زیادبوونی رێژەی نەخۆشیی خەمۆكی زەنگێكی مەترسیدارە

زیادبوونی رێژەی نەخۆشیی خەمۆكی زەنگێكی مەترسیدارە
بەپێی راگەیاندنی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر له (300) ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی نهخۆشیی خەمۆكین و لە ساڵی (2005)ەوە ئهو نهخۆشییه به رێژهی (18%) بەرز بۆتەوە. (د. مارگرێت چان) بەرپرسی گشتی تەندروستیی جیهانی لەم بارەیەوە دەڵێت: «ئەم ژمارە نوێیە هۆشدارییەكە بۆ تەواوی وڵاتان تاكو جارێكی دی لەسەر شێوەی پاراستنی تەندروستیی خەڵكەكەیان و دەرمانەكان هەنگاو هەڵێنن.» هەرچەندە خەمۆكی و گرفتە دەروونییەكان زۆربەی زۆریان بە ئاسانی و به سهردانی پزیشكی دەروونی چاك دەبنەوە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا تا ئەمڕۆش چوون بۆ لای پزیشكی دەروونی بە عەیبێكی گەورە هەژمار دەكرێت، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان هەڵسانگاندنی زیاتری ئەم نەخۆشییە دەكەن.


د.ئومێد قادر تەها، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان، سهرهتا باسی ئهوه دهکات که «چۆن نەخۆشییەكانی دیكە چارەسەر دەكرێن، نەخۆشییە دەروونییەكانیش بە ههمان شێوه چارەسەریان ههیه، نەخۆشیی خهمۆکیش که یهکێکه له نهخۆشییه دهروونییهکان هۆكاری تایبەتی خۆی و رێکاری چارهسهریشی ههیه.» هاوکات دهڵێت: «كۆمەڵگەی ئێمەش كۆمەڵگەیەكی دانەبڕاوە لە كۆمەڵگهكانی دیکه و بەدەر نییە لە كێشە و گرفت و نەخۆشی، دیارە بەپێی توێژینەوەكان و بەپێی ئاماری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دەركەوتووە، (18%)ی هەموو كۆمەڵگەیەك نەخۆشیی دەروونی هەیە، بەڵام بەپێی لێكدانەوەكانمان وەك پسپۆڕانی دەروونی ئەگەری زیاتری ئەو رێژەیە لە كۆمەڵگەی خۆماندا هەیە، بەهۆی ئەوەی ساڵانێكی زۆر له شەڕ و كوشتار و نەهامەتی و ناڕەحەتی و نەبوونیدا بووه.»
وهک د. ئومێد قادر باسیکرد، زۆربەی ئەو نەخۆشانەی كە سەردانیان دەكەن بریتین لە: «نەخۆشییە ویژدانییەكان و میزاجییەكان، لەگەڵ نەخۆشییەكانی دڵەڕاوكێ، هەڵبەت لە كۆمەڵگەی ئێمەدا تێكچوونی كەسایەتی زۆرە، بەڵام خۆیان بە نەخۆش نازانن و سەردانمان ناكەن، واته جۆرهکانی نهخۆشیی دهروونی زۆرن و جۆرەكانی چارەسەریشی زۆرن، لەوانە چارەسەركردنی دەرمانی كە كۆمەڵێ دەرمانمان هەیە بۆ چارەسەری، جیا لەوە چارەسەری دەروونیمان هەیە كە كەسی چارەساز لەگەڵ نەخۆشەكە دادەنیشێ بۆ چەند جارێك و هەر دانیشتنێك ماوەكەی 40 تا45 خولەك دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەكە پێویستی بەوە بێت، هەفتەی جارێك یان دوو جار پزیشكەكە بیبینێت، هەروەها چارەسەری خێزانیمان هەیە كە كێشەی نێوان ژن و مێرد چارەسەر دەكات، نابێ ئەوەشمان لە بیربچێت كە چارەسەری مەعریفی زۆر گرنگە و زیاتر وەك چارەسەر بەكاردێت و پسپۆڕی ئەو چارەسەرییەش جیایە و كاری ئێمە نییە، هەروەها چارەسەری شیكاری دەروونی بەپێی فێرگەكانی فرۆید و ئانا فرۆید كە بە كاریانهێناوە، هەروەها چارەسەری كۆمەڵایەتی كە لە رێگەی توێژەران و پسپۆڕانی ئەو بوارە ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی كەسوكاری نەخۆشەكە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیدا، وشەدەرمانییش شتێكی زانستییە و كاریگەری خۆی هەیە، بهڵام زۆر پێویسته هاووڵاتی وشیار بكەینەوە لەوەی كە نەخۆشیی دەروونی شتێكی عەیب نییە و هەموومان ئەگەری تووشبوونی ئهو نهخۆشییهمان هەیە، چونكە لەوەتەی مرۆڤایەتی هەیە كێشەی دەروونیشی هەبووە، ههوهها پێویسته بزانین چارەسەرنەكردنی خهمۆکی و ههر نەخۆشییەکی دهروونی كێشەی خێزانی دروست دەكات، وێڕای ئەوەی تاكێكی ناساغ و ناتەندروست دەخزێتە نێو كۆمەڵگە و دەبێتە بارگرانی، هیوادارم تاكەكان بزانن دەروونیش بەشێكە لە جەستە و پێویستی بە پارێزگاریكردن ههیە.»
ئهو پزیشکه پسپۆڕه بهمجۆره هۆكارەكانی نهخۆشییه دهروونییهکان دهخاتهڕوو: «هۆكارە بایەلۆژییەكان، هۆكارە سایكۆلۆژییەكان واتا هۆكارە دەروونییەكان لەگەڵ هۆكارە سۆسۆلۆژییەكان واتا هۆكارە كۆمەڵایەتییەكان، هۆكارە بایەلۆژییەكان بریتین لە هۆكاری بۆماوەیی كە ئەوەش كۆمەڵێكی زۆر توێژینەوەی لهسهر كراوەو دەركەوتووە كە هۆكارو فاكتەرێكی گرنگ هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان و لە رێگەی گواستنەوەی كڕۆمۆسۆمەكان لە باوانەوە بۆ وەچەكەی كە هەر خانەیەكی لەشی مرۆڤ لە 46 كڕۆمۆسۆم پێكهاتووە، هەندێ لەو كڕۆمۆسۆمانە هەڵگری ماددەی بۆماوەیین كە لە باوانەوە بۆ وەچەكان دەگوازێتەوە، لە توێژینەوەی ناو خێزانەكان دەركەوتووە كە باوكێك نەخۆشی دێوانەیی هەبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی منداڵەكەی (10%) دەبێت، هۆكارە كۆمەڵایەتییەكانیش به رێژهی (1%) ئەگەری تووشبوونی تاكەكانی بەم نەخۆشییە هەیە، ئەگەر دایك و باوكەكە هەردووكیان نەخۆشیی دێوانەییان هەبێت، ئەوا منداڵەكەیان ئەگەری (46%)ی هەیە بۆ تووشبوون، بۆ نموونە ئەگەر ئەو نەخۆشییە لەناو بەرەبابدا هەبێت، (5تا6) بەرامبەر ئەگەری تووشبوونی هەیە. هۆكارە بایهلۆژییەكان بریتییە لە تێكچوونی كۆمەڵێك گوێزەرەوەی دەماری كە پێی دەگوترێ «نیۆرۆترانزمیترس»، كۆمەڵێك گوێزەرەوەی دەماری لە مێشكی هەر مرۆڤێكدا هەیە كە زانیارییەكان لە خانەیەك بۆ خانەیەكی دیكەی مێشك دەگوازێتەوە، لە هەر كەسێك كە ئەو گوێزەرەوەی دەمارییانە تێكچوو، نەخۆشییەكە بە كۆمەڵێك نیشانە خۆی دەنوێنێ. هۆكارە سایكۆلۆژییەكان واتە هۆكارە رۆحی و دەروونییەكانە كە پەیوەندی راستەوخۆی بە چۆنیەتی بیركردنەوە و مامەڵەكردنی لەگەڵ كێشەكانە، واتە هەر لە منداڵییەوە چۆن راهاتووە رووبەڕووی كێشەكانی ببێتەوە، یان ئەو میكانیزم و ستراتیژییەی چۆن هەڵبژاردووە بۆ هەڵسوكەوت لەگەڵ دەوروبەری، بۆ نموونە كەس هەیە زۆر لەسەر شتەكان دەڕوا و لای خۆی ئاڵۆزی دەكا، ئەمجۆرە كەسایەتییە زۆرتر ئامادەگی هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی، لەوانەیە بۆ ماوەیەكی زۆریش ئەو نەخۆشییە بشارێتەوە و دەرنەكەوێ، بەڵام كە رووداوێكی ناخۆشتری بۆ دروست دەبێ،یەكسەر نەخۆشییەكەی دەر دەكەوێ. هۆكارە سۆسیۆلۆژییەكان واتە هۆكارە كۆمەڵایەتییەكان گەلێك زۆرن، لە پەروەردەی خێزانییەوە دەست پێدەكات، كێشەی خێزانی و كێشەی شوێنی كار و ناو گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبوون و...هتد، كاریگەری خۆیان هەیە. سێ جۆر هۆكاری دیكەش هەن كە درێژەپێدەری ئەو هۆكارانەن و پێیان دەڵێن «پریدز پۆزین» مانای ئەوەیە ئامادەییان هەیە بۆ تووشبوون، له میكانیزمی بەرگریی لهشدا وەك چۆن خڕۆكە سپییهكانی خوێن بەرگری لە لەش دەكەن، بۆ دهروون و رۆحی مرۆڤیش نزیكەی 101 بەرگری هەیە.»
محەمەد عزەدین قوتابی لە بەشی دەروونزانی زانكۆی سەلاحەدین كۆلێژی پەروەردە، ئاماژە بەوە دەكات: خەمۆكی (Depression) یەكێكە لە نەخۆشییە دەروونییەكان و دەتوانرێت وەسف بكرێت بە باری هەستكردن بە خەمباری، دڵتەنگی، بەدبەختی و بێچارەیی و هەستكردن بە فەرامۆشكراوی و بێ هیوایی هۆکارهکانی تووشبوون به نهخۆشیی خەمۆكین و زۆربەشمان لە ساتێكی ژیانماندا هەست بەم حاڵەتانە دەكەین، بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەكی كەم و درێژە ناكێشێت. خەمۆكیی توند و راستەقینە بریتییە لە كێشەی مەزاجی مرۆڤ كە تیایدا هەست دەكات بە خەمباری، ونبوون (Loss)، تووڕەیی و بێهیوایی لە هەموو رۆژێكی ژیاندا و بۆ ماوەیەكی درێژخایەن. خەمۆكی دەبێتە هۆی گۆڕان یان لادانی دیدی ئەو كەسە بۆ خودی خۆی و ژیانی و كەسانی دەوروبەری، بە واتایەكی دیکه كەسی خەمۆك رەشبینە بەرامبەر بە هەموو شتێك و زۆر نەرێنییە بەرامبەر بە ھەموو رووداوێك و ناتوانێت وا وێنای بكات كە ھەر رووداوێك، كێشەیەك، یان ھەڵوێستێك بە شێوەیەكی ئەرێنی چارەسەر دەبێت. لە خەمۆكیی توند و راستەقینەدا ئەو كەسە لەوانەیە ھەست بە زۆر شتی نهرێنی بكات، لهوانه: خەمباری و رەشبینی، ھەستكردن بە تاوانباری، بێ نرخی، بێ پشتیوانی، بێ ھیوایی، رق لە خۆبوون و نائارامی. نەمانی ھەوەس و لەزەت بینین لە ئەنجامدانی چالاكییە ئاساییەكان كە پێشتر ئارەزووی كردوون (بە ئەنجامدانی سێكسیشەوە). ئاستەنگ لە تەركیزكردن و خاوبوونەوەی یادگا. خراپتربوونی نەخۆشیە درێژخایەنەكان لەو كەسانەدا كە نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە، نموونە رۆماتیزمی جومگەكان، نەخۆشیی شەكرە. گۆڕان لە رژێمی خەوتندا كە دەبێتە ھۆی بێخەوی، یان خەواڵوویهتی و زۆر خەوتن. گۆڕانی ئیشتیھا بۆ خواردن كە دەبێتە ھۆی زیادبوون، یان كەمبوونی كێشی لەش. ھەستكردن بە ماندوویەتی و كەم وزەیی. دڵەڕاوكێ، راڕایی و ئاڵۆزی. بیركردنەوە لە خۆكوشتن و مردن. خاو قسەكردن و خاو جوڵان. سەرئێشە، ئازاری گەدە و كێشە لە كۆئەندامی ھەرسدا. حەزكردن بە تەنیایی. لە منداڵ و مێرمنداڵ و تازە پێگەیشتوواندا لەوانەیە ئەم نیشانانە دەربكەون: خەوزڕان، ماندوویەتی، سەرئێشە، ئازاری گەدە و گێژبوون. بێموبالاتی، دوركەوتنەوە لە كۆمەڵگه و دابەزینی كێشی لەش. بەكارھێنانی دەرمانە نایاساییەكان، دواكەوتن لە خوێندنگا و ئاستەنگی تەركیزكردن. دابڕان لە خێزان و ھاوڕێیان..» ئهو دهروونناسه جهخت لهوه دهکاتهوه که «تا ئێستا ھۆكارە سەرەكییەكانی خەمۆكی بە تەواوی نەزانراون، زۆر لە لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان ئەنجامەكەی دەگەڕێننەوە بۆ دروستبوونی ناھاوسەنگیی كیمیایی لە مێشكدا كە لەوانەیە بۆماوەیی بێت، یان بەھۆی روودانی كارەساتی ژیانەوە بێت. ھەندێك جۆری خەمۆكی لە خانەوادەكاندا روودەدەن (بۆماوەییە)، بەڵام ئەمە مەرج نییە، چونكە لەوانەیە خەمۆكی لە ھەندێك كەسدا روو بدات كە پەیوەندی نییە بە بۆماوەییەوە و لە خێزانی ئەو كەسەدا حاڵەتی خەمۆكی نەبینراوە. ژیانی پڕ لە چەرمەسەری و پڕ لە فشار و مەرگەساتی گەورە لە ھەندێك كەسدا دەبێتە ھۆی روودانی خەمۆكی، بەڵام لە راستیدا كۆمەڵێك ھۆكار بە یەكەوە كار دەكەن بۆ روودانی خەمۆكی. پیاو و ژن لە ھەموو تەمەن، نەتەوە و ھەموو ئاستێكی ئابووری تووشی خەمۆكی دەبن، ھەروەكو چۆن لە منداڵ و مێرمنداڵ و تازەپێگەیشتووانیشدا روو دەدات.» سهبارهت به چارەسەری ئەو كەسانەش كە خەمۆكییان ھەیە، دهڵێت: «سوودوەردەگرن لە ھەندێك چارەسەر بە ئاخاوتن و راوێژكردن و سوودێكی باشی دەبێت لەسەر ھەست و بیركردنەوە و لەوەش كاریگەرتر فێر دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكەیدا بكات. دەتوانرێت لەم رێگایەوە كەسی خەمۆك فێر بكرێت كە چۆن بجەنگێت دژی بیركردنەوە نەرێنییەكانی و زیاتر ئاگادار بكرێتەوە لە نیشانەكانی خەمۆكی و فێر بكرێت كە خەمۆكییەكەی بە چی خراپتر دەبێت، لە ھەمان كاتدا فێری كارامەیی دەبێت لە چارەكردنی كێشەكانیدا. ههروهها چارەسەری دەروونی یارمەتی كەسی خەمۆك دەدات، كە تێبگات چی لە پشتی ئەو جۆرە ھەستكردن و بیركردنەوە و رەوشتانەیە كە لای دروست بووە. چارەسەر كردن بە كارەبا (Electroconvulsive Therapy - ECT) مەزاج و باری دەروونی ئەو كەسانە باشتر دەكات كە خەمۆكییان ھەیە و سوود وەرناگرن لە چارەسەر بە دەرمان یان ھەوڵی خۆكوشتن دەدەن.» گوتیشی: «خەمۆكی كێشەیەكە بۆ ھەندێك كەس كە سەرھەڵدەداتەوە. ئەو كەسانەی كە خەمۆكییان تووش دەبێت، چارەسەری خێرا و بەردەوامبوون لەسەریان پێویستە بۆ پێشگیری لە زیاتر توندبوونی حاڵەتەكە و خراپتربوونی و درێژخایەنی. ھەندێك جار وا پێویست دەكات كە بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ چارەسەر وەربگیرێت.
هەستی باش بەرامبەر بە خۆ، ژینگەی ژیانێكی ئارام و توانایی باش بۆ چارەسەری گیروگرفت پشتیوانی لە تەندروستی دەروونی دەكەن. بهڵام هەڵاواردن، هەژاری، جیاوازییەكان و دۆڕان، پاشەكشە و پەیوەندیی خراپی كومەڵایەتی باری تەندروستیی دەروونی زۆر قورس دەكهن.»
هۆشمەند رەفیق شارەزا لە بواری ئابووری، لە دیدی ئابوورییەوە پرسە هەڵدەسەنگێنێت و هۆكاری ئابووری و خراپی باری دارایی تاك بە هۆكارێك لە هۆكارەكانی خەمۆكی دەزانێت و جەخت لەوە دەكاتەوە خراپبوونی باری ئابووریی تاك، رەنگدانەوەی نەرێنی و راستەوخۆی لەسەر خەمۆكی ولایەنی دەروونیی تاك دروست دەكات، هەروەها گوتی: «زۆر جار كەمیی دەرامەت و بیركردنەوە لە پەیداكردنی سەرچاوەی داهات بۆ بەڕێوەبردنی گوزەرانی ژیانی وا له تاک دەكات، لە ماوەیەكی كاتیدا رووبەڕووی دەیان نەخۆشی ببێتهوه، چونكە زۆر بیركردنەوەو خەمخواردن بەرەو كەمخەوی دەبات و دواجار تووشی نەخۆشیی خەمۆكی دەکات، ئەوەتا دەبینین ئەو نەخۆشییە زیاتر بەرۆكی هەژارو كەم داهاتەكان دەگرێتەوە، چونكە توانایان نییە بە كردار چارەسەری هەژاری بكەن، بۆیە لە دڵی خۆیان خەم دەخۆن و دەرینابڕن، هەرچەندە زۆر جار ئەو نەخۆشییە رووبەڕووی كەسانی سەرمایەداریش دەبێتە لە ئەنجامی ئەوەی مایەپووچ بوون، یا ههیه دەیەوێت سەرمایەكەی زیاتر بێت و بگات بە كەسانی دیكە كە سەرمایەكەیان لەوە زیاترە.»
به پێی راپۆرتێکی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، نهخۆشیی خەمۆكی زۆرتر لەنێو كەسانی بەتەمەندا بڵاوە و بەگشتیش خانمان (1.5) هێندەی پیاوان تووشی دەبن و زۆرتر لە (80%)ی حاڵەتەكانی خەمۆكییش لە وڵاتانی هەژار و مامناوەنددان، ههر به پێی ههمان راپۆرت زیاتر له (300) ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی نهخۆشیی خەمۆكین و بێگومان رێژهیهکیشی بهر کوردستانییان دهکهوێت.
Top