ئافرەتێك براكەی لە مردن رزگار دەكات و هاوسەرەكەی تەڵاقی دەدات

ئافرەتێك براكەی لە مردن رزگار دەكات و هاوسەرەكەی تەڵاقی دەدات
ئافرەتان بەگشتی و ئافرەتی كورد بەتایبەتی، هەمیشە هێمایەك بوون لە قوربانیدان لە پێناوی بەختەوەریی خێزان و ئەوەی لەدەستیان هاتبێت بۆ راگرتنی شیرازەی خێزانی، درێغییان نەكردووە. هەندێك جار ئاستی ئەو قوربانیدان و فیداكارییەشیان زۆر بە قورسی لەسەریان تەواو بووە. نموونەی ئەوانە، ئافرەتێكە كە بە بەخشینی گورچیلەیەكی خۆی، براكەی لە مردن رزگار دەكات، بەڵام ئەو قوربانیدانەی دەبێتە هۆی ئەوەی شیرازەی خێزانی خۆی و هاوسەرەكەی لەبەر یەك هەڵبوەشێتەوە و داهاتوویەكی نادیار چاوەڕوانی بكات. ئەو بەسەرهاتی خۆی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هیچ پەشیمان نییە لەوەی كە براكەی لە مردن رزگار كردووە، هەر چەند ژیانی تایبەتی خۆی و هاوسەر و منداڵەكەشی لەدەست داوە.


ئافرەتێكی بالابەرزی ئەسمەر و بەژن باریك و بەرچاوە، تەمەنی تازە لە 21 ساڵ تێپەڕیوە. خۆی بە هەنار دەناسێنێت و وەك باسیكرد تەنیا كوڕێكی تەمەن سێ ساڵانی هەیە. كاتێك سەیری چاوەكانی دەكەیت، خەمێكی قووڵی تێدا بەدی دەكەیت. ئەو بە خەمبارییەكی زۆرەوە سەیری وێنەی منداڵەكەی دەكات و بەمجۆرە بەسەرەاتی خۆی دەگێڕێتەوە:
«لە تەمەنی 16ساڵی بەشوو درام، خزمان دەیانگوت روخسارێكی زۆر جوانت هەیە، ئەو جوانییەش بۆ من ببوو بە بەڵا، هەر كەسێك چاوی پێم دەكەوت، دەبووە داواكارم. بۆیە باوك و براكانم لەبەر ئەوەی كچێكی زۆر بەرچاو بووم، هەر بە منداڵی منیان بەشوو دا».
هەنار هۆكارێكی زوو بە شوودانی گەڕاندەوە بۆ نەخوێندەواریی خێزانەكەی و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ئێمە پێنچ خوشك بووین، هیچمان نەمانخوێندووە و نەمانزانیوە خوێندن چییە، چونكە بەردەوام دەیانگوت عەیبە كچ بچێتە قوتابخانە، بۆیە كچ لە ماڵی ئێمە كەمێك گەورە بێت، زوو بە شووی دەدەن، ئێستاش ئەوەی دەمبینێ، نازانێ من شووم كردووە، كەچی تەڵاقیش دراوم».
هەنار لەدرێژەی قسەكانیدا باسی ژیانی خۆی لەگەڵ هاوسەرەكەی كرد و گوتی: «هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوە كە رۆژێك بێت، تووشی جیابوونەوە ببم، چونكە خودا كوڕێكی زۆر جوانی بە ئێمە بەخشیبوو، قەد بیرم لەوە نەدەكردەوە كە منداڵەكەم بێ ناز گەورە ببێت».
هەنار بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسی هۆكاری جیابوونەوەكەی دەكات و دەڵێت: «لەبەر ئەوە ماڵی ئێمە لە دەوروبەری شار بوو، درەنگ درەنگ دەچوومەوە ماڵی باوكم، بەڵام كە ئەو جارە چوومەوە، نەمزانی ئیتر ناگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆم، ئەو رۆژەی چوومەوە ماڵی باوكم، بینیم هەموویان كز و ماتن، منیش گوتم: چی بووە؟ دایكم دەستی كرد بە گریان و گوتی: براگەورەكەت زۆر نەخۆشەو خەریكە دەمرێت، هێشتان دكتۆر چارەسەری تەواویان بۆ نەدۆزیوەتەوە، ئەوە بوو چووین بۆ لای برام، بینیمان برام وەك مەیت لەسەر جێگە كەوتبوو، براكانم و خوشكەكانم یەكە بە یەكە لەبەردەم نەخۆشخانە ریز ببوون، بەچاوی گریانەوە هەمویان لە خوا دەپاڕانەوە، دوای چاوەڕوانییەكەی زۆر دكتۆر گوتی: گورچیلەكانی راوەستاوە و تەنیا یەك رێگەی ماوە، ئەویش ئەوەیە كەسێك گورچیلەی بداتێ، بەوە رزگاری دەبێت، ئەگەرنا دەمرێت. براكانم بڕوایان نەكردو لەگەڵ باوكم بردیان بۆ چەند دكتۆری دیكە، كەچی هەموو ئاوایان گوت».
ئەو رۆژە خانەوادەكەی هەنار هەموویان تووشی شۆك دەبن و هەر یەكەو بەجیا بیری لە پەیداكردنی گورچیلەیەك دەكردەوە، دواتر خوشكێكی ئامادە دەبێت گورچیلەیەكی خۆی بە براكەی بدات، بەڵام دوای پشكنین دەردەكەوێت كە گورچیلەكانی ئیلتهابیان هەیە و نابێت. هەنار لێرەدا ئامادەیی خۆی بۆ پێشكەشكردنی گورچیلەیەكی بە براكەی دەردەبڕێت.
«زۆرم بیر كردەوە، كە برایەكەم وا لە سەرەمەرگ بینی، خۆم بۆ نەگیرا و گوتم: من گورچیلەی دەدەمێ، كە فەحسی گورچیلەكانی منیان كرد گوتیان تەواوە و هیچ كێشەی نییە، ئیتر منیش رازی بووم و چووین بۆ نەشتەرگەری و گورچیلەیەكی خۆم دا بە براكەم، ئیزنیشم لە مێردەكەم وەرنەگرت. دوای نەشتەرگەرییەكی قورس براكەم رزگاری بوو، بەڵام من هێشتا دەرنەچووبوم لە نەشتەرگەری، مێردەكەم دنیای خراپ كردبوو، كە بۆچی گورچیلەی خۆم بەخشیوە، دوای نەشتەرگەریم دایكم و باوكم هیچیان بۆم باس نەكرد، من دەمگوت بۆچی مێردەكەم دیار نییە؟ دەیانگوت: هات تۆ نووستبووی، هەر جارێ مەهانەكیان دەهێناوە، ئیتر دڵم ترسا و چیتر بڕوام نەكرد كە ئەم قسەیە راست بێت، هەتا بەتەوای چاك بوومەوە، هێشتا مێردەكەم سەردانێكی نەكردم. زۆر دڵم بە خۆم سووتا. تەنیا دڵم لای كوڕەكەم بوو. زانیم مێردەكەم لێم عاجز بووە، ئەوە بوو ئێوارەیەك ماڵی خەزوورانم هاتن، كەچی مێردەكەم لەگەڵیان نەبوو، من بیرم لەوە كردەوە، ئایا دەبێت چی لێ هاتبێ؟ زۆر ترسام لەوەی كە شتێكی خراپی بەسەر هاتبێت. كاتێ دانیشتن و قسەیان كرد، باوك و براكانی و دایكی گوتیان زۆرمان لەگەڵ هەوڵداوە، كەچی دەڵێ من تازە نامەوێت. مێردەكەم گوتبووی لەبەر دڵم كەوتووە و من ژنێكم ناوێت نیوە مرۆڤ بێت، ئەگەریش منداڵەكەی دەوێت، با لای خۆی بێت، من مەسرووفی منداڵەكە دەكەم، نامەوێت ئەو ژنە بێتەوە ماڵەوە و تەڵاقی دەدەم، ئەوە بوو باوكم گوتی: با بێت هەر ئێستا تەڵاقی بدات».
هەنار لەكاتی قسەكردنەكانی جار جار هەناسەیەكی قووڵی هەڵدەكێشاو دەستێكی بە قژیدا دەهێنا و كاتێك چاوەكانی پڕبوون لە فرمێسك بۆ منداڵەكەی و ماڵەكەی گوتی: «من خۆم نەشتەرگەریم بۆ كرابوو، ئەو خەمەشی هاتە سەر، ئیتر رۆژانە دەگریام بەوەی كە چیم بەخۆم كرد، لەگەڵ هەموو ئەوانەش گورچیلەكەی تریشم ئێستا ئیلتیهابی كردووەو بە ئازارە. هەموویان قەینا، بەڵام ماڵیشم لێ تێك نەچووبا، باشتر بوو، ماوەیەكی پێچوو بەوەش نەوەستان باوكم گوتی: تۆ منداڵی، بۆ لەسەر كوڕی خەڵك ژیانی خۆت دادەنێی، منداڵەكە بنێرەوە بۆ باوكی، ئەوە بوو منداڵەكەمیان لێ سەندەوەو بۆ باوكیان ناردەوە، ئێستاش لەماڵی باوكمم، بەدەستی خۆم ژیانی خۆم وێران كرد، هەرچەندە براكانم دڵیان پێم دەسووتێت، دەمبەن بۆ ماڵی خۆیان و ناهێڵن بەتەنیا بم، بەڵام هەر ناكاتە ماڵی خۆم». وەك دواقسەشی گوتی: «لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هیچ پەشیمان نیم لەوەی براكەم لە مردن رزگار كردووە، هەر چەند ژیانی تایبەتی خۆم و مێرد منداڵەكەم لەسەر دانا، تەنیا ئەوەش ئاسوودەم دەكات كە ژیانی براكەم رزگار كردووە، دەنا هیچ دڵخۆشییەكی دیكەم نییە.»
Top