سەرەڕای پێشگرییەكانی دایكان منداڵان زیاتر تووشی پەتا وەرزییەكان دەبن

سەرەڕای پێشگرییەكانی دایكان منداڵان زیاتر تووشی پەتا وەرزییەكان دەبن
سرووشتی دایكان وایە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن، رێگری لە نەخۆشكەوتنی منداڵەكانیان بكەن، بە پێچەوانەی پیاوان كە زیاتر بیر لە چارەسەری پزیشكی بۆ منداڵەكانیان دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پەتا وەرزییەكان و بەتایبەتی لە وەرزی زستانەدا زیاتر بەرۆكی منداڵان دەگرێت. ناوەندە زانستییەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، منداڵان لە گەورەكان زۆرتر ئەگەری تووشبوونیان بە پەتا زستانییەكان هەیە. سەنتەری كۆنتڕۆڵكردن و پێشگیری لە نەخۆشییەكان (CDC) لە ئەمریكا دەڵێت: منداڵان دوو تا سێ هێندەی گەورەكان زیاتر تووشی پەتاكانی كۆئەندامی هەناسە دەبن و ئەگەری ئەوە هەیە هەر منداڵێك ساڵانە زیاتر لە جارێك پەتا بگرێت، ئەوەش بەهۆی پێنەگەیشتوویی و لاوازیی كۆئەندامی بەرگرییانە، بۆیە دەبێت چاودێریی زیاتری باری تەندروستیی منداڵان بكرێت. لەم راپۆرتەی (گوڵان)دا چەندین رێنمایی لەسەر زاری پسپۆرانەوە بۆ دایك و باوكان دەخەینەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەرەرتا د. سیما سابیر، پزیشكی منداڵان و خێزان، باسی ئەوە دەكات كە «پەتای زستانە نەخۆشییەكە بەهۆی جۆرێك لە جۆرەكانی ڤایرۆسەوە تووشی لووت، قوڕگ، ڕێڕەو و بۆریی هەناسەو سییەكان (كۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤ) دەبێت، كە بەهۆی جۆری ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای (سی)یە و ئەم ڤایرۆسە پێكهاتەی دروستبوونەكەی لە جۆرەكانی دیكە لاوازترە، ماوەی مانەوەی نەخۆشیی پەتا لەكەسی تووشبوو لەنێوان 7- 10 رۆژدایە و توانای گواستنەوەی لە مرۆڤ بۆ مرۆڤ هەیە.» هاوكات دەڵێت: «لە وەرزی سەرمادا خەڵكی كەمتر دەچنە دەرەوە و زۆرتر لە نێوماڵ و شوێنە داخراوەكان دەمێننەوە، ئەوەش كەشێكی گونجاوە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكان و ئەو میكرۆبانەش كە دەبنە هۆی پەتا بڵاوەكانی كۆئەندامی هەناسە، لە هەوای سارد و وشكدا زۆرتر دەمێننەوە، بەوەش رێژەی نەخۆشخستنی خەڵك زۆرتر دەبێت و منداڵانیش زۆرتر تووشی دەبن.»
ئەو خاتوونە پزیشكە ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە «نەخۆشیی پەتا و هەڵامەت بەهۆی سەرماوە نییە، بەڵكو بەهۆی ڤایرۆسەوەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرما رۆڵی هەیە لە دابەزینی بەرگریی لەش و دەشبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی زیاتر تێكەڵی یەك ببن و لە دەوری سۆپا كۆببنەوە، ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەڵامەت و زۆرێك لە نەخۆشییە گوازراوەكانی دیكەش زیاتر دەبێت، بۆیە دەبێت گرنگیی زیاتر بە هۆیەكانی پاكوخاوێنی وەك دەست شووشتن و هەواگۆڕكێی ناوماڵ بدرێت.
هاوكات هەندێك نەخۆشیی هەن بە سەرما و هەوای سارد توندتر دەبن، بەتایبەت سینگەكوژێ و رەبوو، فشاری بەرزیی خوێن، بۆیە ئەو نەخۆشانە دەبێت زیاتر ئاگایان لەخۆیان بێت، كە لە دەرەوەی ماڵیش بوون، خۆیان زۆر ماندوو نەكەن، چونكە ئەمیش توندكەرێكی تری نەخۆشییەكەیانە.» سەبارەت بە دەرمانیش دەڵێت: «منداڵی تووشبوو بە هەڵامەت و پەتا تەنیا دەبێت دەرمانی دابەزێنەری پلەی گەرمی پێ بدرێت وەك پاراسیتۆڵ و پرۆفین و بە هیچ جۆرێك بەبێ ئاگاداریی پزیشك نابێت دەرمانی دژەزیندەی پێ بدرێت، چونكە زۆربەی ئەو حاڵەتانەی هەڵامەت و پەتا ڤایرۆسین و كاتێك كەسەكە تووشی دەبێت، دەرمانێكی تایبەت نییە كە ڤایرۆسەكان لەنێو ببات، بەڵكو ڤایرۆسەكە دەبێت هەر سووڕەكەی خۆی تەواو بكات.
د. سیما سابیر ئەو رێنماییانە بۆدایكان دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی بتوانن منداڵی خۆیان لە تووشبوون بە پەتا بپارێزن. یەكەم: شوشتنی دەست بە ئاو و سابوون، كە لە رێگە هەرە كاریگەرەكانە بۆ رزگاربوون لە ڤایرۆس و بەكتریا نەخۆشخەرەكان. دووەم: دەبێت منداڵان فێربكەن دەست بۆ چاو و لووتیان نەبەن، لە بەر ئەوەی دەست چەندین زیندەوەری نەخۆشخەری پێوەیە، كاتێك بەر چاو و لووت دەكەوێ، زیندەوەرەكان دەچنەسەر لینچە پەردەكان و لەوێوە زۆر ئاسان زۆر دەبن و دەگەنە سووڕی خوێن. سێیەم: دەبێت منداڵ نووستنی پێویست و پشووی ئارامی شەوانی تەواو بێت، چالاكیی جەستەیی رۆژانەی هەبێت بدە و خۆراكی تەندروستی پێ بدرێت، هەموو ئەوانە بەرگری جەستە لەدژی ڤایرۆس و زیندەوەرەكان زیاد دەكەن. ڤیتامین سی یەكێكە لەو ڤیتامینانەی كە بەرگری جەستە بەهێز دەكات و لە توشبوون بە پەتاكانی وەرزی زستان دووریان دەخاتەوە و لە هەمان كاتدا چاكبوونەوە خێراتر دەكات. خواردنەوەی ئاوی پێویست جەستە بە شێداری دەهێڵێتەوە و بەرگری جەستە بەهێزتر دەكات، باشتر وایە لەكاتی توشبوون بە پەتا، ئەو خواردنەوانە كەم بكرێتەوە كە كافایین لە پێكهاتەیاندا هەیە.»
نیشانەكانی پەتای وەرزی:
* بێهێزی لە سەرەتای توشبوون بە ڤایرۆسەكە.
* سەرئێشەو سووربوونەوەی چاو و قوڕگ ئێشە.
* پژمین و دەردانی دەردراوەكانی لووت (هەڵامەت.)
* بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش.
* ئازاری ماسوولكەكانی لەش بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت لە نێوان جومگەكان.
خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە:
1.دوركەوتنەوەی لە كەسی توشبوو، بەتایبەت لەناوماڵ و لە شوێنی كاركردن و قوتابخانەكان لە كاتی بوونی نەخۆش پێویستە كەسی توشبوو لەگەڵ كەسی بەرامبەر دووریی نێوانیان لە یەك مەتر زیاتر بێت.
2. هەواگۆڕكێ، یان كردنەوەی پەنجەرە لەكاتی هەبوونی توشبوون بە ئەنفلۆنزا.
3.لەكاتی پژمینی كەسی توشبوو، پێویستە دەستەسڕ بەكاربهێنێت بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی دەردراوەكانی پژمینەكە.
4. خواردنی ئەو میوانەی (ڤیتامین سی)ی زۆری تێدایە، وەك پرتەقاڵ و لیمۆ و لالەنگی.
5. خۆدوورخستنەوە لە خواردنەوەی گەرمیی وەك شیری كوڵاو كە ئەمە باوە لەكاتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا ئەم كارە زۆر دووبارە دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو خواردنە گەرمەوە چالاكیی بەكتریا و ڤایرۆس لە قوڕگدا زیاتر دەبێت، هەروەها پلەی گەرمیی لەش زیاتر دەبێت.
6. كوتان بە ڤاكسینی ئەنفلۆنزا كە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاو بۆتەوە.
7. بەكارهێنانی هەندێك جۆری دەرمانی دژە هەوكردن لەژێر چاودێریی پزیشكی پسپۆڕی ئەو بابەتە، ئەویش بە تەنیا بۆ كەمكردنەوەی هەندێك لە نیشانەكانی دەبێت.
8. خۆپاراستن لە سەرما، بەتایبەت لەم وەرزەدا كە پلەكانی گەرما لە كاتەكانی رۆژا لەگەڵ شەو جیاوازن.«
ئیبراهیم حاجی زەڵمی كە ماستەرنامەكەی تایبەتە بە زانستی كۆی پزیشكی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە نەخۆشكەوتنی منداڵان بە پەتا وەرزییەكان تا ئاستێكی زۆر كاریگەری كۆمەڵایەتی لەسەر خێزان و كەسێتی و خوێندن دروست دەكات، نەخۆشی یەكێكە لەو دیاردە نێگەتیڤانەی كە مرۆڤ لە چوست و چالاكی دەخات و لە كەسێكی چالاك و گورج و گۆڵ و بەرهەمدار و هاوسەنگەوە بۆ كەسێكی پاسیڤ بێ بەرهەم و بار بەسەر خۆی و ئەوانی ترەوەی لێدەكات. هەروەها دەڵێت: «دیارە نەخۆشی ئەگەرچی وەك میوانێك دەبێتە میوانی جەستە و دەروونی هەموو مرۆڤێك، بەڵام دەركەوتە و ئازاری و زیانمەندییەكانی تەنیا لەسەر جەستەو دەروون و ژیانی سرووشتیی تاكی نەخۆش جێ ناهێڵێت، بەڵكو بە جۆرێ لە جۆرەكان كاریگەریی نەرێنی و دەركەوتەی خراپی لەسەر كەسانی دەوروبەری و تەنانەت كۆمەڵگەكەش دەبێت، بەمانا كاریگەری نەرێنی لەسەر باری ئابووری و دەروونی و كۆمەڵایەتی خۆی و چواردەوری دادەنێت. دیارە نەخۆشییە وەرزییەكان لەو نەخۆشییانەن كە كەش و ئاو و هەوا كاریگەری لەسەر سەرهەڵدانیان و دووبارەبوونەوەیان ئەگەرێكی هەمیشەیی هەیە، چونكە مرۆڤیش جەستەی وەك بەشە فیزیكییە ئەندامییەكەی وەك تێكڕای زیندەوەران تووشی دابەزینی بەرگری دەبێت لەكاتی گۆڕینی ئاو و هەوای ناساز لەگەڵ سیستمی فیزیكی جەستەی، بۆیە تووشبوونی بە نەخۆشی ئەگەرێكی هەمیشەیی بووەو بەردەوام تووشی بووە. دیارە منداڵیش لەبەر ئەوەی بەرگری و سیستمی بەرەنگاربوونەوەی جەستەی لە ئاستی هەواگۆركێ و كەشی ناسازدا كەمترە، بۆیە زیاتر تووشی نەخۆشییە وەرزییەكان دەبێت.
پایز و زستان و بارگۆڕانە كەشییەكان بە رووی ساردو سۆڵەدا زیاتر منداڵ تووشی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسیانە دەكات كە بە پەتا و پەسێو ناسراون، لێرەوە زۆر گرنگە سیستمی بەرگریی منداڵ بەرز بكەینەوە كە ئاماژە بە سێ خاڵی گرنگ دەكەم:
یەكەم: پەرەدان بە سیستمی خۆراكی. چونكە زۆرجار سیستمی خۆراكیی خراپ دەبێتە هۆكاری كەمیی ڤیتامینەكان لەوێشەوە بۆ دابەزینی بەرگری لەش، بۆیە هەمەجۆری و هەمەچەشنیی خۆراك لە ژەمەكان و شەوچەرەكاندا هۆكارێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی لەش كەموكورتی نەهێنێت لە ڤیتامینەكان و كانزاكان و ئەوانەش پاڵپشتیی باش دەبن بۆ بەرگری و تووشنەبوون بە نەخۆشی و پەتا وەرزییەكان بەتایبەتی.
دووەم: بایەخدان بە جلوبەرگ و ئەو پۆشاكانەی كە تایبەتن بە وەرزەكانی سەرما، چونكە پۆشاكەكان و جلوبەرگەكان هەردەم بەرگر و بەرگیرێكی باشن بۆ پاراستنی جەستە لە نەخۆشییەكان.
سێیەم: هوشیاریی تەندروستی، بەئاگابوون لە چۆنیەتی و كاریگەری و سیستمی خۆپارێزی لەمەڕ ئەو نەخۆشییانە، كە بێگومان خانەوادەكان لەم رووەوە ئەگەر رۆشنبیرییان زیاتر بێت، ئەوا منداڵ باشتر خۆی دەپارێزێت و كەمتریش تووشی ئەو نەخۆشییانە دەبێت.»
پسپۆڕی هوشیاریی تەندروستی عەلی ئیبراهیم حەسەن، باسی ئەوە دەكات كە «لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان دایكان هەڵدەستن بە ئامادەكاریی بۆ چۆنیەتی پاراستنی منداڵەكانیان لە پەتا و نەخۆشیی زستانە، لەبەر ئەوەی منداڵان زیاتر تووشی پەتای زستانە دەبن. ئەویش بە هۆی ئەوەیە كە سیستمی بەرگرییان تەواو پێنەگەیشتووە.» هاوكات دەڵێت: «نزیكەی 200 جۆر ڤایرۆس هەن كە بە هۆی كەش و هەوای زستانەوە بڵاو دەبنەوە و زیاتریش دەبنە مەترسی لە سەر باری تەندروستیی منداڵان، بەتایبەتی كە سرووشتی منداڵان وایە حەز دەكەن دەست لە هەموو شت بدەن و خولیای دۆزینەوە و گەڕانن و هەر چییان دەست بكەوێت دەیخەنە دەمیانەوە بۆیە زیاتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی وپەتایان هەیە.»
ئەم ئامۆژگارییانەش بۆ دایكان وباوكان دەخاتەڕوو هەتا باشتر بتوانن چاودێریی تەندروستیی منداڵەكانیان بكەن:
1. پاراستنی پاكوخاوێنیی دەستی منداڵ.
2. بەكارهێنانی كلینكس و دەستەسڕ لە كاتی پژمین.
3. جیاكردنەوەی كەلوپەلی نانخواردنی منداڵ لەگەڵ كەسی نەخۆش.
4. خواردنی تەندروست، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی كە ڤیتامین (C)ی زۆرە وەك پەرتەقاڵ و كێوی و هەروەها بەكارهێنانی سەوزە و سیر و پیاز و بیبەری شیرین لە خورادن.
5. راهێنانی وەرزشی و یاریكردن لەگەڵ منداڵان، بەتایبەتی منداڵانی قەڵەو كە زیاتر تووشی ڤایرۆس و نەخۆشی و تەنگەنەفەسی دەبن.
6. نووستن و پشووی تەواو وا دەكات جەستە باشتر ببووژێتەوە و هۆرمۆنەكانی چالاكتر بن.
7. هاوسەنگبوونی پلەی گەرمیی ژوورەكان، واتە نابێت ژوورێك زۆر گەرم بێت و ژوورێك سارد بێت.
لەكاتی چوونەدەرەوە جلوبەرگی زستانی لەبەر بكرێت.»
Top