ژن لە راگەیاندنی كوردیدا بەشی سێیەم و كۆتایی پێگەی ژن لە راگەیاندنی كوردیدا . . . . پ.ی.د. نەزاكەت حسێن حەمەسەعید
July 30, 2018
کۆمەڵایەتی
١- پێگەی پیشەیی: یەكێك لە گرفتەكانی كاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستاندا ئەوەیە بە پیشە نەناسێنراوە و یاسایەك نییە تایبەت بە ماف و پشتگیری كاری رۆژنامەنووسی، نە لە ئاستی نیشتمان، نە لە ئاستی دەزگاكانی راگەیاندن، وەك دەبینرێت لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نەك بە یاسا ئەم پیشەیە رێك خراوە و ناسێنراوە، بەڵكو ‹مافی رۆژنامەنووس لە دەزگاكانی راگەیاندندا› وەك یاسایەك دانراوە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، تاكو رۆژنامەنووس لە ناو دەزگاكانیشدا مافی پێشێل نەكرێت، بوونی ئەم بۆشاییە یاسایە لەم هەرێمەدا رۆژنامەنووسی زۆری كردووەتە قوربانی و مافی زۆر پێشێل كراوە بەگشتی و بۆ ژن بەتایبەتی، ئەویش لەبەر عەقڵییەتی كۆمەڵگە و رۆئیای بۆ كاری رۆژنامەنووسیی ژن كە رۆئیایەكی نێگەتیڤە و رەنگی داوەتەوە لە مامەڵەی بەڕێوەبەری دەزگاكان بەرامبەری و زۆر جار مافی دەخورێت و بە مەزاج مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بە حوكمی ژنبوونیشی كە هەندێك بارودۆخی تایبەتی هەیە، وەك: (هاوسەرگیری و منداڵ بوون و ...) زۆرجار رۆژنامەنووسە ژنەكان ئەو گلەییە دەكەن و دەڵین: وەك رۆژنامەنووسی ژن مۆڵەتی دایكایەتی و مافی دایكایەتیمان نییە لە كارەكەمان، بگرە زۆر جار كە داوای مۆڵەت دەكەین، شوێنەكەمان دەگیرێت و بێكار دەبین.
٢-پێگەی ئیداری: ئەگەرچی ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بە كوردستانەوە، یان بە ژنی كورد، بەڵكو لە جیهاندا بە هۆی دواكەوتنی چوونی ژن بۆ بواری رۆژنامەنووسی و لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری وەك خوێندەواری و بەربەستی كۆمەڵایەتی و سیاسی، ژن تا ئیستاش پێگەی لە پۆستە ئیدارییەكان و لە دەزگاكانی راگەیاندندا وەك پێویست نییە. لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەری یەك كەناڵی سیاسی ژن نییە، یەك رۆژنامەی نەشناڵی، یان سیاسی سەرنووسەرەكەی ژن نییە. بە هەمان شێوە رادیۆیەكی نەشناڵی سەرتاسەری سیاسی، یان حزبی، بەڕێوەبەرەكەی ژن نییە. بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەك حزب ژن نییە. ئەگەر ژن سەرنووسەریش بێت، یان بەڕێوەبەری كەناڵ بێت، ئەوە كەناڵە كۆمەڵایەتی، یان هونەرییە لۆكاڵییەكانن بە زۆری، سەرنووسەریش لە رۆژنامەی ژنان، یان كۆمەڵایەتین ئەگەر هەبێت. نەك بەڕێوەبەر، بەرپرسی ژووری هەواڵ و سیاسەت دەگمەنە ژنێك بێت، بەتایبەتی كەناڵە گەورەوە سیاسی و حزبییەكان. رێژەی زۆریان یان لە پرسگەكانن، یان كارمەندێكی ئاسایین، یان ئەگەر پەیامنێریش بن، یان پێشكەشكاری بەرنامە بن، هەر لە چوارچێوەی بابەتە كۆمەڵایەتییەكانن.
٣-بوونی لە بۆردو داڕێژەری ئەجنداو سیاسەتی كەناڵ یاخود دەزگای راگەیاندن: بوونی ژن گرنگە لەم پێگەیانە لانیكەم بۆ ئەوەی ئاگادار بێت كە پرسەكانی ژنان چۆن تەوزیف دەكرێن لە كەناڵەكاندا. بە پێی توێژینەوەیەك كە خوێندكارێكی زانكۆی سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٧ كردوویەتی، لە ٢٪ ژن بوونی هەبووە لە بۆردی داڕێژەر و بەڕێوەبردنی كەناڵەكان و بڕیارداندا لە ١٠ كەناڵی تەلەفزیۆنی هەرێمی كوردستان كە نموونەی توێژینەوەكەی بووە.
٤-تەوزیف بوونی لەبەرهەمە میدیاییەكاندا: نەبوونی ژن لە پێگەی بڕیار لە دەزگاكانی راگەیاندن كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر تەحریركردنی ئەو بابەتانەی لە بەرهەمە میدیاییەكاندا دادەبەزن. ژن لە فیلمی كوردیدا تەنیا یان دایكە، یان ژنی ماڵە، یان خەسووە، هەمان رۆڵە كۆمەڵایەتییەكەی پێدراوە، ئەویش بە لاوازی. لە بەرنامەكاندا بۆ میوانی بەرنامەكان و لێدوان وەرگرتن سەبارەت بە بابەتە كۆمەڵایەتییەكان ژنان زۆر دەدوێندڕین، بەڵام بۆ پرسێكی گەرمی سیاسی زۆر بە كەمی ژن بانگ دەكرێت، یان رای وەردەگیرێت. لە گۆرانییەكاندا ئامرازێكە بۆ راكێشانی سەرنج و سێكس، تەنانەت لە ئەفلام كارتۆنیش ژن جێگەی گاڵتەپێكردنە!
٥-مافی گەشەپیدان و كرێی كاركردنی: بە پێی یاسای مافی رۆژنامەنووسی لە زۆربەی وڵاتان و جیهاندا رۆژنامەنووس مافیەتی بەشداری خول و راهێنان بكات. رۆژنامەنووسە ژنەكان لە وەڵامی راپرسییەكی سەنتەرێكی توێژینەوە لە كەناڵە تەلەفزیۆنییە كوردییەكاندا گلەیی ئەوە دەكەن كە زۆرتر بۆ خول و راهێنانەكان پیاوان بە رێژەیەكی بەرزتر بەشدارییان پێ دەكرێت، كرێ و گرێبەست لە بەشێكی دەزگاكانی راگەیاندنی كوردیدا بۆ ژن و پیاو وەك یەك نییە، بە پێی وتەی بەرپرسی لقێكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە دەڵیت: گلەییمان زۆر بۆ هاتووە لەو بارەوە لەلایەن ژنانی رۆژنامەنووسەوە.