خانمان بە دابەزاندنی كێشیان بە شێوەی نازانستی تووشی كێشەی مەترسیداری تەندروستی دەبنەوە

خانمان بە دابەزاندنی كێشیان بە شێوەی نازانستی تووشی كێشەی مەترسیداری تەندروستی دەبنەوە
«خواردنی نانی بەیانیان بۆ دابەزینی كێش زۆر بەسوودە، باشترین چارەسەریش وەرزشكردنە لە كاتی بەیانیاندا»


ئەگەرچی قەڵەوی شتێكی نەخوازراوە لای ئافرەتان و بەردەوام هەوڵی دابەزاندنی كێشی خۆیان دەدەن، بەڵام دابەزاندنی كێش بە شێوەی نازانستی تووشی زۆر كێشەی مەترسیداری تەندروستییان دەكاتەوە. هەروەها دابەزینی كێشی خۆبەخۆ و بە بێ ویست، نیشانەی نەخۆشییەوە و دەبێت بەپەلە پشكنینی پزیشكی بۆ بكرێت. لەم راپۆرتەی گوڵاندا تیشك خراوەتە سەر ئەو پرسە گرینگە و جگە لە راوسەرنجی بەشداربووانی راپۆرتەكە، چەندین رێنمایی و هۆشیاركردنەوەش خراوەتەڕوو.


رۆژنامەی «بریگیت»ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە: «هەندێكجار دابەزینی خۆبەخۆی كێش، نیشانەی تووشبوونە بە نەخۆشیی كرۆن، كە هەوكردنی درێژخایەنی ریخۆڵەكانە. هەروەها چەند نیشانەیەكی دیكە هاوڕێی دابەزینی كێشن، وەك هەستكردن بە لەشدا هێزرانی بەردەوام و سكچوونی چەندبارە. هەندێكجاریش دابەزینی بێ بەرنامەی كێش، نیشانەی تووشبوونە بە شەكرە، بەتایبەت شەكرەی جۆری یەك. لەمبارەدا رەنگە سەرەتا هیچ نیشانەیەك نەبێت، جگە لە دابەزینی كێش، هەندێكجاری دیكەش نیشانەی دیكە دەردەكەون، وەكو: بێهێزی، تینوویەتی و زۆر میزكردن، یان لاوازبوونی سێكسی و چەندینی دیكە، یەكێك لە سیناریۆ تراژیدییەكانیش لەپشت دابەزینی كێشەوە، تووشبوونە بەشێرپەنجە، كە ئەگەر دەستنیشانكردنەكەی دوابكەوێ، چارەسەری زۆر ئەستەم دەبێت. بۆیە وا باشترە ئەگەر هەركەسێك پێنج كیلۆگرام، یان زیاتر كێشی لەماوەی شەش مانگدا دابەزی، بێ ئەوەی خۆی مەبەستی بووبێت، سەردانی پزیشك بكات تاكو لە هۆكارەكەی بگەڕێت».
ئارەزوو عەلی، ئافرەتێكی تەمەن 42 ساڵە وەك خۆی باسی دەكات بەهۆی خۆلاوازكردنەوە تووشی برینی گەدە بووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دوای منداڵبوون كێشی لەشم پێنج كیلۆ لە كێشی ئاسایی خۆم زیاد بوو، منیش لە رێگەی بەكارهێنانی دەرمانی بازرگانی كە لە رێگەی فەیسبووك كڕیم بە 80 هەزار دینار، هەروەها لە رێگەی رێنماییەكانی ئەوان زۆر كەم نانم دەخوارد و كێشم دابەزاند، بەڵام دوای ماوەیەك تووشی ئازاری گەدە بووم، چوومە لای دكتۆر پێی گوتم، گەدەت زۆر بە بەتاڵی ماوەتەوە، تووشی برینی گەدە بوویت، ئێستا تەندروستیم زۆر خراپە، بە هۆی دابەزاندنی نابەجێی كێشەوە گەدەم هەستیار بووە و زوو زوو دەڕشێمەوە، لەم ماوەیەدا بۆ چارەسەر دووجار سەردانی توركیام كردووە.»
رەنا یوسف، یەكێكە لەو هەزاران خانمانەی كە بۆ دابەزاندنی كێشی جەستەیان رێگەی زۆریان تاقی كردۆتەوە، ئەو خانمە بە نیگەرانییەوە دەڵێت: «پارەیەكی زۆرم لە كڕینی دەرمان و چای گژ و گیا و چوونم بۆ سەنتەری وەرزشی خەرج كرد، ماوەی دوو مانگ خۆم لە برسان كوشت، توانیم 8 كیلۆ لە كێشم دابەزێنم، بەڵام دوای ماوەیەك لەپڕ كێشم زۆر زیاتر لە جاران زیادی كرد، ئێستاش زۆر پەشیمانم لەوەی بێ رێنمایی پزیشكی ئەو رێگەیە سەختەم تاقیكردەوە و تێیدا سەركەوتوو نەبووم، ئێستا گەیشتمە ئەو قەناعەتەی كە كەمخواردن و جوولەی زۆر باشترین دەرمانە بۆ خۆلاوازكردن، نەك دەرمانی بازرگانی.»
پەیمان كەریم ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵە و بەمجۆرە باسی خۆلاوازكردنەكەی بۆ گوڵان دەكات: «كێشی لەشم زیاتر لە 80 كیلۆ بوو، پزیشكەكان گوتیان پێویستە لانیكەم 15 كیلۆ لە كێشت دابەزێنێت، زۆر هەوڵمدا، سەركەوتوو نەبووم، دواجار بە نەشتەرگەری چەوری سكم لابرا، جارێكی دی سینگم بچووك كرایەوە هەر بە نەشتەرگەری، بەڵام ئێستا هیچ ئاسوودە نیم، سووڕی مانگانەم تێكچووە، بەردەوام ناو سكم دێشێت، ئارەزووی خواردنم زیاتر بووە، پاشان لەوە گەیشتم هەندێك پزیشك لە پێناوی پارە رەچاوی تەندروستیی نەخۆش ناكەن، بۆیە داوا لە ئافرەتان دەكەم خۆیان لەو نەشتەرگەرییانەی بە دوور بگرن كە بۆ دابەزینی كێش دەكرێن، چونكە لایەنی باش و خراپی بەرامبەرە.»
د. كۆڤان محەمەد عەلی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ئافرەتان و جوانكاری، لە روانگەیەكی زانستیەوە باسی ئەو پرسە دەكات و دەڵێت: «باشترین رێگە بۆ دابەزینی كێشی مرۆڤ، نەخواردنی شیرینیی زۆر و چەوری و خواردنی لەقوتووكراو، خواردنی سووركراوە لە رۆندایە، هاوكات خواردنی نانی بەیانیان زۆر باشە بۆ دابەزینی كێش و باشترین چارەسەریش وەرزشكردنە لە كاتی بەیانیاندا». لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە دەرمانی تیجاری و دەرمانی گیایی لە بازاڕەكانی كوردستان زۆر بووە و خانمانیش بەكاری دەهێنن، ئایا تا چەند ئەوە زیانی بۆ تەندروستییان هەیە، د. كۆڤان گوتی: «من هیچ روونكردنەوەیەكم نییە، تەنیا ئەوە دەزانم خراپترین شتە و تووشی جۆرەها نەخۆشی دەبن، دەبێت ئەو كەسانە شارەزایی پزیشكییان هەبێت كە ئەو دەرمانانە بەكاردێنن، هەروەها بچووككردنەوەی ورگ بە رێگەی دەرهێنانی چەوری، یان بچووككردنەوەی مەعیدە زیانی لابەلای زۆرە، بۆ نموونە كە مەعیدە بچووك دەكرێتەوە چەندین خانە لەناو دەچن، وادەكات گەدەی مرۆڤ وەكو پێویست هەموو ئەنزیمەكان و پرۆتینەكان هەڵنەمژێت.» گوتیشی: «زۆرجار خانمان لەكاتی دووگیانی و دوای منداڵبوونیش بەهۆی شیردان كێشی لەشیان زیاد دەكات، ئەوەش شتێكی باش نییە بۆ تەندروستی ئەو خانمانە و كێش كە زیاد بوو بە زەحمەت دادەبەزێ، بەداخەوە خانمان وادەزانن دەبێ دوای منداڵبوون ئیسراحەت بكەن و لە پشوودا بن، تەنانەت خواردن زۆر دەخۆن و ناجووڵێنەوە بۆ ئەوەی شیریان زیاد بێت، ئەوەش دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی چەوری لە ژێر پێست و كێشی لەشیان زیاد دەكات.» سەبارەت بە چارەسەریش، بە پێویستی زانی «دایكان باوەڕیان وابێت كە خواردنی باش و جووڵەی زۆر وا دەكات خۆیان تەندروستییان باش بێت و شیریشیان زۆر بێت، بەتایبەت خواردنی سەوزە و میوە واتا ریشاڵەكان، هەروەها ئەو خۆراكانەی كە بە پڕۆتین و ڤیتامینەكان دەوڵەمەندن. « گوتیشی: «وەكو پزیشكێك داوا لە خانمان دەكەم بە نیو كاتژمێر دوای خواردنی ژەمەكان وەرزش بكەن و بەپێ بڕۆن، بۆ ئەوەی ئەو چەورییەی كە خواردوویانە ببێت بە وزە لە ژێر پێست و لە جەستەیاندا كۆنەبێتەوە، هەروەها دوور بكەونەوە لە خواردنی خێرا وەك فاست فوت و كەمتر سەموون بخۆن، چونكە مادەی بەكتریای تێدەكرێت وەكو خومرە و چەوری و شیرینی بەپێی پێویست تێدا بەكار دێنن.»
Top