زیانەكانی خووگرتنی منداڵان بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان
February 17, 2019
کۆمەڵایەتی
سۆزان گرینفیڵد زاناو نووسەری بەریتانی و پسپۆڕی فیزیۆلۆجیای عەقڵی دەڵێت: «زۆر لە دڵەڕاوكێدام بۆ ئەو منداڵانەی كە زۆر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و یارییە ئەلیكترۆنییەكان بەكاردەهێنن، چونكە ئەو یارییانە دەبنە هۆی لەدەستدانی توانای بیركردنەوە و پەیوەندی لەلایەن ئەو منداڵانەوە.» ئەو پسپۆڕە ئاماژە بە داهاتووی مرۆڤەكان دەكات و دەڵێت: «پێشبینی دەكەم، خەڵكی وەك منداڵی سێ ساڵانەیان لێ بێت و هەست و بەهرەی كۆمەڵایەتی و ناسنامەی خۆیان لە دەست بدەن.»
سۆزان گرینفیڵد بۆ پشتڕاستكردنەوەی بۆچوونەكانی پشت بە توێژینەوەكانی زانكۆكانی هارفاردو برینستۆن دەبەستێت، توێژینەوەكەی ئەو زانكۆیانە ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە منداڵان بەهۆی یارییە ئەلیكترۆنییەكان ناتوانن سوود لە بە تەنیایی دانیشتن وەربگرن و بیر بكەنەوە، بەڵكو خۆیان بە یاری و تۆڕەكانەوە خەریك دەكەن، ئەمەش وا دەكات منداڵان بیر نەكەنەوە و كار لە عەقڵیان بكات.
لە كۆتاییدا ئەو پسپۆڕەی بواری فیزیۆلۆجیای عەقڵی، رێنمایی گشت لایەكمان دەكات، هەتا بۆ منداڵاكانمان تەنیا پشت بە مۆبایلە زیرەكەكان نەبەستین، بەڵكو لەبری ئەوە بە كارێكی دیكەوە خەریكیان بكەین، وەك وەرزش و خوێندنەوە و دەرچوون لەگەڵ هاوڕێیانیان.» توێژینەوەی دیكەش ئەوەیان سەلماندووە كە رێژەی بەكارهێنەرانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە ئەم یارییە ئەلكترۆنییانە چەند جۆرێكی جیاوازی هەیە، وەك: (پلەی ستەیشن و سمارت فۆن و ئێكس بۆكس) و چەندین یاریی دیكەش، ئەمەش وایكردووە بەكارهێنەرێكی یەكجار زۆری هەبێت. بە گوێرەی توێژینەوەیەكیش زیاتر لە (4%)ی سرووشتیی منداڵان بەرەو توندوتیژی زیادی كردووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەو یارییە ئەلیكترۆنییانە دەگێڕنەوە كە منداڵان بەرەو توندوتیژی دەبات.
چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بەهۆی یارییە ئەلیكترۆنییەكانەوە دروست بوون، پێویستی بەوەیە كە لە ماڵ و قوتابخانە رێنمایی منداڵەكان بكرێت، تا بەشێوەیەكی زۆر ئەم یارییە ئەلیكترۆنییانە بەكارنەهێنن و، رۆژانە تەنیا بۆ ماوەی دوو كاتژمێر ئەم یارییە ئەلیكترۆنییانە بەكاربهێنن و شوێنی تایبەت بە یارییە ئەلیكترۆنییەكانی منداڵ هەبێت، تاوەك ئەو یارییانەی كە بۆ منداڵان گونجاو نییە و كاریگەریی خراپی لەسەر منداڵ هەیە، بەكاری نەهێنن.
كۆمەڵناس نیاز محەمەد فەتاح، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «تیۆرەكانی مرۆڤناسی زۆر لە راستییەكانیان لەسەر مرۆڤبوون سەلماندووە، گرنگترینیان ئەوەیە كە مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و ناگاتە لووتكەی ئاسوودەیی ئەگەر تێكەڵی مرۆڤەكانی دیكە نەبێت، هەروەها هەنگاوەكانی گەشە تەواو ناكات، ئەگەر بێت و پراكتیزەی ژیان و جووڵە و یارییەكان بە بەردەوامی نەكات.» سەبارەت بە زیانەكانی خووگرتنی منداڵانیش بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان دەڵێت: «كاتێك منداڵەكانمان ئالوودەی یاریی تەكنەلۆجی دەبن، لە هەموو ئەو سرووشتانەیان دادەبڕێن كە سرووشتی مرۆیین، هەر بۆیە ئەو منداڵانە گۆشەگیر دەبن و توانای تێكەڵییان نابێت، ئەمەش وادەكات ئاسوودە نەبن، كاتێك لەناو خەڵكیش بن، هەر ئاسوودە نابن. هەروەها زیانی ئەم ئالوودەییە بۆ جەستەو پرۆسەی گەشەی منداڵەكەش دەردەكەوێت، كاتێك دەبینین منداڵەكە لەشێكی لاواز و ئێسكێكی نەرم و رەنگێكی زەردهەڵگەڕاوی هەیە، بە هۆی ئەوەی كە جووڵەی پێویست ناكات و هەتاوی باش لێی نادات و خواردنی باش و پێویستیش ناخوات، هەروەها ئەم ئالوودەییە زیان بە مێشك و تواناكانی بیرەوەرییان دەگەیەنێت و رێژەی هەڵچون و تووڕەبوونیان زیاد دەكات. جگە لەم زیانانە، دواتوێژینەوەكان دەریانخستووە كە نەخۆشییەكانی بەدخۆراكی و هەوكردنی بڕبڕەی مل و كزیی چاو لەو منداڵانەدا رێژەكەی زۆر زیاترە كە خوویان بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان گرتووە، بەراورد بەو منداڵانەی كە كەمتر ئەو یارییانە دەكەن.» گوتیشی: «گرنگە و پێویستە دایك و باوكان بزانن كاتێك منداڵەكەیان هان دەدەن بە بەردەوامی سەرقاڵی یارییە ئەلكترۆنییەكان بن، بەو پێیەی كە سەلامەتە و زیانی نییە و ناكەون و شەڕ ناكەن و...تادوای، ئەمە بیركردنەوەی راست نییە و ئەم جۆرە یارییانەش زۆر لە یارییەكانی دیكە زیانی زۆرتریان هەیە.
دڵشاد نامیق فەرەج، مامۆستای زانكۆیە و سەبارەت بە هەمان پرس رایوایە: «بابەتی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە ئەمڕۆدا گەیشتووەتە ئاستێك كە دەستبەرداربوونی تەواوەتی لێیان مەحاڵە و نانوانرێت بە تەواوەتی وەلاوە بنرێن، بەڵام پێویستە دایك و باوكان و سەرپەرشتیاران بە وریاییەوە ئەو ئامێرانە بخەنە بەردەست منداڵەكان، چونكە ئەو ئامێرانە دەریایەكی بێ سنوورن بۆ سەرقاڵكردنی منداڵ و كارێك دەكەن منداڵ بە تەواوی هۆگری بێت و خووی پێ بگرێت و دواتر ئالوودەی بێت، جا ئەگەر منداڵان پەیوەستی ئینتەرنێتیش بكرێن، مەترسییەكان و كاریگەرییەكانی زۆر زیاتر دەبێت.» لە بارەی زیانەكانی ئەو ئالوودەبوونەش دەڵێت: «كاتێك منداڵ گەیشتە ئاستی ئالوودەبوون، ئەوە دەبێتە هۆی گۆشەگیری و دوورەپەرێزیی منداڵەكە و دواجاریش نامۆبوون، سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی لە قوتابخانە بێزاربێت و گرنگی پێ نەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی دواكەوتن لە خوێندن، لەلایەكی دیكەوە رێگەدانی بێ سانسۆر بە منداڵ بۆ گەڕان لە یوتوب و ئینتەرنێت و دابەزاندنی ئەو یارییە ئەلیكترۆنییانە كە لەگەڵ تەمەنیدا ناگونجێت، وادەكات تێكەڵ بە جیهانێك ببێت كە گەورەترە لە تەمەنی خۆی و بەرەو لادانی رەفتار و توندوتیژی دەبات، ئەمەش لە كۆتاییدا زیانی گەورە بە كەسایەتی منداڵەكە دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت بەخێوكار و دایكان و باوكان بە وریاییەوە چاودێریی رەفتاری منداڵان لەگەڵ یارییە ئەلیكترۆنییەكان و ئامێرەكانی پەیوەندی و پەیوەست بە ئینتەرنێتەوە بكەن.»
جوان بەرزنجی پزیشكی خولاو لە نەخۆشییەكانی منداڵان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «زۆر بەكارهێنانی ئایپاد و موبایل و ئامیرەكانی یاریكردن لە سەر منداڵ كاردانەوەی زیاتری هەیە، بەتایبەت لەسەر چاوی، چونكە چاوی منداڵ بەردەوام لە گەشەكردندایە و ساڵانە چاوی گەشە دەكات. هەر بۆیە دەبێت تەنانەت بۆ خوێندنەوەش ئاگایان لە چاوی بێت و بەتایبەتی لە لایەن باوانەوە منداڵەكە رێنمایی بكرێت و پارێزگاری لێ بكەن، دەبێت تەنانەت بۆ خوێندنەوەش رۆژانە تەنیا یەك تا دوو سەعات بخوێنێتەوە، بەڵام لە شەش تا حەوت سەعات رۆژانە ئایباد، یان مۆبایل بەكار بێنی، ئەوە كاریگەریی زۆر خراپی دەبێت. هەروەها منداڵانێك كە چاویان لاوازە، یان نزیكبینن، بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە كاریگەریی ئەو نەخۆشییانە زۆر زیاتر دەكات، بۆیە دەبێت لەلایەن دایك و باوكانەوە رێگرییان لێ بكرێت و نەهێڵدرێت ئەوەندە خولیای ئەو ئامێرا نەبن، چونكە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی راگرتنی گەشەی چاو، لاوازبوون و هەستیاریی چاو، سەرئیشە و ماندووبوون و شەكەتی. هەروەها تووشی ئازاری شان و مل و چەمانەوەی ملیان دەكات و ناتوانن راست بڕۆن و سەریان رێك رابگرن. هاوكات بەكارهینانی ئایپاد و كۆمپیۆتەر كاریگەریی زۆری لەسەر گەشەی خانەكانی مێشكی منداڵ دەبێت، تووشی خەوزڕاندنیان دەكات، هەروەها ئەو منداڵانە تووشی كێشەی لەبیركردن و ئەنجامنەدانی ئەرك و كارەكانی رۆژانەیان دەبن.»
ئەو خاتوونە پزیشكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە «منداڵان تا تەمەنی حەوت ساڵان زۆر لە سەر شتەكان تەركیز دەكەن، بۆیە پێویستە ئایپاد بۆ كاتێكی زۆر كەم و لە ژوورێكی رووناك بەكار بێنن.» گوتیشی: «بەداخەوە ئەو منداڵانەی كە هۆگری یارییە ئەلیكترۆنییەكان دەبن، وەكو منداڵانی پێش خۆیان تامەزرۆی گوێگرتنی چیرۆكە خۆشەكانی دایك و داپیرە و باپیرە نابن، وەكو رابردووش بە لای یاری و بووكەڵەكان و پاسكیلەكانیاندا ناچن. خووگرتن بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان مەترسیی ئەوەی هەیە كە لە داهاتوودا تووشی رەقبوونی ماسوولكەو بڕبرەی پشت بن. دكتۆر (ریتشارد هاوس) وانەبێژ لە زانكۆی (وینشیستەر) ئاماژە بەوە دەكات، كە دەزگا زیرەكەكان زیانێكی زۆر بە منداڵان دەگەیەنن، پێویستە لەسەر دایكان و باوكان لەو بوارەدا زۆر وریا بن بۆ ئەوەی لە كاتی گەشەكردنی منداڵاكانیاندا رووبەڕووی كارەسات نەبنەوە.
هەڵمەت جەلال، قوتابی بەشی پەروەردەی تایبەتە لە زانكۆی سلاحەدین كۆلێژی پەروەردە و ئەویش یەكێكە لەو هەزاران هاووڵاتییەی كە خووگرتن بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان بۆ منداڵان بە مەترسییەكی گەورە دەزانێت و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «یەكەم كەس كە چەمكی ئالوودەبوون بە دنیای ئەلیكترۆنی بەكار هێنا، ئافرەتێكی زانای ئەمریكی بوو بە ناوی (كیمبرلی یونگ) كە پسپۆڕە لە زانستی دەروونناسی و یەكێكە لەو كەسانەی كە لە سەر ئەم چەمكە توێژینەوەی وردیان كردووە. سەبارەت بە ئالوودەبوون بە دنیای ئەلیكترۆنییش كە لە ئێستادا بووەتە دیاردەیەكی جیهانی، دەڵێت: «ئەم ئالوودەبوونە واتا بایەخدانی تاك بە بەكارهێنانی تۆڕی ئەلیكترۆنی بە راددەیەكی زۆر زیاتر لە ئاستی ئاسایی كە نەتوانێت بۆ وازهێنانی بە سەر خۆیدا زاڵ بێت، واتە زۆرترین كاتی بۆ دابین دەكات و زیانی زۆریشی دەبێت، بەتایبەتی بۆ منداڵان، بەداخەوە لە كوردستانیش رێژەی ئالوودەبوونی منداڵان بە دنیای ئەلیكترۆنی زۆر زیاتر لەوەی كە پێشبینی دەكرێت، زیادر كردووە. دەتوانم بڵێم دایك و باوكانی ئەم جیلە هۆكارێكی هەرە سەرەكین بۆ هۆگربوونی منداڵەكانیان بە جیهانی ئەلیكترۆنی، چونكە لە لایەك لەم سەردەمەدا ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان لە ئەرك و كاردان و منداڵ كاتێكی زیاتر بە تەنیا دەبێت، كە ئەوەش دەبێتە هۆی هەنگاونانی بەرەوە ئالوودەبوونی بە دنیای ئەلیكترۆنی، هەروەها دایك و باوكانیش ژمارەیەكی زۆریان بەرامبەر بە بەرنامەی رۆژانە و رێكخستنی كاتەكانی منداڵی خۆیان، یان كەمتەرخەمی دەكەن، یان لێی نایزانن، ئەوەش زەمینە بۆ منداڵ خۆش دەكات، هەتا تووشی ئەو ئالوودەبوونە بێت.» گوتیشی: «منداڵ كە تۆڕی ئەلیكترۆنی بەكار دەهێنیت، دوو دەرەئەنجامی دەبێت، یەكەمیان ئەوەیە كە دەبێت سوودی لێ ببینێت. واتە لە بواری فێركاری راهێنانەكانی بەرەو پێش ببات، یان شارەزاییەكی مەهاری پەیدا بكات، یان بۆ پشوویەكی كورت و بۆ گەمەیەمك بەكاری بهێنێت، بەڵام دەرەئەنجامی دووەم كە زۆر نەرێنییە، ئەوەیە كە ئالوودە بێت بە دنیای ئەلیكترۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بێگومان ئەو كات كەمتر مێشكی بەكار دەخات بۆ بیركردنەوە و پرسیاركردن سەبارەت بەو شتانەی كە نایزانێت، لە بری ئەوانە تەواوی هەستی لای جیهانە ئەلیكترۆنییەكەی دەبێت و لە دنیای بەكۆمەڵایەتی بوون دوور دەكەوێتەوە، ئەوەش وادەكات لە داهاتوودا كەسێكی گۆشەگیر بێت و نەتوانێت تێكەڵ بە كۆمەڵگەی خۆی بێت. زۆر جار ئالوودەبوونی منداڵ بە دنیای ئەلیكترۆنی وای لێدەكات گەشەی زمان و قسەكردنیشی بەرەو لاوازی بچێت، چونكە زیاتر چاوەكانی بەكار دەهێنێت، ئەوە جگە لەو زیانە زۆرانەی كە بۆ چاوی دروست دەبن.»