نووسینی سەرئۆتۆمبێل وبارهەڵگرەكان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت

نووسینی سەرئۆتۆمبێل وبارهەڵگرەكان خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت
هەموو كۆمەڵگەیەك لە پێكهاتەی جیاواز و چین و توێژی جۆراوجۆر پێكهاتووە و تاكیش لە روانگەی تایبەت بە خۆیەوە سەیری دەوروبەری دەكات و جۆری پەیوەندییەكانیشی رێكدەخات. بێگومان ئاستی رۆشنبیریی تاك كاردانەوەی لە سەر مامەڵەی رۆژانەی لەگەڵ خێزان و كۆمەڵگە دەبێت و هەندێكجاریش حاڵەتی جێی سەرسوڕمان دروست دەبێت. ماوەیەكە نووسینی سەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكان لە كۆمەڵگەی خۆماندا بووەتە شتێكی باو و خەریكە لە حاڵەت دەردەچێت و دەبێتە دیاردە، هەندێك لەو نووسینانەش جێگەی سەرسوڕمانی هاووڵاتییانەو خوێندنەوەی جیاوازیشیان بۆ ئەو دیاردەیە هەیە.

«بەو رۆژگارە لە سبەی تا بانگی شێوان كار دەكەم، شتێكی وام دەست ناكەوێت، لە شەرمەزاریی خێزان و منداڵ دەر بێم، كەچی كۆمپانیای مۆبایل بە مەلایین دیناریان بە چركە دەست دەكەوێت و نرخەكەشی لەو خەڵكەی گران دەكەن.» ئەوە قسەی (شێروان محەمەد) بوو. وەك خۆی باسیكرد، تەمەنی 34ساڵە و خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە و دانیشتووی كۆمەڵگەی دارەتووی هەولێری پایتەختە. ئەو بارهەڵگرێكی بچووكی سێ تایەی هەیە و بە جوانی رازاندوویەتەوە و لە پشتەكەشی بە خەتێكی جوان و گەورە نووسراوە: «لە وڵاتێكدا دەژیم، كە كارتی (5000)ی بە (6000) دینارە!»
كاتێك پەیامنێری گوڵان پرسیاری لێ دەكات، بۆچی ئەوەت نووسیوە و ئایا هیچ كاریگەرییەكی لە سەر جێبەجێكردنی خواست و ئامانجەكەتدا هەبووە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: «هەر بۆ زەوقی خۆم ئەوەم نووسیوە و كەسیش بەرۆكی نەگرتووم، بڵێ ئەوە چییە، بۆ نووسیوتە؟ بە پێچەوانەوە زۆر كەس دەستخۆشیم لێ دەكەن بۆ ئەوەی لەسەر عەرەبانەكەم نووسیومە.» شێروان ئەوەشی ئاشكرا كرد كە جگە لەوەی هەر بەو ماتۆڕە بارهەڵگرەی كەلوپەلی ناوماڵ دەگوازێتەوە، بەڵكو كاری كڕین و فرۆشتنی كەلوپەلی ناوماڵیش دەكات و بەوانە بژێوی رۆژانەی خێزانەكەی دابین دەكات.
سەدان هاووڵاتی وەك شێروان، شتی جۆراوجۆریان لە سەر ئۆتۆمبێلی تایبەت و تاكسی و بارهەڵگرەكانی خۆیان نووسیوە، شتی زۆر سەیر و سەمەرەشی تێدایە، وەك: «بیری كەرێك دەكەم، بە دوو پێ دەڕوات»، «شێخم لە خەسووم نەمایە»، «بەخۆت مەنازە چاوپان»، خۆت بسووتێنی، خۆت تێ ناگەیەنم»، لە بیرم چوو لەبیرت كەم»، «چاوپیس لێم گەڕی با ئیشێ بكەم»، لێمدەی پێت چاك دەكەمەوە»، تەنانەت داوای ژن كردنیشی تێدایە و نووسراوە: «تاكەی بێ ژن بم؟» هەندێكیان بۆ نموونە تەنانەت بەڵێنی كوشتنی زەڵام دەدەن، وەك: «خۆشم دەوێی هەناسەكەم، لە قاپ شووشتن هەتا زەلامكوشتن لەگەڵتم»، ئەمانە و دەیان جۆرە نووسینی دیكەی تێدایە كە بۆ بڵاوكردنەوە ناشێن، هاووڵاتیانیش خوێندنەوەی خۆیان بۆ ئەو كارانە هەیە.
راگەیاندنكار سەركار مەولوود، لەو بارەیەوە رایوایە: «ئەو كەسانە دوو بەشن، بەشێكیان كۆمیدیایە و بۆ خۆشییە و بەشێكیشیان راستەقینەیە و ناخی مرۆڤەكەیە كە رووداوێكی بەسەرهاتووەو تێیدا سەركەوتوو نەبووە.» هاوكات دەڵێت: «ئەو جۆرە نووسینانە تەعبیر لە ناخ و هەستی خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە دەكات، بێگومان هەندێكیان هەر بۆ خۆشییە و هەندێكیشیان تووشی داڕمانی رۆحی بوون و بەشێك لە ئازاری ناخیان دەخەنەڕوو. هەروەها بێكاری و هەژاری و نەداری و كەمداهاتبوون زۆر جار وادەكات ئەو كەسانە پەنا بۆ نووسینێك ببەن و ئازاری خۆیانی پێ دەرببڕن. هەیە لە پەیوەندی سۆزداری تووشی شكست بووە، بۆ نموونە كوڕێك پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كچێك هەیە، بەڵام رێگری لە بە یەكگەیشتنیان دەكرێت، ناچار ناخی خۆی لە چەند وشەیەكدا كۆدەكاتەوە و لەسەر ئۆتۆمبێلەكەی دەینووسێ، بەداخەوە هەندێ لەو نووسینانە دوورن لە بەهای ئەخلاقی و سووكایەتی بە مرۆڤ دەكات، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار رێگری لێ بكات. بۆ نموونە شوفێرێكی تەكسی لە دواوی جامەكەی نووسیویەتی: «بیری كەرێك دەكەم، بە دوو پێ دەڕوات.» ئەم نووسینە نەك پێشێلكاریی كاری پیشەییە و تاكسی شتێكی تایبەت و شەخسی نییە، بەڵكو ئەو پەڕی سووكایەتییە بە گەورەیی مرۆڤ، چونكە خودای گەورە دەفەرموێ (وَلَقَدْ كرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) واتە ئێمە رێزمان لە نەوەكانی ئادەم گرتووە. بۆیە دەكرێ بپرسین: بە چ حەق و یاسایەك ئەم شوفێرە ئەم سووكایەتییەی نووسیوە؟ لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك حاڵەت هەیە، تەنیا كۆمیدیایە و بۆ خۆشییە و سووكایەتیشی تێدا نییە.»
‎نیاز محەمەد، كۆمەڵناسی پزیشكییە و سەبارت بە هەمان پرس دەڵێت: «دیاردەی نووسینی هۆنراوە و پەند لەسەر دیوی دەرەوەی پاس و ئۆتۆمۆبێلەكان گوزارشتە لە هەست و سۆزی خاوەنەكانیان و بێگومان بوونی هەر دیاردەیەكیش لەناو كۆمەڵگەدا فاكتەری خۆی هەیە، ئەو دیاردەیەش كۆمەڵێ فاكتەری لەپشتەوەیە لەوانە: كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی سۆزدارییە و لە ساڵەكانی سەرەتای منداڵی رێژەیەكی زۆر لە سۆز و خۆشەویستی دەبەخشنە منداڵەكانیان، بەڵام كە گەورە دەبن ئەو پەیوەندییە كەمتر دەبێتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ كوڕاندا، بۆیە ئەوانیش بەو جۆرە گوزارشت لە هەست و سۆزیان دەكەن. فاكتەرێكی دیكە ئەوەیە زیاتر شۆفێری هەرزەكار ئەم رەفتارانە دەكات، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ قووڵبوونەوەی هەست و سۆزەكانی لەسەر رەگەزی بەرامبەر، بۆیە بە زیادەڕۆییەوە گوزارشتی لێ دەكات. فاكتەرێكی دیكە دووری و سنوورداربوونی پەیوەندیی نێوان دوو رەگەزەكەیە كە ناتوانن بە ئاشكراو لە بەرچاوی هەمووانەوە پەیوەندی بگرن، بۆیە بەم جۆرە گشتگیرە دەیانەوێ باس لە هەست و سۆزیان بكەن. فاكتەرێكی دیكەش ئەوەیە كە كۆمەڵگەی كوردی لە پرۆسەی پەروەردەدا رێگە نادات، یان فێری منداڵانی ناكات، هەتا بتوانن بە ئاسانی گوزارشت لە خۆیان بكەن. بۆیە كە گەورەش بوون، هەوڵ دەدەن بە ناڕاستەوخۆ هەستی خۆیان دەرببڕن.»
هێمن ساڵح توێژەری كۆمەڵایەتییە و رایوایە «هۆكاری سەرەكیی ئەو دیاردەیە پەیوەندی بە دواكەوتوویی كۆمەڵایەتییەوە هەیە، بەشێكیشی تەقلیدە و سەرسامبوونی مێرمنداڵان و گەنجانە بەو كەسانەی كە كاری وا دەكەن و دووبارەی دەكەنەوە، بەشێكیشی تەعبیرە لە كپبوونی كەسەكە لەو بابەتەی كە گوزارشتی لێ دەكات، كە دەنگی بە شوێنی خۆی ناگات و بە شێوەیەكی دیكە دەیەوێ بیگەیەنێ، ئەو دیاردەیەش هەروەكو ئەو نووسینانەیە كە لەسەر دیواری قوتابخانەكان، یان ئاودەستی مزگەوتەكان دەنووسرێن، كە تەنیا ژینگە پیسكردنە بە هەست و سۆزێكی زبڵاوی نەك شتێكی باش، چونكە لەلایەك ئەوە نایاساییە و لەلایەكی دیكەشەوە رێگە و شێوازی باشتر لەو سەردەمە بۆ دەربڕینەكان هەیە، كە مرۆڤ دەتوانێ بە كاری جوان سەرنجی خەڵك رابكێشێت، نەك بە كاری خراپ.
Top