رێگریكردن لەهاوسەرگیریی كچی بەتەمەن داهاتووی دەخاتە مەترسییەوە
October 3, 2018
کۆمەڵایەتی
شەونم ئافرەتێكی باڵابەرزی ئەسمەر و چاو رەشە و وەك خۆی باسیكرد، تەمەنی لە 41 ساڵ تێپەڕیوە و لە كاتی پێگەیشتنیەوە دەیان خوازبێنی بۆ هاتووە، بەڵام هەر جارەو باوك و براكانی بە بیانووی جۆراوجۆر رەتیان كردووەتەوە. ئەو بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە: «كاتی خۆی كە گەنج بووم، زۆر داواكارم دەهات، تەمەنم هێشتا 16 ساڵ بوو، لە خزمەوە بیگەرە تا بێگانە بەردەوام خوازبێنییان دەكردم، بەڵام باوكم هەموو جارێك بە بیانووی جۆراوجۆر رەتی دەكردەوە، ئەوەندە خوازبێنیم دەهات، كە دواجار بڕیاری دا، واز لە خوێندنیش بهێنم و ببمە كچی ماڵەوە. دواتر براكانیشم هاتنە پاڵ باوكم و نازانم بۆچی هەموویان ئەوەی داوای منی بكردایە، وەك دوژمن سەیریان دەكرد. هەتا تەمەنم بوو 35 ساڵان نەیانهێشت شوو بكەم، دوای ئەوەش خوازبێنیكارم نەما و خزم و بێگانە بە قەیرەكچ ناویان دەبردم. بەڕاستی باوكم و براكانم پیریان كردم، زۆرجار بە گوێی خۆم بیستوومە لە خزم و بێگانە بە قەیرەكچ ناویان بردووم، بۆیە بڕیارم دا، هەر كەسێك بێتە خوازبێنیم مێردی پێ بكەم، تەنانەت ئەگەر ئیفلیجیش بیت، ئەوە بوو شەش ساڵ پێش ئێستا ئەم پیاوەی كە ئێستا هاوسەرمە هاتەخوازبێنیم، فوول سبووغی كردبوو، پێیەوە دیار نەبوو تەمەنی حەفتا ساڵ زیاتر بوو، باری داراییشی زۆر باش بوو، ژنەكەی پێشووی نەخۆش بوو، بەڵام كچی بە مێرد و چوار بووك حەوت هەشت نەوەشی هەبوو، دیسان باوك و براكانم رەتیان كردەوە، وتیان تەمەنی زۆر گەورەیە خۆت حەیف مەكە، بەڵام ئیتر ماندوو بووم لە قسەی خەڵك و رێگرییەكانی باوك و براكانم بۆیە شووم پێ كرد.»
شەونم باسی ئەوەشی كرد كە لەئێستادا «هەوێ»یەكەی (هاوسەری یەكەمی مێردەكەی) كۆچی دوایی كردووە و لەو ماوەیە زۆر خزمەتی كردووە، چونكە نەخۆش بووە، هەر لە بەر ئەوەش كوڕ و كچەكانی زۆر رێزی دەگرن، گوتیشی: «خوا هەڵناگرێ مێردەكەم قەد بێڕێزی پێ نەكردووم، بەڵام ئەوەتا من 41 ساڵمە و ئەو دوو ئەوەندەی من تەمەنیەتی و ئێستاش لە سەرەمەرگدایە و زۆر نەخۆشە، بۆیە گەردنی ئازاد دەكەم و گلەییم لەو نییە. بەڵام داوا لە هەموو ماڵە باوان و باوكان دەكەم، ئەوەندە رێگری لە شووكردنی كچی خۆیان نەكەن، كە ناچار بێت چارەنووسی خۆی تووشی كێشەی زۆر و ژیانێكی ناخۆش بكات»
موقەدەمی مافپەروەر ژیلەمۆ عەبدولقادر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان/ هەولێر، بەسەرهاتی هاوشێوەی ئافرەتێكی دیكەی وای تۆماركردووە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئافرەتێك هەفتەیەك بوو بەردەوام تێلی دەكرد و دەیگوت دەمەوێ مێرد بە كەسێك بكەم، بەڵام باوكم رازی نییە. هەرچەند رێنمایی دەكرا كە تەمەنی یاسایی خۆی و ئەو كەسەی دەیەوێ شووی پێ بكات، تەواوە و دەتوانن بچن بۆ دادگا و بەبێ رەزامەندیی باوكی گرێبەستی هاوسەرگیری بكەن، بەڵام هەر دەیگوت نابێت، تا رۆژێك خۆی سەردانی كردین. كاتێك لێمان پرسی ئەو كەسە كێیە كە دەتەوێ شووی پێ بكەی، وتی: كەسێكە باكگراوندێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی هەیە و سێ ژنیشی هەیە، 30 ساڵیش لە خۆم بەتەمەنترە. زۆرمان ئامۆژگاری كرد كە وازی لێ بهێنێ، بەڵام ئەو هەر پێداگری دەكرد شووی پێ بكات. بۆیە بانگی باوكی كچەكە و ئەو پیاوەمان كرد كە دەیویست ئەو كچە بخوازێت، لە پیاوەكەمان پرسی: ئامادەی ئەو كچە بخوازی؟ وتی: بەڵێ، چوومەتە خوازبێنیشی، بەڵام باوكی رازی نییە. باوكی كچەكەش زۆر بە توندی وەڵامی دایەوە و وتی: تۆ كچەكەی منت هەڵخەڵەتاندووە، تۆ سێ ژنت هەیە، ئەگەر ژنەكانت رازین من كچەكەی خۆمت دەدەمێ. پیاوەكەش وتی: نەخێر رازی نین، بەڵام كێشە نییە لە دادگای مەخموور مارەی دەكەم. باوكی كچەكە رووی لە ئێمە كرد و وتی: ئێوە رێگە دەدەن كچەكەم مێرد بە كەسێك بكاتكە سێ ژنی هەبێت و 30 ساڵ لە كچەكەی من گەورەتر بێ؟»
موقەدەم ژیلەمۆ باس لەوەدەكات كە «ئێمە لەو حاڵەتەدا تەنیا توانیمان ئامۆژگاری كچەكە بكەین كە باش نییە مێرد بەو پیاوە بكا. بە پیاوەكەشمان وت دەبێ ژنەكانی رازی بن، ئەگەر رازی نەبن و سكاڵات لەسەر تۆمار بكەن، ئەوا بەپێی یاسای باری كەسی هەمواركراو ژمارە 15ی ساڵی 2008 دادگایی دەكرێی و سزاكەشت بەلانیكەم شەش مانگ زیندانی و 10 ملیۆن دینار غەرامە دەبێت، بەڵام ئەو دەیگوت باكم نییە و دەچم لە مەخموور مارەی دەكەم، ئەگەر باوكی كچەكە رازی بێت. باوكی كچەكەش وتی: من بە هیچ شێوەیەك رازی نیم كچەكەم شوو بەو پیاوە بكات، بەڵام كچەكەی وتی: من تەمەنم 30 ساڵە و ناگەڕێمەوە ماڵەوە و مێردیشی پێ دەكەم. كەچی پیاوەكە پێی وت بە تەمای من مەبە و بۆ خۆت بڕۆوە بۆ ماڵی باوكت. كچەكە كە گوێی لەو قسەیە بوو، وتی: واتە تۆ منت ناوێت! من لەبەر خاتری تۆ خەریكە حاشا لە كەسوكارم دەكەم، تۆش ئەوە هەڵوێستتە؟ لە كۆتاییدا كچەكە گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو شووكردنە لە بەرژەوەندیی ئەو نییە و پەشیمان بووەوە، بەڵام بەر لەوەی بڕوات وتی: بۆیە ئەو كارەم كرد چونكە هەر كەسێك دەهاتە خوازبێنیم، باوكم كۆسپی بۆ دروست دەكرد. بۆیە بەڵێننامە لە باوكی وەرگیرا كە چیدی گرفت بۆ شووكردنی كچەكەی دروست نەكات».