مامۆستایانی گرێبەست داوای ئاوڕدانەوەی حكومەت لە داخوازییەكەیان دەكەن
March 31, 2019
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
دوریا زكری دەرچووی كۆلێژی بنیات و مامۆستای گرێبەستە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوارساڵی رابردوو حەساسترین و قورسترین بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی تێپەڕاندووە، بە جۆرێك كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی پەروەردەش جێ هێشتووە، چ لە سستبوونی دەوام، یان خۆپیشاندان و نیوە دەوام و دواكەوتنی قوتابیان لە وانەكانیان كە بەپێی شارەكان جیاوازی هەیە، بەڵام قەیرانی دارایی بە بێ جیاوازی لە سەرتاپای هەرێم كاریگەری نەرێنیی خۆی لە بواری پەروەردە و ژیان و بژێوی ماموستایان بەجێهێشت و رێژەی دامەزراندنیش رووی لە كەمی كرد، وێڕای درەنگ پێدانی مووچە و پێدانی نیوە مووچە، بەڵام دوابەدوای هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەمانی مەترسی هێزی تیرۆریستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بارودۆخ تا راددەیەك ئارام بوو، دوای نەمانی پاشەكەوتی مووچەش هاووڵاتیان بەگشتی و چینی مامۆستایان بەتایبەتی گەشبینن و داواكاریشمان ئەوەیە گرێبەستەكان دابمەزرێن و هەلی دامەزراندنیش بۆ مامۆستایان فەراهەم بكرێت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و ئومێدبەخشینێكیش بێت بەو گەنجانەی خوێندنیان تەواو كردووە و چاوەڕێی بەرهەمی خوێندن و ماندووبوونەكانیانن.»
سالار برادۆستی بەڕێوەبەری قوتابخانەی خەلیفانی سیدەكان بە گرێبەست، یەكێكە لەو هەزاران مامۆستایانەی كە لە چەند ساڵی رابردوو بە گرێبەست دامەزراون. ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوە دەكات كە «لە هەموو كۆمەڵگەیەك بەگشتی مامۆستا رێزێكی تایبەتی لێ گیراوە، چونكە هەڵگری پیرۆزترین پەیام بووە، ئەویش لە رێگەی گەیاندنی زانست و وانە بووە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی لێهاتووی چالاك، مامۆستا چێنەری تۆوی شادی و ئاشتییە بۆ گەلان، بۆیە چارەنووسی هەر نەتەوەیەك وابەستەیە بە مامۆستاوە، كە هەمیشە وەك پێشمەرگەیەكی جەنگاوەری خۆڕاگرو كۆڵنەدەری گۆڕەپانی جەنگ، دوژمنی دواكەوتوویی و نەزانین بووە، بە سەدان گەورە زانای پێگەیاندووە، هەوەك پاشای یەكەمی وڵاتی عێراق (فەیسەلی یەكەم) دەڵێت:((ئەگەر نەبوومایە بە پاشا، دەبووم بە مامۆستا.)) بەڵام بەداخەوە لە كوردستان ئاوڕێكی ئەرێنی لە مامۆستایان نەدراوەتەوە و رۆڵی گرنگ و پیرۆز و هەستیاریان لەبەر چاو نەگرتوون، بەتایبەت كە دەبینین رێژەیەكی زۆر لە مامۆستایان بە شێوەی گرێبەست بۆ وانەبێژی دامەزراون و تا ئێستا بە هەمیشەیی نەكراون.» ئەو مامۆستایە دەڵێت: «لە كۆتایی ساڵی 2014 حكومەتی هەرێم رێژەیەك لە مامۆستایانی لە سەرجەم پارێزگاكان بەشێوەی گرێبەست دامەزراند، هەندێك بوون بە مامۆستا و ئەوانیتریش بوون بە بەڕێوەبەر كە تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە كارەكەی خۆیان. من وای دەبینم مامۆستایانی گرێبەست هیچ جیاوازییەكیان نییە و نەبووە لەگەڵ مامۆستایانی هەمیشەیی لەو خزمەتەی كە لە رابردوو كردوویانە، لەگەڵ ئەوەشدا تووشی چەندان كێشە بوون، وەكو دووریی هاتوچۆیان لە شار و هەروەها بۆ ماوەی نزیكەی سێ ساڵ تەنیا نیو مووچەیان پێ دراوە، كە مووچەی ئەوان كەمترە لە مامۆستایانی هەمیشەیی، بەتایبەت ئەوانەی كە بڕوانامەكەیان دبلۆم بووە، لەگەڵ بوونی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو مامۆستایانە بە هۆی بارودۆخی سیاسی و بوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان وڵاتی توركیا و پەكەكە كە بەشێك لە مامۆستایانە لەو قوتابخانانە دەوام دەكەن كە نزیكن لەسەر سنووری وڵاتی ئێران و توركیا، ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەریكی كاری خۆیانن، واتە مامۆستایانی گرێبەست وەك مامۆستایانی هەمیشەیین لە راپەڕاندنی كارەكان، چونكە هەمان كار دەكەن و یەك ئامانجیان هەیە، بەتایبەت بەڕێوەبەر و لایەنی كارگێڕیی قوتابخانە كە هیچ جیاوازییەكیان لە نێوان نییە، تەنانەت پێموایە گرێبەستەكان ماندووترن لە مامۆستاكانی دیكە، بەتایبەت ئەو گرێبەستانەی كە لە گوندە دوورەكان دەوام دەكەن و ئەركی سەرشانیان قورسترە، هیوادارین حكومەتی هەرێم لە كابینەی نوێدا داواكاری مامۆستایانی گرێبەست جێبەجێ بكات و ئاوڕێك لە ژیانیان بداتەوە، بەتایبەت ئەو گرێبەستانەی كە نزیكەی پێنج ساڵە دامەزراون، داواكارین یەكێتی مامۆستایانیش هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەدیهاتنی ئاواتی مامۆستایان.»
خەرمان عەبدوڵا مامۆستای گرێبەستە لە پەروەردەی مەخموور و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئێمە ماوەی چوار ساڵە بەشێوەی گرێبەست دەوام دەكەین و پێشتر بەڵێنیان پێ دابووین دوای سێ ساڵ گرێبەستمان بۆ بكرێت بە هەمیشەیی، بەڵام تاوەكو ئێستا بۆمان نەكراوە، ئێستاش دڵخۆشین بە نەمانی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەو داواكارین لە كابینەی نوێی حكومەت ئاوڕێكی جددی لە مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست بدرێتەوە، لەبەر ئەوەی مامۆستای گرێبەست هیچ مافێكی نییە، لە شوێنە دوورەكان دەوام دەكەن و تا ئێستا دەستی دەستیان پێدەكرێت و ناكرێن بە هەمیشەیی.»
پەروین محەمەد، بەڕێوەبەری بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو مانگی رابردوو رایگەیاند: وەزارەتی دارایی پلانی هەیە لە بودجەی ساڵی 2019 بەپێی پێویستی و ساڵانی خزمەت فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست بكاتە هەمیشەیی.» بەڕێوەبەری گشتی بودجە باسی لەوەش كرد، وەزارەتی دارایی كێشەی لەگەڵ دامەزراندنی ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانە نییە بە شێوەیەكی هەمیشەیی، چونكە چەند ساڵە مووچەیان بۆ دابین دەكرێت و ئەگەر بكرێنە هەمشەیی بارگرانییەكی ئەوتۆ دروست ناكات.»
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2014وە لەسەر داوای وەزارەتەكان نزیكەی 31 هەزار فەرمانبەری بەشێوەی گرێبەست دامەزراندووە.
بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی، پێشتر دوای سێ ساڵ، گرێبەستی ئەم فەرمانبەرانە لەكاتییەوە دەبوو بە هەمیشەیی. زۆربەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئەو ماوەیەیان تێپەڕاندووە، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابووری بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیوە بە شێوەی هەمیشەیی دایانبمەزرێنێت.
وەزارەتی پەروەردە لە رووی زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەستی كاتی لە دوای وەزارەتی شارەوانی بە پلەی دووەم دێت و نزیكەی شەش هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەیە.