خانمان بۆ پێشوازی لەجەژن ئامادەكاری دەكەن

خانمان بۆ پێشوازی لەجەژن ئامادەكاری دەكەن
جەژنی رەمەزان وەك بۆنەیەكی ئایینی و كۆمەڵایەتی، لە كوردستاندا زۆر بە گەرمی یادی دەكرێتەوە و هاووڵاتیان لەو بۆنەیەدا پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان تازە دەكەنەوە و سەردانی یەكتر دەكەن و نوقڵ و شیرینی دابەش دەكەن، جەژنیش وەك زۆری بۆنەكانی دیكە، لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەكاندا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو هاووڵاتیان پێیانوایە سەرەڕای ئەوە جەژن لە رابردوودا بە بەراورد بە ئێستا زۆر سادەتر بووە، بەڵام خۆشتر بووە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بەهێزتر بووە. لەم نێوەندەدا خانمان هەموو ئامادەكارییەكیان كەوتۆتە ئەستۆ و وەك هەمیشە لە تێپەڕاندنی سەختییەكانی ژیان و ئەركی قورسی رۆژانەیان پشكی شێریان بەركەوتووە، مامۆستایەكی زانكۆش پێیوایە ئەوە ستەمێكی كۆمەڵایەتییە لە ئافرەتان دەكرێت.

سەرەتا رێزان سابیر، فەرمانبەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە «هەمیشە جەژن و بۆنەكان لای تاكی كورد بەتایبەت هەولێرییەكان بایەخی تەواوی پێ دراوە و بەر لە هاتنی جەژن ئامادەكاری زۆری بۆ دەكرێت، ئەگەرچی جەژنی ئێستا تام و چێژی جەژنەكانی رابردووی نەماوە، تەنانەت ئافرەتانیش ئەو گڕ و تینەی جارانیان بۆ ئامادەكاری جەژن نەماوە، لە رابردوودا نزیكەی دە رۆژ پێش جەژن دەست دەكرا بە خاوێنكردنەوەی ناوماڵ و شووشتنی دار و دیوار و پەردە و پەرچەف و بەتانی و بەرگی دۆشەك و بالیف، هەرچی نوینی سەر كانتۆر هەبوو هەموومان دەبردە سەربان و دەماندایە بەر خۆر، تەنانەت قاپ و مەنجەڵەكانیشمان سپی دەكردەوە، جگە لەوانە 100 تا 200 نانی تیری دەكرا بۆ ئەوەی جەژن بە ئیسراحەت میوان و میوانداری بكەن، هەروەها كولیچەی زۆریش دروست دەكرا، بەڵام ئەوكات زۆربەی خەڵك لە ماڵەوە فڕنی نەبوو، كولیچەكان بە سینی گەورە گەورە دەبرانە فڕنی بازاڕ و لەوێ سووردەكرانەوە، بەداخەوە ئێستا بەهۆی جەنجاڵی ژیان و خەریكبوون بە مۆبایل و ئینتەرنێت و فەیسبووك جەژن ئەو خۆشیەی جارانی نەماوە، لە ئێستادا جەژن زۆر ساردو سڕەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان زۆر كەم بوونەوە، تەنانەت زۆركات بۆ جەژنە پیرۆزەش ناچنە ماڵەكان بۆلای یەكتری، تەنیا بە تەلەفونێك، یان لە رێگەی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیاوە جەژنە پیرۆزە لە یەكتر دەكەن.»
حەسیبە سەعید، مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە لە پەروەردەی سۆران و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «رەمەزان یەكێكە لەو مانگە پیرۆز و پڕ بەرەكەتانەی كە تەواوی موسڵمانانی جیهان پێكەوە تێیدا بەڕۆژوو دەبن و بە شێوازێكی جیا لە مانگەكانی تر هەموو ماڵە موسڵمانێك لە گەڵ دەنگی بانگی رۆژئاوا رۆژوویەكانیان دەكەنەوە. بەشێوەیەكی گشتی موسڵمانان لەو مانگەدا زیاتر دەست دەكەن بە عیبادەت و نزا و لە خوا پاڕانەوەو چوون بۆ مزگەوت و لە ناوەڕاستی رەمەزان دەست دەكەن بە جیا كردنەوەی سەرفترە لە ماڵیان و بە شێوازێكی ئایینی دەدرێت بە ماڵە هەژارو كەمدەرامەتەكان، دوای مانگێكی تەواو، رۆژی جەژن دێت كە بە جەژنی رەمەزان ناو دەبرێت، بە درێژایی شەوانی رەمەزان بەتایبەت لە رۆژانی نزیكبوونەوە لە جەژن بازاڕەكان هاموشۆی زیاتر بە خۆوە دەبینێت، بەهۆی زۆری كڕیارانەوە بۆ ئامادەكاری جەژن هەر لەو رۆژانەشدا ئافرەتان، چونكە ئەركی رێكخستن و ماڵ و ئامادەكارییان لە سەر شانە لە ماڵەكاندا، چەند رۆژێك بەر لە جەژن دەست دەكەن بە ماڵ پاك كردنەوەو بازاڕكردن و خۆ ئامادە كردن بۆ ئەو رۆژە...هەر لە كڕینی جلوبەرگ تا.....كڕینی نوقڵ و شیرینی بۆ منداڵان. لە زۆربەی ماڵەكاندا چێشتی جەژن ئامادە دەكرێت كە دوای گەڕانەوەی پیاوەكان لە نوێژی جەژن و گەردەن ئازاكردن پێشكەش دەكرێت، پاشان بە مەبەستی پیرۆزی و گەردەن ئازاكردن پیاوان دەست دەكەن بە سەردانی ماڵە دراوسێیەكان و دوای نیوەڕۆش ئافرەتان دەست دەكەن بە سەردانی دەرو دراوسێ، ئەوە بە شێوازێكی گشتی، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە كە تا چەند هەموو ماڵێك جەژن دەكاتەوە بە واتای جەژن و خۆ ئامادەكردن بۆ ئەو رۆژە؟ یان تا چەند هاوكاری پێشكەش بەو خێزانانە دەكرێت، كە ناتوانن هیچ ئامادەكارییەك بكەن بۆ جەژن؟ هیوام وایە ئافرەتانمان بتوانن بەشێوازێ ئەگەر كەمیش بێت، هاوكاری هەموو ئەو دراوسێیانە بكەن كە هەژار و كەمدەرامەتن، تاوەكوو ئەوان و منداڵەكانیشیان لە خۆشیی رۆژانی جەژن بێبەش نەبن. ئافرەتان هەمیشە بە دڵسۆزی و میهرەبانی بە ناوبانگن، بۆیە لەم جەژنە پیرۆزەش دەتوانن یارمەتی هەژاران بدەن و خوای گەورەش زیاتر لە خۆیان رازی بكەن.»
دوریا شێروانی، چالاكی كۆمەڵی مەدەنییە و رایوایە: «وەك زۆرێك لە كاروبارەكانی دیكەی ژیان، ئافرەت سەرپشكە لە ئامادەكاری بۆ جەژن، سەرەڕای ئەم بارودۆخە ناهەموارە لە رووی ئابووری و سیاسی بەسەر خەڵكەكەدا هاتووە، بەڵام ئافرەتان رۆڵی بەرچاوی خۆیان دەبینن و بەدڵێكی پڕئومێدەوە رووەو بازاڕ دەڕۆن و لە دڵخۆشكردنی خێزانەكانیان و بەتایبەت منداڵەكانیان غافڵ نابن، ئەمەش دوای مانگێك بەڕۆژوو بوون و عیبادەتكردن بۆ خودای تاك و پاك و بۆ پاكبوونەوەی دڵەكان و زیاتر نزیكبوون لە خودا لەم مانگە پیرۆزەدا.» باسی ئەوەشی كرد لە رۆژی جەژن لە بەرەبەیانەوە ئافرەتان ئامادەكاری دەكەن و خواردنی تایبەت بۆ جەژن ئامادە دەكرێت و بە رازاندنەوەی ماڵەكان و بۆنخۆشكردنی دیواخانەكان كەشێكی پڕ جۆش و خرۆشتر دەخەنە ماڵەكان و جەژن واتای تەواوی خۆی دەبەخشێت، ئەوەی دەستپێكە بۆ جەژنێكی دڵخۆشكەر بازاڕكردنی ئافرەتانە بۆ جلوبەرگی جەژن، بەتایبەت بۆ منداڵان، هەروەك دەزانین جەژن، جەژنی منداڵان و گەنجانە پێش ئەوەی هی گەورەكان بێت، بۆ ئەوەش چەند رۆژێك پێش جەژن بازاڕەكان قەرەباڵغییەكی زۆر و دوكانەكان كڕیارێكی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، تەنانەت شەوانیش تا درەنگانێك بازاڕەكان لە پێشوازی كڕیاردایە، ئەمەش نەریتێكی باوی موسڵمانانە وەك ئامادەكاری و پێشوازیكردن لە وەها رۆژێك و ئەمەش خۆی لە ماندووبوونی ئافرەتان دەبینێتەوە وەك خەمخۆری سەرەكی لە كڕینی جلوبەرگ و پێداویستیی منداڵەكانی و بەتایبەتی بازاڕی جلی كوردی لە بۆنە و جەژنەكاندا گەرم و گوڕییەكی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و ئەمەش لەڕووی ئابووری و كەلتوورییەوە خاڵێكی گرنگ وئەرێنییە، هەم بۆ فرۆشیار و دروومانكاران، هەمیش بۆ ئێمە وەك میللەتی كورد بۆ پاراستن و بە زیندوو هێشتنەوەی كەلتوورەكەمان، بەهیوای جەژنێكی پڕ لە خۆشی و ئارامی بۆ هەموو لایەك.»
سالار تاوگۆزی، مامۆستای زانكۆ و نووسەر لەبواری ئایینناسی و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «نەك هەر لە جەژندا، بەڵكو لە زۆربەی بۆنە ئایینییەكانی دیكەو بۆنە كۆمەڵایەتیەكاندا ئەركی خانمان قورستر دەبێت، ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی دابەشكردنی ئەركەكان لە كۆمەڵگەی كوردیدا هەیە، كە لە ئەركەكانی پەیوەست بە ماڵەوەدا ئافرەتان پشكی شێریان بەردەكەوێت، ئەمەش خۆی بۆ خۆی ستەمێكی كۆمەڵایەتیە لە ئافرەتان دەكرێت.ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵگەی ئێمە بە زۆری موسڵمانە و دەبێت پیاوان ئەوەیان لەبەر چاو بێت كە پێغەمبەری ئیسلام (د . خ) خۆی لە ماڵەوە هاوكاری هاوسەرەكانی كردووە. هەروەها پەیوەندی بە تێڕوانینی نێرسالارییانەی كۆمەڵگەی ئێمەوە بۆ ئافرەت هەیە. بۆیە ئێستا پێویستە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی دنیای هاوچەرخدا چاوێك بە ئەركە كۆمەڵایەتییەكانماندا بخشێنینەوەو دووبارە دابەشكردنەوە بۆ ئەركەكان بكەین. ئەمڕۆ ئافرەت شانبەشانی پیاوان هاتووەتە مەیدانی كاركردن و لەدەرەوە هاوكاری پیاوان دەكات و لەهەمان كاتیشدا كاروباری ماڵەوەی لەسەرشانە، بەڵام پیاوان هێشتا لەماڵەوە هەستیان بە بەرپرسیاریەتی نەكردووەو هاوكاری ژنەكانیان ناكەن.
Top