نەخۆشیی ئۆتیزم شیرازەی خێزانی دەخاتە مەترسییەوە

نەخۆشیی ئۆتیزم شیرازەی خێزانی دەخاتە مەترسییەوە
دایكێك: هاوسەرەكەم منو دوومنداڵی نەخۆشی بەجێهێشتو بێ ئاگاداری خۆم تەڵاقیدام



2ی نیسان وەك رۆژی جیهانیی ئۆتیزم دەستنیشان كراوە. ئەم نەخۆشییە زۆر هەستیارە و لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهاندا پلان و بەرنامەی زۆر تایبەتیان بۆ مەشق و راهێنانی نەخۆشەكانی داناوە، بەڵام تا ئێستا دەرمانی چارەسەری نەدۆزراوەتەوە. بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 زیاتر لە 3000 منداڵی ئۆتیزم لە كوردستان هەن. ئەو منداڵانە پێویستیان بە چاودێرییەكی زۆر ورد هەیە، بۆیە ئەگەر حكومەت ئاسانكارییان بۆ نەكات، دایك و باوكان زۆر لەگەڵیان ماندوو دەبن، هەندێك جار ئەو ماندووبوونە دەگاتە ئاستێك كە جیابوونەوەی هاوسەرانی لێ دەكەوێتەوە. دایكێك كە منداڵەكانی نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە، بەسەرهاتی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە هاوسەرەكەی تاقەتی ئەوەی نەماوە خزمەتی منداڵەكانی خۆی بكات و بە جێی هێشتوون. ئەو دایكە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە دایكان هەمیشە زیاتر لە باوكان ئامادەن باجی ئازارەكانی منداڵی خۆیان بدەن.


سەیران حاجی دایكی دوو منداڵە و وەك خۆی باسیكرد هەر دوو منداڵەكەی نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە. هەر لەو بارەیەوە بە خەمبارییەكی زۆرەوە دەڵێت: (ماوەی 11 ساڵە هاوسەرگیریم كردووە و خاوەن دوو كوڕی ئۆتیزمین، گەورەكەیان تەمەنی نۆ ساڵە و بچووكەكەش حەوت ساڵانە، زۆر بەداخەوە بە هۆی پەروەردەی منداڵەكانمەوە زیاتر لە چوار ساڵە بە ناچاری وازم لە پیشەی مامۆستایی هێناوە، كە هەمیشە ئارەزووم ئەوە بووە، منداڵان بە زانست ئاشنا بكەم، كەچی باوكی منداڵان لە بری ئەوەی هاوكارم بێت، منداڵەكانیشی بەسەرمدا بەجێهێشت، خوا خێری حكومەتەكەمان بنووسێ، تا ئێستا مووچەكەم بۆ سەرف دەكەن، ئەوە نەبووایە، خوا دەیزانێ لە چ مەینەتی و نەهامەتییەك دەژیاین.)
ئەو خاتوونە یەكێكە لەو هەزاران دایكانەی كە بە هۆی نەخۆشیی منداڵەكەیانەوە تووشی ژیانێكی سەخت و دژوار دەبن. سەیران لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گوڵان باسی كێشە و ئاریشەكانی رۆژانەی ژیانی خۆی و منداڵەكانی دەكات و سەبارەت بە چۆنیەتی جیابوونەوەشی لە هاوسەرەكەی دەڵێت: (دوو ساڵە هاوسەرەكەم بێ ئاگاداری خۆم تەڵاقی داوم و من و ئەو دوو منداڵە نەخۆشەی بەجێهێشت و ژنێكی دیكەی هێنایەوە، ئەوەندەی لە ماڵەوەش وەكو هاوسەر بە یەكەوە بووین، هیچ خزمەتێكی منداڵەكانی نەدەكرد، تەنانەت بێزیشی لێ دەكردنەوە، چونكە منداڵەكانم ناتوانن بە دەستی خۆیان نان بخۆن، ناتوانن بە خۆیان بچنە سەرئاو و خۆیان پاك بكەنەوە، جگە لەوەی ناتوانن قسەش بكەن.)
سەیران حاجی جەخت لەوە دەكاتەوە كە (نەخۆشیی ئۆتیزم بە هۆی ئەوەی حاڵەتێكی تایبەت و قورسە، مامەڵەكردن لەگەڵ كەسی تووشبوو پێویستی بە چاودێریی زۆر ورد هەیە، پێویستی بە راهێنانی تایبەت هەیە، پێویستی بە سەنتەری تایبەت هەیە، بەڵام نەبوونی ئەوانە وای كردووە، كێشەی خێزانی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. بێگومان نەخۆشیی ئۆتیزم و دەرهاوێشتە كۆمەڵایەتییەكانی زۆرن، ئەركە قورسەكەش كەوتۆتە سەر خێزان و بەتایبەتی دایكان، واتە دایك رۆڵی سەنتەر و پزیشك و مامۆستای تایبەت دەبینێ، زۆر جار دایكان و باوكان ناتوانن وەك پێویست هاوكاری منداڵەكانیان بكەن، ئەوەش ئەركێكی قورس دەخاتە سەرشانیان هەم لە رووی بەخێوكردن و چاودێریكردن و هەم لە رووی ماددی، ئەمەش كێشە و گرفتی زۆر لە نێوان هاوسەران دروست دەكات.)
رەحمان عەلی بەرپرسی سەنتەری ئۆتیزم لە سلێمانی، سەبارەت بە هەمان پرس تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: (رەفتاری كەسانی تووشبووی ئۆتیزم تەواو جیاوازە بە بەراورد بە كەسانی دیكە لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بەهۆی هەموو نیشانە و هەڵسوكەوتەكانی منداڵی ئۆتیزم كە هەیەتی وادەكات خێزان لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كۆمەڵگە داببڕێت، ئەوەش بە جۆرێك كاریگەری لەسەر دەروونی هەمووان دادەنێت، بەتایبەتی لەسەر باری دەروونیی دایكەكە، چونكە نەخۆشیی ئۆتیزم وەك هیچ حاڵەتێكی دیكەی نەخۆشی نییە، لە بەر ئەوەی چاكبوونەوەی نییە و پێویستی بە خزمەت و چاودێری بەردەوام هەیە)، ئەوەش دووپات كردەوە كە (ئۆتیزم یەكێكە لەو حاڵەتانەی نەخۆشی كە كاریگەرییەكی قورس لەسەر خێزان دروست دەكات، بەتایبەت دایك و باوك، كە زۆر جار پێداویستییە ماددییەكان لە توانای خێزاندا نییە، ئەو كاریگەرییەش بە حوكمی ئەوەی دایك پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ منداڵەكانیدا هەیە بە پلە یەك دەكەوێتە ئەستۆی خودی دایك، ئەوەش وادەكات دایك زیاتر بیر لە هەنگاوەكانی چارەسەری بكاتەوە، دایك بەبێ ویستی خۆی ناچارە بۆ خزمەتكردنی منداڵە نەخۆشەكەی، گرنگیپێدان بە ئەندامانی خێزانەكەی كەم بكاتەوە، تەنانەت خودی خۆیشی پشتگوێ دەخات، چونكە زۆربەی باوكان بەهۆی ناهۆشیاری لە دابەشكردنی ئەركەكانی خێزان، خزمەتكردنی منداڵی نەخۆش بە ئەركی سەرشانی دایك دەزانن و لەو واقیع و بەرپرسیارێتییە رادەكەن، بۆیە هەندێك جاریش كێشەی نێوان ئەو دوو هاوسەرە دەگاتە ئاستی جیابوونەوە، هەر چەند رێژەكە ئەوەندە زۆر نییە و نەبۆتە دیاردە، بەڵام وەكو حاڵەت چەند كەیسێكی لەم شێوەیەمان هەیە، هەندێك هاوسەریش هەن بێدەنگییان هەڵبژاردووە و درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن و لە چوارچێوەی یەك ماڵدا دەژین، بێ ئەوەی لە یەكتر جیاببنەوە، بەڵام پەیوەندییەكەیان زۆر لاوازە و رەنگە گەیشتبێتە ئاستێك كە پەیوەندی سۆزداری نێوانیان لە بەین چووبێت.)
مافپەروەر عیماد ئەحمەد، هێما بۆ ئەوە دەكات كە(زۆر جار بەهۆی گرنگیدان و سەرقاڵبوونی دایك بە منداڵە نەخۆشەكەی، هاوسەرەكەی زۆر بێ بەزییانە بیانووی پێ دەگرێت و لە بری پێزانین و دەستخۆشی، لێی جیا دەبێتەوە، یان ژنی یەسەردا دەهێنێت، یان تەڵاقی دەدات.) ئەو مافپەروەرە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە (پەیوەندیی هاوسەری دەبێت پەیوەندییەك بێت لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی و هاوكاریكردنی یەكتر لە ئەنجامدانی هەندێك كاری رۆژانە، بەتایبەت بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵ و چاودێری و چارەسەركردنی ئەو منداڵانەی كە نەخۆشن لەلایەن هەردوو هاوسەرەوە.) گوتیشی: (بەداخەوە ئەم ئافرەتە (سەیران حاجی) ناحەقی و ستەمێكی زۆری لێ كراوە، چونكە ئەو منداڵانە تەنیا لە خوێن و گۆشتی ئەو نین، هاوسەرەكەشی باوكی ئەو منداڵانەیە و دەبێت لێیان بەرپرسیار بێت، دوای جیابوونەوەش بەخێوكردن و بژێوی ئەو منداڵانە هەر لەسەر پیاوەكە دەمێنێتەوە، بە جیابوونەوە لەخێزانی یەكەمی و هێنانی ژنی دووەمیش كێشەكان زیاتر دەبن، چونكە هیچ ئافرەتێك ئامادە نییە تاسەر بە تەنیا دوو منداڵی نەخۆش بەخێو بكات و چاودێرییان بكات.)
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی 67 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی نەخۆشیی ئۆتیزم بوون، ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی ئۆتیزم لە كوردستانیش لە هەڵكشاندایە و بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی ئۆتیزمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 زیاتر لە 3000 منداڵی ئۆتیزم لە كوردستان هەن.
ئۆتیزم نەخۆشییەكی ئاڵۆزی مێشكە و لە سێ ساڵی یەكەمی تەمەنی مرۆڤدا بەهۆی كێشەیەكی كۆئەندامی دەمار دەردەكەوێت، فرمانی ئاسایی مێشك تێكدەچێت و توانای گفتوگۆ و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی كەسەكە كەم دەبێتەوە.
نیشانەكانی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە جیاوازن، هۆكاری ژینگەیی وەك بەركەوتن بە ڤایرۆس و ماددە ژەهراوییەكان لە ماوەی دووگیانی ئەگەری تووشبوونی كۆرپە بە ئۆتیزم زیاد دەكەن. كۆمەڵێك چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، كە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵان، بەڵام وەك دەرمان تاكو ئێستا دەرمانێكی تایبەت بۆ نەخۆشییەكە نەدۆزراوەتەوە.
هەندێكجار منداڵان راهێنانی تایبەتیان پێ دەكرێت، تاكو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاك بكەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆكردن و
چالاكیی جەستەیی دەكرێن، هەروەك لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم ئەوانە پەیڕەو دەكرێن.
Top