خانمانی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی خۆیان بۆخزمەتی ئافرەتان ومنداڵان دەخەنەڕوو

خانمانی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی خۆیان بۆخزمەتی ئافرەتان ومنداڵان دەخەنەڕوو
ئەگەرچی كاری نوێنەرانی هەر گەلێك لە پەرلەمانی وڵاتەكەیاندا زۆر رەهەند لە خۆی دەگرێت و بە دەركردنی یاساكان هەوڵ دەدەن، حكومەت وەك هێزی جێبەجێكار پراكتیزەی بكات، چاودێریی چەسپاندن و جێبەجێكردنی یاساكانیشیان دەكەن، بەڵام هەندێك پرسیش تایبەتمەندیی خۆی هەیە و نیازی بە كاری زیاتر و هەوڵی فراوانتر هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتانی دواكەوتوودا دەبێت، زیاتر بە یاسا پشتیوانی لە مافە زەوتكراوەكانی ئافرەتان و منداڵان بكرێتەوە، كاندیدێكی سەركەوتووش بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە عێراقدا رێز لە خەبات و قوربانیدانی ئافرەت نەگیراوە و وەك پێویستیش ئاوڕیان لە منداڵان و قوربانییانی شەڕ نەداوەتەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت لەو بوارەدا كاری بەپەلە بكرێت. لەم راپۆرتەی گوڵانیشدا چەند خانمی كاندیدی دەرچووی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرنامەی خۆیان بۆ خزمەتكردنی ئافرەتان و منداڵان دەخەنەڕوو.


سەرەتا د. ڤیان سەبری، كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: «ئەوەی بە سەر ئافرەتان و منداڵانی ناوچە كێشە لەسەرەكان هات، زۆر ترسناك و زۆر بە ئازار بوو، بەتایبەت ئەو كارەساتانەی لە شنگال روویاندا، ئەویش لە دەرەنجامی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق بوو، بۆیە زۆر گرنگە پەلە لە جێبەجێكردن و بەگەڕخستنی ئەو ماددەیە بكرێت.» سەبارەت بە كار و بەرنامەی خۆیشی لە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: «كە چوومە پەرلەمان بەرنامەیەكی فراوانم بۆ باشتركردنی رەوشی ئافرەتان هەیە، ئەویش لە رێگەی پشتیوانیی یاسایی لە بەرزكردنەوەی ئاستی تواناكانی ئافرەتان و هۆشیاركردنەوەیان بەرامبەر بە مافە رەواكانیان لە چوارچێوەی یاساكانی مافی مرۆڤ و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها دۆزینەوە و دابینكردنی كار و پیشەی سەربەخۆ بۆ خانمان، چونكە زۆربەی ئەو ئافرەتانە بەخێوكەری خێزانەكەیان لە رووداوەكان لە دەستداوە، لە پاڵ ئەمانەشدا كاردەكەم لەسەر بەرنامەی پاراستنی منداڵ و چۆنیەتی رەفتاركردن لەگەڵیدا لە رووی دەروونییەوە و دابینكردنی خزمەتگوزاری دەروونی بۆ ئەو منداڵانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە تووشی هێدەی دەروونی بوون، هەروەها كاردەكەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە پێشێلكارییەك كە بۆ سەر ئافرەتان و منداڵان دەكرێت، ئەویش بە پشت بەستن رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ، پێویستە حكومەت لەسەر ئەو پێشێلكارییانە بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و بەرپرسیارانە كاری لەسەر بكات و رێگە لە دووبارە و سێ بارە بوونەوەیان بگرێت كە لە شەڕی داعش روویاندا و تا ئێستاش لە كەركووك و خانەقین و خورماتوو بەردەوامیان هەیە.»
د. ڤیان سەبری ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە هەوڵ دەدات بۆ «جێبەجێبوونی ماددەی 132 لە دەستووری عێراق كە بریتییە لەوەی دەوڵەت چاودێریی كەسوكاری شەهید و گیراوانی سیاسی و زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی دیكتاتۆر بكات، هەروەها قەرەبووی خێزان و خانەوادەی شەهید و بریندارانی كردە تیرۆرستییەكان بكاتەوە.»
كاندیدی سەركەوتوو، ئیخڵاس سەباح، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بە درێژایی ساڵانی رابردوو دانیشتووانی عێراق رووبەڕووی جەنگ و داگیركاری و زوڵم و ستەم بوونەتەوە، هاووڵاتیانی ناوچە كێشە لەسەرەكان لەم نەهامەتییانە پشكی شێریان بەركەوتووە، ئەویش بەهۆی تایبەتمەندی ناوچەكەیانەوە. لە هەر جەنگ و ململانێیەكدا زۆرترین قوربانییەكان ئافرەت و منداڵن، لە كاتێكدا دەستوور و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكان ئاماژە بە ژیانێكی شایستە دەكەن بۆ ئەو دوو توێژە كە ئافرەت و منداڵن.» سەبارت بە پڕۆژەكانی خۆیشی گوتی: «بەڵێن دەدەم كارەكانم تایبەت بكەم بۆ خزمەتی زیاتری ئافرەتان و منداڵان، بەتایبەت ئافرەت و منداڵی ناوچە جێ ناكۆكەكان، كاردەكەم بۆ خزمەتكردن و چاودێریكردنی ئافرەتە بێوەژنەكان، ئەویش بە پشتیوانی یاسا و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و رێكخراوەكان، بۆ بڕینەوەی مووچەیەك كە ژیان و گوزەرانیان بەڕێوە ببات، كاردەكەم بۆ كردنەوەی قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری و بەستنی كۆنگرە بە بەشداریكردنی زۆرترین رێژە لە خانمانی ئەو ناوچانە و بۆ دروستكردنی ئاشتەوایی، دیڕاسەكردنی دۆخی ئافرەتانی زیندانی و كردنەوەی بنكەی تایبەت بە چارەسەری دەروونی ئافرەتان و منداڵانی قوربانیی دەستی جەنگ، هەروەها بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ خانمان و گەڕاندنەوەی ئەو ئافرەت و منداڵانەی كە تائێستا بۆ ناوچەكانیان نەگەڕێندراونەتەوە، كاری جددیش دەكەم بۆ خستنەڕووی پرسی ئێزیدییەكان لە هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆنفراسێك بە مەبەستی ئاوڕلێدانەوەیان، هەروەها كاردەكەم بۆ دروستكردنی پەیكەرێك بۆ ئافرەتانی ئێزیدی لە هەموو پارێزگاكانی عێراق، لەسەرووی هەموو ئەوانەوە كاردەكەم بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ باوەشی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دانیشتووانەكەی لە ژیانێكی سەربەرز و شایستە بژین.»
كاندیدی سەركەوتوو هەدار زوبیر بارزانی، كاركردن بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی ئافرەت و مناڵان بە ئەركی سەرەكیی خۆی دەزانێت و لە بارەی كار و بەرنامەی خۆیشیەوە دەڵێت: «ئەركی پیرۆزی سەرشانی ئێمەی كاندیدە دەرچووەكانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتایبەتی ئافرەتان ئەوەیە كە كار بكەین بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ئافرەت و منداڵ، بەتایبەت ئەوانەی كە بە زەبر و زۆر و بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، لە شنگال، كەركووك، دوزخورماتوو، زوممار و هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانین هەر هیچ نەبێت كامێك لە ئێش و ئازارەكانیان كەم بكەینەوە.
راگەیاندنی جیهانی و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بە ئاشكرا ئاماژە بە یەكسانیی مافی هەردوو رەگەز دەكات، كە دەڵێت: هەموو مرۆڤێك بە ئازادی و یەكسانی لەدایك دەبێت و پێویستە ئازادی و كەرامەت و مافەكانی پارێزراو بێت. بۆیە ئێمەش لە رێگەی لێژنەی تایبەت بە مافی مرۆڤ و لێژنەی مافی ئافرەت و منداڵان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانیان خۆشتر بكەین.
ئافرەت پێگەیەكی قایمی هەیە و دەتوانێ كاریگەری زۆری لە بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاری و تەنانەت ئایینی هەبێت، لە هەموو كات و ساتێكی ژیانیش رۆڵێكی گرینگ و سەرەكی هەبووە لە كاروبای ژیان و پەروەردەكردنی منداڵ و هەر كاتێك وڵات و نیشتمانەكەشی رووبەڕووی هەڕەشی دوژمن بووبێتەوە، شان بە شانی پیاو خەبات و بەرگری كردووە، هەمیشە و لە هەموو شەڕەكانیشدا زەرەرمەندی سەرەكی ئافرەت و منداڵ بووە، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا لە عێراقدا رێز لەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی ئافرەت نەگیراوە و وەك پێویستیش ئاوڕیان لە مندڵان و قوربانییانی شەڕ نەداوەتەوە.
لەكوردستانیش راستە یاسای تایبەت بە خێزان و ئافرەت و منداڵ هەیە، بەڵام زۆر بە كەمی جێبەجێ دەكرێت و زیاتر بووەتە مەرەكەبی سەر كاغەز، بۆیە ئومێد بە خوا ئێمە هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە و هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و دەبێت كاری جددیتر بكەین بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانی ئافرەتان، نابێت ئەوەش لە بیر بكرێت كە ئافرەت، دایكە، خۆشكە، هاوسەرە و نیوەی كۆمەڵگەیە و دەبێت رێز لە ئەركەكانی بگرین و مافەكانی بپارێزین.
Top