دوو ئەویندار پاش 35 ساڵ بە یەكتر شاد دەبنەوە

دوو ئەویندار پاش 35 ساڵ بە یەكتر شاد دەبنەوە
زۆر جار باسی كێشە و ئاریشەی هاوسەران و چۆنیەتی و هۆكارەكانی جیابوونەوەیان كراوە، بەڵام بە دەگمەن باسی بەسەرهاتی تەژی لە ئەوینداری و سەركەوتن و بەجێگەیاندنی بەڵێنی ئەوینداران كراوە. دوو عاشقی كورد ماڵە خنجیلانەكەیان پڕكردووە لە ئەوینداری و سۆز و خۆشەویستییەك كە تەنیا لە چیرۆكەكاندا باس كراون، ماڵەكەیان لێوانلێو كردووە لە رێز و خۆشەویستی بۆ یەكتر و زۆربەی كاتەكانیان پێكەوە بە ئازارەكانی رابردوویان پێدەكەنن و بە ئومێدەوە لە داهاتوویان دەڕوانن. لەم بەدواداچوونەی (گۆڤاری گوڵان)دا ئەو دوو ئەویندارە پەردە لەسەر چیرۆكی دڵداری و كۆسپەكانی بەردەمیان لادەدەن.

پیاوێكی باڵابەرزی بەتەمەن و دڵ پڕ لە ئومێدە. هێشتا یەكەم جێژوانی خۆی لەگەڵ خۆشەویستەكەی لە بیر ماوە و ئەوەش بە خۆشترین بیرەوەری خۆی دەزانێت.
محەمەد ئەحمەد، تەمەنی 61 ساڵە و مروەت عەباس هێشتا 50 ساڵ لە تەمەنی پڕ نەكردووەتەوە، هەر لەو تەمەنەشدا بە فەرمی هاوسەرگیرییان كردووە و هەر دووكیان زۆر دڵخۆشن بەوەی كە دوای تەمەنێك دووری بە ئەوینی خۆیان شاد بوونەتەوە.
ئەو دوو ئەویندارە خەڵكی دوو گوندی دەڤەری پشدەر-ی باشووری كوردستانن، ئێستا لەژێر سەقفی خانوویەكی خنجیلانەدا ماوەی دوو ساڵە ژیانی هاوبەشیان دەست پێ كردووە، كە بۆ ماوەی 35 ساڵ لە چاوەڕوانی ئەو هاوژینییەدا ئازاریان چەشتووە.
محەمەد بەمجۆرە باسی ئەو ژیانە هاوبەشەی لە هاوسەرەكەی (مروەت) دەكات: «هاوسەرەكەم خزمی خۆمانە و ماڵی باوكی لە گوندی بەستێن بوو. یەكەم جار كە سەردانی ماڵە خزمانیان كرد لە گوندی ئێمە، مروەت تەمەنی هەر 15 یان 16 ساڵ دەبوو. من 9 ساڵ لەو گەورەتر بووم. هەر لەو سەردانەیدا دڵم دایێ و خۆشم ویست، لە كاتی گەڕانەوەیدا بەرگەم نەگرت و لە لای دركاندم. ئەو سەرەتا شەرمی كرد وەڵامم بداتەوە، بەڵام كە زانی پڕ بە دڵ خۆشم دەوێ و دەمەوێ ببێت بە هاوسەرم، رازی بوو. داوی ئەوەی باوكی كۆچی دوایی كرد و دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕی، ناردمە خوازبێنی مروەت، بەڵام دایكی بە رەحمەت بێ (كە ئێستا ئەویش نەماوە و كۆچی دوایی كردووە)، بە هیچ شێوەیەك رازی نەبوو كچەكەی مێرد بە من بكات، بەڵام ئێمە بەڵێنمان بە یەكتر دابوو، بۆیە هەر چاوەڕوان بووین.»
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا ئەو چاوەڕوانییە چەند ساڵی پێچوو؟ دەڵێت: «دوای 35 ساڵ دووری لە یەكتر و چاوەڕوانی بە یەكتر شاد بووینەوە، لە هەموو ئەو ماوەیەشدا بە تەلەفۆن و دیداری كورت پەیوەندیمان هەبوو. تەنانەت هەموو ئەو ساڵانەش ماڵی مروەت بە خێزانەوە لە وڵاتی ئێران بوون، پەیوەندی خۆمان نەپساند، ئەو چوار خوشكی لێرە بوون و هەركات دەهات بۆ سەردانی ئەوان و خزمەكانی دیكەی، یەكترمان دەبینی و دیسان پەیمان و بەڵێنی خۆمان نوێ دەكردەوە.»
سەبارەت بەوەش كە سەرەڕای ناڕەزایەتیی دایكی مروەت چۆن توانیویانە بە یەكتر بگەن و ژیانی هاوسەرێتی پێكبهێنن، دەڵێت: «هەتا بە رەحمەت بێ، دایكی مروەت مابوو، رێگەی پێ نەداین، بەڵام دوای ئەوەی كۆچی دوایی كرد، وەزعەكە گۆڕا، ئێمەش تەمەنێكمان هەبوو، بۆیە كەس نەیتوانی رێگری لە خۆشەویستیمان بكات و خوای گەورە ئێمەی بە یەكتر شاد كردەوە.»
مروەت بە هەمان شێوە زۆر بە دڵخۆشییەوە سوپاسی خوا دەكات و دەڵێت: «من بەڵێنم بە محەمەد دابوو، بۆیە دەیان خوازبێنیم هات، مێردم نەكرد و ئەویش بە بەڵێنەكەی پابەند بوو، ئەو بەڵیندارییە وایكرد، بە یەك گەیشتین، ئێمە بەڵێنمان بە یەكتر دابوو، كە یا بۆ یەكتر بین، یا بۆ گڵ، بەڵێنەكەشمان بردەسەر، راستە زۆری پێچوو، بەڵام هیچ كارێك لای خوای گەورە سەخت نییە و ئێمەی بەوەفا و خاوەن بەڵێنی بە یەك گەیاند، ئێستاش زۆر دڵخۆشین و ئەگەرچی تەمەنیشمان زۆر بووە، بەڵام هەست بە پیری ناكەین و هەمیشەش سوپاسی خوای گەورە دەكەین.
لەو ماڵە خنجیلانەدا كە ئەو دوو ئەویندارە پێكەوە دەژین، هەست بە ئەوینداری و سۆز و خۆشەویستییەك دەكرێت، كە تەنیا لە چیرۆكەكاندا باس كراون، ماڵەكەیان لێوانلێو كردووە لە رێز و خۆشەویستی بۆ یەكتر و زۆربەی كاتەكانیان پێكەوە بە ئازارەكانی رابردوویان پێدەكەنن و بە ئومێدەوە لە داهاتوویان دەڕوانن. ئەوان دەستی یەكتر دەگرن و پێكەوە باخچەی ناو حەوشەی ماڵەكەیان پڕگوڵ كردووە و جاروبار شاخەگوڵێكی لێ دەكەنەوە و لە بەرۆكی یەكتری دەدەن.
ئەو دوو ئەویندارە، پەیامێكی گەورەیان بۆ ئەو گەنجانە هەیە كە هیچ بڕوایەكیان بە خۆشەویستیی پاك و بێگەرد نییە، لۆمەی ئەوانەش دەكەن كە كەسیك فریو دەدەن و یاری بە كەرامەتی فریوخواردووەكە دەكەن. ئەوان رایانوایە: هەموو كەسێك دەبێت سەرەتا لە مانای ئەوین تێبگات، ئەوكات ئەوینداری بكات، چونكە درۆ و فریودان و بێ وەفایی و بێ بەڵینی و داوێنپیسی زۆر دوورن لە ئەوینداری و فڕیان بە عەشق و خۆسشەویستییەوە نییە.
Top