توندوتیژی دژی ئافرەت لەمپەری بەردەم پێشکەوتنە . . . . ئیراد منوچر سان ئەحمەد*
June 23, 2018
کۆمەڵایەتی
لە رۆژئاگاری ئەمڕۆدا توندوتیژی دژ بە ئافرەتان گەورەترین بەربەست و لەمپەری بەردەم پێشکەوتنی ژنانە لە ھەموو جیھاندا. ئاست و رێژەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بە شێوازی جۆراوجۆر لەبەرزبوونەوەدایە، بە جۆرێک لەسەر ئاستی جیھاندا نکۆڵی لێناکرێت.
بەکارھێنانی توندوتیژی دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ، رەگەزی مێینەش بەسەرجەم قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیەوە رووبەڕووی ئەو تاوانە دەبێتەوە، ئیدی دەروونی، یان جەستەیی، یان زارەکی بێت، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەدا کە پیاوسالارین و نەریتی نێرسالاری تێیدا باڵادەستە و پراکتیک دەکرێت.
زۆرێک لە پسپۆڕانی بوارەکانی مافی مرۆڤ و ژنان وای بۆدەچن، کە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەگەڵ پێگەی ژن لەناو خێزاندا کاریگەری و پەیوەندی راستەوخۆی ھەیە، واتە ھەتاکو پێگەی ژن لە ناو خێزاندا، پتەو بێت و توانای بڕیاردانی ھەبێت، ئەوەندە رێژەی رووبەڕووبوونەوەی بە توندوتیژی کەم دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کە مایەی گرفت و نیگەرانییە، ئەوەیە کە خودی ژنانیش لاوازن لە دەرک کردن بەو توندوتیژییانەی کە بەرامبەریان دەکرێت و وایدادەنێن کە ئەمە یەکێکە لە مافەکانی کۆمەڵگە کە بە رەگەزی نێری داوە، کە دەبێت بەرامبەری ئەنجامی بدات، لەم روانگەیەوە زۆرجار ژنان خۆیان بەھانە و بیانوو دێننەوە بۆ ئەو توندوتیژییانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە و لۆمەی خۆیان دەکەن!
وەک زانراوە توندوتیژی کردیەکی فرەڕەھەندەو فاکتی ئابووری و یاسایی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی تایبەت بەخۆی ھەیە، ھەندێک لە ھۆکارەکانیش کە پەیوەستە بە توندوتیژی، پەیوەندی بە تایبەتمەندی و کەسایەتیی ئەو ژنانەوە ھەیە کە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ھەندێکیشی پەیوەستە بە تایبەتمەندی و کەسایەتیی ئەو کەسەی کە ھەڵدەستێـت بە ئەنجامدانی توندوتیژی. لە ھەردوو حاڵەتەکەدا کۆمەڵگە بەرپرسە لە دروستکردن و گۆشکردنی ئەو کەسایەتییانە، چونکە بە پێی تویژینەوەکانی تایبەت بە بواری کێشەی ژنان و پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ، ئەوا توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەرئەنجامی ئەو کەلتوور و دابونەرێتە چەقبەستووەیە کە لەناو کۆمەڵگەدا ریشەی داکوتیوەو بەشێوەیکی بەرفروان کاریگەری لەسەر سرووشتی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو دروست کردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا دۆزەکانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، بووەتە دۆزیکی پڕبایەخ و گرنگ لەلای زۆرێک لە وڵاتانی دونیا، خۆشبەختانە ھەرێمی کوردستانیش زۆر بە بایەخەوە لەم دۆزە دەڕوانێت، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە دید و پڕۆگرامەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆزە روون نییە..
جۆرەکانی توندوتیژی:
توندوتیژی جەستەیی: باوترین جۆری توندوتیژییە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت و، زۆر جار لە لایەن ھاوسەر، یان یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خێزان ئەنجام دەدرێت کە زیاتر رەگەزی نێر، وەک: باوک و برا و خاڵ و مام و...ھتد ئەنجامی دەدات. ئەو جۆرە توندوتیژییە زۆرجار مەترسیی ترسناکی جەستەی و دەروونی گەورە بەجێدەھێڵێت و ھەندێکجاریش گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە .
توندووتیژی زارەکی و دەروونی:
یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان کە لە رێگەی بەکارھێنانی وشەی ناشایست و جنێودان و خراپ مامەڵکردن لەگەڵ ئافرەتان روودەدات، زۆر جاریش ھەڕەشەی تەڵاقدان دەکرێت، کە ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی دەروونی لەسەر ئەوا ئافرەتانە دەبێت، کە رووبەڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییانە دەبنەوە.
توندوتیژی ئابووری:
لەم جۆرەدا رێگری دەکرێت لە ئافرەت کە خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆی بێت و دەیکەنە پاشکۆی یەکێک لە ئەندامانی خێزان، بەمجۆرە دەبێـتە ھۆی بێبەریکردنی ژنان لە فێربوون و پەروەردە و لە دەستدانی راھێنانەکانی ھەلی کار بۆ ئەوەی لە بازاڕی کاردا تێکەڵ بێت و ئەوەش دابڕانی ژنە لە ئازادیی ھەڵبژاردنی کار، بە جۆرێک تەنیا رێگەی پێ دەدرێت لە ماڵەوە کاربکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەو ژنانەی خاوەن بڕوانامەن، ھەلی کارکردنیان لە کۆمپانیکانی کەرتی تایبەت زۆر کەمە بەراورد بە رەگەزی نێر، لە کۆمپانیکانی میدیاش تەنیا وەک پێشکەشکار کاریان پێ دەدرێت و لە بوارەکانی دیکە زۆر بە کەمی کاریان دەست دەکەوێت، ھەروەھا کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بەھەمان شێوە چانسی ژنان کەمە بۆ ئەو کارە.
لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا پێدانی ھەلی کار لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایەبەت بە یەسا رێک نەخراوە، بۆ ئەوەی رەچاوی باڵانسی جێندەر بکرێت، ئەوەەش بووەتە ھۆی مەحروومکردنی ژنان لە کار، سەرباری ئەوەی کە خاوەن بڕوانامەش بن لەو بوارانەدا.
ئەوەی لێرەدا گرنگە تیشکی بخرێـتە سەر، رۆڵی میدیایە لە بواری کەمکرنەوەی توندوتیژی، کە رۆڵی شمشێرێکی دووسەر دەبینێت، ئەگەر ھۆیەکانی راگەیاندن بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بە کۆمەڵگە رەچاو بکەن، دەتوانن ئامرازێکی چاکەخواز بن، بەڵام ئەگەر بزوێنەری سەرەکی بازرگانی بێت، ئەو کاتە رەچاوی ئاسایشی کۆمەڵەگە ناکەن و زۆر جار دەبنـە ھۆی شێواندنی سیمای کۆمەڵگە و دواتر توێژێکی گرنگی کۆمەڵگە زەرەرمەند دەبێت کە ژنانن.
رۆلی پۆزەتیڤی میدیا ھاوبەشیکردنی ھۆیەکانی راگەیاندنە لە ھەڵمەتی نەھێشتنی توندتیژی خێزانی و دەبێت بەشداریکردنی و زانستی و دروستی ھەبێت بۆ رووماڵکردنی فۆرمەکانی توندتیژی و مەترسی و لێکەوتەکانی لەسەر خێزان و کۆمەڵگە و خستنەڕووی زانیاریی ورد لەلایەن کەسانی پسپۆڕی مافەکانی مرۆڤ و مندڵان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. بەڵام بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان زۆ جار میدیا رۆڵی نیگەتیڤی بینیوە و لە برەودان و ھاندان بۆ پیادەکردنی نۆرمە نەشیاوەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر ژنان تۆمەتبار دەکرێت، چونکە زۆر لە میدیاکان لە ھەرێمی کوردستان سانسۆری ئەوتۆیان لەسەر نییە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و دەبنە ھۆی تێکدانی سەقامگیری و ئارامی ناو خێزانەکان و ئەوەش کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر تاکەکان و بزوێنەری توندوتیژییە لە دژی ژنان.
لەم روانگەیەوە پێویستە میدیاکان کاری جددی بکەن بۆ وێناکردنی رۆڵی راستقینەی ژن لە کۆمەڵگەدا و لە رێگەی بەرنامەی ھۆشیارکردنەوەی چڕوپڕەوە ھەوڵبدەن ئەو نایەکسانییە جێندەرییەی کە پیادە دەکرێت بەرامبەری ئافرەت ئیدانە بکەن و مەترسییەکانی لەسەر پەروەردەی نەوەکانی ناو کۆمەڵگە بخەنەڕوو.
* چالاکی بواری ئافرەتان و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی