خانمانی دەستڕەنگینی هەڵەبجە بەكاری دەستی قووتی خێزانی خۆیان دابین دەكەن
June 26, 2018
کۆمەڵایەتی
«ئێمە نزیكەی ساڵێكە وەك فرۆشیار دەستمان بەم كارە كردووە. سەرەتا كۆمەڵێك دەستەخوشك بووین كە پێكەوە بەرهەمەكانمان هەفتەی یەكجار دەبردە باخی گشتی و نمایشمان دەكردن بۆ فرۆشتن، دواتر بە هاوكاریی دەستەی خانمانی هەڵەبجە و بە هاوكاریی بەڕێز كوێستان خان سەرۆكی شارەوانی نزیكەی چەند مانگێكە ئەم بازاڕەیان بۆ دابین كردووین، كە لە چەند دووكانێك پێكهاتووە و ئێمەش بەرهەمەكانی تێدا نمایش دەكەین. لێرەدا هەر كەسێك شتێكی هەبێت، لەهەر بابەتێك، دەتوانین بیفرۆشین و دڵی خوازیارانی كارەكانمان رازی بكەین.»
ئەوە قسەی ئەلوەند هەڵەبجەیی تەمەن 40 ساڵان بوو. ئەو خاتوونە فرۆشیارە یەكێك لە خانمانی بەسەلیقە و دەستڕنگینە و وەك خۆی باسیكرد باری داراییان خراپە و بۆ هاوكاریكردنی هاوسەرەكەی رۆژانە بە كارە دەستییەكانی هەوڵدەدات هەندێك لە پێداویستییەكانی منداڵەكانی دابین بكات. سەبارەت بە كێشەكانی بەردەمیشیان گوتی: «كۆمەڵێك كێشە و كەموكورتیمان هەیە، لەوانە نەبوونی دەستمایە بۆ كڕینی پێداویستی و رێكخستنی دووكانەكانمان، بەتایبەتی بێ بازاڕی وای لە هەندێك فرۆشیاری ئافرەت كردووە كە لە كاری فرۆشیاری واز بهێنن.» گوتیشی: «كڕیار هەمیشە گرنگی بە دیكۆر و شوێنی بازاڕەكە دەدات، ئێمەش ئەو توانایەمان نییە كە بۆ جوانكاری لە دووكانەكانی خەرج بكەین، بۆیە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان و خەڵكی سەرمایەدارو بەتوانا دەكەین كە هاوكاریمان بكەن و هەندێ كەموكورتیمان هەیە بۆمانی چارەسەر بكەن.»
هۆزان مەقسوود، تەمەنی 19 ساڵە و لە خێزانیكی گەورەو كەمدەرامەتە و سەبارەت بە كارەكەشی دەڵێت: «من نزیكەی چەند مانگێكە لێرە كاردەكەم، ئەم بازاڕە پێكهاتووە لە بەرهەمەكانی چەند خانمێك كە لە بواری كاری دەستیدا كاردەكەن، چەندین كاری زۆر جوانی تێدایە، بەڵام بە داخەوە تا ئیستا هاوكاریی باشی ئەم بازاڕە نەكراوە، تا زیاتر بەرەوپێش بچێت.» گوتیشی: «زۆرێك لە خانمان دەستڕەنگینن و توانا و بەهرەی نایابیان لە بواری كاری دەستی هەیە، بەڵام لایەنێك نییە كە پشتگیر و پاڵپشتیان بێت، بۆ پەیداكردنی كڕیار، یان فرۆشتنی بەرهەمەكانیان، نەبوونی دەستمایەی پێشەكیش بووەتە گرفتی سەرەكیی ئەو خانمە دەستڕەنگینانە، چونكە ئەم ژنانەی جێیان وەك دووكان بۆ دابین كراوە، خۆیان كەمدەرامەتن و هیچ داهاتێكی سەرەتاییان نییە هەتا دووكانەكانیان بڕازێننەوە. ئەم بازاڕە زۆر سوودی هەیە، بەڵام بە راستی پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەكی جددی هەیە تا زیاتر بەرەوپێش بچێت.»
هۆزان سوپاسی ئەو ناوەندە دەكات كە تێیدا فێری كاری دەستی بووە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «من وەك خۆم لەم بازاڕە بچووكە كاردەكەم و وەك دووكاندارێك هەلی كارم بۆ رەخسێندراوە لەلایەن (گرووپی دەستڕەنگینی كچانی هەڵەبجە)، بۆیە زۆر سوپاسی بەڕێز خاتوو سندوس حسێن دەكەم كە بە راستی هاوكارم بووە تا بتوانم لێرە كار بكەم و لە هەمان كاتدا فێری هەندێ كاری دەستیش بووم.»
سندوس حسێن، یەكێكە لە ئەندامانی دامەزرێنەری (دەستەی خانمانی هەڵەبجە) و هەروەها یەكێك لە سەرپەرشتیارانی بازاڕەكە و (گرووپی دەستڕەنگینی كچان لە هەڵەبجە)یە و بەمجۆرە باسی كار و چالاكییەكانی خۆیان دەكات: «ئامانجمان بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی تاك بووە و لە هەمان كاتدا گرنگی پێدان و زیندووڕاگرتنی كەلەپووری نەتەوایەتیمان و سوودوەرگرتن لە وزەو توانای تاك و دوورخستنەوەی ئافرەت لە بەفیڕۆدانی كات بووە. پاش هەوڵ و ماندووبوونیكی زۆری دەستەی خانمانی هەڵەبجە بۆ دابینكردنی شوێنێكی گونجاو بۆ ئەو خانمە دەستڕەنگینانەی كە لە هەڵەبجە كاری دەستی دەكەن، ئەو بازاڕە دروست بوو. بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بەڕێز خاتوو (كوێستان ئەكرەم) كرد، بە خۆشحاڵییەوە زوو بەدەم داواكارییەكەمان هات و سەرەتا بۆ ماوەی ساڵێك لە باخی گشتیی هەڵەبجە هەفتەی یەك رۆژ، شوێنی بۆ دابینكردین كە كاڵاكان بۆ فرۆشتن نمایش بكرێن، ئەوەش كاردانەوەی زۆر باشی هەبوو، سوودیشی هەبوو بۆ ئەو خانمانەی بەشداری بوون. پاشان بە هۆی لەبەرچاوگرتنی كەش و هەوا و نەگونجاویی شوێنەكە بۆ مانەوەی زیاتری فرۆشیارەكان، ناچار بووین هەوڵی دابینكردنی شوێنی گونجاوتر بدەین، ئەوە بوو جارێكی دی هانامان بۆ بەڕێز سەرۆكی شارەوانی برد، كە لە ئەنجامدا ئەو بازاڕەی كە موڵكی شارەوانی هەڵەبجەیە، شەش دووكانی بۆ دابینكردین و تا ئێستاش توانیومانە بەپێی پێویست شوێنی فرۆشیارەكانی تێدا بكەینەوە.
لە دوومانگی یەكەمی كردنەوەی بازاڕەكە خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكرد و تا راددەیەك شتومەكی فرۆشیارەكان كڕیاری هەبوو، بەڵام بەداخەوە لەبەر چەند هۆكاریك وردە وردە كڕیارەكان زۆر رووی لە كەمی كرد، كە لەبەرچاوترینی ئەو هۆكارانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستمایەیەكی سەرەتایی بۆ كڕینی مەواددی سەرەتایی بۆ دروستكردنی كارەدەستییەكان، دەبێت ئەو راستییەش لەبەر چاو بگرین كە هەمیشە كڕیار دەیەوێت كە روو دەكاتە بازاڕ، پێداویستییەكانی هەمەڕەنگ و زۆربێت، تا بتوانێت بە دڵی خۆی ئەوەی دەیخوازێت، هەڵیبژێرێت و بیكڕێت. هەروەها بازاڕەكە شوێنێكی زۆر دیار و گونجاو نییە و كەوتۆتە رووی ناوەوەی بازاڕەكە و كەمترین ئافرەت روودەكاتە ئەو شوێنە. لەلایەكی دیكەوە ناشارەزایی و نەبوونی ئەزموون لە بواری رێكخستنی بازاڕ و كاری فرۆشیاریی ئەو خانمە فرۆشیارانەی كە لەوێن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ساردییەكی زۆری لە بازاڕەكەدا دروست كردووە. ئومێدەوارین بە هەموولایەكەوە بە لایەنی ئیداریی شاری هەڵەبجە و خێرخوازان و خاوەن سەرمایە و كۆمپانیاكان بتوانن دەستگیرۆیی و پشتیوانی ئەو خانمە دەستڕەنگینانە بكەن، تا بتوانن بەردەوام بن و لە كارەكەیان سارد نەبنەوە و بە دڵێكی زۆر خۆش و گەشبینییەوە بەردەوام بن، هەروەك سەرەتا كە دەستیان پێكرد.»
سەرپەرشتیاری (گرووپی دەستڕەنگینی كچان لە هەڵەبجە)، لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا بۆ گۆڤاری گوڵان دەڵێت: «جێگای خۆیەتی سوپاسی تایبەتی بەڕێز خاتوو شیلان سەرپەرشتیاری ئێستای دەستەی خانمان بكەم كە دڵسۆزانە لە خەمی رێكخستن و دابینكردنی هەندێك كەموكورتیی بازاڕەكەدایە. تا ئێستاش توانیومانە چەند جارێك ئەم خاتوونانە بەشداری پێ بكەین لە پیشانگا و فیستیڤاڵەكان لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە و بردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان بۆ سەیرانگاكان لە هاویندا، تا كڕیاری زیاتریان بۆ پەیدا بكەین .»
وەك سندس حسێن باسیكرد، «سەرجەم فرۆشیارانی بازاڕەكە داواكارن لەلایەن حكومەتەوە قەرزی بچووكیان پێ بدرێت، یان لەلایەن كۆمپانیا و سەرمایەدارانەوە ئاوڕیان لێ بدرێتەوەو پشتیوانییان بكەن تا بازاڕەكەیان زیاتر گەشە پێ بدەن و كەلوپەلی زیاتر بخەنە بازاڕەكە، تا خواست و داواكاری كڕیار بەرز ببێتەوە و كارە دەستییەكانیشیان زیاتر بەرهەمدار بێت.» گوتیشی: «ئامانج لە كردنەوەی ئەم بازاڕە، بەرزكردنەوەی ئاستی دارایی تاكە و هەوڵدانە بۆ رەخساندنی دەرفەتی كاركردن و هاتنەدەرەو خستنەڕووی بەرهەم و كارە دەستییەكانی خانمانە و مەبەستیش ئەوەیە كاركردنی ژن لە دەرەوەی ماڵ ئاسایی بێت.»
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە هەڵەبجە هەلی كار بۆ خانمان لە چ ئاستێكدایە؟ سەرپەرشتیاری (گرووپی دەستڕەنگینی كچان لە هەڵەبجە) گوتی: «بەداخەوە هەلی كاركردن لە سنووری شاری هەڵەبجە بۆ هەر دوو رەگەز و بەتایبەتی بۆ خانمان زۆر خراپە، چونكە هیچ پڕۆژە و كارگەیەكی پیشەسازی لەم سنوورەدا نەكراوەتەوە. بەداخەوە لەلایەن حكومەت و سەرمایەدارانیشەوە گرنگی و بایەخی پێنەدراوە، ئەمەش بووەتە هۆی نەبوونی هەلی كاركردن. لەهەمان كاتدا خێزانەكانی شاری هەڵەبجە، باری ئابوورییان زۆر خراپە بە بەراورد لەگەڵ شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ناسەقامگیرییەی لە ماوەی ساڵانی جەنگی نەگریسی ئێران و عێراق و پاشانیش هەڵەبجە بە هۆی هەڵكەوتەی جوگرافیایی، زۆر جار رووبەڕووی كاولكاری و قەیران و شەڕ و دابڕان كراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارەدا لاواز بووە و هێندە كار بۆ بووژاندنەوەی كەرتی پیشەسازی و پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی نەكراوە، تا سەرجەم تاكەكانی ئەم شارەش هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت.»