هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان
December 3, 2018
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەرەتا فلۆرین گۆرگیس سێودین، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان هێما بۆ ئەوە دەكات، «دروشمی نێودەوڵەتیی ئەمساڵ لەم بۆنەیەدا بریتییە لە «جیهان بە پرتەقالی رەنگ بكە و هاشتاگی#/ «گوێ لە منیش بگرە، ئەمساڵ دەنگ و كرۆكیی چالاكییەكانە، لە كوردستانیش هەمان دروشممان داناوە و لەو 16 رۆژەدا هەوڵدەدەین چالاكیی جۆراوجۆر ئەنجام بدەین و بە دەنگی بەرز خواستەكانمان بخەینەڕوو.» هاوكات دەڵێت: «مەراسیمی ئەمساڵ لە هەلومەرجێكی گەلێك تایبەتیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەڕێوەدەچێت. لە چوارساڵی ژیانێكی گەلێك بە ئازار و پڕ لە سەختیمان بینی، بەتایبەتی كە ژنان و منداڵان كەوتنە بەر گورزی كارەسات، بەڵام خۆشبەختانە ئەو نەهامەتییانە بەرەو كۆتایی دەچن و كەمێك لەو سەختییانە هێور بوونەتەوە، بەڵام درك بەوە دەكەین كە ئاسەواریان تا ماوەیەكی بەرچاو بەرۆكمان بەرنادات، بۆیە بەهیواوە كار دەكەین و دەڕوانینە سەركەوتن بەسەر ئەو ئاسەوارانەو گرتنەبەری هەنگاوی گەورە بەرەو باشتركردنی بارودۆخی كۆمەڵــگە و فەراهەمكردنی زەمینەی لەبار بۆ گەیشتنی ژنانی كوردستان بە تەواوی مافەكانیان و بە ژیانی ئارام و دوور لە هەڕەشەی توندوتیژی.» گوتیشی: «ژنان هەمیشە لە سەختیەكاندا هاوبەش بوون، بەڵام ئازارەكانیان زۆركات نەبینراو و نەبیستراون، بۆیە هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی شەریكی هاوتا بن لە گشت پڕۆسەكانی بەڕێوەبردنی كۆمەڵـگە، لە خێزانەوە تا باڵاترین پێگەكانی دەسەڵات و حوكمڕانی و بكەونە دۆخێكەوە كەس نەتوانێ بەناوی شەرەف و عورف و مافی خێزان و بنەماڵەوە سووكایەتییان پێ بكات و ئازاریان بدات و بیانكوژێت. بەداخەوە تاوانەكانی دژی ژنان بە حوكمی كۆمەڵێك فاكتەر لە هەندێك رووەوە نەك كەمی نەكردووە، بەڵـكو هەندێكجار شێوازی نوێی لەخۆ گرتووە .هەر بۆ ئەم مەبەستە لە پێناو پتەوكردنی زەمینەی وەدیهێنانی یەكسانی جێندەری لە كوردستان و نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت، چەند بیروڕاو و پێشنیارێك دەخەینەڕوو:
ـ داواكارین لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە روونی سیاسەتی حكومەت سەبارەت بە باشتركردنی بارودۆخی ژنان و نەهێشتنی توندوتیژی و جیاكاری لە دژیان بخرێتەڕوو. بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێت پلانی ستراتیژیی كابینەی هەشت بۆ پەرەپێدانی دۆخی ئافرەتان لە ماوەی دە ساڵی ئاییندەو ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان سەرچاوەی لەبار بن.
ـ یاساكانی باری كەسێتی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و یاساكانی دیكەی پەرلەمانی كوردستان ئامرازی بەكارن بۆ ئەوەی كەس جورئەت نەكات توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدات ئەگەر بە توكمەیی و بێ دەستێوەردان جێبەجی بكرێن.
ـ داواكارین ئەو لایەنە سیاسییانەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بەشدار دەبن، ژنان وەك شەریكی راستەقینە بۆ پۆستی وەزیر و پۆستە باڵاكانی دیكە كاندید بكەن، ئێمە دڵنیاین كە لەو حزبانەدا ئافرەتی ئەوتۆ هەن، لە رووی تواناو هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی حوكمڕانی، كەمتر نین لەو پیاوانەی كە كاندید دەكرێن، هەر لێرەشەوە داوا لەو زاتە دەكەین كە رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێ، مەرجی بەشداریی كاراو فراوانی ژنان بخاتە پێش لایەنە بووەكان.
داوا لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكەین كە بایەخی جددی بدات بە دامەزراوەی تایبەت بە كاروباری ژنان لە رووی هەیكەل و دەسەڵات و بودجەوە، كە بەشێك لە ئەنجومەنی وەزیران بێت.
داوا لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین، چاوپۆشی نەكەن لە هیچ كردارێك كە مۆركی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتی پێوەیەو بە پەلە پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار بكەن، بەتایبەتی كە ئێستا هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ (24) سەعات لە كاردایە و ژمارەكەی (119)یە.
هیوادارم راگەیاندن ئەركی جددی و هەستیار و بەرپرسیارەتیی گەورەی خۆی بۆ گەیاندنی پەیامی ئارامی و مەدەنی و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و بەتایبەتی ژنان بگرێتەبەر، بۆیە داوایان لێدەكەم لە داڕشتنی بەرنامەی ساڵی نوێدا ئەمە زیاتر رەچاو بكەن.»
گرنگترین چالاكییەكەكانی ئەمساڵی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بریتین لە:
- كۆنفرانسی راگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە 25/11/2018 و بە چاودێری و ئامادەبوونی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
- مەراسیمی كردنەوەی پەیكەری ئاشتی و ئازادیی خانمان لە هەولێر لە 4/12/2018 .
- كۆنفرانسی پێشبركێی سیاسەتی كەرتی تایبەت بۆ كاركردنی ئافرەتان (Family FriendlyPolicy) لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و بانكی نێوەدەوڵەتی لە هەولێر 19/12/2018 .
- راهینانی ئەندامانی یەكەكانی یەكسانی جێندەری لە 9 لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 17-18/12/2018 .
- هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەو چالاكییەكانی كۆمبی پلانی هەرێمی كوردستان دەربارەی زوو بەشودانی منداڵ بە درێژایی رۆژەكانی هەڵمەت.
- گفتوگۆی كراوە بۆ سەركردایەتیی پارتە سیاسییەكانی كوردستان و كونسوڵگەرییەكانی وڵاتە بیانییەكان بۆ كاراكردنی رۆڵی ژنان لە بونیادنانی ئاشتی و ئاسایش، لە هەولێر 3/12/2018.
- كەمپینی رەنگ و رووناكیی پرتەقاڵی لە سەر ئاستی پارێزگاكان (هەولێر – دهۆك – سلێمانی – هەڵەبجە – ئیدارەی گەرمیان – ئیدارەی راپەرین - زاخۆ – سۆران)25/11/2018– 10/12/2018 .
- هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لە رێگەی پۆستەر – برووشور – كورتە فلیم – سپۆت 15/11/2018– 15/12/2018 .
د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، بەو بۆنەیەوە پەیامی خۆی هەیە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «توندوتیژی دژی ئافرەت وەك دیاردەیەكی مێژوویی كۆمەڵایەتی لە سەرجەم كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە ئاستی جیاواز و لە چەندین فۆرمدا پیادە دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی كە جیهان لە ئێستادا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو داهێنانە زانستییەكان بانگەشەی خزمەت بە مرۆڤایەتی دەكەن، بەڵام هێشتا ئافرەت دوچاری توندوتیژی و زەبرو زەنگ دەبێتەوە، كوردستانیش لە بازنەی ئەو كۆمەڵگەیانەدایە كە توندوتیژی دژی ئافرەت تێیدا پیادە دەكرێ و لە هەمان كات رێگاكانی بەرەنگاربوونەوەشی هاوتەریب لە كاردان بۆ كەمكردنەوەو بنەبڕكردنی. لە هەلومەرجی ئێستای كۆمەڵگەی كوردستانی، بە هۆی پێشكەوتنە زانستییەكان بەتایبەت لە بواری تەكنەلۆژیای گواستنەوە و كاری رێكخراوەكانی ئافرەتان، توندوتیژی دژی ئافرەت چیدیكە كێشەیەكی تایبەتیی فەزای خێزان نییە، بەڵكو پرسێكی گشتیی كۆمەڵگە و رای گشتییە و دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم لە كاردان بۆ تۆماركردنی رووداوەكانی توندوتیژی و بەهاناوەچوونی قوربانییان و گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی، ئەمەش دوای ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین هەنگاوی كردەیی بە ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەو رێگریكردن لە دیاردەی توندوتیژیی ناوەو خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) سەرپەرشتی ئەم دۆسیەیە دەكات و پشتیوانێكی بەهێزی پرسی ئافرەتە بە شێوەیەكی گشتی.» گوتیشی: «ئێمە لە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، وەك رێكخراوێكی داكۆكیكار لە پرسی ئافرەت، بەردەوامیی توندوتیژی دژی ئافرەت، سەرەڕای هەموو هەوڵەكان، دەگەڕێنینەوە بۆ چەندین فاكتەری مێژوویی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، كە رەگی چۆتە نێو قووڵایی هزر و روانینی كۆمەڵگە و تێكەڵكێشێكە لە كولتوور و بیروڕاو ئایدیۆلۆژیای گەلانی ئەم ناوچەیە كە یارمەتیدەرە بۆ مانەوەی هزری پیاوسالاری و ئاستەنگ خستنە بەردەم هەر پێشكەوتنێك كە دژ بە بنەماكانی ئەو هزرەیە، ئەم هزرەش دەیەوێت ئافرەت لەناو جیهانبینی ئەودا بێت و سەربەخۆیی و كەسایەتیی خۆی لە دەست بدات و دوور بێت لە رۆشنفكری و ئازادی، كە ئەمەش لە ئێستادا لەلایەن ئافرەتی كوردەوە پەسەندكراو نییە، ئافرەتی كورد دەمێكە ئەو قۆناغەی تێپەڕاندوەو چیدیكە لە ئاست توندوتیژیەكان بێدەنگ و ڕازی نابێ. هەر بۆیە هەوڵ و تێكۆشانی رێكخراوەكەمان بۆ پشتیوانی و مكوڕبوونی خواست و داواكارییەكانی ئافرەتانی كوردستانە. هاوكات میكانیزم بۆ كەمكردنەوەو بنەبڕكردنی دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت، جیاوازە بە جیاوازیی قۆناغ و چۆنیەتی دیاردەكە لە هەر كۆمەڵگەیەك، كە خودی روانگەو خواستەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هەروەك چۆن بزووتنەوەی فیمینیزمی جیهانی چەندین قۆناغی تێپەڕاندووە، ئێمەش وەك پێشەنگی بزووتنەوەی فیمینیزمی ئافرەتان لە كوردستان، مامەڵەیەكی خۆماڵی پشتیوان بە وەرگرتنی زانیاری و هۆشیاری سەبارەت بە ئەزموونی گەلانی پێشكەوتوو پابەند بە میتۆدە زانستییەكان لەگەڵ دیاردەكە و كەیسەكانی توندوتیژی دەكەین، كە روو لە رێكخراوەكەمان دەكەن، هاوكات بەردەوامین لە هەوڵە گشتگیرەكانمان لە رێگای بەش و ئۆرگانەكانی رێكخراوەكەمان و هەموو ئامرازە بەركارەكان بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە ترسناكیی ئەم دیاردەیەو ئاكامەكانی لەسەر ئافرەت و رەوتی گەشەسەندنی كۆمەڵگە، هاوكات كار دەكەین بۆ برەوپێدانی كولتووری ناتوندوتیژی و ئاشتەوایی بە پەیڕەوكردن لە چەمكەكانی خۆشەویستی و لێبوردەیی لە پێناو خێزانێكی ساخڵەم و هاوسەنگ لە ئەرك و ماف، تژی بە ئەڤین و رێز، كۆمەڵگەیەكی یەكسان و پێشكەوتوو. لەمڕۆژەدا مۆمێكی رووناكی هەڵدەكەین بۆ رەوانی بێگەردی گوڵە نێرگزەكانی ڕێڕەوی ئازادی، هەریەكە لەو ئافرەتانەی كە لە ئەمساڵدا بوون بە قوربانیی رووداوەكانی توندوتیژی بەربنەمای رەگەز، دروود بۆ گیانی شەهیدانی رێگای یەكسانی و بزووتنەوەی ئافرەتان».
د. ڤیان سلێمان ئەوەشی خستەڕوو كە بە دروشمی (خۆشەویستی و لێبوردەیی هەوێنی ئارامیی خێزانە) یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بە چەندین كار و چالاكی بەشداری هەڵمەتی نیشتمانیی (١٦) رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەكات، كە بەمجۆرەن:
ئامادەكردنی پەیامێكی دەنگ و رەنگ تایبەت بە هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان كە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بڵاودەكرێتەوە.
* نووسین و بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی یەكێتیەكەمان بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی و لێبوردەیی لەناو خێزان و كۆمەڵگەدا، هاوكات هەوڵی تەواو بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی بدرێت.
* ئامادەكردن و دەرچوونی ژمارەیەكی نوێ لە گۆڤاری شیكار كە چەندین توێژینەوە و خوێندنەوەی نوێی لەخۆگرتووە تایبەت بە توندوتیژی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی لەخێزان و كۆمەڵگەدا.
* بڵاوكردنەوەی چەند هاشتاگێك بۆ بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و یەكسانی و لێبوردەیی لەناو كۆمەڵگەو خێزاندا.
* ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بەرنامەی تایبەت بە توندوتیژی لە رادیۆی هێلین.
* دروستكردنی پۆستەری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە دروشمی: «خۆشەویستی و لێبوردەیی هەوێنی ئارامیی خێزانە».
ئامادەكردنی راپۆرت و بابەتی تایبەت بە توندوتیژی و بڵاوكردنەوەی لەوێب سایتی afretan.org
لەسەر ئاستی ئەنجومەن و ناوەندەكانمان چەند چالاكییەك لەم شوێنانە بەڕێوە دەچن:
پارێزگای هەولێر، قەزای خەبات، قەزای دەشتی هەولێر، ناحیەی دارەتوو، قەزای مێرگەسوور، قەزای رواندز، پارێزگای سلێمانی، قەزای شارباژێر، پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگای دهۆك، نەینەوا دومیز، بعشیقە، قەرەقوش، تلسكوف. هەروەها لەدەڤەری شنگال 10 سیمینار بەڕێوە دەچێت لەسەر رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و منداڵ و بەشوودانی منداڵ و دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵ و ئافرەتان و هەموو ئەو ناخۆشییانەی لەم دواییانە كە بەسەر ئافرەتانی شنگالدا هات.
موقەدەمی مافپەروەر فەرمان محەمەد مەولوود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان هەولێر، لە ئاخافتنێكیدا بۆ گوڵان سەبارەت بە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بە چاودێریی بەڕێز سەرۆكی حكومەت هەموو ساڵێك لە 25ی نۆڤەمبەر هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ ئافرەتان بۆ ماوەی 16 رۆژ رادەگەیەندرێت، مەبەستیش لەو هەڵمەتە هوشیاركردنەوەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیە هەروەها سازدانی كۆڕ و كۆبوونەوەیە لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم و سازدانی بەرنامەی تەلەفزیۆن و رادیۆ و پەروەردە و قوتابخانە و زانكۆكانیش دەگرێتەوە.» هەر لەو بارەیەوە گوتی: «هاوكات لەگەڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەڵمەتی ناساندنی هێڵی گەرمی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بەڕێوە دەچێت، كە ژمارەكەی (119یە)».
وەك باسی كرد پلانی داهاتوویان بۆ ساڵی نوێ دوای كۆكردنەوەی ئامار و داتاكان و سكاڵاكان دەست پێ دەكات، گوتیشی: «كۆمەڵێك پێشنیارمان دەبێت، یەك لەوانە كە زۆر گرینگە، ئەوەیە كە پێویستە لە قوتابخانەكان وانەیەكی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بۆ دووركەوتنەوەی تاك لە توندوتیژی و هەروەها ناساندنی ماف و ئەركی تاك و هاندانیان بۆ پابەندبوون بە رێنمایی و یاساكان دابنرێت، هەروەها یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بێ كەموكوڕی نییە و ساڵانە داوادەكەین پێداچوونەی بۆ بكرێت، هەتا بە جۆرێكی شایستەتر هەموار بكرێتەوە. ئەوەش وەكو پڕۆژەیاسا ئامادە كراوە و ئێستا لە پەرلەمانە و هیوادارین لە خولی نوێ كاری بەپەلەی لەسەر بكەن».
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان هەولێر، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا گوتی: «ئامارەكانی توندوتیژیی خێزانی هەڵكشان و داكشانی هەیە، بەڵام ئەوەی كە مایەی دڵخۆشییە زیادبوونی هۆشیاریی كۆمەڵگەیە بەرامبەر بە توندوتیژیی خێزانی و چۆنیەتی بەرنگاربوونەوەی.» گوتیشی: «رێژەی تۆماركردنی سكاڵاكان زۆر بووە، واتە متمانەی هاووڵاتی بە دامودەزگای حكوومی و پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرز بووەتەوە، ئەوەش ئاسانكاری دەكات بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك هەوڵی كەمتر كردنەوەی توندوتیژیی خێزانی بدەین. بێگومان ئەو دیاردەیە پێویستی بە دراسەكردن و توێژینەوەی ورد هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی تاوانە گەورەكان وەك (كوشتن، سووتاندن، دەستدرێژییە سێكسییەكان بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمی كردووە. ئێستاش هاووڵاتیان لە رێگەی نووسینگەكان و بەڕێوەبەرییەكان و هێڵی گەرمەوە دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن».