قوتابیانی زانکۆی کەرکووک داوای داگیرسانی ئاگری نەورۆز و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دەکەن

قوتابیانی زانکۆی کەرکووک داوای داگیرسانی ئاگری نەورۆز و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دەکەن
لە مێژووی کوردستاندا کورد و ئادار و نەورۆز، بووەنەتە سێ رەھەندی لێکدانەبڕاو، کە ھیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە وا لە کورد بکات، دەستبەرداری یادەکانی ئەو مانگە بێت، دانیشتووانی سەربەرزی شاری کەرکووکیش سەرەڕای گوشاری داگیرکاری لە سەردەمی رژێمی بەعسیش گوێیان بە ھەڕەشە و زەبروزەنگی دەسەڵاتداران نەداوە و ھەموو ساڵێک ئاگری نەورۆزیان کردووەتەوە. بەڵام لە کەرکووکی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر، ھەوڵەکان بە ئاراستەی قەدەغەکردنی بۆنە و یادە نەتەوەییەکانی کوردە و تەنانەت قوتابیانی کوردی زانکۆی کەرکووک کە ساڵانە لە رۆژی جلوبەرگی نەتەوەییدا جلوبەرگی کوردییان دەپۆشی، ساڵی پار بە بڕیاری سەرۆکی زانکۆ ئەوەشیان لێ قەدەغەکرا، ھاوکات چەند مانگێک پێش ئێستا گۆڕانکارییەکی زۆر لە پۆستە ئیدارییەکانی زانکۆی کەرکووک لە ھەموو کۆلێژەکانی زانکۆکە کراوە، لەسەر ئاستی یاریدەدەر و عەمید و سەرۆک بەش و بڕیاردەری بەشەکان، لە ئاکامدا پشکی کورد زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام قوتابیانی کوردی کەرکووک پێداگری لە کردنەوەی ئەو بۆنە و یادانە دەکەنەوە و داوای داگیرسانی ئاگری نەورۆز و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان دەکەن.





ئەحمەد سەمەد، بەرپرسی لقی زانکۆ و پەیمانگەکانی کەرکووکە و سەرەتا ھێما بۆ ئەوە دەکات کە: "رەوشی خوێندنی کوردی بە گشتی لە کەرکووک لە دوای روداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە کەوتۆتە بەر ھەڕەشە و مەترسییەکی زۆر و بە تایبەتی لە نێو زانکۆ و پەیمانگەکاندا کێشە و گرفتەکان بەرۆکی قوتابیانی کورد بەر نادەن، ھێزە عێراقییەکان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکی قورسەوە دێنە نێو زانکۆی کەرکووک و حەرەمی زانکۆ دەشکێنن، ئەمەش کاریگەی لەسەر ھزر و بیر و ئاستی زانستی قوتابیان دروست دەکات، سەرەڕای ئەمەش لەلایەن میلیشیا شیعەکان و نوێنەرەکانیان لە نێو کۆلێژ و پەیمانگەکان رێگری دەکەن لە یادکردنەوەی بۆنە و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کە مافێکی سەرەتایی و رەوای قوتابییە کوردەکانی شاری کەرکووکە." ھاوکات دەڵێت: "پار ساڵ لە رۆژی پۆشینی جلوبەرگی کوردی ١٧ قوتابیی کورد دەستگیرکران، من یەکێک بووم لەو ١٧ قوتابییە کە لە دوای سەرزەنشتکردن و گاڵتەکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و رەفتاری ناشیرین بەرامبەر بە ئێمە دوای چەند کاتژمێک ئازاد کراین، دواتر سەرجەم یادە پیرۆزەکانی گەلی کورد لە زانکۆی کەرکووک قەدەغە کران، بەڵام ئەمساڵ لە دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن دیسان قوتابیان سەلماندیان کە (سەری ڕمن لە گشت شۆڕش و ڕاپەڕینێکدا)، لە رۆژی ئاڵای کوردستان لە ناوەندی زانکۆ بە دەنگێکی بوێر و دلێرانە و لۆگۆی کوردستان لەسەر دڵیان سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیبیان وتەوە و رۆژی ئاڵای کوردستانیان پیرۆز کرد."
رزگار سەعدوڵا، کارگێڕی لیژنەی ناوچەی زانکۆ و پەیمانگاکانی کەرکووک سەبارەت بە ھەمان پرس دەڵێت "زانکۆی کەرکووک ھەمیشە لە چاوەڕوانیی بۆنە و یادە کوردییەکانی مانگی ئادار بووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٥ مانگ بە سەر خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و دۆخی داگیرکاری و تەھریب و بە سەربازیکردنی کەرکووک، ئەو چاوەڕوانییە زیاتر بووە."

جەختیش لەوە دەکاتەەوە کە "پرۆسەی عەرەباندن لە کەرکووک و دەوروبەری بە زەقی رووی لە زیادبوون کردووە." ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "پرۆسەی بە عەرەبکردن لە شاری کەرکووک تەنیا لە رووی جوگرافیا و دانیشتووانەوە نییە، بەڵکو لایەنی کارگێڕی و تەنانەت ھەندێک مافی سەرەتاییشی وەک بۆنە نەتەوەییەکانی گرتۆتەوە، یەکێک لەو مافە سەرەتاییانەی کە لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە لە قوتابیانی نەتەوەی کوردی زانکۆی کەرکووک زەوتکراوە، پۆشینی جلوبەرگی کوردی و سازدانی بۆنە و یادە کوردییەکانە کە بەداخەوە زیاتر لە ١٥ مانگە ئەم بۆنانە قەدەغە کراون، ئەمە لە کاتێکدا پێش خیانەتی١٦ـی ئۆکتۆبەر، لە ژێر سێبەری ‌ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستاندا ھەموو یاد و بۆنەکانی نەتەوەکانی عەرەب و تورکمان ھاوشێوەی بۆنە کوردییەکان بە ئازادییەکی زۆر تەواوەوە ئەنجام دەدران." گوتیشی: "لە ئێستادا کە بەرەو یادەکانی ئادار و نەورۆز دەڕۆین، تاوەکو ئێستا قوتابیانی کورد زۆر بێ ئەمەلن لەو دۆخەی ھەیە و پێشێلکردنی مافەکانی کورد بەردەوامە، بەداخەوە ساڵی پار لە رۆژی جلوبەرگی کوردی ژمارەیەک قوتابیی کورد کە جلی کوردییان پۆشیبوو، سەرەڕای ئەوەی لە لایەن ھێزە عێراقییەکانەوە رێگری کرا لە چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو زانکۆ، بگرە کۆمەڵێک رەفتاری دوور لە بەھای مرۆڤایەتی بەرامبەریان کرا، بۆ ئەمساڵیش ھەر لە ئێستاوە ئامادەکاری کراوە بۆ رێگریکردن لە قوتابیانی کوردی زانکۆی کەرکووک ھەتا نەتوانن ھیچ بۆنەیەکی نەتەوەیی بەڕێوە ببەن، ئەمە جگە لەوەی کە رۆژانە و لە کاتی تاقیکردنەوەکان کێشە و بەربەست دێتە بەردەم قوتابیانی خوێندنی کوردی لە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی کەرکووک، بەتایبەتی لەم دواییەدا لە کاتی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵی کۆلێژی یاسا و زانستە رامیارییەکان، کێشەیەکی زۆر ھاتەپێش مامۆستایانی کورد و قوتابیانی خوێندنی کوردی لە کۆلێژەکە، ئێستاکەش تا دێت رەوشی شارکە خراپتر دەبێ و مەترسیی گەورەی لەسەرە، بێگومان بە بێ بوونی پێشمەرگە لە شارەکە ناتواندرێ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و کەرکووک بەتایبەتی بپارێزدرێت، بۆیە پێشبینییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتی دوای ھەوڵەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی و یاسایی، کەرکووکییەکان بە ئومێدەوە چاوەڕێن لە ماوەیەکی نزیکدا، کەرکووک و پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بە یەکتر شاد ببنەوە ".
سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان (نێچیرڤان حوسێن)، لە دەستپێکی وتەکەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە "بە درێژایی مێژوو داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان رێگا و شێوازی جۆراوجۆریان بۆ چەوساندنەوە و لەناوبردنی پێکھاتەکانی کوردستان بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی تاقی کردووەتەوە، لەو شێوازانە ئازاردانی دەروونیی تاکی کورد بووە بە رێگای جۆراوجۆر، واتە داگیرکەری خاک و دوژمنانی ئێمە ھەمیشە ھەوڵیان داوە ھەستی تاکەکانی کوردستان بریندار بکەن و ویستی رزگاریخوازی و سەربەخۆییخوازی لە ناو ناخیاندا کپ بکەنەوە، بێ ئاگا لەوەی ئەو ویستە ھەمیشە لە ناو ناخی ھەموو تاکێکی کورد وەکو پشکۆیەکی بەتین گڕ دەستێنێ." گوتیشی: "بەداخەوە لە دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کەرکووک و بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، زۆر دڕندانە دژایەتی کوردەکان دەکرێ لەلایەن سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھەموو ھێزەکانی سەربازی و ئەمنیی عێراق و ھەموو ئازادییەکانیان لێ زەوتکراوە. قوتابیان و لاوانیش بەتایبەت لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کەرکووک دوور نەبوون لەو دژایەتیکردنە و بە بەردەوام رێگرییان لێ کراوە لە یادکردنەوەی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی رێگری بکرێت لە پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە بۆنە نەتەوەییەکاندا، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا وێڕای دروستکردنی نیگەرانی لای قوتابیان و لاوان، ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەو شارە دەخاتە ژێر مەترسییەکی گەورە، کە رەنگە لە درێژمەودادا، کار بکاتە سەر پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاوازەکان لەو شارە. بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە و پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت، ئەوەیە کە قوتابی و لاوی کورد لە ئاستێکی زۆر بەرزی ھوشیاری و رۆشنبیری و رۆشنگەری زانستیدان، ئەوەش وای کردووە، سەرباری ھەستی بەرزی نەتەوەیی، لە کاردانەوەی توندوتیژ خۆیان بە دوور بگرن، لەبەر ئەوەی باش دەزانن داھاتووی ئەو شارە بۆ کوردستان وەکو دڵ وایە و گرنگی و بایەخی مێژوویی و ستراتیژیی خۆی ھەیە. بۆیە قوتابیان بەم ھەوڵە نەزۆکانەی دژە کورد، نە سارد دەبنەوە، نە کاردانەوەی خراپیان دەبێت، بەڵکو ئەم جۆرە بڕیارانە زیاتر سووریان دەکات لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانی گەل."
 سپۆت:
 دوای ھەوڵەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی و یاسایی شارەکە، کەرکووکییەکان بە ئومێدەوە چاوەڕێن ھەتا لە ماوەیەکی نزیکدا کەرکووک و پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بە یەکتر شاد ببنەوە
 رەوشی خوێندنی کوردی بە گشتی لە کەرکووک لە دوای روداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە کەوتۆتە بەر ھەڕەشە و مەترسییەکی زۆر و بە تایبەتی لە نێو زانکۆ و پەیمانگەکاندا کێشە و گرفتەکان بەرۆکی قوتابیانی کورد بەر نادەن
 قوتابیان بەم ھەوڵە نەزۆکانەی دژە کورد، نە سارد دەبنەوە، نە کاردانەوەی خراپیان دەبێت، بەڵکو ئەم جۆرە بڕیارانە زیاتر سووریان دەکات لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانی گەل

 ھێزە عێراقییەکان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکی قورسەوە دێنە نێو زانکۆی کەرکووک و حەرەمی زانکۆ دەشکێنن، ئەمەش کاریگەی لەسەر ھزر و بیر و ئاستی زانستی قوتابیان دروست دەکات
 میلیشیا شیعەکان و نوێنەرەکانیان لە نێو کۆلێژ و پەیمانگەکان رێگری دەکەن لە یادکردنەوەی بۆنە و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کە مافێکی سەرەتایی و رەوای قوتابییە کوردەکانی شاری کەرکووکە
 لە رۆژی پۆشینی جلوبەرگی کوردی ١٧ قوتابیی کورد دەستگیرکران، من یەکێک بووم لەو ١٧ قوتابییە کە لە دوای سەرزەنشتکردن و گاڵتەکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و رەفتاری ناشیرین بەرامبەر بە ئێمە دوای چەند کاتژمێک ئازاد کراین
 لە دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن دیسان قوتابیان سەلماندیان کە (سەری ڕمن لە گشت شۆڕش و ڕاپەڕینێکدا)، لە رۆژی ئاڵای کوردستان لە ناوەندی زانکۆ بە دەنگێکی بوێر و دلێرانە و لۆگۆی کوردستان لەسەر دڵیان سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیبیان وتەوە و رۆژی ئاڵای کوردستانیان پیرۆز کرد
 بۆ ئەمساڵیش ھەر لە ئێستاوە ئامادەکاری کراوە بۆ رێگریکردن لە قوتابیانی کوردی زانکۆی کەرکووک ھەتا نەتوانن ھیچ بۆنەیەکی نەتەوەیی بەڕێوە ببەن
 بێگومان بە بێ بوونی پێشمەرگە لە شارەکە ناتواندرێ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و کەرکووک بەتایبەتی بپارێزدرێت
 داگیرکەری خاک و دوژمنانی ئێمە ھەمیشە ھەوڵیان داوە ھەستی تاکەکانی کوردستان بریندار بکەن و ویستی رزگاریخوازی و سەربەخۆییخوازی لە ناو ناخیاندا کپ بکەنەوە
 قوتابی و لاوی کورد لە ئاستێکی زۆر بەرزی ھوشیاری و رۆشنبیری و رۆشنگەری زانستیدان، ئەوەش وای کردووە، سەرباری ھەستی بەرزی نەتەوەیی، لە کاردانەوەی توندوتیژ خۆیان بە دوور بگرن






گوڵان - کۆمەڵایەتی
Top