بەسەرهاتی كچێك كە شووی بە مێردی خوشكەكەی كرد
February 12, 2019
کۆمەڵایەتی
ئەوین تەمەنی تەنیا 19 ساڵە، بەڵام ئازارەكانی ژیانی وای لێ كردووە، بە تەواوی لە گەنجێتی دابڕاوە. خەمێكی ئازاربەخش لە روخساری دەبارێت و هەرگیز زەردەخەنەیەكی نابیندرێت.
ئەو خاتوونە دراوسێی ماڵی برایەكمە و بە رێكەوت لە ماڵی براكەم یەكترمان ناسی. زۆر مات و مەلوول دیار بوو، تازە مێردی كردبوو، بەڵام لە تازەبووكێك نەدەچوو، بەردەوام لە بیركردنەوەدا بوو، ناوە ناوە ئاخێكی قووڵی هەڵدەكێشا، منیش لێم پرسی: خوانەخواستە خۆ نەخۆش نیت؟ كچی براكەم كە هاوتەمەنی ئەوینە، سەیرێكی منی كرد و سەری راوەشاند و گوتی: بریا نەخۆش بووایە. بەخوا شەو و رۆژ دڵی دەدەمەوە و پێی دەڵێم تازە ئەوەی بووە بووە، دڵی خۆت توند مەكە. لەو كاتەدا ئەوین لە پڕمەی گریانی دا و بە هەنیسكەوە گوتی: «كێ دەتوانێ لە ماڵی خوشكە مردووەكەی دڵی خۆش بێ؟ كێ دەتوانێ لە ناو جێگەی خوشكەكەیدا لەگەڵ هاوسەری خوشكەكەیدا ئاسوودە بێ؟ بە خوا كە هاوسەری كۆنی خوشكەكەم و هاوسەری ئێستای من باوەشم پێدا دەكات، بێزم لەخۆم دەبێتەوە و هەست دەكەم خیانەت لە خوشكە مردووەكەم دەكەم».
وەك ئەوین خۆی باسی كرد، دوای كۆچی دوایی خوشكە گەورەكەی، سێ منداڵی ورد بێ دایك دەبن، باوكی منداڵەكانیش دوای چەند مانگێك بەپەلە ژنی دووەم دێنێت، بەڵام ئەو ئافرەتە زۆر ئازاری منداڵەكان دەدات و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵیان ناسازێت، بۆیە تەڵاقی دەدات و لە یەكدی جیا دەبنەوە. ئەوین بە خەمبارییەكی زۆرەوە باسی ئەو رۆژانەی ژیانی دەكات و دەڵێت: «دوای ئەوەی زاواكەمان ژنی دووەمی تەڵاق دا، منداڵەكانی خوشكی رەحمەتیم كە گەورەكەیان پێنج ساڵی تەمەنە، ئەو دووەكەی تریان زۆر منداڵن، دیسان بێ دایك بوونەوە، بۆیە هەردوو خێزانەكە بڕیاریان دا، من بچمە جێگەی خوشكم و دایكایەتی بۆ منداڵەكان بكەم. بەڵام من پۆلی 11ی ئامادەیی بووم، دنیایەك خەون و خەیاڵم هەبوو، كەچی بە زۆر لە خوێندن دایانبڕاندم و هەر بە زۆریش بە شوویان دام. منداڵەكان بێتاوانن دەڵێی پەپوولەن، حەز دەكەم ئەوەی لە دەستم دێ بۆیان بكەم، بەڵام باوكیان ناچێتە دڵمەوە، ئەو دۆزەخە بۆم دروست كراوە، تەنیا بە خۆشەویستیم بۆ منداڵەكان تەحەمولی دەكەم. هاوسەرەكەی خوشكم كاتێك منی خواست، زۆر بێ منەت پێی گوتم: بەر لە خۆم، بۆ منداڵەكانت دەخوازم. لەو كاتەدا هەموو حەز و ئاواتەكان و خۆشییەكانی خۆمم ناشت. چونكە دەمزانی ژیان بە بێ خۆشەویستی چەند سەختە و هەر چركەیەكی مەرگێكە. تازە ئەوە چارەنووسی منە و تەنیا پەنا بۆ خوای گەورە دەبەم، تاقەتم بدات، تەحەمولی بكەم.».
فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئۆفیسی ئەوروپای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بەو حاڵەتە دەڵێت: «هاوسەرگیری لەگەڵ مێردی خوشك دوای مردنی خوشكەكە دیاردەیەكی ناشارستانییە و پێشێلكردنی مافی هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانە، لە زۆر حاڵەتیش نەك تەنیا كچەكە، بەڵكو هەردووكیان دەبنە قوربانیی ئەم دیاردە سەقەتە، هەردووكیان بەناچاری یەكتر قبووڵ دەكەن، لە پێناو ئەوەی منداڵەكان نەكەونە ژێر دەستی زڕدایكێكی بێگانە، دەتوانم بڵێم بۆ رازیكردنی خێزانی هەردوو لا و رێگری لە دروستبوونی كێشە كچە دەبێتە قوربانی، بەڵام ئەوەی عەقڵم قبووڵی ناكات، ئەوەیە كە ئەم دووانە تاوەكو خوشكەكە لە ژیاندا مابوو، خوشك و برا بوون، باشە چۆن دەكرێ ئەو هەستە پیرۆزە لە ماوەی چەند مانگێكی كەم بگۆڕێت بۆ هەستی ژن و مێردایەتی؟ بێگومان ئەوەش بۆ یەكتر قبووڵكردن لە رووە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكەیەوە زۆر قورس و سەخت دەبێت، من ئەمجۆرە هاوسەرگیرییە هاوشێوەی دابینكردنی دایان بۆ هاوسەر و منداڵەكان دەبینم، زۆر حاڵەت هەبووە كە نەیاتوانیوە یەكتر وەكو ژن و مێرد قبووڵ بكەن و هەمیشە ساردییەك لە نێوانیاندا بوونی هەبووە، تەنانەت ئەو ساردییەی نێوانیان كاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵەكانیش دروست دەكات. من بەشبەحاڵی خۆم ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە بە تاوان دەزانم، داواكارم ئەم جۆرەی هاوسەرگیرییە نەمێنێت، یان هیچ نەبێت مافی هەڵبژاردنی هاوسەر لە كەس نەسەندرێتەوە، بۆ ئەوەی چیدیكە غەدر لە ئافرەتان نەكرێت، ئەو كچە مەزڵوومە لە تەمەنێكی كەمدا بەرپرسیارێتی ماڵ و هاوسەر و منداڵی دەكەوێتە ئەستۆ، لە كاتێكدا ئەو خۆی هێشتا پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی و پاڵپشتیكردن هەیە.
مامۆستا هێمن شارەستینی ئیمام و خەتیبی مزگەوتی جافان لە روانگەی شەرعەوە باسی ئەم پرسە دەكات و دەڵێت: حەرامە دوو خوشك لەژێر نیكاحی پیاوێكدا بن، بەڵام ئەگەر كچێك شووی كرد بە پیاوێك كە مێردی خوشكی بووە و ئەو خوشكەی وەفاتی كردووە، دروستە و رێگەپێدراوە شووی پێ بكات، بە بەڵگەی ئەوەی دوو كچی پێغەمبەری خوا، شوویان بە ئیمامی عوسمان كرد، بەڵام لە دوای مردنی یەكیان ئەوەی تریان شووی پێ كرد، ئەوانیش زەینەب و روقیە بوون». گوتیشی: «ئەگەر هاوسەرگیرییەكە بەزۆر بێت و لەبەر خاتری منداڵەكان بێت، واتا كچەكە بكرێتە قوربانی بۆ دروستنەبوونی كێشە، ئەوە دروست نییە، زانایانیش رەئیان جیاوازە لە بەشوودانی بەزۆری ئافرەتان، هەندێك دەفەرموون دروست نییە، بە بەڵگەی ئەوی كچێك هاتە خزمەت پێغەمبەری خوا صلی اللەعلیەوسلم، وتی: باوكم دەیەوێت بمدات بە ئامۆزاكەم و دەیەوێت عەیب و كەموكوڕیی ئاموزاكەم بە من داپۆشێت، پێغەمبەری خوا فەرمووی: بە حەزی خۆتە، ئەگەر پێت خۆشە شووی پێ بكە، ئەگەرنا هیچ كەسێك ناتوانێ بە زۆری بدات بە شوو، واتا ئیختیاری دایە دەست كچەكە. هەندێكی دیكەش دەڵێن: وەلی ئەمر دەتوانێ كچەكەی خۆی بە شوو بدات و پرسیشی پێ نەكات، بەڵام بەگشتی زوڵم و ستەمێكی یەكجار گەورەیە و لە كۆن و لە رابردووش ئەم كارە كراوە و ئێستاش هەندێك جار بە بەهانەی منداڵ و چەندان شتی دی ئەم كارە دەكرێت، ئەوە زۆڵم و ستەمێكی یەكجار گەورەیە لەو كچە دەكرێت، چونكە بە بێ رەزامەندیی خۆی بە شوو دراوە، ئەوەش لە ئیسلامدا كارێكی ناڕەوایە».
توێژەری كۆمەڵایەتی هیمن ساڵح رایوایە: «كۆمەڵێك دابونەریت و پێوەری كۆمەڵایەتیی سەقەت و دواكەتوو تاوەكو ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ماونەتەوە كە یەكیان بەزۆر بەشودانی ئەو كچ و ژنانەیە كە خوشكیان كۆچی كردووە، بە بیانووی ئەوەی ئەو دەتوانێ پارێزگاری لە منداڵەكان بكات و وەكو زڕدایكێك نابێت بۆیان جێگەی خوشكی مردوویان دەگرنەوە، لە راستیدا ئەوە جگە لەوەی كاریگەری خراپی دەروونی و كۆمەڵایەتی بۆ ئەو كەسە دەبێت، كاریگەری خراپ دەخاتە سەر منداڵەكانیش كە خوشكێك هاتووە شوێنی دایكیان دەگرێتەوە، لەبەرئەوە هەقوایە بە یاسا ئەو جۆرە هاوسەرگیریە قەدەغە بكرێت، ئەو كچەش كە لە تەمەنێكی كەمدایە و لە خوێندندا بووە، ئەوە زوڵمێكی گەورەیە لێی كراوە و كراوەتە قوربانی بۆ داپۆشینی هەندێ دابونەریتی دواكەوتوویی كۆمەڵایەتی، هەر ئەو حاڵەتانەشە رێژەی خۆكوشتنی لە كۆمەڵگەی ئێمە بەرزكردووەتەوە كە ئافرەتان دەكەونە بەر گوشارێكی گەورەی كۆمەڵایەتی و دواجار بەرگەی ناگرن و خۆیان دەكوژن، هەمیشە كێشە كۆمەڵایەتییەكان بە ژن چارەسەر كراوە، لە كۆندا لەبری خوێن دەدرا، وەكو مەڕ و بزان گۆڕینەوەی پێ دەكرا واتا ژن بە ژنە، یان ژن و پارە، یان كردوویانن بە رێگەی چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكان، لە رابردوو بە مەڕو ماڵات و ژن و پارە بووە، ئێستاش پارە و ژنە».
مافپەروەر عیماد ئەحمەد، لە رووی یاساییەوە ئەم بابەتە روون دەكاتەوە و دەڵێت: «لە یاسای باری كەسی هاتووە: هاوسەرگیری گرێبەندێكی ئارەزوومەندانەیە لەنێوان ژن و پیاودا كە بە هۆیەوە هەریەك بۆ ئەوەكەی دی بەپێی شەرع حەڵال دەبێ و مەبەست لێی پێكهێنانی خێزانە لەسەر بنچینەی خۆشەویستی و بەزەیی و بەرپرسیاریەتی هاوبەش بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە. سەبارەت بەگرێبەستی هاوسەرگیری ئەم ئافرەتە وەك ئەوەی كە دەوترێت كە بەزۆر بەشوو دراوە و خۆی رەزامەندی لەسەر نەبووە، ئەم دیاردەیە لە كۆندا زۆر و بەربڵاو بوو، بەڵام سوپاس بۆخوا ئێستا ئەم دیاردەیە كەم بۆتەوە». ئەوەشی خستەڕوو كە «بەپێی یاسا لە ماددەی نۆیەم لە یاسای باری كەسی لە بڕگەی یەكەمدا دەڵێ: نابێ هیچ خزمێك، یان كەسێكی بیانی یەكێك ناچار بكات، (چ نێر بێت، یان مێ بێت) بۆ هاوسەرگیری بەبێ رەزامەندیی خۆی و گرێبەندی بەزۆری بە نادروست دادەنرێ، لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددە هاتووە، ئەگەر ئەو كەسانەی كە هەڵدەستن بە ئەنجامدانی هاوسەرگیریی بەزۆر لە كەسانی نزیك و پلە یەك بوون، ئەوا سزا دەدرێن بە حەپسكردن بۆ ماوەیەك لە دوو ساڵ كەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت. بەڵام ئەگەر هاتوو سەرپێچیكار لە ئەوان نەبوو، ئەوا سزاكەی توندتر دەبێت كە سزاكەی بریتی دەبێت لە حەپسكردن بۆ ماوەیەك لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت و لە دە ساڵ زیاتر نەبێت، بۆیە ئەو ئافرەتە كە لە ژێر هەڕەشە و تۆقاندن رازی كرابێت ئەو هاوسەرگیرییە ئەنجام بدات، ئەم كارە بە توندوتیژی دادەنرێت. پێویستە لەسەر ئەو كەسانەی كە دوچاری ئەم گرفتە دەبنەوە سەردانی دادگا و نووسینگەكانی توندوتیژی و بنكەكانی پۆلیس بكەن، بە مەبەستی ئەنجامدانی رێكاری یاسایی و دەستگیركردنی تۆمەتباران، هەروەها لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە هەشتی ساڵی 2011 كە دەرچووە لە پەرلەمانی كوردستان لە ماددەی دووەم باسی كۆمەڵێك كارو هەڵسوكەوتی كردووە بە ئەنجامدانی توندوتیژی لە چوارچێوەی خێزان، یەكێكیان ئەنجامدانی هاوسەرگیریی بەزۆرە، یەكێكی تریش بەزۆر وازهێنان تاكەكانی خێزانە لە خوێندن و فەرمانبەرێتی، بە هەر هۆكارێك بێت، بۆیە ئەم ئافرەتە چەند جارێك توندوتیژی بەرامبەر كراوە، جارێك بەزۆر بەشوودان و جارێكی تریش بەزۆر وازهێنان لە خوێندن و لە هەمووی قورستریش توندوتیژیی دەروونی كە ئەم جۆرە هاوسەرگیرییانە كاریگەرییەكی زۆر خراپی دەبێت بۆ سەر دەروونی ئەو كەسە و رەنگە رووداوی نەخوازراوی لێ بكەوێتەوە، وەك خۆكوشتن و خوسووتاندن، زۆر جاریش ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە سەركەوتوو نابێت، رەنگە ناپاكی هاوسەریی لێ بكەوێتە، دواجار بە هەمان شێوە هەر ئەم ئافرەتە دووبارە دەبێتەوە بە قوربانی و كێشەكان قووڵتر دەبنەوە».
ماجید خەلیل مامۆستای زانكۆ و سەرۆكی بەشی مێژوو لە كۆلێژی پەروەردەی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی، سەبارەت بە هەماڵ حاڵەت رایوایە: «ئەوە نەریتێكی نەرێنی و نەخوازراوی ناو هەموو بەها و پێناوە پەسەندەكانی كۆمەڵە. هاوكات شۆكێكی وەهای سایكۆلۆژیش دەخزێنێتە دنیابینی و داهاتووی ئەو كیژەوە كە ناتوانێ رۆژێ لە رۆژان وەك مرۆڤێكی نۆرمەڵ هەڵسوكەوت بكات. ئەم دیاردە دانەبڕاوەی كەلتوور و كینەی كۆمەڵایەتی ئێمە، دنیایەكی نەریتییانەی دێرینەو بەردەوامە. پاساوە كۆمەڵایەتییەكان رێگە بە قاچ راكێشانی ستەمێكی وەها دەدەن. - لەبەر منداڵەكانی-، ئەو چەمكەیە كە كاروانێك ژنی كوردی هەر لە دنیادا خستووەتە دۆزەخەوە. لەبەر منداڵەكانی، پڕەنسیپێكی هەڵەی مرۆڤكوژە. چەمكێكی جەلادانەی بێ لۆژیكە. كۆمەڵ رێگە دەدات، بەڵام سرووشتی كیژەكە رێگە نادات. بۆ زانیاریتان، مرۆڤ سرووشتی لە پێش هەموو پێودانگێكەوەیە. سرووشت یانی ئازادی و ئەوین بۆ ژیان، یانی خۆت، یانی خەونەكانت، خەمەكانت، خواو خاكت. بەڵام نەریتی بێ لۆژیكی بەربەرییانە هەموو ئەوانەت لێ دەستێنێ. بەردەوام ئەو ژنانەی كە خیانەت دەكەن، كە پەروەردەی زاڕۆیان شێواوە، كە بایەخ بە خۆیان نادەن، كە نەخێندەوارن، كە مژوڵی مەكرو فێڵ و خۆسووتاندنن، ئەو ژنانەن كە بە تۆپزی و بە زیندوویی ژیانیان لێ سەندراوە، ئەو ژنانەن ژیانیان دەخرێتە ناو گۆڕی نەریت و حەزی كۆمەڵەوە».