چەندین رێكار و رێنمایی بۆ بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ

چەندین رێكار و رێنمایی بۆ بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ
منداڵان لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا بە نەوەی داهاتوو ناو دەبردرێن و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیشدا بۆ پەروەردەكردنیان لەلایەن خێزان و حكومەتیشەوە بەرنامەی توكمە و پلانی درێژخایەنیان بۆ دادەنرێت، هەتا بە شێوەیەكی شیاو گەشە بكەن و كەسایەتییەكی بەهێزیان هەبێت و بتوانن خزمەتی خۆیان و كۆمەڵگەكەیان بكەن. بەڵام كەسایەتیی منداڵ چۆن فۆڕم دەگرێت؟ فاكتەكانی گەشەكردنی كەسایەتیی منداڵ چین؟ لە كوردستان دەیان رێكخراوی داكۆكیكار لە مافەكانی منداڵان هەن، ئایا تا چەند توانیویانە كار لەسەر بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ بكەن؟ حكومەت لەو بوارەدا چی كردووە و پێویستە چی بكات؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان، بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، چەندین رێكار و رێنمایی لۆژیكی بۆ بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ دەستنیشان دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

مریەم سالح، مامۆستایه و جگە لەوەی وەك مامۆستایەك بە قووڵی تێكەڵی جیهانی پەروەردەیی منداڵ بووە، خۆیشی دایكی سێ منداڵەو وەك باسیكرد (كچێكی لە باخچەی ساوایانە و كورێكی پۆلی سێ و كچە گەورەكەشی پۆلی پێنجی بنەڕەتییە)، سەبارەت بە ناوەڕۆكی ئەم راپۆرتە و چۆنیەتی بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵیش هێما بۆ ئەوە دەكات، كە «ئەگەر گرنگیی بە پەروەردەی تەندروستی منداڵ بدرێت، بێگومان دەبێتە خاوەن كەسایەتییەكی بەهێز و لە داهاتوودا وەك گەنجێكی بەرهەمهێن و بەتوانا سوودی بۆ خۆی و كۆمەڵگەش دەبێت.» گوتیشی: «لەسەر پرس و كێشەكانی منداڵان لە هەرێمی كوردستان تا راددەیەك كار كراوە و ناكرێت حاشا لەو كارانە بكرێت كە ئەنجامدراون»، نموونەشی بەوە هێناوە كە «لە قوتابخانەكاندا مامۆستایان كەمتر پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن، دایك و باوكانیش باشتر مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانیان دەكەن.» هۆكاری ئەوەشی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاریی تاك گەڕاندەوە و گوتی: «بەراورد بە ساڵانی رابردوو دیاردەی بەكارهێنانی توندتیژی دژ بە منداڵ و كاركردنی منداڵ كەم بۆتەوە، لە رووی یاساییشەوە كاری بۆ كراوە، بۆ نموونە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دیارترینی ئەو بەرهەمانەیە كە لەم چەند ساڵەی دواییدا كارێكی گرنگ بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو توندووتیژییانەی دژ بەمنداڵان ئەنجام دەدرێت». سەبارەت بە منداڵەكانی خۆیشی دەڵێت: «من و هاوسەركەم كە ئەویش مامۆستایە منداڵەكانمان زۆر بە باشی پەروەردە كردووە و هیچ كێشەیەكیان نییە، تەنیا كچە گەورەكەم كە ئێستا پۆلی پێنجی بنەڕەتییه كێشەی گەورەی لە وانەی بیركاری هەبوو، كە ئەویش چارەسەر بووە.» سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش گوتی: «راوێژمان بە هاوڕێیەكی هاوسەرەكەم كرد كە دكتۆرای هەیە لە دەروونناسی، بەڕێز دكتۆر ئومێد قادر، دوای چەندین جار قسەكردن لەگەڵ كچەكەم رێنمایی كردین، بۆ ماوەیەك پارەی خەرجیی ماڵ بە شێوەی هەفتانە و دواتر بە شێوەی مانگانە بدەینە دەست منداڵەكەم و داواشی لێ بكەین هەموو خەرجییەكانی رۆژانە لە دەفتەرێكدا بنووسێت، هەر واشمان كرد و هاوكات بە وردی چاودێریمان كرد، بڕوا بكەن، لەو كاتەوە پارەی خەرجیی ماڵەوەمان داوەتە دەست كچەكەم، متمانە بەخۆبوون و هەستكردنی بە بەرپرسیاریەتی زۆر زیاتر بووە و لە وانەی بیركارییش كێشەی نەماوە و زیاتر لە هەموو وانەكانی تر گرنگیی پێ دەدات».
ڕێبوار مەهدی چالاكی مەدەنییە و یەكێكە لەو هەزاران كەسەی كە ڕایانوایە «یەكەم مافی منداڵ ئەوەیە لەژێر چاودێری و خۆشەویستیی دایك و باوكیدا پەروەردە بكرێت، بەڵام كاتێك كە باس لە سیستمی تایبەتی دەكرێت بۆ پەروەردەكردنی منداڵ لە قۆناغی بنەڕەتیی خوێندن، بەرپرسیاریەتی دەخاتە ئەستۆی حكومەت، واتە پەرەوەدەی منداڵ لەو تەمەنە ناسكە پڕ لە ئامادەبوونەدا بۆ فێربوون و وەرگرتنی رێنمایی دەكەوێتە ئەستۆی قوتابخانە و وەزارەتی پەروەردە و حكومەت كە زۆر پێویستە كاری جددی لەسەر بكەن.» گوتیشی: «بەداخەوە لەو بوارەدا بەراورد بە منداڵانی جیهان شتێكی ئەوتۆ بۆ منداڵانی كوردستان نەكراوە.لە كوردستان دەیان رێكخراومان هەیە بە ناو داكۆكی لە مافەكانی منداڵان دەكەن، بەڵام نەیانتوانیوە وەك پێویست كار لەسەر بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ بكەن، هەروەها نەیانتوانیوە بە دروستكردنی فشار لەسەر یاسادانەران بەرگری لە مافەكانی منداڵان بكەن، بۆ نموونە پێویستە یاسایەك هەبێت بەرگری لەو منداڵە بكات كە دەستدرێژی سێكسی دەكرێتەسەر، یان یاسایەكی تایبەت بەو منداڵانە هەبێت كە دەكەونە ژێر دەستی زڕدایك و زڕباب»،
جەختی لەوەش كردەوە كە «رێكخراوەكان پێویستە گرنگی بە منداڵانی ئاوارەی ناو كەمپەكان بدەن، كە ئەو منداڵانە چەندین جار مافیان لی سەندراوەتەوە، ئەوان جیا لەوەی لەسەر خاك و نیشتمانی خۆیان دەركراون، ژمارەیەكی زۆریان بێ دایك و بێ باوك كراون.» گوتیشی: «سەرەڕای ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تا رادەیەكی باش هاوكاری برا ئاوارەكانمان دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا منداڵانی ئاوارە لە ناو كەمپەكاندا لە زۆر ماف بێبەش كراون، بەتایبەتی ئەوانەی دایك و باوكیان لەدەست داوە، بۆیە بەهێزكردنی كەسایەتیی ئەو لێ قەوماوانە كار و هەنگاوی جددیتری دەوێت.»
كەلسوم گەزنەیی چالاكی مەدەنییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «منداڵ بوونەوەرێكی بایەلۆژی و تەقلیدییە و دواتر لە رێگەی خێزان و دامودەزگای پەروەردەیی و ئایینی دەگۆڕدرێت بۆ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی.» هێما بۆ ئەوەش دەكات كە «گرنگترین تەمەن كە كەسایەتیی تاكی تێدا بنیاد دەنرێت، تەمەنی تا پێنج ساڵانە و زانایان جەخت لەسەر گرنگیی ئەو تەمەنە دەكەنەوە.» گوتیشی: «دەكرێت لە چەند رێگایەكی پەروەردەیی كاری بنەڕەتی لەسەر بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ بكرێت، بۆ نموونە: ئەو كاتەی منداڵ فێری قسەكردن دەبێت، پێویستە بۆ دروستكردنی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی تێكەڵی كۆمەڵگە بكرێت و فێر بكرێت چۆن رێز لە بەرامبەركەی بگرێت. پێویستە منداڵ لەسەر ئەوە رابهێندرێت كە متمانەی بەخۆی هەبێت و بتوانێت بڕیار بدات و هاوڕێی خۆی دەستنیشان بكات و، رێگەی پێ بدرێت هەڵەكانی خۆی راست بكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانی خۆی رێكبخات و رێگای دروست بدۆزێتەوە. بەو جۆرە كەسایەتیكی بەهێز بنیاد دەنێت و سوودی بۆ كۆمەڵگە و بۆ خۆیشی دەبێت».
شێرزاد محەمەد پیرمووسا، سەرۆكی رێكخراوی ئەلند بۆ دیموكراسیی گەنجان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەداخەوە هەندێك لە دایك و باوكان گرنگی بە پەروەردەی منداڵی خۆیان نادەن و خۆشیان نازانن بەرپرسیاریەتی چییە، هەتا ئەو هەستە لای منداڵی خۆیان دروست بكەن. واتە نازانن دروستكردنی هەستی بەرپرسیاریەتی بۆ منداڵ دەبێتە هۆی رزگاركردنی لە زۆر ئاریشە و گرفتی گەورە كە دێتە بەردەم منداڵ لە ئاستەكانی ژیانیدا.» گوتیشی: «هەرچەندە ئێمە وا راهاتووین كە منداڵ لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بەرپرسپاریەتی وەردەگرێت، ئەویش لەبەر ئەوەی لەم تەمەنە دەچێتە بەرخوێندن و چەندین بەرپرسیاریەتی وەردەگرێت، وەك خوێندن و نووسین و پارێزگاری لە كەلوپەلی خۆی و قوتابخانەكەی، بەڵام شارەزایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە منداڵ لە تەمەنی سێ ساڵانەوە هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكات، چونكە لەم تەمەنەدا پارێزگاری لە یارییەكانی دەكات و هەروەها جلوبەرگ و پێڵاوەكانی خۆی دەناسێت و چەندین كەلوپەلی خۆی دەشارێتەوە و بە كەسیان نادات.» سەبارەت بە رێكارەكانی بۆ بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵیش گوتی: «پێش ئەوی دایك و باب مندالەكانیان فێری چۆنیەتی بەرپرسیاریەتی بكەن، دەبێت نموونە و سەركردە و (قدوە)ی باش بن بۆیان تاكو ئەركیان ئاسان بكات. هەروەها پێویستە هەندێكجار منداڵەكەیان بۆ جێبەجێكردنی كارێك رابسپێرن و چاودێریشی بكەن و پاداشتی كارەكەشی بكەن. بەپێچەوانەشەوە منداڵ لەكاتی جێیەجێنەكردنی ئەركەكەی دەبێت سزا بدرێت، بەڵام دوور لە توندوتیژی، ئەویش بە مەحروومكردنی لە هەندێ شت كە زۆر حەزی لێدەكات. پێویستە ئەو خاڵانەش رەچاو بكەن:
هەڵسوكەوت و مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو منداڵەكانی ناو خێزان بە یەكسانی، خۆدووركردنەوە لە نازاندنی منداڵ بە هەموو شێوەیەك، دیاریكردنی رۆڵی منداڵ لە پشكداریكردنی لە بڕیاردا لە ناو خێزان، فێركردنی منداڵ بەوەی كە خۆی ئاریشە و كێشەكانی لە چوارچێوەی خێزاندا چارەسەر بكات، دروستكردنی باوەڕی و متمانە لای منداڵ و خۆنزیكردنەوە لێی وەك هاوڕێیەك، هاندانی منداڵ بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و راستگۆیی و لێكتێگەیشتن. كۆی ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی منداڵ خاوەن كەسایەتییەكی بەهێز بێت».
رۆژنامەنووس و توێژەری كۆمەڵایەتی زۆزك تاهیر رایوایە: «پەروەردەی منداڵ بە شێوەیەكی زانستی تەنیا لە ئەستۆی خێزاندا نییە، بەڵكو حكومەت و دامودەزگای پەروەردەیی و رێكخراوەكانی تایبەت بە منداڵان لەو بوارەدا بەرپرسیارن.» نموونەشی بەوە هێنایەوە: «دایك و باوكی نەخوێندەوار و ناوشیار، توانای ئەوەیان نییە كە بە شێوەیەكی زانستی منداڵی خۆیان پەروەردە بكەن، هەروەها دایك و باوكی رۆشنبیر و وشیاریش هەر چەندە هەوڵ بدەن كە منداڵی خۆیان بە شێوەیەكی زانستی پەروەردە بكەن، ئەگەر ژینگەی پەروەردەیی واتە(قوتابخانە، كۆڵان، میدیا و بەتایبەت تیڤییەكان) شیاو نەبێت، ئەوا سەركەوتوو نابن.» هاوكات دەڵێت: «لە ناو خێزاندا وەك یەكەم ژینگەی پەروەردەیی منداڵ، دەكرێت بە ئاراستەی بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ هەنگاوی گەورە هەڵبگرین، لەوانه: هەرگیز درۆ لەگەڵ منداڵ نەكرێت، بەڵێنی درۆی پێ نەدرێت، بەرنامەی خوارن و خەو و پشووی رێكبخرێت. رووبەڕووی سزای قورس و توندوتیژی نەبێتەوە، فێر بكرێت هەست بە خاوەندارێتی بكات و جیاوازیی شتومەكی خۆی و كەسانی دیكه بزانێت، فێری رێزگرتن لە خۆی و دەوروبەری بكرێت، متمانەی پێ بكەن و هانی متمانەبەخۆبوونی بدرێت. وەڵامی پرسیارەكانی بدرێتەوە و پشتگوێ نەخرێت، دایك و باوك جیاوازی لە نێوان منداڵەكانیان نەكەن. چاكەی منداڵی دیكەی بە روودا نەدەنەوە، بۆ سزادانی، قسەی ناشیرین و جنێودان و سووكایەتی پێ كردن بەكار نەهێنن، فێری خۆشویستنی خۆی و خێزان و هاوڕێ و تەنانەت ئاژەڵ و ژینگەی بكەن. هەر ئەمانە و چەندین رەفتاری دیكەی زانستی بە شێوەیەكی چروپڕتر و بەرنامە بۆ داڕێژدراو دەبێت لە ناوەندەكانی پەروەردەیی و رێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومی و میدیاكان پەیڕەو بكرێت و پەرەی پێ بدرێت، بەتایبەتی لە تیڤییەكاندا كە بەشێكی زۆری كاتی رۆژانەی منداڵان داگیر دەكەن، زۆر بەداخەوە زۆربەشیان جگە لەوەی كە لە بژاردە و بڵاوكردنەوەی فیلمەكاندا رەچاوی سایكۆلۆژیی كۆمەڵایەتی و كەلتووریی كۆمەڵگەی خۆیان ناكەن، لە ئەفلام كارتۆنەكانیشدا زیاتر توندوتیژی و قسەی نەشیاو و جنێودان فێری منداڵ دەكەن، كە ئەوەش بە هۆی وەرگێڕانی سەقەت و كاری دوور لە پڕۆفیشناڵی روو دەدات».
رۆژنامەنووس كارزان پیران هێما بۆ ئەوە دەكات كە «ئەو ناوەندە چاودێری رەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكەن، بەردەوام رەخنە لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ناوچەكە و عێراق بەتایبەتی دەگرن.» هاوكات دەڵێت: «بەداخەوە لە كوردستان هەمیشە رەوشی منداڵان بەراورد بە توێژەكانی دیكە كەمتر بایەخی پێدراوە، لەحاڵێكدا هەر منداڵانن كە زیاتر رووبەڕووی توندوتیژی و سووكایەتی پێكردن و دەستدرێژی سێكسی و بەزۆر كارپێكردن و چەندین شێوەی دیكەی پێشێلكاری لە مافەكانیان دەبنەوە، لە ئێستاشدا كە دۆخی ناوچەكە بە شەڕێكی توند و ماڵوێرانكەردا تێدەپەڕێت، نەهامەتییەكانی منداڵانی زیاتر بووە، چونكە منداڵان كەمتر دەتوانن بەرگەی برسێتی و تینوێتی و گرفتەكانی ئاوارەیی بگرن». گوتیشی: «رێنماییەكان زۆرن بۆ بەهێزكردنی كەسایەتیی منداڵ، بەڵام یەكەم هەنگاوی دەبێت كاركردن بێت بۆ نەهێشتینی جیاوازیی رەگەزی و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی وشیار و دادپەروەر».
Top