د. مەیادەنەجاڕ: پارتی هەر لە سەركردایەتییەكەیەوە هەتا ئاستی جەماوەری متمانەی تەواوی بەكاندیدە ئافرەتەكان بووە وپشگیرییانی كردووە

د. مەیادەنەجاڕ: پارتی هەر لە سەركردایەتییەكەیەوە هەتا ئاستی جەماوەری متمانەی تەواوی بەكاندیدە ئافرەتەكان بووە وپشگیرییانی كردووە
تا ئێستا لە زۆربەی هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا خانمان بە دەگمەن دەنگی تەواویان هێناوە و زیاتر بە سیستمی «كۆتا» سەركەوتوون، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا خانمانی كاندید بە دەنگی خۆیان سەركەوتوون. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی چالاكانی بواری یەكسانیی رەگەزی جەخت لەوە دەكەنەوە كە خودی ئافرەتان بۆ بەشداری لە بڕیاری سیاسیدا زیاتر متمانەیان بە پیاوان هەیە و كەمتر دەنگ بە هاوڕەگەزی خۆیان دەدەن، ئەوەش دوویات دەكەنەوە كە پەرلەمانتارانی خولی پێشوو لە پەرلەمانی عێراق كارێكی ئەوتۆیان بۆ باشتركردنی رەوشی ئافرەتانی كورد و ئافرەتانی كوردی ئێزیدی بەتایبەتی نەكردووە، ئەمانە و چەندین پرسی دیكەی هەستیار، لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ د. مەیادە محەمەد ئیسماعیل ساڵح نەجاڕ، دامەزرێنەر و سەرۆكی رێكخراوی ئاریانا بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان و كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، تاوتوێ كراون.


* سەرەتا با بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێ بكەین، دیارە لە پرۆسەكانی هەڵبژاردندا رێژەیەكی بەرچاوی ئافرەتان بەشداری لە دەنگدانەكان دەكەن و بگرە زیاتریش لە پیاوان دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام كەمتر دەنگ بە ئافرەت دەدەن و نوێنەری پیاو هەڵدەبژێرن. بۆچی زۆربەی ئافرەتان لە بواری بەشداری سیاسیی، زیاتر متمانەیان بە پیاوە نەك بە ئافرەت؟ ئەو واقیعە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ــ بێگومان لە كۆمەڵگە پیاوسالارییەكاندا بەهۆی نەبوونی متمانە بە توانای ئافرەت زۆربەی دەنگدەرانی ئافرەت دەنگ بە كاندیدە پیاوەكان دەدەن، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئەوەیە كە لەم هەڵبژاردنەدا بەتایبەتی ئافرەتەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەنگی خۆیان دەرچوون و پێویستیان بە كۆتا نەبوو، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەركردایەتییەكەیەوە هەتا ئاستی جەماوەری متمانەی تەواوی بە كاندیدە ئافرەتەكان هەیە و پشگیرییان دەكات، من وەك كاندیدێكی پارتی زۆرخۆشحاڵم بەوەی كە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی بە دەنگی خۆیان دەرچوون لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون.
* وەك یەكێك لە پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، توانیتان دەنگێكی زۆر بەدەست بێنن، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت كە خەڵكێكی زۆر متمانەیان پێت كردووە، چ كارو پرۆژەیەكت هەیە بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە لەدەست نەدەیت؟ هەروەها چۆن خۆت ئامادە كردووە بۆ ئەو جەنگە گەورەیەی كە لە بە غدا بەرامبەر بە كورد دەكرێت؟
ــ من بەر لەهەموو شتێك سوپاسی ئەو جەماوەرە تێكۆشەرەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە پشتگیرییان كردم و متمانەی خۆیان بەمن دا، سەبارەت بە بەرنامە و ئەو پڕۆژانەی كە كاری لەسەر دەكەم، بەر لەوەی كاندید بم، چەندین پڕۆژە یاسای گرنگم لە چەندین بواری یاسایی، دەستووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئامادە كردبوو، چونكە پێشتریش هەمیشە وەك یاساناسێك هەستم بەوە كردووە كە جەنگی ئێمە لە بەغدا جەنگێكی یاسایی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەوان هەوڵ دەدەن لە رێگەی یاساو پاساوی دەستووری مافەكانمان پێشێل بكەن، چەندین توێژینەوەی تایبەتیم لەسەر پڕۆژەی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ ئامادەكردووە، لەوانە جێبەجێكردنی مادەی 48 كە تایبەتە بە دروستكردنی ئەنجومەنی ئیتحادی، لە پڕۆژەكەمدا ئاماژەم بە چۆنیتی دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە و پاراستنی كورسیی هەرێمەكان داوە، هەروەها پڕۆژەیەكی دیكەم ئامادەیە بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی دادگای فیدڕاڵی، پڕۆژە یاسایەكیشم ئامادە كردووە كە تایبەتە بە زیادكردنی دیپلۆماتكارانی كورد و بوونی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نێو گشت باڵیۆزخانەكاندا. پێویستە وەك پەرلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا زۆر بە هۆشیارییەوە مامەڵە بكەین، منیش خۆم بۆ جەنگێكی فرەڕەهەند لە بەغدا ئامادە كردووە و بە یاسا بەرگری لە نەتەوەكەم دەكەم.
* چالاكانی بواری مافەكانی ئافرەت پێیانوایە پەرلەمانتارانی خولی پێشوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كارێكی ئەوتۆیان بۆ باشتركردنی رەوشی ئافرەتانی كورد بەگشتی و ئافرەتانی كوردی ئێزیدی بەتایبەتی نەكردووە، رای ئێوە لەو بارەیەوە چییە و چ بەرنامەیەكتان بۆ ئافرەتانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەیە؟
ــ بە بڕوای من لە رابردوودا كار كراوە لەو بوارەدا و كەمتەرخەمیی زۆریش هەبووە، بەڵام من لە ئێستادا بەرنامەی وردم بۆ گشت ئەو پرسانە ئامادەیە، ئەگەر تەمەن هاوكار بێت، جێبەجێی بكەم، لەوانە چەندین پڕۆژەی تایبەتمەندم لە چوارچێوەی پێگەیاندنی ئافرەتان بۆ بەشداریكردنیان لە بواری كەرتی تایبەت و كاری رێكخراوەیی و تۆڕی دیپلۆماسی و پێگەیاندنیان لە بواری كارگێڕی ئامادەیە، كە ئەم پڕۆژانە تایبەتن بە ئافرەتانی هەرێمی كوردستان. هەروەها پڕۆژەیەكی یاساییم بۆ ئافرەتانی ئێزیدی ئامادە كردووە كە گشت ماف و ئەركەكانیان بۆ بگەڕیتەوە و لە نزیكترین كاتدا ئەو پڕۆژەیە پێشكەش دەكەم، ئەگەر حكومەتی عێراقیش فەرامۆشی كرد، ئەوا من ئەم پڕۆژەیە ئاراستەی دادگای ئیتحادی دەكەم، هەروەها پڕۆژەیەكی یاساییم لەسەر ئافرەتان ئامادە كردووە، بەتایبەتی ئافرەتانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، تەنانەت لە كاتی روودانی پەلاماری حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان و ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ئافرەتانی شاری دوزخورماتوو، من لە چەندین وتاردا بە شێوازی یاسایی باسم لە گێڕانەوەی مافی ئەو ئافرەتانە كردووە و ئێستاش ئەوە دەكەم بە پڕۆژە و هەوڵ دەدەم هەموو مافەكان بۆ ئافرەتانی ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێم بگێڕمەوە.
*سەلمێنراوە ئافرەتان لە سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردندا لە پیاوان سەركەوتووترن، كەچی لە پۆستی سیاسی وەك پێویست بوونیان نییە، هۆكاری ئەمە چییە؟
- بەشداریی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێكی زۆر باشدایە و جێ پەنجەیان لە ئاستی سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی پۆستە ئیدارییەكان دیارە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە، ئەمەش بۆ نەریتی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، چونكە لە گشت كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا رێگری لە بەشداریی ئافرەتان كراوە.
* خانمان گلەیی ئەوە دەكەن كەوا لە رووی تەندروستی و خزمەتگوزاریی تەندروستی پەراوێز خراون و گرنگی بە باری تەندروستییان نەدراوە، ئەوە چۆن لێكدەدەنەوە؟
ــ عێراق لە رووی ئەمنییەوە سەقامگیر نییە و دامەزراوەكانی وەك پێویست خزمەتگوزاری پێشكەش ناكەن، كەرتی تەندروستیش لە ئاستێكی خراپدایە و ئافرەتانیش قوربانیی یەكەمی ئەو كێشەیەن، بەڵام هەریمی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ گشت ناوچەكانی عێراق لە رووی كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریی تەندروستی تایبەت بە ئافرەتان هەنگاوی باشی ناوە.
* وەك ئاشكرایە نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژێكی تایبەتی كردووە بە رۆژی جیهانی كچان، كەچی تا ئەمڕۆش لە كوردستاندا كچان ئەو بایەخەیان پێنەدراوە كە متمانەیان بە خۆیان هەبێت، بەڵكو هەمیشە لە بەردەم خەونەكانیان بەربەست دروست كراوە، سەرباری هەموو ئەوانەش ساڵانە یەكەمەكانی كوردستان زۆرینەیان كچانن، خوێندنەوەتان لەسەر ئەمە چییە و پێویستە بۆ كچانمان چی بكرێت؟
ـــ من بەر لەوەی كە پەرلەمانتار بم، چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنیم و ماوەی چەندین ساڵە لە نووسینەكانمدا كارم لەسەر پڕۆژەكانی تایبەت بە كچان كردووە، لەسەر ئاستی رێكخراویش پڕۆگرامێكی تایبەتم بە پێگەیاندنی تواناكانی ئافرەتان و هاندانیان بۆ بەشداریكردن لە كەرتی تایبەتدا ئامادە كردووە. چەند پڕۆژەیەكی دیكەم لەبەردەستە، لەوانە كردنەوەی خولی تایبەتی بۆ كچانی قوتابیی زانكۆ بۆ بەشداریكردنیان لە سێكتەری ئابووری و بنیادنانی ئەكادیمیایەكی پێگەیاندنی ئافرەتی دیپلۆماتكار و ئافرەتی سەركردە، ئەگەر تەمەن رێگەم بدات لە ئەنجومەنی نوێنەراندا ئەو پڕۆژانە دەخەمە بواری جێبەجێكردنەوە.
* بەگشتی پەرلەمانتاران تا چەند لە دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتدا بە یاسا سەركەوتوو بوون و چ كۆسپ و تەگەرەیەك لەو بوارەدا بەدی دەكەن؟
ــ پەرلەمانی عێراق كێشەی زۆری لە جیاوازی نەتەوەیی تا دەگاتە جیاوازی تائیفی هەیە، ئەم هۆكارانە رێگر بووبن لە دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەتان، بەڵام پشت بە خودای گەورە لەم خولەی پەرلەماندا بە پڕۆژە یاساكانمان دەستەبەری مافەكانی ئافرەت دەكەین.
* پەلاماردانی خاكی كورد لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەتایبەتی كارەساتی ئێزیدییەكان و رفاندنی ئافرەتان و بە سەبایا كردنیان برینی زۆر قووڵی دروست كردووە، بۆ ساڕێژكردنەوەی ئەو برینە دەبێت چی بكرێت؟
ــ ئەو تاوانەی كە گرووپی تیرۆریستیی داعش دژ بە ئێزیدییەكان ئەنجامی دا، تاوانێكی دژی مرۆڤایەتی و زۆر قێزەونە، كە باوەڕ ناكەم لە مێژوودا تاوانی لەوجۆرە ئەنجام درابێت، بۆیە سارێژكردنی زۆر ئەستەمە، بەداخەوە دادگای فیدڕاڵی و ئەنجومەنی نوێنەران وەك پێویست كاریان لەسەر كارەساتی ئێزیدییەكان نەكردووە، من پرۆگرامێكی تایبەتمەندم لەسەر ئەم پرسە ئامادە كردووە و تایبەتە بەوەی كە دەبێت هەموو ئافرەتێكی ئێزیدی سەرجەم ماف و ئیمتیازاتی زیندانیی سیاسی بۆ دابین بكرێت، هەروەها دەبێت چارەسەری بەردەوامی بێ بەرامبەر لە بواری تەندروستی و دەروونییان پێشكەش بكرێت. هەروەها پێویستە كەیسەكەیان بە شێوەیەكی جیهانی كاری لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی وەك تاوانی جەنگ بناسرێت. من بەنیازم پڕۆژەیەك پێشكەش بە دادگای تاوانەكانی جیهان (دادگای لاهای) بكەم، بۆ ئەوەی ئەم بابەتە وەك بابەتێكی جیهانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، لەلایەكی ترەوە حكومەتی بەغدا ناچار بكرێت كە لەو بوارەدا كەمتەرخەمی نەكات.
* ئافرەتانی پەرلەمانتار تا چەند هەوڵیان داوە رێژەی كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ئافرەتی پەرلەمانتار زیاتر بكەن؟
- ئەوەندەی من تێبینم كردبێت، تەنیا پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستاتن كاریان لەسەر ئەو پرسانە كردووە كە پەیوەستن بە ئافرەتانەوە، پەرلەمانتارانی لایەنەكانی تر لەم بوارەدا كەمتەرخەم بوون، بەڵام ئێمە لە ئێستاوە بەرنامەی تۆكمەمان ئامادە كردووە و بەنیازین لە نزیكترین دەرفەتدا بیخەینە بەردەم سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ زیادكردنی كورسیی ئافرەتان كە مەرجە، لەهەردوو دەسەلاتی جێبەجیكردن و دەسەلاتی یاسا دانان لە سەدا سی كەمتر نەبێت.
* راستە سەربەخۆیی وڵات شتێكی گشتگیرە و رەگەزێك بە تەنیا ناتوانێ ببێتە پێوەری ئەو سەروەرییە، بەڵام ئافرەتی كورد لە رەوتی خەبات و شۆڕشدا رۆڵی كاریگەری هەبووە، ئێستا كە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دراوە، ئافرەتی كورد چۆن دەتوانێت ئەو رۆڵە گرنگەی بەجەستەتر بكات؟
ــ ئەوەی جێگەی شانازییە ئافرەتانی كورد هەمیشە پێشەنگی خەبات و قوربانیدان بوون و، لەگشت شۆڕشەكاندا رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە، من توێژینەوەیەكم لەسەر رۆڵی ئافرەتانی كورد لە شۆڕشەكاندا كردووە، ئەگەر تەمەن بوار بدات لە چوارچێوەی نامیلكەیەكدا بڵاوی دەكەمەوە، لەم قۆناغەی ئێستاداشدا بەتایبەتی لەكاتی ئەنجامدانی گشتپرسی بینیمان چۆن ئافرەتان رۆلێكی كاراو دیاریان گێڕا، ئافرەتانی كورد نموونەی قارەمانین، بە بڕوای من ئافرەتانی چالاكوان و رۆشنبیران دەتوانن لەم كاتەدا كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، بەتایبەتی ئافرەتانی رۆشنبیر دەتوانن لە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەدا لەكاتی بانگەشەی سەربەخۆییدا رۆڵی كارا بگێڕن، لە كاتی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆشدا دەتوانن رۆڵێكی گرنگ بۆ خۆیان بەرجەستە بكەن، هەر لە رۆشنبیركردنەوەی كۆمەڵگە تا دەگاتە بینادنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت، من خۆم پێموایە ئەركی ئافرەتانە لەم قۆناغەدا زۆرترین هەوڵ بدەن بۆ گەیشتمان بە سەربەخۆیی.»
* وەرچەرخانێكی گەورەی ئەرێنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەكان بەرامبەر بە كورد رووی داوە، كورد خۆی تا چەند بۆ سوودوەرگرتن لەو وەرچەرخانە ئامادە كردووە و دەبێت چ بكات؟
ــ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكارییەكی مێژووییدایە، ئەوەتا زیادبوونی ململانێیەكانی ئێران لەگەڵ ئەمریكا چۆتە ئاستێكی زۆر مەترسیدارەوە، لەلایەكی ترەوە پرسی سووریاش رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، بەهەمان شێوە ئەم بابەتانە وادەكات كە زۆر قەیران و گرفتی تر لە ناوچەكەدا رووبدات، ئەمەش خۆی لە خۆیدا كاریگەریی زۆری لە سەر رۆڵ و پێگەی كورد دەبێت، سەرەڕای ئەم گۆڕانكارییانە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆكی هێژا، رێزدار سەرۆك مسعود بارزانی وایكردووە كە وڵاتانی زلهێز بە گرنگییەوە لە دۆزی نەتەوەیی كورد بڕوانن، هەرێمی كوردستان دورگەیەكی ئارامە لە دەریایەكی پڕ لە كێشەدا، لەبەر ئەوەش ئایندەیەكی زۆر گەشی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت و زلهێزەكان ناچار دەبن گرنگی پێ بدەن. من پێموایە لە ماوەی داهاتوودا ئایندەیەكی گەش بۆ هەریم مسۆگەر دەبێت .
* مافی ئافرەت و منداڵان لە هەموو كۆمەڵگەیەكی مۆدێڕندا سەرباسی باسانە، بەڵام لە عێراقدا ئافرەت لە ئاستی ناوەندەكانی بڕیاری سیاسیدا زۆر كەم دەردەكەون و مافی منداڵیش وەك نەوەی دواڕۆژ تەنیا لە چوارچێوەی دروشمی كاربۆنەكراودا ماوەتەوە، بەرنامەتان بۆ دەستەبەری مافەكانی ئافرەت و منداڵان و چییە؟
بێگومان ئەگەر ئێمە بەراوردێك لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان بكەین، جیاوازییەكی زۆر دەبینین، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی زۆر بە گرنگییەوە كاری لەسەر چەسپاندنی مافەكانی ئافرەتان و منداڵان كردووە، لەهەرێم چەندین دامەزراوەی تایبەت بەئافرەتان و چەندین رێكخراوی تایبەت بە مناڵان لە كوردستان هەن، بەڵام لە عێراق دۆخەكە زۆر پێچەوانەوەیە، چونكە بەشداریی ئافرەتان لە بەڕێوەبردن و كاری سیاسی و كۆمەڵایەتی لە عێراقدا، لە ئاستێكی زۆر لاوازدایە و بیری تائیفی وایكردووە، پرسی مافی ئافرەت بە یەكجاری فەرامۆش بكرێت، پرسی منداڵانیش هەر بە جارێك پەراوێز خراوە و هیچ جۆرە گرنگییەكی پێ نەدراوە. تەنانەت لە عێراق هەوڵێك هەبوو كە بە یاسا هاوسەرگیریی منداڵان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، واتا لە عێراق هیچ ئاسۆیەكی روون بۆ منداڵان و ئافرەتان بەدی ناكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەوەیە، بوونی سەدان رێكخراوی تایبەت بە منداڵان و ئافرەتان بوونی هەیە و چەندین یاسای تایبەت بە پاراستنی منداڵان و ئافرەتان وایكردووە كە هەرێم زۆر جیاواز بێت لە عێراق.
* وەك دوا پرسیار ئایا پێتوایە ئەركی ئافرەتان بۆ پێشوازی لە بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆدا چییە و چ رۆڵێك لەو بوارەدا دەبینن؟
ــ بە بڕوای من بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بە هەماهەنگی گشت لایەك دەبێت، واتا لەكاتی سەربەخۆیی كوردستان گشت تاكێكی كورد رۆڵ و پێگەی دیاری دەبێت، چونكە سەربەخۆیی خەونی لەمێژینەی هەموومانە، بۆیە گشتمان بەبێ جیاوازی دەبێت هەوڵی خۆمان لەم بوارەدا بدەین، بە بڕوای من چۆن ئافرەتانی كورد لە كاتی شۆڕشەكاندا رۆڵێكی كارایان گێڕاوە، بەهەمان شێوە لەكاتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش رۆڵێكی كاریگەریان دەبێت.
Top