ژن و مێردێ لە كاتی تۆماركردنی داوای جیابوونەوەیان لە دادگا لە یەكدی مارە دەكرێن

ژن و مێردێ لە كاتی تۆماركردنی داوای جیابوونەوەیان لە دادگا  لە یەكدی مارە دەكرێن
لە سەرلەبەری وڵاتانی جیەاندا ژمارەی ئەو هاوسەرانەی كە بە هۆكاری جیاواز بڕیاری جیابوونەوە دەدەن كەم نین، بەڵام هەندێكیان بە بێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە كە رێكارێك بۆ چارەسەری ناكۆكیی و كێشهكانی نێوانیان بدۆزنەوە، پێداگری لە سەر جیابوونەوەیان دەكەن، بەوەش داهاتووی خۆیان دەدەنە دەستی قەدەر و منداڵەكانیشیان دەبنە قوربانیی سەرەكی و باجی ئەو بڕیارە بەپەلەیە دەدەن. بەڵام ئافرەتێك كە داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی كردووە، بەسەرەاتێكی دەگمەنی هەیە كە پێچەوانەی هەموو داواكارییەكانی جیابوونەوەی هاوسەرانە و ئەو بەسەرەاتەی بۆ گۆڤاری گوڵان دەگێڕێتەوە.

«ماڵی باوكم ساڵانێكی زۆر ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، هەر لەو وڵاتەش باوكم توانی ناسنامەی ئێرانی بۆ هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان وەربگرێت، منیش هەر لە ئێران لەدایك بووم و تا پۆلی پێنجی سەرەتاییم لەوێ خوێندووە، چەند خزمێكیشمان كە ئاوارەی ئێران بوون، هەر ئیقامە(مۆڵەتی نیشتەجێبوون)یان وەرگرتبوو، بەتایبەتی ماڵی خهزوورم، جگە لە نفووس(ناسنامە)ی عێراقی هیچیان نەبوو، بۆیە منیان لە لای مەلای مزگەوت لە ناسری مێردم مارە كرد. دوای ئەوەی چوومە ماڵی خەزوورم، كێشەی زۆریان بۆ دروست كردین و ناچار بووین ماڵی خۆمان جیا بكەینەوە، ناسر سەرەتا زۆر باش بوو، كاری دەكرد و كڕێی خانووی دەدا و دڵی من و منداڵهكانی رادەگرت، بەڵام وردە وردە خۆی لە قەرەی كاركردن نەدەدا، كرێی خانوو بەسەر یەكدا دەكەوت، بژیویمان زۆر ناخۆش بوو، بۆیە ناچار بووم لە ماركێتێكی گەورە وەك فرۆشیار كار بكەم، سەرەڕای ماندووبوونیشم، هەمیشه ئازاری دەدام و هاتوەاواری دەكرد، سەبارەت بە منداڵهكانیش زۆر كەمتەخەم ببوو، پەیتا پەیتا ماڵ و منداڵی بەجێ دەهێشت و دواتریش هەر بە دەستی بەتاڵ دەگەڕایەوە، بۆیە گەیشتمە ئەو قەناعەتەی كە چیدی لەگەڵی ناژیم، ئەوە بوو لە دادگا سكاڵام لەسەر تۆمار كرد.»
ئەوە قسەی ئەمیرە سەعید بوو. ئەو خاتوونە دانیشتووی شاری سۆرانە و وەك خۆی باسیكرد، دایكی چوار منداڵە و تەمەنی لە پەنجا ساڵ نزیك بووەتەوە. چیرۆكە دەگمەنەكەی ئەمیرە لەو كاتەوە دەست پێ دەكات، كە لە دادگا سكاڵای لەسەر هاوسەركەی تۆمار كردووە بۆ ئەوەی لێك جیا ببنەوە،بەمجۆرەش باسی ئەو رۆژانەی ژیانی دەكات: «دوای ئەوەی لە دادگا سكاڵام لەسەر مێردەكەم تۆمار كرد، مێردەكەشم زۆر خۆی دڵخۆش نیشان دەدا و دەیگوت: من لە خوام دەوێت لە كۆڵم ببیتەوە، هەردووكمان بڕیاری كۆتاییمان دا، ناسریش چیدی نەدەهاتەوە بۆ ماڵەوە، هەر لە ماڵی باوكی بوو. دادوەری دادگا بۆ جیابوونەوەمان داوای گرێبەستێكی رەسمی كرد، ئێمەش نەمانبوو، بۆیە ناسر كە هەر دوو پێی بۆ تەڵاقدان چەقاندبوو، كەوتبووە عینادی و گرێبەستێكی ساختەی دروست كرد و منیش لەو عینادتر بووم و ئەوەندە بۆ جیابوونەوەمان بەپەرۆش بووم لای دادوەر باسم نەكرد كە گرێبەستێكی ساختەیە، بەڵام دادوەرەكە زۆر زیرەك بوو، گومانی لێ كردبوو، مارەنامەكەمانی ناردبوو بۆ ئەو نووسینگەی دادە كە ناوەكەی و مۆرەكەی ساختە كرابوو. دوای ئەوەی دادوەر بەوەی زانی كە گرێبەستەكەمان ساختەیە، گوتی: دەبێت بە فەرمی و یاسایی ژنەكەت مارە بكەیتەوە، تا بتوانی تەڵاقی بدەیت. دواتر هەرەشەی زیندانیكردنی لە مێردەكەم كرد، چەند جاریش دۆسێكەی ئێمەی دوا خست. ئەو هەرەشە و دواخستنە بوو بە خێر بۆ خێزانەكەمان و وایكرد ناسر بە تەواوی گۆڕا، دوای ماوەیەكی كورت گرێبەستێكی رەسمیمان بۆ دادوەر برد و ئەویش لە ساختەكارییەكەی ناسر خۆش بوو. لە دوای راپەڕین هاتینەوە بۆ سۆران و ئەوەتا چوار منداڵمان وەك گوڵ بەخێو كردووە و تا ئێستا یەك كێشە و گرفتمان نەبووە.»
ئەمیرە لە كۆتایی گێڕانەوەی بەسەرەاتەكەیدا، ئامۆژگاری هاوسەرانی گەنج دەكات و دەڵێت: «مرۆڤ بە گەنجی خوێنە گەرمە و زوو هەڵدەچێت و زۆر جار بڕیاری بەپەله دەدات، كە دواتر لێی پەشیمان دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاوسەرانی گەنج دەرفەتی زیاتر بە یەكتر بدەن و هەموو ژن و مێردێك دەبێت رێزی یەكدی بگرن و دوای بوونیان بە دایك و باوك هەست بە بەرپرسیاریەتیی زیاتر بكەن.»
Top