی کەم لە قوتابیانی کچ لە بوارەکانی زانستی کۆمپیوتەر لە جیھاندا بەشدارن، بە جۆرێک یەک قوتابیی (رەگەزی مێ) بەرامبەر بە زیاتر لە پێنج قوتابیی رەگەزی نێرە لە بواری خوێندنی زانستی کۆمپیوتەر.
ھەرچەندە لە ساڵانی رابردوو نوێنەرایەتی ژنان لە ھێزی کاردا لە جیھان و وڵاتە پێشکەوتووەکاندا زیادی کردووە، کە نزیکەی ٤٦%ـە بەڵام کەمتر لە ٣٠ % لە بواری پیشەسازی تەکنەلۆژیا بەشدارن .
لە چەند ساڵی رابردوودا کۆمپانیا بە ناوبانگەکانی جیھان داتای ئەو فەرمانبەرانەیان بڵاوکردەوە کە لە کۆمپانیاکانیاندا کاردەکەن، بە پێی ئاماژەپێدەرکانی ئەم کۆمپانیایانە بێت، تەنیا ١ لە ٤ ژن لە سەرکردایەتیکردن لە تەکنەلۆژیای ئەو کۆمپانیایانە بەشدارن، کە ئەرکیان پێ سپێردراوە و رۆڵ دەبینن.
خشتەی (١)
رێژی سەدیی ژنان و پیاوان لە کارەکانی تەکنەلۆژیا لەلایەن کۆمپانیا جیھانییەکانەوە:
ناوی کومپانیا ژمارەی فەرمانبەران % پیاو %ژن
ئیبای EBay ٣١,٨٠٠ ٧٦% ٢٤%
ئەپڵ Apple ٩٢,٦٠٠ ٨٠% ٢٠%
لینکدئین LinkedIn ٦,٤٤٢ ٨٣% ١٧%
گۆگڵ Google ٥١,٥٦٤ ٨٣% ١٧%
مایکرۆسۆفت Microsoft ١٢٨,٠٠٠ %٨٣ ١٧%
فەیسبوک Facebook ٨,٣٤٨ %٨٥ %١٥
یاھوو Yahoo ١٢,٢٠٠ ٨٥% ١٥%
تویتەر Twitter ٣,٦٠٠ ٩٠% ١٠%



خشتەی (٢)
رێژی سەدیی ژنان و پیاوان لە پۆستەکانی سەرکردایەتی لە تەکنەلۆژیای کۆمپانیاکانی جیھانی:
ناوی کۆمپانیا ژمارەی فەرمانبەران % پیاو %ژن
ئیبای EBay ٣١,٨٠٠ ٧٢% ٢٨%
ئەپڵ Apple ٩٢,٦٠٠ ٧٢% ٢٨%
لینکدئین LinkedIn ٦,٤٤٢ ٧٥% ٢٥%
ئەمازۆن Amazon ١١٧,٣٠٠ ٧٥% ٢٥%
گۆگڵ Google ٥١,٥٦٤ ٧٩% ٢١%
مایکرۆسۆفت Microsoft
١٢٨,٠٠٠ ٧٧% ٢٣%
فەیسبوک Facebook ٨,٣٤٨ ٧٧% ٢٣%
یاھو Yahoo ١٢,٢٠٠ ٧٧% ٢٣%
تویتەر Twitter ٣,٦٠٠ ٧٩% ٢١%
ئێچ پی HP ٣٠٢,٠٠٠ ٨٠% ٢٠%
ئنتیل INTEL ١٠٧,٦٠٠ ٨٤% ١٦%

بەپێی ئەو ھەڵەسەنگاندنەی کە سێکتەری کارامەیی (ئەنجومەنی پیشەسازیی تەکنەلۆژیای زانیاری IT ) لە بەریتانیا ئەنجامی داوە، رێژەی ژنان لە ھێزی کار لە بەریتانیا لە بواری (IT) لە (١٧ %بۆ ١٦%) کەمی کردووە، بۆیە پێشنیاریان کردووە ئەگەر بیانەوێت کچانی زیاتر لە کەرتی (IT) وەک ھەڵبژاردنی پیشە بەشدار بن، ئەوا پێویستیان بە گۆڕانکارییە بچووکەکان ھەیە، واتە دەبێت رێگا نوێیەکان تاقی بکەنەوە و بەرپرسیارێتی مەترسییەکانیش ھەڵگرن لەبری ئەوەی بگەڕێن بەدوای یەک چارسەری گەورە بۆ ھێنانی کچان بۆ بواری (IT).
ئەم پرۆژەیە جەخت دەکاتەوە لەسەر پراکتیکیکردنێکی بەھێز کە گەشەی پێدراوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تایبەت بە دۆزی ژن لە بواری (IT)، لەم روانگەیەشەوە (گوگڵ ٢٠١٤) لە مانشیتەکانیدا جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە "ئەو ژنەی زانستی کۆمپیوتەر ھەڵدەبژیرێت، مایەی بایەخ پێدانە و پێویستی بە ھاندان ھەیە"، ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەکی بەھێز و پۆزەتیڤ بۆ ژن لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە پیشەسازیی تەکنەلۆژیا لە رێگەی بەدەستھێنانی جۆرایەتی لە ھێزی کاردا پێش دەکەوێت و دەبێتە ھۆی دروستبوونی باشترین بەرھەم بۆ بەکاربەران.
لە کاتێکدا ئەمریکا ھەنگاوی پۆزەتیڤ ناوە لە بواری بەشداریکردنی ژن لە پیشەسازیی (IT)، بەڵام لە شاری (سلیکون ڤالی) کە گەورترین کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی (IT) لە جیھانی تێدایە، کەچی ھێشتا ژنان کەمترین نوێنەرایەتییان لەو کۆمپانیایانەدا ھەیە.
بەپێی ئەو توێژینەوەی کراوە لەلایەن بانکی سلیکون ڤالی لە ساڵی ٢٠١٤ ئەوەی خستۆتەڕوو کە کەمتر لە نیوەی رێکخراوەکانی داھێنان لە بواری تەکنەلۆژیادا لە سەرجەم جیھاندا تەنیا یەک ژنیش لە بۆرد و کارگێڕیی ئەو کۆمپانیانەدا بوونی نییە.
کیم ستیڤن، ژنە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (ئنتیل Intel ) دەڵێت: "گرنگە کە ھێزی کار و تیمی جۆراوجۆر ھەبێت، چونکە باشترین بەرھم دەست دەکەوێت، لە ئنتیل جەخت دەکرێتەوە لەسەر جۆرایەتی و کاردەکەین بۆ ھێنانی ژنانی گەنج بۆ بواری تەکنەلۆژیا".
ئامانجەکان لێکۆڵینەوەکە لەم پرۆژەیە:
١- بەشداری پێکردنی ژنانی سەرکردە و پراکتیکیان لە بواری تەکنەلۆژیا لە دانانی ستراتیژییە پۆزەتیڤەکان لە دامەزراوەکاندا بۆ ھاندانی ژنە فەرمانبەرکان و کچە خوێندکارەکان لە پرۆگرامسازی و پیشەسازیی تەکنەلۆژیادا.
٢- بەرزکردنەوەی ئاستی بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا لە بواری فێرکردن و فێربوون، بۆ ئەوەی بتوانرێت باشترین پراکتیک لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیادا بکرێت.
٣- دیالۆگی بەردەوام لە نێوان کەرتەکان و پیشەسازیی تەکنەلۆژیا ھەبێت بۆ دابینکردنی راھێنان و رێنمایی ژنانی فەرمانبەر بۆ باشترکردنی تێگەیشتن و بەشداریکردنیان لەو بوارەدا.
٤- ھاندانی ژنان بۆ بەشداریکردن لە تۆماری سەرکردایەتی و دروستکردنی کۆمەڵەیەکی بەھێز بۆ پراکتیکیکردن لە بواری تەکنەلۆژیادا.
میتۆلۆژیای ئەم لێکۆڵینەوەیە:
ئەو سیستەم و میکانیزم و میتۆدەی کە ئەم لێکۆڵینەوەیە کاری لەسەر کردووە، لەسەر ئەو داتایانە بووە کە توێژینەوەکان خستوویانەتەڕوو لەو بوارەدا، جەختیش دەکاتەوە لەسەر بەشداریکردنی کچان وژنان لە پرۆگرامەکانی (زاست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و ماتماتیک) کە کورتکراوەکەی ( STEM)ـە و بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیادا، بە پشتبەستن بە شیکردنەوە و داتاکان دەربارەی ئەنجامی توێژینەوەکان بۆ دەستکەوتنی بیرۆکەکان لەمەڕ چۆنێتی ھاندانی کچان بۆ خوێندنی زانستی کۆمپیوتەر و ژنان لە بواری تەکنەلۆژیا کاری بەرچاو کراوە.
دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکە:
ئەم لێکۆڵینەوەیە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەو توێژینەوانەی کە ئەنجام دراون دەربارەی دۆزەکانی جیندەر لە بابەتەکانی (STEM)و کار و کاریگەری لەسەر ئابووریی جیھان، زۆرێک لە توێژینەوەکانیش جەخت دەکەنەوە لەسەر بەشداریکردن کچان لە بابەتەکانی (STEM) و دۆزینەوەی ئەو بەربەست و لەمپەرانەی کە بوونەتە رێگر لە بەردەمیان بۆ زیادکردنی بەشداریکردنی پۆزەتیڤ لە بواری تەکنەلۆژیادا .
بەشداریکردن و گرنگیی ژن:
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نوێنەرایەتیی رگەزی مێ لە سەر جەم بابەتەکانی STEM لە ناوەندەکانی خوێندن لە ئاستێکی نزمدایە و کار لەسەر ئەوە دەکەن ھەتا بتوانن لە ئایندەدا بواری تەکنەلۆژیا وەک پیشەیەک بۆ خۆیان دیاری بکەن. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە کراوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەی خستۆتەڕوو کە کچان بە رێژەی ٧٤% گرنگی بە خوێندنی STEM دەدەن، دوای ئەوەی قۆناغی بنەڕەتی دەبڕن و بەرەو قۆناغی ئامادەیی دەڕۆن. لە کاتێکدا دوای وەرگرتنیان لە کۆلێژەکان تەنیا %٢٠ی کچان ئامانجیان وەرگرتنی پسپۆڕییە لە زانست و ماتماتیکدا بە بەراوردکرن لەگەڵ %٥٠ی کوڕان. توێژینەوەیک کە لە بەریتانیا ئەنجام دراوە، ئەوەی خستۆتەڕوو کە ئەو خوێندەڤانانەی بڕوانامەی ئامادەییان ھەیە و بڕوانامەی (IT)یان وەرگرتووە لە ساڵی ٢٠١٣ رێژەی ٤٤ % بووە، کە ئەم رێژەیە بەراود بە ساڵی ٢٠١٢ کەمی کردووە کە رێژەکە % ٤٧ بووە. لە ساڵی ٢٠١٣ تەنیا رێژەی لە %٦.٥ لە رگەزی مێ بەشدارییان لە خولی کۆمپیتەر کردووە لە جۆری A کە ئەم رێژەیە ١.٥ خاڵی رێژەی سەدی ھاتۆتە خوارەوە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٢.
بەپێی رووپێوێک کە کراوە بۆ ١٩٠٠٠ قوتابی لە تەمەنی (٦ و٨ و ٩) ساڵ، ھیچ بەڵگەیەک نەدۆزرایەوە لەسەر ئەوەی کە لاواز بن لە خولیا و ئاواتیاندا، بەڵگەکانیش ئەو دەخەنەڕوو کە ئەو کچانەی تەمەنیان زیاترە لە ( ١٠ بۆ ١٤ )ساڵ خولیا و ئاواتیان بەرزە بۆ پیشەکانی بەڕێوبردن و کارە تەکنیکییەکانی (IT)، بەڵام تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ حەزناکەن لە بابەتەکانی STEM وەک رێگایەک بۆ ھەڵبژاردنی پیشە بەشداری بکەن.
ئەم بەشداری نەکردنەی کچان لە بواری تەکنەلۆژیا لە تەمەنی منداڵیدا ھۆکارەکانی زۆرن، وەک توێژینەوەکان باسی دەکەن، باوەڕبەخۆبوون و دەرککردن بە تواناکانیان و پشتیوانیی کۆمەڵگە رۆڵی گەورە دەبینێن بۆ کچانی خوێندکار لە تەمەنی منداڵیدا بۆ ئەوەی گرنگی بدەن بە STEM یان نەیدەن. ھەروەھا توێژینەوەیەکی ئەمریکی پێشنیاری جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە بیروباوەڕی کۆمەڵگە و ژینگەی فێربوون کاریگەری ھەیە لەسەر کچان بۆ ئەوەی گرنگی بدەن بە بواری تەکنەلۆژیا، ئاماژە بەوەش دەکات کحە گرنگیدان و پشتیوانیی دایک و باوک و مامۆستا و توانا و زیرەکیی قوتابی رۆڵی گەورە دەبینێت لەوەی کچان گرنگی بە STEM بدەن. ھەروەھا توێژینەوەکە ئەوەی خستۆتەڕوو لە کاتێکدا کچان خواست و خەونی بەرزتریان ھەیە بەراورد بە کوڕان، کەچی ھەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ لێھاتووییەکانیان لە ماتماتیکدا بە لاواز دادەنێن، چونکە لە واقیعدا وا بیردەکەنەوە کە کوڕان بە شێوەیەکی سرووشتی لەوان باشترن لە ماتماتیکدا.
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا لەلایەن (دامەزراوەی نیشتمانی بۆ پەروەردە) ئەنجام دراوە و ئەوەی خستۆتەڕوو کە پەیوەندیییەکی ئەرێنی لە نێوان باوەڕبەخۆبوونی قوتابی بە تواناکانی لە بابەتەکانی STEM و دەستکەوتنی کرداری لەو بوارەدا ھەیە، ئەمەش زۆرجار بەئەنقەست، یان بەبێ ئاگا، پشتیوانی لێ دەکرێت لەلایەن مامۆستا و دایک و باوک و کۆمەڵگە کە تێڕوانینیان بە شێوەیکی گشتی ئەوەیە کە لە بابەتەکانی STEM کوڕان لە کچان باشترن، یان بەتواناترن.
زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری جیندەر و تەکنەلۆژیا کلیلی لەمپەر و بەربەستەکانیان لە بەردەم بەشداریکردن لە تەکنەلۆژیا ناساندووە بەوەی کە تائیستا ژینگەی تەکنەلۆژیا پیاوسالاریە و دەستی بەسەردا گیراوە لەلایەن پیاوانەوە، لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی کەم لە رەگەزی مێ لەو بوارەدا، بەپێی ئەو رووپێوەی کراوە لەلایەن (ھێزی کاری دیجیتالی یۆنگ کۆمپانیای تلیفۆنیکا Telephonica) لە نێو ناوەندەکانی خوێندن و بەکارھێنانی سوشیاڵ میدیا، داویان لە خوێندکاران کردووە ناوی ئەو کەسانە بڵێن کە کاردەکەن لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیادا و زۆربەیان ناوەکانی (بیل گەیتس، ستیف جویز، مارک زوکیربیرج)یان زانیوە بەبێ ھیچ گرفتیک، بەڵام تەنیا ناوی ژنێک نەھێنراوە کە لەو بوارەدا کاردەکات.
لەم روانگەیەوە سەرجەم توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەشداریکردنی کچان لە تەمەنە زووەکانی قۆناغی منداڵی (باخچەی ساوایان و قۆناغی بنەڕەتی) لە بواری تەکنەلۆژیا گرنگی خۆی دەبێت لە زیادکردنی ژمارەی کچان لە بواری تەکنەلۆژیا. بەشدارینەکردنی پێشوەختی کچانیش کۆمەڵێک بەربەستی ھەیە، وەک نەبوونی: بڕوابەخۆبوونی مامۆستا، زانیاری و لێھاتوویی لە بواری تەکنەلۆژیا.. بەپێی ئەو توێژینەوەی کە لەلایەن پەیمانگای فیزیا ئەنجام دراوە، بوونی پەیوەندیی باشی نێوان مامۆستا و قوتابی، ھەروەھا کوالیتی فێرکردن بە ھۆکارە کاریگەرەکانی بەشداریکردنی کچان لە بواری تەکنەلۆژیا دادەنرێت.
یەکێکی دیکە لەو ھۆکارە گرنگانەی کە کاریگەری لەسەر ھەڵبژاردنی پیشە لەلایەن کچانەوە ھەیە، فشاری خێزانە کە رۆڵی سەرەکی دەبینێت، بە جۆرێک بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە لە توێژینەوەکاندا خراونەتەڕوو دایک و باوک کاریگەری راستەخۆیان لە سەر ھەڵبژاردنی پیشە لە سەر منداڵان لە تەمەنەکانی ١٠ بۆ ١٤ ساڵی ھەیە.
پێشنیارەکان:
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی کراون، باسی ئەوەیان کردووە کە بەشدارینەکردنی رەگەزی مێ لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیا، تەنیا کەمیی نوێنەرایەتییان نییە، بەڵکو ژینگەی پیشەسازی کاریگەری ھەیە لەسەر زیادکردنی ئەم نوێنەرایەتییە و مانەوەی ژنان لە پیشەسازیی تەکنەلۆژیادا، لە بەر ئەوە ھەوڵەکان و دانانی ستراتیژەکان بۆ گۆڕانکاری لەم بوارەدا پێویستی بە ھەر دوو بواری پەروەردە و پیشەسازی ھەیە، ھەروەھا پیادەکردنی مۆدیلی رێگای دوو ئاراستە لە گەشەپێدانی سەرکردەکان لە رەگەزی مێ کە لە پیشەسازی و پەروەردە کاربکەن بە یەکەوە بۆ کردنەوەی بواری زیاتر ھاوکاریییەکی چڕوپڕ بۆ خولقاندنی چارەسەرەکان بکەن ھەتا بە بەرەوپێشچوونی ئەو ئاراستەیە زۆرترین ژن لە تەکنەلۆژیا رۆڵ ببینێت.
Top