ئالوودەبوونی گەنجان بەیارییە ئەلیكترۆنییەكانی پڕ لە كوشتار بەزەنگێكی مەترسیدار دادەنرێت

ئالوودەبوونی گەنجان بەیارییە ئەلیكترۆنییەكانی پڕ لە كوشتار بەزەنگێكی مەترسیدار دادەنرێت
گەنجان هێز و كارامەیی هەر كۆمەڵگەیەكن و لە وەبەرهێنان و دواڕۆژی میللەتی خۆیاندا رۆڵێكی بەرجەستە و كاریگەریان هەیە، بەڵام بەردەوامبوونی شۆڕشی تەكنۆلۆژیا و شەپۆڵەكانی داهێنان لە ئینتەرنێتدا وایكردووە، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بە شتی لاوەكییەوە سەرقاڵ دەكرێن، بەتایبەتت یارییە ئەلیكترۆنییەكان كە لە سەرانسەری دنیادا بیرو هۆشی گەنجانی داگیر كردووە. لە ئێستادا یاریی «pubg» بەشێكی زۆری گەنجانی هەرێمی كوردستانیشی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، پسپۆڕانیش پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن، ئالوودەبوون بەو یارییانە دیاردەیەكی مەترسیدارە و گەنج لە داهێنان و وەبەرهێنان دوور دەخاتەوە، هاوكات چەندین كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتییان بۆ دروست دەكات. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان لەو بارەیەوە زانیاریی زیاترمان پێ دەدەن.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، یارییە ڤیدیۆییە ئەلیكترۆنییەكانی بە یەكێك لە مەترسییە گەورەكانی سەر مێشكی مرۆڤ هەژمار كردووە، ئەمەش وای كردووە، وڵاتان بە دوای چارەسەردا بگەڕێن و ئەو پرسە لە كەرتی تەندروستی گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و پسپۆڕ و ناوەندی تایبەت بە چارەسەركردنی بۆ بكەنەوە، نەخۆشخانەیەكی بەریتانیاش بۆ یەكەمجار ناوەندێكی چارەسەری دەروونی بۆ ئالوودەبووانی ئینتەرنێت دەكاتەوە. پسپۆڕی دەروونی (هرنیتا باودن جۆنز) دەڵێت: «دامەزراوەی تەندروستیی دەروونی، كردنەوەی ناوەندەكە بە گرنگ دەزانێ، بۆ چارەسەری ئالوودەبووان و ئامۆژگاریكردنیان و رێنوێنیی دایك و باوكی بەكارهێنەرانیش تا بە دوای دەروازەی دیكەدا بگەڕێن و منداڵەكانیان لە ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت دوور بخەونەوە.
چالاكی مەدەنی دوریا شێروانی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «داودەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانە، بەڵام زیاد لە پێویست بەكارهێنانی زیانی زۆری هەیە، بێگومان یارییە ئەلیكترۆنییەكانیش لایەنی ئیجابی و سلبیی خۆی هەیە، زیاد لە راددەی دیاریكراوی خۆی ئەنجامدانی ئەو یارییانە زیانی زۆری لە رووی تەندروستی و هزریشەوە هەیە. یارییەكانیش جۆراوجۆرن و جیاوازییان هەیە، جۆرێكیان بۆ زاخاوی مێشك و جووڵاندنی بیر و هزرە و زۆر جۆری دیكەشی هەیە كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر مێشك هەیە و كاری مراندنی جووڵەی مێشكە و كاریگەریی دەروونیشی هەیە، كە هاندەرێكی سەرسەختە بۆ دروستكردنی لایەنێكی شەڕانگێز و توندوتیژ لە بەكارهێنەریدا، بەتایبەت منداڵ، چونكە بوونەوەرێكی لاساییكەرەوەیە، هەروەها نەوجەوانانیش چونكە لە تەمەنێكدان حەزی خۆدەرخستن و باڵادەستبوونیان لە راددە بەدەرە، بۆ كەسە پێگەیشتووەكانیش جاری وا هەیە كاریگەرییە سلبییەكەی بە جۆرێك بووە، بووەتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزانێك، یان خیانەتی هاوسەری، یان خۆكوشتن، یان كوشتنی كەسێك.» گوتیشی: «ئامێر و یارییە ئەلیكترۆنییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەوژمێكی بەهێزی نەرێنی هەبووە و تا راددەیەكی زۆر لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا تێكدەر بووە، هۆكارەكەیشی نەبوونی هۆشیاریی چۆنیەتی بەكارهێنان و نەبوونی باكگراوەندی پێشوەختە و بێ بەرنامەیی و بێ پلانیی حكومەت و نەبوونی سانسۆر و خۆدوورگرتنی كەرتی پەروەردە لە پلانی درێژخایەن و كورتخایەنی ساڵانە بۆ رێنوێنیكردنی چینی قوتابیان و كەمتەرخەمیی راگەیاندنەكان لە بوونی بەرنامەیەكی هۆشیاری بۆ خەڵك، كە دەكرا بە دروستكردنی زنجیرەیەكی پەیوەندیی بەهێز هەموو ئەو لایەنانەی ئاماژەم پێكردن، هاندەری تەواو ئامادە بن بۆ دانانی بناغەیەكی تەندروست بۆ كۆمەڵگەیەكی تەندروست كە هیوام وایە حكومەت هەموو ئەمانە بەرچاو بگرێت و تاكەكانی كۆمەڵگەكەشمان تاكی هۆشیار و دووربین و وردبین بن «.
محەمەد مستەفا زراری مامۆستای زانكۆ لە كۆلێژی كیتابی زانكۆیی، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە یارییە ئەلیكترۆنییەكان بە شیوەیەكی یەكجارو فراوان لە هەموو جیهاندا بڵاو بۆتەوە بە چەندین شیوازو جیا جیا بەكاردەهێندرێن، وەك بەكارهێنانی لەسەر مۆبایل و لابتۆب و ئایباد، كە بووە بە بەشێك لە ژیانی زۆربەی هەرە زۆری خەڵك، بەتایبەت چینی گەنجان كە بە شێوەیەك ئالوودەی بوون، زۆربەیان ناتوانن دەستبەرداری ببن و رۆژێك بەڕێ بكەن، بە بێ ئەوەی یاری نەكەن، وەك ئەوەی كە ئێستا لە هەریمی كوردستان زۆر بە روونی دیاردەی بەكارهێنانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان بەدی دەكریت، كە هەر ماوەیەك جۆرێك لە یارییەكان گەنجان سەرقاڵ دەكات و دوایین جۆریشی كە گەنجان ئالوودەی بوون، یاریی (PUBG)یە كە لە سەرانسەری جیهان زۆربەی خەڵك و بەتایبەتی گەنجانی گیرۆدە كردووە، لە هەرێمی كوردستانیش بووەتە دیاردە و بە شێوەیەكی یەكجار فراوان گەنجان و تازەپێگەیشتووان ئەو یارییە بەكار دەهێنن.» هاوكات دەڵێت: «بە رای من ئالوودەبوون بەو یارییە ئەلیكترۆنییەكان و بەتایبەتی یاریی (PUBG) یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كەوا گەنجانی تازەپێگەیشتوو لە قۆناغی دواناوەندی لە زۆربەی وانەكان دەرنەچن، ئەو حاڵەتەش زۆر بە روونی و بە ئاشكرا لە هەرێمی كوردستان هەستی پێ كرا.» هۆكارەكانی ئالوودە بوون بەو یارییانەشی لەلایەن گەنجانەوە بەمجۆرە خاڵبەندی كرد:
1- دروستبوونی بۆشایی لە نێوان نەوەیەك بۆ نەوەیەكی دی، ئەویش بە هۆی بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆجیا.
2- پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە ئیستا گەنجان هەیانە، بەتایبەت ئەوانەی بێكارن.
3- سەرسامبوون بە كەلتوور و رۆشنبیریی بیانی.
4- هەستی هەڵە، بەوەی كە گوایە خەریكبوون بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان لە رووی دەروونییەوە ئاسوودەیان دەكات.
5- گرنگترین هۆكار بێئاگایی دایك و باوكانە سەبارەت بە رۆڵەكانیان، رەنگە هەندێك جاریش خۆیان هۆكار بن بۆ ئەوەی رۆڵەكانیان كاتی زیاتری خۆیان بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان بدەن، لە بەر ئەوەی زۆر جار خۆیانیش بەكارهێنەری ئەو جۆرە یارییانەن.
ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە سەبارەت بە زیانەكانی بەكارهێنانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان دەڵێت: «سەرەكیترین زیانی بەكارهێنانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان بریتییە لە زیانی تەندروستی بە بێ ئەوەی بەكارهێنەر خۆی هەستی پێ بكات، هەروەها دواكەتن لە خوێندن و دووركەوتنەوە لە زانست و زانیاری و بەفیڕۆدانی كات بۆ شتێك كەوا هیچ سوودێكی نییە. هەروەها بەكارهێنانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان دەبێتە هۆكاری تێكچوونی كاتەكانی نووستن و هەستان لە خەو، كە ئەمەش هۆكارە بۆ سەرئێشەی درێژخایەن و سستبوونی چاو و تووشبوون بە نەخۆشییەكانی مل و فەقەرات و بەتایبەتی تێكچوونی باری دەروونی كە زۆر جار بەكارهێنەری ئەو یارییە پڕ لە كوشتن و تاوانە، كەسێكی شەڕانگێزی لێ دەردەچیت. هەروەها یەكێك لە زیانە گەورەكانی ئەو یارییانە بریتییە لە دڵەڕاوكێ و دڵەكوتێ كە ئەوەش زیانی زۆر بە دڵ و باری تەندروستی دەگەیەنێت، هەروەها بێ ئاگابوون لە هەموو شتێك، چونكە كەسە ئالوودەبووەكە تەنیا بیرو هۆشی لای ئەو یارییەیە و دەیەوێت لە هەر دەرفەتێك بچێتەوە سەری، زۆر جاریش رەنگە كارێكی گرنگی هەبێت، بەڵام لە پێناو یارییەكەی پشتگوێی بخات.» بۆ دوور كەوتنەوەش لەو خووگرتنە بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان ئەم رێكارانە پێشنیار دەكات:
1- هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و بەوەی كە لە ژیاندا ئامانجی زۆر گەورە هەن، كە دەبێت هەوڵی بۆ بدەین، نەك سەرقاڵبوون بە شتێك كە لە زیان زیاتر هیچ سوودێكی نابێت.
2- خۆسەرقاڵكردن بە وەرزش و پەیوەندپیە كۆمەڵایەتییەكان.
3- بەشداریكردن لە خولی راهێنان و زمان و كۆمپیۆتەر.
4- گەڕان بە دوای هاوڕێیەكدا كە بتوانێت بۆ دوركەوتنەوە لەو ئالوودەبوونە یارمەتی بدات.
سەید عەلی رەمەزان، ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی مەلا ساڵح، لە روانگەی ئایینییەوە بۆ ئەو پرسە دەڕوانێت و بەمجۆرە باسی دەكات: «سەرەتا بە ناوی خوای گەورە و سڵاو بۆ گیانی پێغەمبەر و یارو یاوەرانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، بێگومان بەردەوام پێشكەوتنە بەردەوامەكان هانمان دەدەن بۆ بەرەوپێشچوون، ئەمڕۆ دنیا گۆڕاوە، واتە دونیای تەكنەلۆژیایە بۆیە زۆر گرنگە كەخۆمان رابهێنین لەگەڵ ئەم پێشكەوتنانەو هەوڵ بدەین سوودیان لێ وەربگرین و خۆشمان و نەوەكانمان لە زیانەكانی بپارێزین، بۆیە زۆر گرنگە گەنجەكانمان كاتەكانیان لە شتی بەسوود بەڕێ بكەن و سوود لە تەكنەلۆژیای سەردەم وەربگرن، بۆ بەرەوپێشچوونی خۆیان و كۆمەڵگە و نیشتیمانیان، كەچی دەتوانم بڵێم جێگای داخە زۆرێك لە گەنجانمان لە كوڕ و كچانمان كاتەكانیان خەریكە بە بێسوودی لە بەكارهێنانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان بەڕێ دەكەن، وەك پۆپ جی و ئەتاری و.. هتد، خۆزگە هەر تەنیا بەشێك لە كاتەكانیان بۆ دیاری دەكرد. بە راستی زۆر كارەساتە كە دەبینین ئەمڕۆ بەكارهێنانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان بۆتە مایەی لێكترازانی كۆمەڵگە بەگشتی و هەروەها لێكترازانی خێزانی بەتایبەتی، نەك هەر ئەوە بەڵكو وەك دەبینین بۆتە مایەی خۆكوشتن و وەك بیستمان لەم چەند رۆژەی رابردوو گەنجێك خۆی كوشت، هۆكارەكەشی یاریی پۆپ جی بوو، هەروەها مێرد ژنی خۆی تەڵاق داوە، هۆكارەكەی یاریی پۆپ جی بووە.»
ئەو مامۆستا ئایینییە باسی ئەو كێشانە دەكات كە بە هۆی یارییە ئەلیكترۆنییەكانەوە دروست بوون و خۆی لە نزیكەوە ئاگای لێیان بووە،و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «وەك مامۆستایەكی ئایینی ئاگادارم بە هۆی یارییە ئەلیكترۆنییەكانەوە چەندین كێشەی خێزانی دروست بووە و بەردەوامیشە و رەچاوی لێكترازانی ژن و مێردی لێ دەكرێت. بۆیە دەڵێم وەك لە شەرعەوە هاتووە كە دەڵێت: (الاصل في الاشیاء الاباحة حتی تثبت حرامه)، واتە ئەسڵی هەموو شتێك حەڵاڵە، تاوەكو حەرامییەكەی ئاشكرا دەبێت. بۆیە دەڵێین لە روانگەی شەرعەوە یارییە ئەلیكترۆنییەكان حەڵاڵن، بەڵام كاتێ ببێتە مایەی لێكترازانی خێزانی و دروستبوونی كێشەی خۆكوشتن و.. هتد، ئەوكات حەرام دەبێت. بنچینەیەكی دیكەی شەرعیمان هەیە كە دەڵێت: (لاضرر ولاضرار)، واتە نابێت نە زیان بە خۆت بگەیێنیت و نە زیانیش بە بەرامبەرت .»
Top