كچێك كەسەرپەرشتیی سێ منداڵی بێ دایكە،داوای هاوكاری ویارمەتی لەخێرخوازان دەكات

كچێك كەسەرپەرشتیی سێ منداڵی بێ دایكە،داوای هاوكاری ویارمەتی لەخێرخوازان دەكات
هەر كەسێك ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورتیش لە خانەی بێ سەرپەرشتان ژیابێت، زۆر بە باشی لە ئازاری ئەو منداڵانە تێدەگات، كە لە نازی دایك و باوك بێبەش كراون. كچێكی كوردی دانیشتووی هەولێر كە ئەو ئەزموونەی تاقی كردووەتەوە، دوای ئەوەی ژیانێكی ئاسایی بۆ خۆی دروست دەكات، بەخێوكردنی سێ منداڵی پووری خۆی كە بابیان دوای كۆچی دایكیان، بە خانەی بێ سەرپەرشتانی سپاردوون، لە ئەستۆ دەگرێت. ئەو كچە بەسەرهاتی خۆی و منداڵەكانی پووری كە لە ئێستادا دایكایەتییان بۆ دەكات، بۆ گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە و، داوا لە بەرپرسان و خەڵكی خێرخوازیش دەكات، بۆ چارەسەری یەكێك لەو منداڵانە كە تووشی نەخۆشیی وەستانی گەشە بووە، هاوكاری بكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

كچێكی تەمەن 32 ساڵانە و لە یەكێك لە ماركێتەكانی شاری هەولێر كاردەكات، خۆی بە «بەهار» دەناسێنێت. وەك خۆی باسی دەكات، دایك و باوكی لە ژیاندا نەماون، ماوەیەك لە خانەی بێ سەرپەرشتاندا ژیاوە و لە نزیكەوە هەست بە ئازارەكانی ئەو منداڵانە دەكات كە لەو شوێنانەدا پەروەردە دەكرێن. لە ئێستادا ئەو خانمێكی خاوەن داهاتی سەربەخۆیە و ئەگەرچی لە خانوویەكی بەكرێدا دەژی و داهاتێكی زۆری نییە، لەگەڵ ئەوەشدا شانی داوەتە ژێر بارێكی قورس و دایكایەتی بۆ سێ منداڵی پووری (خوشكی دایكی) دەكات، كە ساڵی پار بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەست داوە و لە دوای خۆی دوو كچ و كوڕێكی بەجێ هێشتووە كە تەمەنی گەورەكەیان تەنیا 11 ساڵە و باوكیشیان هیچ هەواڵێكی ئەو منداڵانە ناپرسێت.
بەهار لەگەڵ ئەوەی كە هێشتا ژیانی هاوسەری و دایكایەتی تاقی نەكردووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا سەرپەرشتی سێ منداڵی لێ قەوماو دەكات، ئەوەش باری گوزەرانی زۆر قورس كردووە. با لەسەر زاری خۆیەوە گوێ لە ئازارەكانی ژیانی بگرین، هەتا ئەوەی پێمان دەكرێت، بۆی بكەین و بە هاوكارییەكی كەم تا زۆر بەشێك لە ئەرك و مەینەتییەكانی سووك بكەین.
بەهار بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی و ئەو سێ منداڵە بێتاوانە دەكات: « پوورم كە دەكاتە خوشكی دایكم، ساڵی پار بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد. دوای خۆی سێ منداڵی بەجێهێشت، بەڵام باوكی منداڵەكان لە بری ئەوەی منداڵەكانی لە خۆی بگرێت و هەوڵ بدات جێی دایكیان پڕ بكاتەوە، بەپەلە ژنی دووەمی هێنا و منداڵەكانی بۆ خانەی بێ سەرپەرشتان برد. پوورم بەر رەحمەتی خوای گەورە بكەوێت، نەخۆشییەكی كوشندەی گرت و دەیزانی تەمەنێكی ئەوتۆی نەماوە، منیش زوو زوو سەردانم دەكرد و دواجار بەر لەوەی بۆ هەمیشە ماڵاوایی بكات، پوورم منداڵەكانی ئامانەتی من كرد و گوتی: تۆ خوا ئاگات لەو منداڵانە بێت، چونكە دەزانم باوكیان زۆر كەمتەرخەمە و هیچ حیسابیان بۆ ناكات. منیش هەر دڵم دەدایەوە و دەمگوت: خۆ زڕباب نییە، چۆن حیساب بۆ منداڵی خۆی ناكات. ئەوەندە خەمی لێ مەخۆ، ئینشاڵا خوای گەورە شیفات دەدات.. بەڵام پوورم كۆچی دوایی كرد و قسەكانیشی راست دەرچوون، چونكە هاوسەرەكەی بە پەلە ژنی دووەمی هێنا و منداڵەكانیشی ناردە خانەی بێ سەرپەرشتان و تا ئێستاش هیچ هەواڵێكی ئەو منداڵانە ناپرسێت.»
بەهار بە خەمبارییەكی زۆرەوە درێژە بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەو منداڵانە دەدات و پەیتا پەیتا فرمێسكەكانی بە گۆشەی لەچكەكەی دەسڕێتەوە. ئەو خانمە فیداكارە باسی ئەوە دەكات كە دابینكردنی ژیانی خۆی بە تەنیا، كارێكی قورس نەبووە، لە بەر ئەوەی كرێچی ماڵی خزمی خۆیان بووە و داهاتەكەی بەشی بژێوی رۆژانەی كردووە، بەڵام دوای هێنانی منداڵەكان بۆ لای خۆی باری ژیانی زۆر قورستر بووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من مووچەكەم تەنیا 400 هەزار دینارە كە 200 هەزاری دەدەمە كرێ خانوو، 200 هەزارەكەی دیكەشی نیوەی زیاتری بە كرێی هاتوچۆ دەڕوات، ماوەی شەش مانگیشە منداڵەكانی پوورم هێناوەتەوە لای خۆم و بەخێویان دەكەم، هاوكات لە خوێندنیش بەردەوامن، زۆرجار داوام لە باوكەكەیان كردووە، منداڵەكان بگرێتە خۆی، چونكە ئەوان زۆر پێویستیان بە ناز و چاودێری باوكیانە، سەرباری هەموو ناخۆشییەكانیان ئێستا كچە گەورەكەیان تووشی نەخۆشیی وەستانی گەشەكردن بووە، بۆ چارەسەری پزیشكی مانگانە دوو دەرزی هەیە، كە نرخی هەر دەرزییەك 150 هەزار دینارە، ئەوەش بە من دابین ناكرێت، بۆیە رۆژێك منداڵەكانم برد بۆ لای باوكیان و نەخۆشیی كچەكەیم بۆ باس كرد، كەچی دەری كردین و گوتی: هیچ پارەم نییە و ئەوەندەش مەیانهێنە بۆ لای من، با رەحمم بۆیان نەجووڵێت.»
بێگومان ژمارەی ئەو پیاوانە كەم نییە، كە بە هۆكار و پاساوی جیاواز منداڵەكانی خۆیان بە دەستی قەدەر دەسپێرن و هیچ ئاوڕێكیان لێ نادەنەوە. بەتایبەتی دوای كۆچی دوایی هاوسەریان، مێردی پووری بەهاریش یەكێكە لەو دەیان پیاوەی كە لەو پەڕی كەمتەرخەمیدا پەپوولە چاوگەشەكانی بە چارەنووسێكی نادیار دەسپێرێت.
سالار تاوەگۆزی، نووسەر و مامۆستای زانكۆیە و سەبارەت بەو بەسەرهاتەی بەهار دەڵێت: «پێویستە رێكخراوەكانی منداڵان و ژنان هاوكاری ئەو كەسانە بكەن، چونكە ناكرێ ئەو كچە تا كۆتایی ژیانی ئەو ئەركە قورسەی لەسەر شان بێت. دڵنیام ئەگەر ئێستا ئەو باوكە بدوێنین، كۆمەڵێ هۆكار و پاساوی خۆی باس دەكات. هاوكات لە رووی دەروونییەوە ئاسوودە نییە، چونكە هەموو مرۆڤەكان لە فیترەتەوە حەزیان لە كاری باشە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەوەی ئەو پیاوە دەیكات، نەك كارێكی باش نییە، بگرە دوورە لە بەرپرسیاریەتی و باوكایەتی، لەوانەشە پاساوی گەورەی تەنیا ئەوە بێت كە هاوسەرە تازەكەی ئامادە نییە منداڵەكانی بەخێو بكات.» گوتیشی: «حاڵەتی لەمجۆرەمان زۆرە، هەروەها بەشێك لە پیاوان هەستی بەرپرسیارێتیان نییە و خۆیان لە كێشە و گرفتی منداڵ بە خاوەن ناكەن. بەپێچەوانەوە ئافرەتان لە بەرامبەر ئەركەكانیان خۆیان زیاتر بە بەرپرس دەزانن و زۆربەی ئافرەتان ئامادەن بەبێ بوونی باوكیش، سەرپەرشتیی منداڵ لە ئەستۆ بگرن و بەخێویان بكەن.»
ئیراد منوچەر، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەبارەت هەمان پرس دەڵێت: «لە كۆمەڵگەی ئێمەدا نموونەی بەهارەكان زۆرن، كە خوبەخشانە كاردەكەن بۆ ئەوەی شیرازەی خێزانی تێك نەچێت و منداڵەكان بێ سەرپەرشت نەكرێن، پشكی شێریش لەو قوربانیدانە بەر رەگەزی مێ دەكەوێت، كە وەك ژن دوای مردنی هاوسەرەكەی، بە دەگمەن هاوسەرگیری دەكاتەوە و بەرپرسیارێتی بەرامبەر منداڵ ئەولەوییەتی بژارەكانی دەبێت و بەخێوكردنی منداڵەكانی لە سەرووی هەموو حەز و ئاواتەكانی دادەنێت. یان هەر كچە و بڕیارە دەدات، هاوسەرگیری نەكات و باوك، یان دایكی، یان هەردوووكیان كە پەككەوتە دەبن، بەخێویان دەكات و چاودێرییان دەكات. « گوتیشی: «بێگومان لەبەر ئەوەی یاساكانی پاراستنی منداڵ و ئافرەتان زۆر ئەكتیڤ نین، لەم روانگەیەوە زۆر منداڵ و ئافرەت باجی گەورە دەدەن، چونكە دوو توێژی بێدەسەڵاتن، رێگەی چارەسەریش ئەوەیە كە دەبێت بە یاسا دەسەڵاتیان بۆ بگێڕدرێتەوە، هەروەها دەبێت بیمەی كۆمەڵایەتی بۆ بەهار و هاوشێەكانی هەبێت و رەچاوی ئەوە بكرێت كە منداڵی بێ سەرپەرشت دەگریتە خۆی و دەبێت جگە لە دەستخۆشی، لە رووی ماددی و مەعنەوییشەوە پشتیوانی لێ بكرێت، چونكە وابڕوات بەپرسیارێتییەكەی بەهار تاقەتپڕووكینە و ناتوانێت شان بداتە ژێر باری ئەو تێچووە داراییە قورسە كە ژیانی خۆیشی دەخاتە مەترسییەوە. پێویستە رەچاوی ئەوەش بكرێت، كە ناكرێت دایك و باوك لە بەر هەر هۆیەك بێت، منداڵەكانیان بەدوور بگرن لەژێر چاودێریی خۆیان، پێویستە یاسایەك هەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات و ئەركی گرتنە ئەستۆی دارایی بسەپەێنێت بە سەریاندا بەپێی داهاتی خێزانەكە و دەبێت حیسابێك بۆ چارەنووس و داهاتووی ئەو منداڵانە بكرێت.»
لە كۆتایی ئەم چیرۆكە دڵتەزێنەدا ماوە بگوترێ: ناوی تەواوی بەهار لە گۆڤاری گوڵان پارێزراوە و هەر كەسێك بیەوێت یارمەتی بدات و هاوكاریی بكات، گوڵان ئاسانكاری بۆ دەكات. لە بەر ئەوەی باوەڕی گوڵان وایە: هەر مینبەرێكی راگەیاندن جگە لە بایەخدان بە فكر و سیاسەت، پێویستە ئاوڕی جددی لە ئاریشە كۆمەڵایەتییەكانیش بداتەوە.
Top