گەنجانی نیشتمانپەروەر متمانەی خۆیان بەلیستی پارتی دەدەن «ئەوە سەلمێندراوە كەپارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێز دەبێت»

گەنجانی نیشتمانپەروەر متمانەی خۆیان بەلیستی پارتی دەدەن  «ئەوە سەلمێندراوە كەپارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێز دەبێت»
هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی پێكردووە و لە ئێستادا هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لە كەشێكی ئازاد و چارەنووسسازدا خۆیان بۆ چوونە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان ئامادە دەكەن، بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمانێك هەڵبژێرن، كە چاوەڕوان دەكرێت كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای بەدەستهێنانی سەركەوتن كار و كۆششی جیددی بكەن بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی دامەزراوەكانی حكومەت و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان و چەسپاندنی سەروەری یاسا و نەهێشتنی پشێوی و پاشاگەردانی سیاسی و داڕشتنی دەستوورێكی هاوچەرخ بۆ كوردستان، بۆ ئەوەی ببێتە چوارچێوەیەك بۆ دەستەبەركردن و دەستنیشانكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان و چەند پرسێكی پەیوەندیدار و گرنگی دیكە. لێرەشدا ژمارەیەك لە گەنجانی نیشتمانپەروەر راو بۆچوونی خۆیان لەم بارەوە بۆ گۆڤاری گوڵان خستەڕوو.

دوریا شێروانی چالاك لەبواری سۆسیال میدیا:
پارتی هەمیشەخزمەتی خاك وخەڵكی كردووە و شایستەی متمانەپێدانە
«دەنگم بۆ پارتییە چونكە، خاوەنی دۆزی رەوای گەلێكی مەزڵوومە و بە درێژایی تەمەنی ئەم حزبە بۆ تاكە جارێكیش نە خاكیان فرۆشتووە و نە سڵیان كردووەتەوە لە خزمەتكردنی ئەم گەلە، ئەگەر سەرنج بدەین لە پڕۆسەكانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و هەڵبژاردنەكان گەنجە خوێن گەرمەكانی ئەم خاكە لە سەركەوتن و هاندانی خەڵك پێشەنگ بوون، بێگومان نیشانەی هاوكاری و خزمەتكردنی گەنجە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان، داوا لە لاوی كورد دەكەم، پێش ئەوەی كار لە كار بترازێ و دووبارە ئەنفالێكی دیكە و كیمیابارانێكی دیكە دووبارە ببنەوە، ئێوە دەستپێشخەر بن و هاوكاربن و دۆزی رەوای گەلی كورد بەرز رابگرن، هەروەك چۆن بەرز راگیراوە. چاومان لە ئێوەیە برینی ساڕێژنەكراوی دایكە شەهیدەكان ساڕێژ بكەن و ببنە پۆڵا بۆ پاراستنی ئەم خاكە و ببنە دانا و داهێنەر بۆ گەلەكەتان و كاتی ئەوە هاتووە خاوەن دەوڵەتی خۆمان بین و بۆ نەوەكانمان دروستكەری بناغەیەكی ساغڵەم بین. وەك چۆن جەنابی سەرۆك بارزانی بە درێژایی ژیانی خزمەتی ئەم گەلەی كرد، تاوەكو ئەمڕۆ دۆزی رەوای گەلی كوردی لەشاخ گەیاندە كۆشكی سپی و جیهان، ئاواش ئومێدمان بە هەردوو سەركردەی ئارامی و ئاوەدانی جەنابی مەسروور بارزانی و جەنابی نێچیرڤان بارزانی هەیە، كە خزمەتی ئەم دۆزە رەوایە بكەن و رێ و رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر درێژە پێ بدەن.»


هاوژین بەكر دەرچووی كۆلیژی زانستی و ئەندام مەكتەبی لقی 24ی پارتی دیموكراتی كوردستان:
هەر لیستێك سەرۆك بارزانی لەپشت بێت،هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر دەنگی پێدەدات
«پەرلەمان بەهێزترین ناوەندی هەر وڵاتێكە بۆ ئەوەی بە دەركردنی یاسا و داڕشتن و هەمواركردنەوەی یاساكان خوشگوزەرانی و ئاسایشی هاووڵاتییانی دابین بكات، لە ئێستاشدا كە لە هەڵبژاردنەكانی خولێكی دیكەی پەرلەمانی كوردستان نزیك بووینەتەوە، ئەوا پێویستە زۆر بە وردی نوێنەری دڵسۆز و راستەقینەی خۆمان بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێرین، نەك ئەوانەی كە بەنیازن كودەتا بكەن و هەموو دەستكەوتەكانی كورد سەروەرییەكانی بسڕنەوە. سەرۆكی بەڕێزمان مسعود بارزانی زیاتر لە نیوە سەدەیە پێشمەرگەیەو تەمەنی لە پێناوی ئەوە داناوە كە كورد رزگاری بێت لە ماڵوێرانی و كوشتن و داگیركاری، بۆیە هەر لیستێك ئەو سەرۆكەی لە پشت بێت، هەموو كوردێكی بەوەفاو دڵسۆزو نیشتمانپەروەر دەنگی پێ دەدات و پشتیوانی لێ دەكات، منیش سەربەرزم كە وەك شوێنكەوتوویەكی رێبازی بارزانی خۆم و هەموو ئەندامانی خێزانەكەم كە مافی دەنگدانمان هەیە، دەنگ بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین.»


میللەت مەهدی فەرمانبەر لەكارەبای بەردەڕەش:
لیستی 183 ئاشتی و ئاوەدانییە
«من وەكو ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و گیانفیدایەكی رێبازی پیرۆزی بارزانی دەنگ دەدەم بە لیستی شەهیدان و لیستی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی كە لیستی (١٨٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەگەر پارتێك جەنابی سەرۆك و پێشمەرگەی كوردستان كاك مسعود بارزانی سەركردەی بێت، نەك تەنیا دەنگی پێ دەدەم، بگرە ئامادەم گیانی خۆمی بۆ بەخت بكەم. دڵنیاشم سەركەوتن بەدەست دێنین، چونكە ئێمە خاوەنی سەركردەیەكی سیاسی و كارێزما و لێزان و بەتوانای وەك جەنابی سەرۆكین و ئەمساڵیش وەك ساڵانی رابردوو ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕین، چونكە ئەیلوول مانگی سەركەوتنی پارتەكەمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەستێرەی گەشی نێو ئاسمانی وەرزەكانی ساڵە و بە ڕێبەرایەتی باوكی رۆحیی نەتەوەیی كورد ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلوول بەرپاكراو ئامانجەكەشی پێكا، ئەوە بوو لە ساڵی رابردوو لە ئایلوولی ٢٠١٧ ریفراندۆم ئەنجام درا، بە سەركردایەتی جەنابی سەرۆك و پێشەواو پێشەنگمان كاك مسعود بارزانی كە لە سەدا ٩3ی خەڵكی كوردستان دەنگی بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان و بە هەموو دنیاش سەلمێندرا، كەوا گەلی كوردستان داوای مافی رەوای خۆی دەكات.


هێمن حالی شێرۆكی، قوتابی ماستەر لەزانستی كارگێڕی وفەرمانبەر لەدیوانی چاودێریدارایی هەرێمی كوردستان:
دەنگم بۆ پارتییە
«دەنگم بۆ پارتییە، چونكە پارتی داینەمۆی كوردایەتی و ئاوەدانی كوردستانە و تاكە حزبە كە بە جددی داكۆكی لە مافەكانی گەلی كورد دەكات، ئەوەش سەلمێندراوە كە ئەگەر پارتی بەهێز بێت، ئەوا كوردستان بەهێز دەبێت.»
Top