لەساڵوەگەڕی رۆژی جیهانیی تەندروستیدا داوادەكرێت خانمان زیاتر گرنگی بەئاستی هۆشیارییت ەندروستی بدەن

لەساڵوەگەڕی رۆژی جیهانیی تەندروستیدا داوادەكرێت خانمان زیاتر گرنگی بەئاستی هۆشیارییت ەندروستی بدەن
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی لە نێو تاكەكانی كۆمەڵگەدا، رۆژی 7ی نیسانی هەموو ساڵێكی وەك رۆژی جیهانیی تەندروستی دیاریكردووە، ساڵانەش بابەتێكی گرنگ بۆ تەندروستیی گشتی لە جیهاندا دەكاتە مژاری سەرەكیی رۆژی جیهانیی تەندروستی، لەم روانگەیەوە شارەزایانی بواری تەندروستی بە پێویستی دەزانن خانمان زیاتر گرنگی بە ئاستی هۆشیاریی تەندروستییان بدەن، شارەزایەكی بواری تەندروستیش رایوایە لە هەندێك كەلتووردا بەهۆی نەبوون، یان كەمیی زانیاریی زانستی، یان شەرم و نەریتەوە، كەمتر باس لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان دەكرێت، بۆیە ئەوەندەی زانیاری لەسەر جەستەی پیاوان هەیە، ئەوەندە زانیارییان لە سەر جەستەی ژنان نییە. پزیشكێكی پسپۆڕ لە هۆشیاری تەندروستییش جەخت لەوە دەكاتەوە كە تەندروستی بریتییە لەو بارە گشتگیرەی مرۆڤ كە لە دۆخێكی جێگیردا تەواوی لایەنی دەروونی، جەستەیی و كۆمەڵایەتیی تاك دەگرێتەوە. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان شیكاری زیاتر بۆ ئەو بابەتە دەكەن.


گوڵاڵە پشدەری پەرستار و سەرۆكی (سەنتەری پەنا بۆ تووشبووانی شێرپەنجە)یە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی بۆ هەردوو رەگەز زۆر گرنگە، بەڵام بۆ رەگەزی مێ زیاتر گرنگە، لە بەر ئەوەی جەستەی ژنان جیاوازە لە جەستەی پیاوان و كاركردن و كاریگەریی دەرمانیش لە هەردوو رەگەزدا دیسان جیاوازە». هاوكات هێما بۆ ئەوەدەكات كە «ئەوەندەی زانیاری لەسەر جەستەی پیاوان هەیە، ئەوەندە زانیاری لەسەر جەستەی ژنان نییە، هۆكارەكەشی بۆ هەندێك لەمپەر و بەربەستی نەریتی دەگێڕیتەوە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە زۆربەی كۆمەڵگەی نەریتی بە كۆمەڵگەی كوردیشەوە بە هۆی نەبوون، یان كەمبوونی زانیاریی زانستی و تەندروستی، یان بە هۆی نەریت و شەرم و عەیبەوە كەمتر باسی هۆشیاریی تەندروستیی ئافرەت دەكرێت. بۆ نموونە كاتێك كە كچێك لە ماڵە بابدا ژانەسكی هەیە لە سەرەمانگ، یان لە كاتێ سووڕی مانگانەی، ناتوانێ و پێی شەرمە لە لای باب و برا، یان تەنانەت لای دایك خۆی، یان خێزانەكەی لە ماڵە خەزووران و كوڕەكانیان باسی بكات، هەتا جاری وایە لای ژنانیش ناتوانێت بیدركێنێت، كە لەو دۆخەدایە، ئینجا دەرووبەریشی لێی تێ ناگەن و وادەزانن مەكر و ناز دەكات، یانیش كێشەیەكی هەیە، یان بە هاتنی میوان شادمان نییە و رووگرژە، ئەوەش دەبێتە گرفت بۆی بەتایبەتی لە پەیوەندییەكانی كۆمەڵایەتیدا و لەناو باری خێزانداریدا».
سەرۆكی سەنتەری پەنا بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان ئاماژە بەوە دەكات، «توێژەرانی زانستی بۆ دۆزینەوەی زانیاری نوێ و شێوەی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان و چارەسەركردنی وەكو تاقیكردنەوەكان زیاتر كار لەسەر جەستەی پیاو دەكەن، بۆیە هەردەم باری تەندروستیی ژنان پەراوێز خراوە، یان لە دواییدا بووە، چ لە دۆزینەوەی نەخۆشییەكان و چ لە چارەسەركردنی، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە ژنان زیاتر دەكەونە ژێر پەستانی نەخۆشییەكان، تاكو پیاو، ئەویش بە هۆی درەنگزانین بە نەخۆشییەكە و درەنگتر چارەسەركردنی، سەرباری ئەوەی بڕی تێچوونی دۆزینەوە و چارەسەری نەخۆشییەكانی ژنان بەرزترە لە پیاوان. هەروەها (50 تا 70٪ی) ژنان زیاتر دەبنە قوربانیی كێشەكانی وەك كاردانەوەی دەرمان تاكو پیاوان. بۆ نموونە: حەبی ئاسپرین لە خانمانی ساغدا هەمیشە وەك بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان كار ناكات. ئاشكرایە، نەخۆشیی میگرێن واتە ژانەسەری یەكلایە كە بە عەرەبی (شەقیقە)ی پێ دەڵێن، لە پلەی دووەمی نەخۆشیدایە لە جیهان كە زیاترین كێشەی بە دوای خۆیدا هێناوە بۆ مرۆڤ. ئەو نەخۆشییە لە ژناندا بە رێژەی ٣٣٪ و لە پیاواندا بە رێژەی ١٣٪ە، دەرمانەكانیشی بە رێژەی ٦٠٪كاریگەرن، واتە لە هەموو كەسێكدا و بە تەواویش كاریگەر نییە، جیاوازیشی زۆرە لە نێوان هەر دوو رەگەزدا و چارەسەریشی جیاوازە و لە خانماندا بەرزە و پێكەوە هاوتا ناكرێت. واتە ئەگەر ژنێك گوتی: چەند رۆژە ژانەسەرم نابڕێتەوە، باوەڕی پێ بكەو مەڵێ: ئەدی بۆ منیش هەمان ژانەسەرم هەیە و بە رۆژێك كۆتایی هات؟ چونكە ئەوە بە گوێرەی هۆرمۆنەكانی ژنانە كە لە ژنێكەوە بۆ ژنێكی دی دەشێ بگۆڕێ و بە دڵنیاییش لە ژن و پیاویشدا زۆر جیاوازە».
گوڵاڵە پشدەری ئەوەش دەخاتەڕو كە لە بواری نەخۆشییەكانی دروونی، ئافرەتان بە رێژەی ١٣٪ نەخۆش دەبن و لە پیاواندا ئەو رێژەیە ٩٪ە. سەبارەت بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی ئافرەتیش وەك نموونە هێما بۆ چەند خاڵێك دەكات، لەوانە: خۆپاراستن، زوو دۆزینەوەی نەخۆشی، پێشگیری بەر لە چارەسەركردن، مانەوە لە ژیان، كەمتركردنی تێچوون و بەفیڕۆنەدانی دارایی، پاراستنی خێزان، پاراستنی بارودۆخی كۆمەلایەتی و پەیوەندییەكان، بەرجەستەكردنی تێگەیشتن لە لایەن رەگەزی نێر بۆ كێشەكانی تەندروستیی ئافرەت كە جیاوازن لەوانەی پیاو، بەردەوامی لە كاركردن و باش راگرتنی باری ئابووری، بەشداریی ئافرەت لە هەڵسووڕاندنی وڵات وەك نیوەی كۆمەڵ، هەستی بەهێزبوونی ژن و پێگەی بەهێز و بەسوودی لە كۆمەڵدا».
د. هێرش قادر دەربەندی، پزیشكی پلەبەند، نووسەر لە بواری هۆشیاری تەندروستی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «هۆشیاریی تەندروستی بابەتێكی زۆر واقیعی و گرنگە، ئەگەر باس لە هۆشیاری تەندروستی بكەین، پێویستە سەرەتا باس لە گرنگیی تەندروستی و پاراستنی تەندروستی بكەین، تەندروستی ئەو لایەنە گرنگەی ژیانی مرۆڤە كە لایەنەكانی دیكەشی لەسەر بەندە، دەتوانین بڵێین كرێكارێك و پزیشكێك و میدیاكارێك و مامۆستایەكی ئایینی و...هتد، ئەوكات دەتوانن لە ناو كۆمەڵگەدا رۆڵی كاریگەریان هەبێت، كە تەندروست و سەلامەت بن، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەم شێوەیە پێناسەی تەندروستی و ساغلەمی دەكات: تەندروستی بریتییە لەو بارە گشتگیرەی مرۆڤ كە لە دۆخێكی جێگیری تەواوی لایەنی دەروونی، جەستەیی، كۆمەڵایەتیدا بێت، نەك ئەوەی كە تەنیا نەخۆش نەبێت، چونكە تەندروستیی باشی مرۆڤ وەكو بناغەی باشی خانوو وایە و مرۆڤ لە لەناوچوون و داڕمان دەپارێزێت، هەر بۆیە بۆ ئەوەی تەندروستیمان باش بێت، پێویستە هۆشیاری تەندروستیمان هەبێت، ئەوكات دەتوانین بە رێگەكانی خۆپارێزی ئاشنا بین و هاوكات بە شێوەیەكی زانستی رووبەڕووی نەخۆشییەكان ببینەوە، خانمانیش چینێكی دانەبڕاون لە كۆمەڵ و رێژەیەكی زۆری كۆمەڵگە پێكدەهێنن، لە ئێستاشدا پێشوەچوونێكی زۆر لە بەشداریی خانمان لە هەموو كایەكانی ژیان بەدی دەكرێت، هەروەها خانمان داینەمۆی زیادبوونی كۆمەڵگەن، ئەگەر ئەوان هۆشیار و تەندروست و لەشساغ بوون، ئەوا لە پلانێكی دوورخایەن كۆمەڵگەیەكی هۆشیار بە زانستی پزیشكی دێتە بەرهەم».
دیاری ئەحمەد كەلهوری شارەزا لە بواری هۆشیاریی تەندروستی، رایوایە: «پێویستە خانمان هۆشیاریی تەندروستیی تەواویان هەبێت، بۆ ئەوەی پێش هەر نەخۆشی و ناخۆشییەك بگرن كە بەرەو روویان دێت». هاوكات دەڵێت: «بۆ زانیاری خانمان، شێرپەنجەی مەمك لە ئێستادا یەكێكە لە شێرپەنجە باوەكان لە ناو خانماندا، بێگومان هەر لە تەمەنی سەرەتای گەنجێتیەوە تا كۆتایی تەمەن خانمان مەترسیی ئەو شێرپەنجەیەیان لەسەرە، بۆیە پێویستە ماوە ماوە پشكنینی بۆ بكەن، كە ماوەكە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت. رەنگە هەندێك لە خانمان نەتوانن هەمووكات سەردانی تاقیگەكان و نەخۆشخانەكان بكەن، بۆیە ئێمە رێنماییان دەكەین كە چۆن لە ماڵەوە ئەم پشكنینە بۆ مەمك بكرێت و تۆی خانمیش بە هەندی وەربگرە. سەرەتا بەرامبەر ئاوێنە راوەستە، دەستەكانت ببە سەرەوە، دواتر بە رێكی بیانهێنە خوارەوە و دواتر بە هەردوو دەستت كەمەرت بگرە، لە هەرسێ كاتەكە جوان تەماشا بكە، بزانە شێوە و ئەندازەی مەمكەكانت لە یەكدی جیاوازە یان نا، چوونكە نابێت جیاوازیی بەرچاویان هەبێت. دواتر بەشێوەی بازنەیی و بەش بەش بۆ دواوە و بەش بەش بۆ سەرەوە، مەساجی مەمكت بكە، بزانە ئایا گرێیەك لە ناو مەمكت هەیە، یان نییە. لەدوای هەموو ئەمانەش، پشكنین بۆ نووكی مەمك بكە، ئەگەر نووكەكەی لە ناوەوە بوو، یان خوێن و هەر شتێكی نائاسایی لێ دەردەهات، پێویستە سەردانی پزیشك بكەیت. هەروەها لەقۆناغی دووگیانی ژنان بەهۆی ناهۆشیارییان لە ئەنجامدانی هـەندێك هـەڵسوكـەوت و هـەڵەی بـاو، مەترسی لەسـەر ژیانی خـۆیان و كۆرپەكەیان دروست دەكەن، هەروەها ئافرەتان زۆرجـار لە ژیانی ئاسـاییاندا ئاشنا نین بەوەی كە جـۆرێك لـە گۆڕانكاری بەسەر جەستەیاندا دێت، كە ئەو گۆڕانكـارییانە لەوانەیە مەترسی لە سەر ژیانیان دروست بكات».
ئەو پسپۆڕەی هۆشیاریی تەندروستی، ئامۆژگاری ئافرەتانی دووگیان دەكات و دەڵێت: «ئافرەتانی دووگیان بۆ سەلامەتی خۆیان و كۆرپەكەیان پێویستە لەو قۆناغەدا لە قەلەقی و ئەو شتانەی خوارەوە دوربكەونەوە:
١ـ تیشك: چەند ژمـارە و رێژەی گرتنی تیشكەكان زۆرتر بێت، مەترسی بۆ سەر كۆرپەلە زۆرترە، پێویستە خانمان لەحاڵەتی پێویست نەبێت نەیگرن.
٢ـ موولابەرەكان: لەو ماوەیەدا مووی خانمان لەسەر جەستەیان گەشە دەكات، نابێت خۆیان زۆر ئازار بدەن و دەبێت ئارام بگرن، چونكە دوای منداڵبوون هۆرمونەكان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان دەگەڕێنەوە.
٣ـ ئاوی گەرم: هەندێكجار خۆشووشتن بە ئاوی گەرم دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێنی دایك و لاوازی جەستەیی.
٤ـ ئامێرەكانی وەك (مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوتەر و تەلەفزیۆن و مایكرۆفەر) پێویستە بەكارهێنانیان كەمتر بكەنەوە، چونكە شەپۆلی موگناتیسی بڵاودەكەنەوە.
٥ـ لێدانی سك: پەیوەستە بە ئەوەی كە هێزی لێدانەكە چەندە، دەبێت پشكنینی بۆ بكرێت لەلایەن پزیشكەوە، چونكە رەنگە ژیانی كۆرپەلە بكەوێتە مەترسییەوە.
٦ـ نەخۆشیی سوورێژە: خانمانی دووگیان نابێت نزیك ببنەوە لە ئەو كەسانەی كە خۆیان لە دژی ئەم نەخۆشییە دەكوتن.
٧ـ رەنگی قژ: لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانیدا خانمان نابێت قژیان رەنگ بكەن.
٨ـ دڵەڕاوكێ: لـە قـۆناغی دووگیانیدا بـاوە و ئەوەش بەهـۆی گۆڕینی هۆرمونەكانەوەیە، پێویستە ژنانی دووگیان هەوڵبدەن بەسەر دڵەڕاوكێدا زاڵ بن.
9. پێڵاوی بەرز، پێویستە ژنانی دووگیان لە كاتی دووگیانی بە هەموو شێوەیەك لە پێڵاوی بەرز و لەپێكردنی دوور بكەونەوە، چونكە مەترسی بۆ باری تەندروستی كۆرپەلەكەیان دروست دەكات».
چالاكی مەدەنی كەلسووم گەزنەیی، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئافرەت دەبێت بە دایك و پێویستە بەهێز بێت و هۆشیاریی جوراوجۆری لە هەموو بوارەكان هەبێت، هەتا بتوانێت منداڵی بەهێز دروست بكات». سەبارەت بە هۆشیاریی تەندروستیش گوتی: «هۆشیاریی تەندروستی بوارێكی گرنگە بۆ هەموو خێزانێك و دەبێت ژنان زۆرترین زانیارییان لەو بوارەدا هەبێت، زۆریش گرنگە لە دابونەریتی تەقلیدی دوور بكەونەوە و هەوڵ بدەن زانیاریی زانستی و تەندروستییان هەبێت، چونكە ژن دەبێت بە دایك و پێویستی بەوە هەیە، كەوا منداڵەكەی بە جەستەیەكی تەندروست پەروەردە بكات و پارێزگاری لێ بكات هۆشیار بێت لە هەر ڤایروس و نەخۆشییەكی كوشندە كە رووبەڕووی منداڵ و خێزانەكەی دەبێتەوە». گوتیشی: «هۆشیاری و بەئاگابوونی دایكان لە بواری تەندروستی، رزگاركردنی منداڵ و خێزانە لە نەخۆشییە كوشندەكان و هەر مەترسییەك كە رووبەڕوویان دەبێتەوە». جەختی لەوەش كردەوە كە «ئافرەت دەتوانێت چاودێری تەندروستیی خۆی بكات، بەتایبەت لە كاتی دووگیانبوون، بۆیە لەو قۆناغەدا پێویستی بە زانیاری و چاودێریی تەندروستی هەیە، واتە ئافرەت دەتوانێت خۆی دكتۆری خۆی بێت و چارسەری نەخۆشییەكانی خۆی بكات و خۆی دەرمان بدۆزێتەوە، دەرمانەكەش زۆر جار رێگریكردنە لە تووشبوون بە نەخۆشی و هەر ئەوەش وادەكات خۆی و منداڵی لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان دوور بن». شەرمین محەمەد، فەرمانبەرە و وەك خۆی باسی كرد، دایكی چوار منداڵە، ئەو دایكە یەكێكە لەو هەزاران دایكانەی كە هەوڵ دەدەن پێشگری لە تووشبوونی منداڵیان بە نەخۆشییەكان بكەن. شەرمین دەڵێت: «زۆر لە دایك و باوكان وا هەست دەكەن، نەخۆشی تەنیا بە پارە چارەسەر دەكرێت، بەڵام من ئامادەم دە ئەوەندەی ئەو پارەیەی بۆ دەرمان و چارەسەری نەخۆشیی منداڵم خەرج دەكرێت، بۆ ڕێگری لە تووشبوونی بە نەخۆشی خەرجی بكەم، چونكە ئەوە زۆر باشتر منداڵەكەم دەپارێزێت».
سامان سەلمان كارمەندی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێرە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هۆشیاریی تەندروستیی تاكەكانی كۆمەڵگە بەگشتی زەروورەتێكی زۆری هەیە، بۆ خانمانیش ئەو هۆشیارییە گرنگیی خۆی هەیە، بە حوكمی ئەوەی خانمان پێكهاتەی جەستەیان زیاتر لە پیاوان موعەرەزن بۆ نەخۆشی و ناخۆشی، ئەوان بە قۆناغی جۆراوجۆری گۆڕانكاریی تەندروستیدا تێپەڕ دەبن». ئاماژەی بەوەش كرد كە «هەموو تاكێك بە پاكوخاوێنی و هۆشیاریی تەندروستی و بە سەردانیكردنی نەخۆشخانە لەكاتی تووشبوون بە نەخۆشی لە مەترسییەكان بۆ سەر باری تەندروستی خۆی بەدوور دەبێت. بەتایبەتی دایكان دەتوانن بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بۆ پاكوخاوێنی و دروستكردنی خواردن و خواردنەوەی خاوێن و بەسوود بە رێژەی 90% لە تووشبوونی منداڵ و خێزانیان رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەكان بكەن». گوتیشی: «هۆشیاری لە بارەی پارێزگاریكردن لە ددان و پشكنینی پەستانی خوێن و شەكرە، چۆنێتی دابەزاندنی كێشی لەش و ...هتد، گرفتە دەروونی و جەستەییەكانی خانمان كەم دەكاتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە ئافرەتان بابەتە پزیشكییەكان لە گۆڤار و رۆژنامە و نامیلكە تەندروستییەكان بخوێننەوەو سوودی لێ وەربگرن».
Top