بەساڵاچووانی کوردستان دەنگ بە لیستی ژمارە (١٨٣)ی پارتی دەدەن

بەساڵاچووانی کوردستان دەنگ بە لیستی ژمارە (١٨٣)ی پارتی دەدەن
دەنگدان بۆ خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و ئەو ھاونیشتمانییانەی مافی دەنگدان و تەمەنی یاسایی ١٨ ساڵیان تێپەڕاندووە، بە گەرمی خۆیان بۆ پێشوازی لە رۆژی دەنگدان ئامادە دەکەن، بەڵام ژمارەیەک لە بەساڵاچووانی ھاووڵاتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەوان باشتر لە ھەر توێژێکی دیکەی ناو کۆمەڵگەی کوردی، پارتی دیموکراتی کوردستان دەناسن و تەنیا متمانە بە سەرۆکایەتی پارتی و لیستی ژمارە (١٨٣)ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن. ھاوکات داوا لە ھاوڵاتیان دەکەن بۆ ئەوەی کوردستانێکی ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانیان ھەبێت، دەنگ بە بەربژارەکانی لیستی ژمارە (١٨٣)ی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بدەن.



عەبدولڕەحمان ئێدلبی، پێشمەرگەی دێرین و ھەڤاڵی بارزانیی نەمر:
بارزانیی نەمر ھەمیشە گیانێکی کوردپەروەرانەی ھەبوو، باوەڕی بە شۆڕش و کوردایەتی ھەبووە و ھەمیشە خۆشەویستی پێشمەرگە بووە، باسکردنی بە سەدان لاپەڕە تەواو نابێت، بارزانیی نەمر ھەمیشە دەیفەرموو: ئەگەر دڵی میللەت لەگەڵمان بێ، دوژمن ھەزار جار قوەتی زیاتر بێت، قەد ناتوانێت بمانشکێنێ، بۆیە بۆ بەردەوامیدان بەو رێبازە پێویستە ھەموو کوردستانییەک لە رۆژی ٣٠ی ئەیلوول بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی ١٨٣ پارتی و کاندیدەکانی بدات، چونکە تەنیا ئەو رێبازە بە سەرکردایەتیی سەرۆک مسعود بارزانی کوردستان دەگەیێنێتە سەربەخۆیی و سەروەریی. نابێت ئەوە لە یاد بکەین کە بارزانیی نەمر لە ھەموو ساتەوەختەکانی شۆڕشدا زۆر متمانەی بە مسعود بارزانی ھەبوو. ئێستاش دەبێت ھەموومان پشتیوانی ئەو سەرۆکە دڵسۆزە بین کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ھەمیشە پێشمەرگە و گیانفیدا بووە.



ئاسیا تەیب عیسا دانیشتووی گوندی بازێ لە دەڤەری بارزان:
لە کاتی ئەنفالی بارزانییەکاندا، باوک و دوو برا و دوو شوو برا و مێردەکەم و ١٥٠ کەسی خەڵکی گوندەکەمان لەگەڵ ھەشت ھەزار پیاوی بارزانی ئەنفال کران. بۆ شادکردنی رۆحی ئەو شەھیدانە و ھەموو شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران تەنیا دەنگ بە پارتی دەدەم. پارتی حزبی قوربانیدانە بۆ ئەوەی میللەتەکەمان لە ئارامی بژین. من دەنگ بەو لیستە دەدەم کە ھەزاران کەسوکارم خوێنیان بۆی رشتووە. ئەو لیستەی زامنی ئارامی و ئاشتی و تەباییە و بەدیھاتنی خەونی شەھیدان ئامانجی گەورەیەتی، تەنیا لیستی بارزانی و پارتییە، بۆیە دەنگ بە لیستی ١٨٣ دەدەم، چونکە لە رابردوو تاقیکراوتەوە کە تاکە حزب بووە خزمەتی بە میللەتی خۆی کردووە و لە خەمی دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا بووە.


غوربەت حوسێن ئەحمەد:
ئەگەرچی تەمەن زۆر بووە و کەمی ماوە، بەڵام ھیوامان بە پارتی ھەر زۆرە. سەرۆک بارزانی و پارتی سەلماندوویانە کە چۆن دەتوانن خزمەتی گەلی خۆیان بکەن، بۆیە خۆم و منداڵم ھەر ھەموومان دەنگمان بۆ پارتییە، چونکە لە سایەی پارتی لە ماڵ و حاڵی خۆمان دانیشتووین، ئەگەر پارتی نەبووایە ئێستا ھەولێر و دھۆک و ئاکرێ و زاخۆ ھەر ھەمووی وەک کەرکووکی لێ دەھات و ھەموومان ئاوارە دەبووین. بۆیە نابێت ئەوەمان لەبەر چاو ون بێت. بۆیە پێویستە پشتیوان و دەنگدەری پارتی بین.

سامی محەمەد عەلی کورانی:
لەبەر ئەوە دەنگ بە لیستەکەی بارزانی دەدەم، چونکە ئەو تاکە ئاواتی رزگارکردنی گەل بووە لە چەوسانەوە و ژیردەستەیی و ھەمیشە لە دژی دوژمنانی کورد خەباتی کردووە و قوربانی داوە، ئەگەر پارتی نەبێت، کوردستانیش بوونی نابێت، ئەگەر ھیممەتی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەکانی پارتی نەبوایە، ئەمڕۆ ھەولێر ھی کورد نەبوو، وەک کەرکووک دەفرۆشرا و داگیر دەکرا. بۆیە داواکارم ئەوەی کوردستانی لا مەبەستە تەنیا دەنگ بە لیستی پارتی بدات و خۆیشم ھێشتا ھێزی ئەوە تێدا ماوە، بچمە بنکەی دەنگدان و ھەر دەنگیش بە پارتی و بارزانی دەدەم.
حاجی حەمەدەمین شێخ وەسانی:
بۆ ئەوەی کوردستان ئاوەدان و بەھێز و ئارام و سەربەخۆ بێت، دەنگ بە پارتی دەدەین. پارتی سەرۆکێکی ھەیە کە سەرۆکی وا لە جیھاندا کەم وێنەیە، دڵسۆزی گەل و پشتیوان و داکۆکیکاری مافەکانی گەلەکەیەتی و ھەرگیز سازشی لەسەر ناکات. پارتی لە ژێی سێبەری ئەو سەرۆکە دڵسۆزە یەکەم حزبی سەر ئاستی عێراق بووە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بە پشتیوانی خوای گەورە و کوردستانییان ھەر یەکەم دەبێت و بەھێز و توانات زیاترەوە خزمەتی گەلەکەی دەکات.

رەسوڵ محەمەد رەسوڵ:
بارزانییەکان نەوە لەدوای نەوە ھەر خەریکی شۆڕش و کوردایەتی بوون و زەحمەت و مشەقەتی زۆریان دیتووە، ھەر ئەوان لە خەمی میللەتی کورد بوون، بۆیە دەنگی خۆمان دەدەینە سەرۆک بارزانی و پارتی، بێگومان ھەر پارتییە کە دەتوانێت دڵسۆزانە خزمەتی کوردو کوردستانی بکات. بۆیە داواکارم ھەموو خەڵکی کوردستان ئەو راستییەیان لەبەر چاو بێت و دەنگ بە لیستی پارتی بدەن بۆ ئەوەی کوردستانێکی ئازاد و ئارام و سەربەخۆمان ھەبێت و کەس نەوێرێ دەستی بۆ درێژ بکات.
تەھا شاھین:
وەکو پێشمەرگەی پارتی چەندین ساڵ خەباتمان کرد بۆ کورد و کوردستان بە ئازادی بژین، بۆ ئەوەی ببینە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ھەر پارتی بووە ئێمەی پاراستووە و ھەر پارتی بووە لە پێناو گەلەکەی قوربانی داوە، بۆیە لە وەتەی ھەبووین، پارتی بووین و ھەر پارتییش دەبین و دەنگیشمان ھەر بۆ پارتییە و ئێساش دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین.
Top