وتەیەک بۆ ٨ ی مارس . . . د.ڤیان سلێمان*
March 5, 2019
کۆمەڵایەتی
خەباتی ئافرەت بۆ ئازادی و یەکسانی لە هەر کوێی گۆی زەوی بێت، وانەی خەبات و تێکۆشانە بۆ بزوتنەوەی ئافرەتان، هەربۆیە یاد کردنەوەی هەشتی مارس بۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، دەبێت وەک وێسگەیەک بێت بۆ پیرۆزکردنی دەسکەوتەکان و دوپاتکردنەوەی هەوڵ و کۆشان بۆ دەستەبەربونی یەکسانی و ژیانی شکۆمەندانە،گوڕوتینمان بداتێ، بۆ ئەوەی مکوڕتربین لەسەر کار و تێکۆشان بۆ بەرگرتن بە ناهۆشیاری و ژێردەستەیی و ستەم، بۆ گەیشتن بە دۆخێکی نوێ لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە تێیدا سەرکردایەتی و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و لێزانی و پسپۆڕی بێ، نەوەک ڕەگەز و توخم.
لە ئێستادا ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی نوێدان؛ بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش ئافرەتێک بوو بە سەرۆکی پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادانان بەڕیوە دەبات؛چەندین ئافرەت نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە وڵاتانی جیهان، ڕێژەی %٣٠ ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئافرەتن، بونی بەرچاوی ئافرەت لە بوارە جیاجیاکانی کارگێڕی، کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن، بزنس، ئابوری، ئەدەبی، وەرزشی و بوارەکانی دیکە، ستافی ئەکادیمی لە زانکۆ حکومییەکان ٤٦،٥% ئافرەتن، لەمساڵدا ئافرەتێک بوو بە ئەندامی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر، ٥٦ ئافرەت پلەی داواکاری گشتی، ٣٠ ئافرەت پلەی دادوەر، ٢٨٩ یاریدەدەری دادوەر و ١٩٤ لێکۆڵەری دادوەرین. ١٢٩ ڕێکخراو و کۆمەڵەی تایبەت بە مافەکانی ئافرەت و ٧٤ ڕادیو و ڕۆژنامەو گۆڤاری تایبەت بە پرسی ئافرەت هەن. سەدان ئافرەت مەتبەخیان هێناوەتە بازاڕ و بوێرانە کۆتوبەندی دابونەریتیان پساندووە، سەدانی دیکە پیشەو بەهرەکانیان گواستۆتەوە بۆ فەزای گشتی و بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن.
ئەگەر بە چاوێکی بەراوردکاری لەم ئامارانەو پرسی ئافرەت بڕوانین و چەندین قۆناغی مێژوویی دیاری بکەین؛ جیاوازی و پێشکەوتن بە ڕوونی دەردەکەوێت،هەموو ئەم گۆڕانکاریانە وەرچەرخانن لە بزاڤی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و نادیدە گرتنیان لە جێی خۆیدا نییە، بەڵکو پێویستە پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکان بە هەند وەرگرین و بە دەسکەوتی بزانین بۆ بزاڤی ئافرەتان، ئەمە لە کاتێکدا ڕێڕەوی بزوتنەوەی ئافرەتان بەردەوامەو زەمینەسازی و تێڕوانین بۆ داهاتوو لێرەدا نەوەستاوە، ئەمەش لەبەرئەوەی کە ڕۆژانە دەبینین، کە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی توندوتیژی بە هەموو ئاستەکانی دەبنەوە، ڕێژەیەک لە ئافرەتان هۆشیارییان سەبارەت بە مافەکانیان کەمەو بێدەنگن لە ئاست توندوتیژیەکان، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر بێکارن و دەرفەتی کاریان بۆ نەڕەخساوە، ئەمەش واتە سەرەڕای گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان، بەربەست و کێشە زۆرن، بۆ ئەوەی بەرەو یەکسانی هەمەلایەنە بڕۆین، دەبێت پێشکەوتن و دەرفەتەکان بکەین بە شۆڕشی سەلماندنی تواناکانمان.
لەم چوارچێوەیەدا ئەرکی سەرەکی لە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی ئافرەتانەو دەبێت ڕێکخراوەکان یەکڕیز و هەکهەڵوێست بن، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، کە هەمیشە خۆی بە پێشەنگی بزوتنەوەی ئافرەتان داناوە، وەکچۆن خۆی بە خاوەنی بەشێکی گرنگ لە پێشکەوتنەکان دەزانێت لە هەمان کات هەموو ئەو کێشانەی کە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بە دەستیانەوە دەناڵێنێت، بە کێشەی خۆی دەزانێت و کۆششی بێوچان و بە بەرنامە دەکات بۆ وروژاندن و لە خۆگرتن و فشار دروست کردن بۆ چارەسەر کردنیان. هاوکات هەر کەیسێک کە لایەنێکی ئافرەت بێت بە کەیسی خۆی دەزانێت و پارێزەری بەدەستهێنانەوەی مافەکانیەتی، تواناسازی ئافرەتمان وەک پێشمەرجی پێشکەوتن داناوەو پێمان وایە کە توانادار کردنی ئافرەتان تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی مافەکانیان و گۆڕانکاری لە هزر و دیدی کۆمەڵایەتی، گۆڕانیك کە ریشەییبێ و بتوانێ ستراکچەر و کەلتور، خەڵکو تێڕوانینیان بۆ پرسی ئافرەت و ڕۆڵ و پێگەیان لە کۆمەڵگە بگۆڕێت بە ئاراستەی باوەڕبوون بەیەکسانیی ئافرەت و پیاو.
لەم ڕۆژەدا سڵاو دەنێرم بۆ سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و ئەندام و کادرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، درود بۆ گیانی ئافرەتانی شەهیدی ڕێی یەکسانی و بەدەستهێنانەوەی ماف.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان