سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان هیوا بەگەنجان دەبەخشێت

سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان هیوا بەگەنجان دەبەخشێت
ساڵانە جیلێك تەمەنی یاسایی (18ساڵ) خۆیان تەواو دەكەن و دوای ئەوە رێپێدراو دەبن بۆ ئەوەی لەگەڵ هاووڵاتیانی بەتەمەنتر خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا وەك دەنگدەر بەشداری بكەن، یەكەم دەنگدانیشیان جۆرێك لە بەرچاوكراوەیی و بەرپرسیاریەتییان بۆ دروست دەكات، بەوەی كە وەك تاك كاریگەری لەسەر چارەنووسی وڵاتەكەی و شێوەی ئیدارەدانی نیشتمانەكەی هەیە. گەنجانی كوردستان تا ئێستاش شانازی بەوەوە دەكەن كە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا بەشدار بوون، لە ئێستاشدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین رێژەی كورسییەكانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەدەست هێناوە، دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن و جەختیش لەوە دەكەنەوە كە حكومەتێكی بەهێز و سەقـامگیر تەنیا لەسەر دەستی سەركـردایەتی و پێشڕەویی پارتی دیموكراتی كوردستان دروست دەبێت و ئەوەش هیوایەكی گەورەیان پێ دەبەخشێت. بەشداربووانی ئەو راپۆرتەی گوڵان راو سەرنجی خۆیان لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.


دوای ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، دەركەوت زۆرینەی خەڵكی كوردسـتان پشـتگیری لە حكومەتێكی بەهێز و سەقـامگیر دەكەن. گەلی كـوردسـتان بە ئـاشـكرا، بە دەنگی بەرز، بێ دڵەڕاوكێ، بەشی هەرە مەزنی دەنگی دیموكـراسی و پشـتگیریی خۆی بە پـارتی دا، لەبەر ئەوەی دیسان بۆیان دووپـات كـرایەوە كە ئەو حـزبە لە رۆژانی سەختیدا و لەژێر گوشاری ناوخۆیی و دەرەكیدا، هەمیشە نیشتمانپارێز بووە و هەرگیز هەلپەرست نەبووە و بەرژەوەندیی باڵای كوردستان ئەولەوییەتی خەبات و قوربانیدانەكانی بووە.
كەژان محەمەد كەریم، ئەندامی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانە و رایوایە:
یەكێك لە جیاوازیەكانی ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشووتر ئەوە بوو، كە لەسەر ئاستی هەموو پارتە سیاسیەكان كاندیدانی گەنج زۆر زیاتر بوون بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشتر، بەتایبەت كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێكی زۆری گەنجی بە ئەزموون و ئەكادیمی بوون، كە ئەمە خۆی بووە فۆڕمێكی نوێ لە كاری سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان. گەنجی هەرێمی كوردستان تا رادەیەك بێ هیوا بووبوون و هەستیان ئەكرد كە هیچ ڕێگەیەك بۆبەرەوپێشچوونی گەنج نییە، بەڵام ئەنجامەكان ئەو ڕاستییەیان دەرخست كە هەمووكات لە هەرێمی كوردستان پشتیوانی بۆگەنج هەیە و گەنج ئیرادەیەكی پتەوی هەیە، بۆیە خۆشحاڵم بە ئەنجامەكان.
تەلار كاكی كارگێڕی ناوچە لە لیژنەی ناوچەی ناوەندە ئەكادیمییەكان، سەبارەت بە سەركەوتنی لیستی پارتی لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: «سەرەتا وەكو ئافرەتێكی گەنج بۆ بەدەستهێنانی ئەو رێژە زۆرەی دەنگەكانی كوردستانیان، پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو كوردستانییان دەكەم، لیستی پارتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كار بۆ جێبەجێكردنی كۆمەڵێ بەرنامەی هەمەلایەن دەكات، مایەی دڵخۆشییە پارتی هەمیشە كاری جددی بۆ گەنجان كردووە، لە رووی سیاسی، ئابووری، پەروەردە و خوێندن و ریفۆرمی گشتی، مایەی دڵخۆشییە كار لەسەر خاڵی ورد و درشتی خواست و داخوازی گەلەكەی دەكات، پارتێكی هێندە بەهێز كە زۆرینەی دەنگەكانی خەڵكی بەدەستهێناوە لە سایەیدا كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر دروست دەبێت، پارتی خاوەنی ریفراندۆم و پڕۆژەی سەربەخۆییە، سەرەڕای ئەو خیانەتەی لە كورد و لە پارتی كرا، ژمارەی كورسییەكانی پارتی كەمی نەكرد، بەڵكو زیاتر بوو، گەل گەیشتە ئەو راستییەی كە پارتی پارێزەری دەستكەوتەكانە و كار بۆ سەروەریی گەل و سەقامگیری وڵات دەكات، هەتا كوردستان بەهێز بێت، گەنجان وەك هەمیشە لە هەموو هەلومەرجێكدا سەركەوتوو دەبن، وەكو بارزانیی نەمر فەرموویەتی گەنجان سەری رمن. لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیشدا دڵنیاین پارتی كار بۆ نەهێشتنی بێكاری و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان دەكات».
هەژار خۆشناو قوتابی زانكۆیە و وەك گەنجێك دەڵێت: «زۆر دڵخۆشم بەوەی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە كوردستانێكی بەهێز دا، ئەوەش ئەركی پارتی قورستر دەكات و، دەبێ لە ئاست ئەو متمانەیەی خەڵكدا بێت.» گوتیشی: «بێگومان من دڵنیام پارتی دەتوانێ داهاتوویەكی گەش و بەهێز بۆ كوردستان دابین بكات، من وەك گەنجێك داوا لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم گرنگیی زیاتر بەگەنجان بدرێت و بەتایبەت كار لەسەر نەهێشتنی بێكاری بكرێت، چونكە لە ئێستادا گەنجانێكی زۆر بێكارن بەتایبەت سیستەمێكی رێك هەبێ لە كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی گەنجان زیاتر روو لە كەرتی تایبەت بكەن، هەتا بارگرانییش لەسەر حكومەت نەمێنێت».
رۆژنامەنووس ئەرسەلان خەلیل، بەمجۆرە دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت: «من وەكو كوردێك زۆر دڵخوشم كە پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانی بەدەست هێناوە، داواكارم لەو كاندیدانەی پارتی كە لە هەڵبژاردن دەرچوون لە پەرلەمانی كوردستان خزمەتی زیاتری خەڵك بكەن، ئەم سەركەوتنە گەورەیەی پارتی و بەدەستهێنانی 45 كورسی ئەركی پارتیی قورستر كردووە، من وەكو هاونیشتمانییەك داواكارم لە چوار ساڵی داهاتوو پارتی خزمەتی زیاتری خەڵكی كوردستان بكات، هەروەكو لە رابردووش خزمەتی كردووە. دیارە پارتی تاكە حزبە لە كوردستان ماف و گیان و ماڵ وسەروەریی خەڵكی خۆی پاراستووە، هەر لە بەر ئەوەشە پارتی هەمیشە حزبی یەكەمی كوردستان بووە».
پەیمان تەها ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بەدەستهێنانی ٤٥ كورسی لە رابەری كورد پیرۆزە، لە ریفراندۆمچییەكان پیرۆزە، لەكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان پیرۆزە، لە داستانی پردێ و سحێلان پیرۆز بێت، لە تەواوی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان {پ.د.ك} و هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز بێت. ئەم سەركەوتنە مەزنە بەرهەمی متمانە و ئیرادەی گەلە بەوەی كە هیچ خیانەت و هیچ هێزێك توانای شكاندنی پارتی نییە، چونكە پارتی خۆی بۆ بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی تەرخان كردووە و قوربانی زۆریشی بۆ داوە. هەنگاوی راست و دروستی پارتیمان بوو لەئاست رووداوە نەخوازراوەكان كە بە سەرمیللەتەكەماندا هات، لە كۆتاییدا دەڵێم من ریفراندۆمچیم و دووبارەو دەبارە ئەم سەركەوتنە لە هەموو كوردستانییانی نیشتمانپەروەر پیرۆز بێت.»
كارزان یاسین بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەیی هەولێر، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «٤٥ كورسیی پەرلەمان شایستەی پارتێكە كە لە ٢٠ی ئۆكتۆبەری پارساڵ خۆی نەچەماندبێ، شایستەی پارتێكە سەرۆكەكەی بارزانی بێ». هاوكات دەڵێت: «ئەم سەركەوتنە گەورەیە پیرۆزە لە سەرجەم ئەوانەی دەنگیان بۆ كوردستانێكی بەهێز دا، پیرۆزە لە كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و وڵاتپارێزان، پیرۆزە لە پارتییە بە ئیرادەكان، پارتییە دڵسۆزەكانی نیشتمان و ئەوانەی كە هەمیشە پشتی پارتییان گرتووە و سەری دەخەن».
سەنعان تاتكی، پێشمەرگە لە لەشكری یەكی تایبەت و پێیوایە هاووڵاتیان دەبوو بە رێژەی 90% دەنگ بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئەنجامێكی باش بوو بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، دەنگدانی خەڵك بە پارتی و متمانەبەخشین بەو حزبەش لەبەر هەلوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی پارتی بووە كە لە هەموو خەبات و تێكۆشانی رابردوو و ئێستایدا، بۆ بەدەستهێنانی سەربەرزی و رزگاری گەلی كوردستان خەباتی كردووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەو ئەنجامە بە لای منەوە جێگەی دڵخۆشی نییە، چونكە ئەگەر ئێمەی كورد وەك نەتەوە سەیری خۆمان بكەین، پێویست بوو سەدا نەوەدی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە پارتی بدابا، بۆ ئەوەی پارتی بەتەنیا توانای داڕشتن و دانانی دەستوور و یاسای هەبووایە، بەڵام بەم ئەنجامەی ئێستا لە و بڕوایەدا نیم پەرلەمان بتوانێت دەستوورێك دابنێت كە لە هەموو كوردستان سەركەوتوو بێت و كاری پێ بكرێت».
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەمجۆرە راگەیاند:
پارتی: 688070 دەنگ، 45 كورسی.
یەكێتی: ٣١٩٩١٢ دەنگ، 21 كورسی.
گۆڕان: ١٨٦٩٠٣ دەنگ، 12 كورسی.
نەوەی نوێ: ١٢٧١١٥ دەنگ، 8 كورسی.
كۆمەڵی ئیسلامی: ١٠٩٤٩٤ دەنگ، 7 كورسی.
بەرەو ئیسڵاح: ٧٩٣٣٤ دەنگ، 5 كورسی.
سەردەم: ١٥٥٨١ دەنگ، 1 كورسی.
ئازادی/ شیوعی: 80٦٣ دەنگ، 1 كورسی.
كۆتاكان:
پارتی گەشەپێدانی توركمانی: دوو كورسی.
پارتی چاكسازی توركمانی: یەك كورسی.
لیستی میللەت: یەك كورسی
بەرەی توركمانی: یەك كورسی.
رافیدەین: یەك كورسی.
كلدان ئاشوروی سریانی: یەك كورسی.
هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی: سێ كورسی.
ئەرمەن: یەك كورسی.
Top