خانمان بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە بەرز دەنرخێنن

خانمان بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە بەرز دەنرخێنن
قەیرانی دارایی لە هەر كۆمەڵگەیەكدا بە گەورەترین قەیران و ئاریشە دادەنرێت، لە بەر ئەوەی كاریگەریی راستەخۆی لەسەر گشت جومگەكانی كۆمەڵگە دەبێت، بەڵام هەرێمی كوردستان لە سایەی خۆڕاگریی میللەت و سیاسەتی درووستی دەوڵەتمەدارەكەی، بە سەر قورسترین قەیرانی داراییدا زاڵ بوو، كە سەرەڕای داڵدەدانی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، هاوكات بەغدا بە پیلانێكی بەرنامە بۆداڕێژدراو بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی و تەنانەت هێزی سەربازیشی لە دژی ئەو هەرێمەبەكار هێنا. لە ئێستادا هاووڵاتیان بەو مزگێنییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە زۆر دڵخۆشن و خانمانی كوردستانیش بەتایبەتی بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرو مووچەخۆرانی هەرێم بەرز دەنرخێنن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

پاش ئەوەی لە شوباتی ٢٠١٦، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بڕیاری پاشەكەوتی مووچە درا، رۆژی ٨ی ٣ی ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی دەركرد. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەییدا رایگەیاند: لەم مانگەوە مووچە بەبێ پاشەكەوت دابەش دەكرێت. هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خۆڕاگریی گەل دەربڕی.
ئەم بڕیارەی حكومەتی هەرێم هەموو فەرمانبەرانی كوردستانی دڵخۆش كرد، بەتایبەتی ئافرەتان كە خەمی گەورەیان پەروەردةی منداڵ و دابینكردنی پێداویستییەكانی خێزانە، هەر لەو بارەیەوە زەینەب شوانی، كارگێڕی لقی كەركووكی (ی.ق.ك) تایبەت بۆ گوڵان دەڵێت: «پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژووی خەباتی خۆیدا هەمیشە هەڵگری پەیامی خەمخۆری و دڵسۆزی بووە بۆ نەتەوەی كورد و تێكۆشاوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە رەواكانی كوردستان دەستەبەركردنی تەواوی مافەكان، بە پێی قۆناغ و بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی هەنگاوی هەڵهێناوە، هەر بۆیە كاتێك پارتی لەسەر پرسە گشتییەكان هەڵوێست وەردەگرێ دۆست و دوژمن باش لەوە گەیشتوون كە پارتی خاوەن بڕیار و هەڵوێستی خۆیەتی و لە هەنگاونان بۆ هەر پرسێك پاشەكشە و پاشگەزبوونەوە لە پارتی بەدی ناكەن، چونكە هەموو بڕیارەكان بە دراسەتكردن و هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی واقیعی دۆخەكە دەدرێن. تا ئێستاش رۆڵ و پێگەی بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر راگرتنی پێگەی حكومەت، لە كاتێكدا حكومەتێكی بنكەفراوان بووەو زۆربەی حزبەكان پێیەكیان لە نێو حكومەت و پێیەكیان لە نێو ئۆپۆزسیۆن بووە و هەوڵی لاوازكردنی حكومەتیان داوە و پشتیان لە حكومەت و خەڵكیش كرد، كاتێك زانییان باری قورسی سەرشانی حكومەت هێندە قورسە، نەیانتوانی رووبەڕووی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی ببنەوە و شان بدەنە بەر ئەو بارە قورسەی بە هۆی خیانەتی هەندێك كەس و لایەن بودجەی حكومەت لەلایەن شۆڤینییەكانەوە بڕا و خەڵك و تەواوی مووچەخۆرانیان لە مافی رەوای خۆیان بێبەش كرد، لە كاتێكدا تیرۆریستانی داعش پەلاماری خەڵك و خاكی كوردستانیان دەدا، حزبە بەناو شۆڕشگێڕ و دڵسۆزەكانیش خەڵكیان هان دەدا، بێنە سەر شەقام و داوای رووخاندنی حكومەتیان دەكرد، سەرەڕای هەموو كێشەكان و قەیرانی دارایی و بەربەستەكان كاروانی ئاوەدانی لەسەر دەستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەردەوام بوو، كوردستان پێی نایە قۆناغی گەشانەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانی و هەر لەسەر دەستی بەڕێزیان توانرا لە دوای ڕیفراندۆم ئاستەنگەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەو گەلەكۆمەكییەی كرایە سەری كە ئەرز و ئاسمان لە كوردستان داخرا، هەموو بەربەستەكانی یەك لە دوای یەك شكاند و بەسەریاندا پەڕییەوە بۆ كەناری بەهێزبوونەوەی كورد و كوردستان، ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە پاشەكەوتی مووچە نەما و ژیانی هاووڵاتیان و مووچەخۆران لە ژێر سێبەری دەوڵەتمەداری خۆیاندا دەبووژێتەوە».
سندس حسێن بەرپرسی ئۆفیسی هەڵەبجەی دەزگای خێرخوازی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە بۆ گوڵان گوتی: ئەگەرچی بڕینی بودجەی هەرێم یەكێك بوو لە پیلانگێڕیە قێزەونەكانی دیكەی دوژمنانی گەلەكەمان، لەپای داواكارییەكی یاسایی خۆمان كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو بۆ سەر بەخۆیی كوردستان، ژەهری توڕەییان بە بوونی خیانەتێكی ناوخۆییەوە ڕشت، حكومەتی كوردی ناچاركرد كە بەرنامەی پاشەكەوتی مووچە ڕابگەیەنێ و باجەكەشی لەسەر خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان زۆر قورس بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوداو لێهاتوویی سەركردە دڵسۆزەكانمان كە بە پلانێكی حەكیمانە توانرا ئەم دۆخە تێ بپەڕێنرێت.
جەختیش لەوە دەكاتەوە كە: دیپلۆماتكارێكی وەك (نێچیرڤان بارزانی) لەكەمترین كاتدا ڕۆڵێكی كاریگەرو بەرچاوی هەبوو لەئاسایی كردنەوەی دۆخەكەدا و توانی كێشەكانی هەرێم و بەغدا بەگرتنەبەری ڕێكاری یاسایی یەكلا كاتەوە وچۆكی دانەدا تا لادانی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی كردە دواین دەستكەوت.
سندس حسێن لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە: جێگەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمەی ئافرەتان لە ٨ی مارس كە هاوكات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، وەك زەنگێك و مژدە بەخشینێك بوو بۆ ئێمەی ئافرەتان، چونكە هەمیشە لەكاتی بوونی قەیرانەكاندا ئافرەتان زۆرترین قورسایی و تەنگەژە داراییەكان لە بەڕێوە چوونی ژیانی ڕۆژانەو دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵیدا كاریگەری نەرێنی دەبێت، بۆیە بڕیارەكەی دووجار جێگەی دەستخۆشی و ستایشە.
پەیمان تەها ئەندامی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لابردنی پاشەكەوتی مووچە بەرهەمی سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و دیپلۆماسیەتی بەرزی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بووە و خەڵكیش لادانی ئەو پاشەكەوتە بە بەرهەمی یەكێك لە دەستكەوتەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەزانن، ئەو شانازییەش تەنیا بۆ ئەوانە دەگەڕێتەوە كە خۆڕاگر بوون و بەرگریان لە قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان كرد و گەلەكۆمە و ئابڵوقەكانیان شكاند و نەیانهێشت كوردستان بكەوێتە ژێر دەستی دوژمن. ئەوانیتر، جگە لەوەی پێشتر بەشێكی پیلانی ئابلوقەدان و بودجە بڕین بوون، دەشیانویست كوردستان بكەوێ و قەوارە دەستوورییەكەشی هەڵبوەشێتەوە و نەمێنێت، تا لە شوێنیدا حكومەتێكی ئینقازی كارتۆنی دروست بكەن.
ئەو دەستكەوت و شانازییانە تەنیا پارتی خاوەنیەتی، ئەوە پارتی بوو كوردستانی پاراست، لەو دۆخە ناهەموارەی رابردوو دەربازی كرد».
تەلار كاكی كارگێڕی ناوچە لە لیژنەی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە هەموو هاووڵاتیانی دڵخۆش كردووە، چونكە باشبوونی مووچەی فەرمانبەران بازاڕیش دەجووڵێنێت و سوودی بۆ هەموو كۆمەڵگە هەیە، هاوكات دەڵێت: «وەكو ئافرەتێك بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمسی پاشەكەوتی مووچە دڵخۆشم و ئەو بڕیارە گرنگەی حكومەتی هەرێم زۆر بەرز دەنرخێنم، كە بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی و جەنابی نێچیرڤان بارزانی بوو، لە هەمووی گرنگتر لە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی بوو كە رۆژی جیهان ئافرەتانی بوو، ئەو كارە مەزنانە سەلمێنەری ئەوەن كە هەمیشە پارتی ریزێكی تایبەتی بۆ ئافرەت و خەبات و تێكۆشانی ئافرەت داناوە، لە هەمان كاتیشدا قوربانیدەر و خەمخۆری میلەتەكەی بووە، پارتی لە هەر هەنگاوێكیدا دوارۆژ و ئاییندەی هاووڵاتییانی لەبەرچاو گرتووە.
Top